کوردانی تاراوگەو مەیمونە سەماکەرەکە

دلێر محەمەد نوری
  2020-07-23     1230

١/ نازانم چاکم کرد یان خراپ؟
ئەمە پرسیارێکە هێندە سەختە وەڵامدانەوەی، کە هەمیشە بە مێشکی کەسانێکدا تێئەپەرێت. جا کەسەکان کۆچیان کردبێ بەرەو هەندەران ولەوێ  نیشتەجێ بووبن، یاخود لە کوردستان بژین و ڕۆژگارێک پلانی چوونە هەندەرانیان کێشابێت، جا ڕێک نەکەوتبێ یان سەرنەکەوتبێ جیاوازی نیە. وەڵامی ئەم پرسیارەش بە پێ کات و بارودۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی لە کوردستان و لە تاراوگەش لە نێوان بەڵێ و نەخێر یاری ئەکات. جا بۆ ئەوەی لە هۆکاری ئەو دوودڵییە تێبگەین، دەبێت چاو لە هەندێ ئەزموونی ڕاستەقینە بکەین، هەر وەک ئەوەی...

 


٢/ لە نەوەددەکان کاتێ لە زانکۆی سلێمانی خوێندکار بووم، دیاردەیەک سەری هەڵدا کە ئەویش ئەوەبوو، لە پڕێکدا دەتبینی هاوڕێ کچێکت یان هەر کچێکی قەشەنگ و شۆخی زانکۆ لە سوچێکی کافتریاکەی زانکۆ لە گەڵ کوڕێک یان پیاوێکی هەندەرانی کاتێ قسەی بۆ کیژۆڵە ئەکرد و کە هەردوو باڵی بۆ ئەکردەوە و وەسفی ئەو بەهەشتە فراوانەی بۆ ئەکرد کە ئەم بۆی تەرخان ئەکات ئەگەر ڕازی بێت بەوەی ببێتە هاوسەری. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کوڕە هەندەرانی لە تەمەنی باوکی یان هەر نەبێت برا گەورەی بوو، هەرچەندە تەمەن کێشەیەکی گەورە نیە، بەڵام ئەو بەهەشتەی ئەوروپا لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەبوو بە جەهەندەم بۆ کیژۆڵەی داماو، کە دەستی لە خوێندن و کەس و کار و هاوڕێکانی بەر دەدا بۆ سەفەری هاوسەرگیری بەرەو تاراوگە. ئێمەی کوڕانیش بە ئاخ هەڵکێشانێکەوە ئەمانووت ئەویش چوو وەک ئەوەی ئیتر لە تاو هەندەرانی کچ نەمێنێ بۆ هاوسەرگیری و کچانی دیکەش بە بینینی ئەم دیمەنە، تەنها حەسرەتی بەختێکی باشی وایان ئەخستە سەر کۆی حەسرەتییەکانی دیکەیان بۆ ئازادییەکی زیاتری جل لە بەرکردن و ژیانێکی شایستەتر لە گەڵ پیاوی هەندەرانی پڕ (زانیاری و هونەر)، جا چش لەوەی کەمێ بە تەمەنترە یان هیچ لە سوارچاکەکەی خەیاڵی ئەمیش ناچێت. بێ خەبەر لەوەی هاوسەری داهاتوو چی لە هەگبەیدا بۆ هەڵگرتووە، جا ئەمڕۆ بە بەختەکانیان ئەڵێن بەس نەبوووئەم شووەمان کرد و هاتینە هەندەران و کڵۆڵەکانیشیان پێچەوانەکەی بریا ئەم شووەمان هەر نەکردبا و ژیانمان لە گەڵ هاوڕێ زانکۆیەکی خۆمان بە سەربردبا چش لە دەردەسەری کوردستان!!

 


٣/ لێرە لە نەرویج گەر قەرزی بانکی بکەیت و نەیدەیتەوە، ناوت ئەچێتە لیستی ڕەشەوە و  چەندین دەزگا دامەزراوە بە ناوی (Innkasso byrå) واتا نووسینگەی ئینکاسۆ کە بە کورتی واتا نووسینگەی بەدوادا چوون بە دوای قەرزەکان، بە جۆرێک تۆ قەرز بکە و مەیدەرەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ وا زیاد ئەکات، تا وای لێ دێت قەرزی مێشێکت بە گایەک لە سەر کەڵەکە ئەبێت و هەرچی موڵک و ماڵێک کە هەتبێت پێت ئەفرۆشن و قەرزی خۆیانی لێ هەڵئەگرن، ئەمە و ئەبێ تا ماوی کرێچی بیت و بە پاسیش هاتووچۆ بکەیت بۆ لەمەودوات. جا لەم ڕووەوە کابرایەکم ناسی کە سەدان هەزار کڕۆنی نەرویجی لە سەر کەڵەکە بوو بوو، وتم بۆچی؟ ووتی لە دوای ڕاپەڕینەکە بای ١٠ هەزار دۆلار پارەم بۆ کەس و کار قەرز کرد، بەو نیازەی ئیتر کوردستان ببێت بە وڵات و بگەڕێمەوە، خۆم لە قەرزەکە بدزمەوە، کەچی نە کوردستان بوو بە وڵات و نە قەرزم بۆ درایەوە و پاشماوەی پارەکەش لە کوردستان بوو بەو پاشەڕۆیەی کە ئەچێتە زێرابەکانەوە. بریا قەرزم نەکردبا، لە من وا بوو هاکا جانتام پێچایەوە و گەڕامەوە بۆ کوردستان. بریا هەر نەهاتبام بۆ ئەوروپا یان کە هاتم ئەم قەرزەم نەکردبا. ئەوەتا ئێستا کوردستانیشم چوو و خۆشی ئەوروپاشم بە چاو نەبینی.

 


ت٤/ تاراوگە بۆ هەندێک بووە بەو بەهەشتەی کە هێندەی نیعمەت پێ بەخشیون کە کوردستان نەیبەخشیوە بە حەوت پشتیان، ئەم جۆرە لە خەڵک جارێ مەستن و نایانەوێت بگەڕێنەوە. هەندێکیش ئەوروپا بە دۆزەخ ئەبینن، چونکە ئەوان وای دەبینن کە نرخێکی زۆریان داوە بۆ ئەوەی بگەنە ژیانێکی شایستەتر و بڕوانامە و کاری میری و مووچەی موفتی دوور لە ئێستای کوردستان و پێگەی کۆمەڵایەتی و زۆری دیکەشیان گۆڕیوەتەوە بە تەنیایی و کرێکاری و بێ هیچ پێگەیەک لەوەی کوردستان.ئەم جۆرەشیان وای دەبینن کە هەرگیزخەونی وا ناخۆشیان نەبینی بوو. ئێستا ئێرەی لێ بووە بە دۆزەخ و تازە درەنگیشە بۆ گەڕانەوە.

 


٥/ کوڕە تاقانەیەکی دایک و باوکێکی هەژار لە ناوەڕاستی نەوەدەکان ڕوو لە هەندەران ئەکات، لە پاش ئەوەی خانو و دوکانێکی پڕ قازانج بۆ باوکی ئەکرێت و بێ خەم بای باڵی خۆی ئەدات،  لە تەلەفونێکدا باوکی ئەڵێت:- کوڕم بۆ ناگەڕێتەوە؟ من و دایکت بیرت دەکەین و لە ماڵەکەدا بە تەنهاین و کەسمان نیە نازی بکێشین. ئەویش بە هاوڕێیەکدا وێنەیەک بۆ باوکی ئەنێرێتەوە کە لە بەردەم مێزی نێوان قەنەفەی ماڵەکەی گیراوە و شەش کۆنترۆڵی بە ڕیز لە سەر مێزەکە داناوە کە هی ئامێرە جۆراوجۆرەکانی ماڵەکەیەتی و لە پشتی وێنەکەشدا نووسیوە لە بەر ئەوە ناگەڕێمەوە چونکە کوردستان ناتوانێ ژیانم پڕ بکات لە کۆنتڕۆڵ.

 


٦/ نەوەیەک هەیە لە ئەوروپا کە من ناوم لێ ناون نەوەی تەلەفزیۆنی ئەنەلۆگ، کە هیچ ئامێر و سیستمێکی تازەی ئێرەیان بۆ نابێت و خۆشیان ناتوانن ئەو وێنە ڕوونە مۆدێرنە ببەخشن کە ئەوروپا چاوەڕوانە لێیان. بۆیە لە گەڵ ئەوەی سات بە ساتی تەمەنیان لێرە بەڕێ دەکەن بەڵام هەمیشە پەڵە هەوری خەیاڵ و بیرکردنەوەی پشتی سەریان، وێنەی خۆیان و جانتاکەی شانیان و پێکەنینێکی درێژی لێویان لە شەقامێکی شار و وڵاتدا تیایە، بەو هیوایەی ئەو چەند ساڵەی لە ژیاندا ماویانە لەوێ و لە نێو دۆست و ئەحباب بە ڕێی بخەن. ئەم نەوەیە بە جۆرێکن بە گشتی لە هەردوو جەژنەکە بوون. ئەو تەمەنەی ناوی تەمەنی لەزەت بینینە لە ژیان لە گەورەکردنی مناڵەکانیدا سەرفی ئەکات و هەمیشە بە بەر خۆیەوە ئەیڵێتەوە، هەر کە مناڵ گەورە بوون و لە خەم ڕەخسان، پەلی هاوسەرەکەم  ئەگرم و یەکسەر بۆ کوردستان ئەکەڕێمەوە، ئەوسا ئەزانم چۆن ڕائەبوێرم و حەقی بەر و دوا ئەکەمەوە، بێ خەبەر لەوەی ئیتر تەمەن بەروارەکەی بەسەر چووە و بە کەڵکی چێژ وەرگرتن نەماوە.

 


٧/ هاوڕێیەکی تاراوگە لە یەکێک لەو سەفەرانەی کوردستان  بینی بووی مووچەی زۆر و گەشەی ئابوری و بوژانەوە سەرتاپای کوردستانی گرتبووەوە، خانووی هاوڕێیان بووبوون بە دوو قات، جگە لە خانوو باخیشیان هەبوو بۆ هاوین، ئۆتۆمبیلیشیان وەکو ڕۆژمێری سەر سەلاجەکە  ساڵ بە ساڵ ئەگۆڕی، دەوامی کەم و مووچەی زۆر و سەیرانی زۆر، ووتبووی بە بەر خۆیەوە... باشە چیم دابوو لەم ئەوروپا نەگریسە و بۆ منیش وەکو هاوڕێکانم نەکرد و ئێستا لێرەبوومایە باخەکەم لە سیتەک و خانووەکەم لە بەکرەجۆ و ئۆتۆمبیل و ...هتد، ئەیووت جار و باریش کە ئەیانووت چیت داوە لە ئەوروپا بۆ ناگەڕێیتەوە؟ دڵم لە خۆمدا دەما ئەتگووت لە مۆزەنبیق یان سۆماڵەوە هاتووم نەک ئەوروپا!! هەر ئەو هاوڕێیە ووتی پاش چەند ساڵێک گەڕامەوە، شەڕی داعش و بێ مووچەیی و بێ کارەبا و بێ ئاوی، بوتڵی غاز و سەرەی بەنزین و بەرمیلی نەوت و ...هتد سەرەتای نەوەددەکان و خراپتریشی بیرخستمەوە،  تەواوی ژیان و تەنانەت پرسیاری هاوڕێیانیش گۆڕا بوون و بوو بوون بە ڕستە خاڵ سەری دێر، بە خوا هەر خۆت خاست کرد هەر هەموومانت بە جێهێشت و چووی بۆ ئەوروپا.
خەڵکانێکیش چەند جارێک بنەوبارگەیان گۆڕێ لە نێوان کوردستان و ئەوروپادا و ئێستاش گەڕاونەتەوە و لە ئەوروپا گیرساونەتەوە. جا ئەم نەوەی ئەنەلۆگە بە تەنها بە لاشە لە ئەوروپایە و دڵ و هۆش و بیرکردنەوەی هەمووی وا لە کوردستانە.

 


٨/ مەیمونە سەماکەرەکە:
لە بەر نادڵنیایی نە ناوی هونەرمەندەکە ئەهێنم نە بەرنامەکە! ئەگێڕنەوە کە لە چاوپێکەوتنێکدا لە هونەمەندێک ئەپرسن پاش ئەم هەموو ساڵەی ژیان لە تاراوگە، چەند ساڵێکە لە کوردستان ئەژیت، دڵت زیاتر لای کام لایە؟ ئەویش لە وەڵامدا ئەڵێت با بە سەرگوزشتەیەک وەڵامت بدەمەوە...(ئەگێڕنەوە زوڕناژەنێک لە کۆڕنیشێکدا دەسڕێکی داخستووە و بە زوڕنا ژەنین پارە پەیدا دەکات، پاش ماوەیەک لە گەڵ هاوڕێیەکی دەهۆڵ کوت بە هاوبەشی کارەکە بەڕێوە دەبن، وەلحاڵ لە کۆتاییدا مەیمونێکیش پەیدا دەکەن لە گەڵ ئاوازی زوڕنا و دەهۆڵەکە سەما بکات، دەستکەوتی کارەکە وەها زۆر ئەبێت، لێیان ئەبێت بە شەڕ، ئەم فووی من و ئەو کوتینی من ...جیا ئەبنەوە و کێشەی خاوەنداری مەیموونەکە ئەبەنە لای دادوەر، دادوەر لە بەر ئەوەی مەیموونەکەی بۆ دوولەت ناکرێت، پێشنیار ئەکات زورناژەن لەم سەری پردەکە دادەمەزرێنێ و دەهۆڵ کوتیش لەو سەر و مەیموونەکەش لە ناوەڕاستی پردەکە. بەم جۆرە مەیموونەکە ئارەزووی کام لە ئێوەی کرد ئەوا موڵکی ئەوە. لە ئەنجامدا مەیموونەکە تاوێ ئەچووە لای دەهۆڵەکە بۆ سەماکردن و نا بیری زوڕنای ئەکرد و تاوێکیش ئەگەڕایەوە لای زوڕنا بۆ هەڵپەڕین، بەم جۆرە تا شەکەت و ماندوو لە ناوەڕاستی پردەکە ئەکەوێت. جا هونەرمەندەکە مەبەستی لەم بەسەرهاتە ئەوە بوو بڵێت کە لە کوردستان ئەژیت، لە پاڵ نەبوونی خزمەتگوزاری و گەندەڵی دارایی و ناجێگیری سیاسی و ئەمنی و بێ سیستەمی بیرت لای ژیانەکەی ئەوروپایە و کاتێ لە ئەوروپای تەنیایی و غوربەتەوە سەیری دەوروبەری خۆت ئەکەیت بیرت ئەگەڕێتەوە لای کەس و کار و هاوڕێ و سەردان و گەرم و گوڕی کۆمەڵایەتی، تا دواجار لە شوێنێکدا وەکو مەیموونەکە سەر دەنێیتەوە.


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×