حکومەتی ھیچگەرایی تاریکستان

دلێر محەمەد نوری
  2024-01-25     163

ئەوەی ڕۆژێک ئاھێکی بۆ کوردستان ھەڵکێشابێ، دڵۆپێک خوێنی بۆ ڕشتبێ، ئارەقێکی ساردی بۆ کردبێتەوە، ناتوانێ خۆی لە ھەواڵی ئەم وڵاتە لابدات و بێ خەم بژی.
وڵاتێک دوای درێژترین مێژووی، پڕ لە ھەموو جۆرەکانی قورباندان، گەیشتووە بە ھیچ. ھیچێتییەک کە لە فەرھەنگی ھیچ میللەت و خاک و دەڤەرێک، نە نموونەی ھەیە، نە لە مێژوودا وێنەی میللەتی وا کۆست کەوتوو دەدۆزرێتەوە، نە حکومەتی وا بێ فەڕ و بێ کەڵکیش.
بەشێکی بچووکی گەلێک، کە بە حاڵ شەش بۆ حەوت ملیۆنێک دەبن، گەیشتن بە جۆرێک لە ئازادی و حوکمداری. بەڵام لە بری ئەوەی گەشەی پێ بدەن و پتەوی بکەن و بیبووژێننەوە. کەچی دوای زیاتر لە سی ساڵ سەربەخۆ بوون، تازە بە تازە دابەشکاری ھەولێری و سلێمانی تۆخ ئەکەنەوە.
 بەشە خاکێک لە باشوری خاکی گەورەی کوردستان، ھێندەی پینەیەکی بچووکی پانتۆڵێکە لە چاو نەخشەی دونیا، ئازادکرا. بەڵام لە جیاتی ئەوەی وەکو یەک جەستەی پتەو مامەڵە لە گەڵ دەرەوەی خۆیان بکەن، بوون بە دوو زۆنی ناشرینی، بە زۆر لە یەک دابڕێنراو. لە نێو ئەو دوو زۆنەشدا ئەجێندای ئێرانی و تورکی و قەتەری و ڕۆژئاوایی کاری خۆیان ئەکەن. بەڵام ئەوەی ھیچ کاریگەری نەبێت لە سەر ئەم خاکی کوردە، ئەجێندایەکی کوردی یەکگرتووی پاک و بێگەردە.
گەلێک کە چوار دوژمنی ناحەز بە یەکتری و بەڵام یەکدەست و کۆک لە دژی کورد، دەوری داون. کەچی لە بری ئەوەی حوکمڕانانی لە ھەر کاتێک زیاتر ببنە پشت و پەنای میللەتی خۆیان، بەڵام ھەر لایەکیان بووە بە کەواسورەی بەر لەشکری دوژمنێک، دژ بە گەل و میللەتی خۆیان. دوژمنانێکی ستەمکار بەڵام دادپەروەر لە دابەشکردنی ئەم خاکە لە نێو خۆیاندا و کردنیان بە تاقیگەی درۆن و بالیستی و فرۆکە جەنگییەکانیان.
 بە جۆرێک درۆن و فرۆکەی تورکی بۆردوومانی بەشێکی ئەکات و ھی ئێرانیش بەشەکەی دیکەی ئەکووتێ. درۆنی فیکری قەتەری و ئیخوانیش، بە بێ دەنگی خەریکی وێرانکردنی عەقڵی تاکەکانێتی. لە ھەموو ئەمانەش نادادپەروەری تر، ھەڵسوکەوت و نیەت پیسی حزب و بنەماڵە و دەسەڵاتدارانی کوردە، دەرھەق بە یەکتری، دەرھەق بە میللەتی خۆیان. 
ھەرێمی ھیچگەرای کوردستان لەو بەڕڕە ڕزیوانە ئەچێت، کە جەوری زەمانە ھەلاھەلای کردوون لە ھەرچ لایەکەوە دەستی بۆ بەریت، لە بەر یەک ھەڵئەوەشێتەوە.  لە ئادەمیزادێک ئەچێت لە خانویەکی بیست قاتییەوە بەربووبێتەوە و تۆش چاوەڕوانی ئەوەی لێ بکەی بە پێی خۆی بچێت بۆ تیمارگە.
دەسەڵاتێکی ناشرینی کەس بە کەس، کە لە سەر بنەمای ئۆخەی ئۆخەی، ھەرچ کەس بۆخۆی، بەڕێوەئەچێت. بڕیاربەدەست و بەڕێوەبەرانی ئەمڕۆی ئەم دەڤەرە، ھێندە نەزانانە و نەفامانە بەڕێوەی دەبەن لە ھیچ فەرھەنگێکی سیاسی و لە پەراوێزی پەڕەی ھیچ مێژوویەکدا، نموونەی وەھات دەست ناکەوێت. 
 ئەم حکومەتە عەنەتیکە ھیچگەرایەی تاریکستان، لە ساڵی ١٩٩٢ ەوە لۆگۆی ھەڵۆیەکی بۆ خۆی ھەڵبژاردووە، کە چڕنووکەکانی تیژ لە سەر زەوی داچەقی بوون. چاوەکانی تیژ و مڕومۆچ و توڕە دوور ئەیڕوانی. باڵەکانیش وەکو دوو دەستی پۆڵایین ڕەنگەکانی ئاڵا و خۆرە سیمبولەکەی کوردیان  بەرز ڕاگرتبوو. کەچی ئەمڕۆ ئەڵێی تەیرەکەی مەلای مەشھورە، بەڵام جارێک لە قەفەزەکەی  جوحای عەرەبدایە و جارێکیش لە قەفەزەکەی خەواجە نەسرەدینی تورکدایە و جارێکی دیکەش لە قەفەزەکەی مەلا نەسرەدینی فارسدایە. بە جۆرێک ئەمڕۆ پەڕ و باڵ و دەنووک و کلک و چڕنووکی بە تەواوی کراوە،  تا ئەم تەیرە ناحەزەی ئەمڕۆی لێ پەیدا بووە. 
مەحوی مەزن لە دوو بەیتی شیعریدا فەرموویەتی:-
"ئەمڕۆ لە کن زەمانە ھونەر بۆتە قەشمەری  
شێری ژیانی بۆچیە، مەیموونیە گەرەک!
فیگرەت بڵندو پایە بڵندم نەدی، بە گوێش
گەردوون ئەوەندە دوونە کەھەر دوونیە گەرەک"
واتا: نە بە چاو کەسی سروشتی و پایە بەرز دیوە  نە گوێم لە باسیان بووە. پێم سەیر نیە چونکە خەڵکی لەم زەمانە ھیچەدا دەژین و بۆیە لە خەڵکی ھیچ بەولاوە پێناگەینن، چونکە خۆیان کەسانی وا دەخوازن.
پرسیارێکی جەدەلی ھەیە کە زۆر دووبارە دەبێتەوە؛ کە ئاخۆ گەلان شایەنی سەردارانی خۆیانن!؟
ئەوەی ماوەتەوە لەم وتارە بیڵێم ئەوەیە کە ڕاستە لە قوربانیداندا ھیچ گەلێک نیە شان لە شانی کورد بدات، بەڵام ئاخۆ بۆچی زۆربەی کات کەسانێک ئەکەینە سەرداری خۆمان کە دۆزەکەمان دەدۆڕێنن بەھیچ و دەمانگەیێنن بەم ھیچێتییە!؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×