وێنەکان خۆیان نادوێن!!

دلێر محەمەد نوری
  2021-04-22     778
ئەو ڕۆژەی کە لە ساڵی 1838دا (Lius Dagure) یەکەم وێنەی فۆتۆگرافی شەقامێکی پاریسی، بە یەکەم کامێرای مێژوو چرکاند. لەو وێنەیەدا بۆیاخچییەکی پێڵاو و کەسێکیش کە قاچی داناوە بۆ بریسکەدارکردنی پێڵاوەکەی لە دوورەوە دەرکەوتووە.
ئاخۆ یەکەم وێنەگر بە یەکەم کامێرای مێژووی مرۆڤایەتی چەندی کات سەرف کردووە تا ئەو چرکە ساتەی شەقامێکی پاریس بچرکێنێ؟ ئاخۆ هەرگیز بیری لەوە کردبێتەوە ڕۆژێک بێت گەورە و بچووک، ژن و پیاو، گەنج و پیر بە بێ ئەوەی بزانن کردەی چرکاندن چیە ببن بە وێنەگر!؟  بەڵام من لێرەوە ئەتوانم دڵنیایی بە لیوس بدەم کە هیچ چرکەساتێکی وێنەگیراوی ئێستا تامی ئەو چرکەساتە نادات کە تۆ وێنەی شەقام و بۆیاخچییەکەی پاریست تیا گرتووە. هەر وەها ئەتوانم دڵنیایی ئەوەشی بدەمێ کە هیچ چرکەساتێکی چرکێنراوی ئێستا پڕاوپڕ نیە لە ڕاستی وێنە کۆنەکان، بگرە دنیایەک مکیاج و ڕتوش و نواندن و پرۆڤە و خۆبۆئامادەکردنی تیایە.
ئایە کەس لە خۆی پرسیوە کردەی گرتنی وێنە یان چرکاندنی وێنە چیە؟ کاتێ کەسێک سەد وێنە لە دەقەیەکدا ئەچرکێنیت و یەکێکیان ئەهێڵیتەوە بۆ نمایش کردن، پرسیوێیە چی ڕوو دەدات  لە نێو مۆبایل یان کامێراکەیدا؟ جا وێنەکە بە کامێرای دیجیتاڵی یاخود بە کامێرا ئۆتۆماتیکییە کۆنەکان بچرکێنرێت هەر هەمان کردەی چرکاندنە!
کاتێ تۆ وێنە ئەچرکێنیت واتا تۆ دەرگا لە سەر نیسکە شووشەی كامێرا(عدسة،Camera Lens) بۆ کەمترلە چرکەیەک لا دەدەیت و ڕوو بە ڕووی ڕوناکی و ئەو کەس و شتانەی ئەکەیتەوە کە بە نیازی وێنەیان بگریت. ئەم کردەیەش لە زمانی فۆتوگرافیدا پێی دەوترێ Exposure.
 ئەوەی ئێستا ئەگوزەرێت لە گرتنی وێنە بە کامێرای مۆبایل یاخود کامێرای دیجیتاڵ هەر هەمان چرکاندنی کامێرا ئۆتۆماتیکییە کۆنەکانە بەڵام لە جێی فیلمە لولەکی وینەگرتن تەنها مێموریێەک دانراوە. ئەمەش ئامرازەکانی وێنەگرتنی ئێستای زۆر جیاواز و کارەکەی گەلێ ئاسانتر کردووە بۆ وێنەگر. وێنەگر ئەتوانێ ئەمڕۆ بە ئاسانی چرکە ساتە خۆرسکەکان بشارێتەوە. ئێستا دەتوانیت بە بێ دیقەتدان و ستاند وخۆسەغلەت کردن و جوڵە لە خۆبڕین دەیان وێنە لە چرکەیەکدا بچرکێنێ و تەنها دانەیەکان دەست پێوە بگرێت و پاشماوەکەی بکوژێنێتەوە وەک وتمان. بەڵام هەر هەمان چرکە بە کامێرایەکی ئۆتۆماتیکی وا نیە. چونکە کارەکە لەوەدا خۆی دەبینییەوە کە تۆ لەو چرکەساتەی کە وێنەکە ئەچرکێنی و یەکێ لەو فیلمە لولەکییەی بیست و  چوار یان سی و شەشییەکەی جاران دەدەیتە بەر ڕوناکی. جیاوازی ئەم دوو چرکەیە لە دوو زەمەنی جیاواز هێندەی گەورەیی و پێچەوانەیی جیاوازی نێوان درۆ و ڕاستییە، هەڵخەڵەتاندن و ڕاستگۆییە، کتوپڕ و ئامادەسازییە.
چونکە لە چرکەی وێنەگرتنی کامێرای جاران وەکو تاقیکردنەوەی قوتابخانە ئەنجامەکەیت لە پاش چەند ڕۆژێکدا دەستدەکەوتەوە، تا بزانی رێک وەستاوی، جوان دەرکەوتووی، وێنەکەت تەڵخە یاخود ڕوون. ئەو چرکە ساتانەی وێنەکانی جاران هێندە خۆرسک و شیرین بوون تەنانەت لە دڵمان نەدەهات وێنە تەڵخەکانیشیان بدڕێنین، بەڵکو لە دووتوێی ئەلبوومێکدا جێگەیەکمان هەر بۆ ئەکردنەوە.
شۆردنەوەی لولەکە فیلمی وێنە کارێکی ئاسان نەبوو. سەرەتا دەبرایە تاقیگە و جەنابی وێنەگر دەیبردە ژوورە تاریکەکەی پشتەوە و لە شلەیەکی تایبەت هەڵیئەکێشا و دواتر وشکی ئەکردەوە و ئەو وردەکارییانەی لە ساتی چرکاندنەکە لە سەر فیلمەکە تۆمارکراون، ئەیهێنایە بوون و دواتر لە سەر کاغەزە کارتۆنی قەبارە جیاواز چاپی ئەکرد. ئەم پڕۆسەیەش پێی دەوترا شۆردنەوە و چاپکردن. جا پاڵەوانی ئەم وێنانە خۆیان و بەختیان لەو چرکەیەدا باوێشکیان لێدایە یان داڵغە، چاو نووقاو بوونایە یان کراوە، مڕومۆچ بوونایە یان دەم بەخەندە، ...هتد ئەو چرکە ساتە وەکو خۆی و بە بێ پەشیمان بوونەوە و فێڵ کردن لە خود و لەوانی تریش دەیدایتەوە دەستت.  
بەڵام چرکە ساتەکانی وێنە دیجتاڵییەکانی ئێستا زۆربەی هەرە زۆریان ڕاستی ڕووداوەکان ناڵێن. بەڵکو ئەوەی ئەیبینین هەڵبژێردراوی نێوان دەیان چرکاندنی پڕ لە هەڵە و پەڵە و کەم و کوڕییە تا دواجار ئەم چرکە هەڵخەڵەتێنەمان نیشان بدات.
جاران وێنە لە جیاتی ژیانی هەمووان خۆیان ئەدوان. بەڵام وێنەی مۆبایلەکانی ئێستامان کە تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە زۆربەی کات ئەرکیان شاردنەوەی ڕاستی ڕووداوەکانە.
بۆنموونە کاتێک لە فیس بووک یان هەر تۆڕێکی دیکەی کۆمەڵایەتی دەیان کۆمێنت پیاهەڵدان و دەست خۆشی ئەخوێنیتەوە بۆ وێنەکان ڕەنگە هەرگیز بیرت لەوە نەکردبێتەوە کە بەر لە چرکاندنەکە و دوای چرکاندنەکە چی ڕووی داوە!!
-پیاوێک سەدان کۆمێنتی دەست خۆشی و خوا لە یەکتان نەکاتی بۆ دێت لە سەر وێنە خۆی و دایکی کە دەست لە ملانن و لە ژێریدا نووسیویە دایکم هەموو شتێکی ژیانمە. بەڵام ئەشێ ساڵی جارێک سەردانیشی نەکردبێ یان بە مانگ هەواڵێکیشی نەپرسی بێت.
هەرگیز وێنەیەکی لەو شێوەیەت دیوە کەسێک لە ژێریدا بنووسێت ببورە دایکە هەرچەندە لە یەک شاردا دەژین وا بۆ ئەوەندە مانگە سەرێکیشم لێ نەداوی؟
کیژێک لە جوانی و نازدارییدا خەریکە لە وێنەکەوە دێتە دەرێ، سەددان کۆمێنێت بە جوانیدا هەڵدەدەن، بەڵام کەس ناپرسێت ئاخۆ ئەم چرکەیە چەند جار گیرابێت و کوژێنرابێتەوە و چەند بۆتوکز و فیللەری تێدا بێت ئەو دەموچاوە؟ ئاخۆ چەند کاتژمێر لە بەر ئاوێنەی مێزی مکیاژ سەرف کرا بێت تا لە نەتیجە ئەم نموونەیە نمایش کرابێت!؟
هەرگیز وێنەی کیژێکی وا جوانت دیوە لە ژێریا نووسی بێتی، دوای دەفتەر و نیوێک بۆتۆکس و فیللەر و سلیکۆن و ساڵۆن و جوانکاری و لە نێو سەدد و ئەوەندە وێنەدا ئەمەم بۆ هەڵبژاردن!! توخوا جوان نیم؟
یاخود هەزاران وێنەی سفرەی ڕازاوە و جۆرەها خۆراکی نایاب، کە دەست ڕەنگینی و سەلیقەی وەستای چێشتلێنەر و وێنەگر دەردەخات. لە خۆت پرسیوە بۆچی هەرگیز وێنەی یاپراخێکی سووتاو، کفتەیەکی هەڵوەشاو، شیرینییەکی لار و لەوێر نابینی خاوەنەکەی بڵاوی بکاتەوە!؟
ئیتر بەم جۆرە وێنەی ژن و پیاوی دەست لە ملانی دوای شەڕێکی دەستەویەخە!! وێنەی خێرەومەندێک کە هاوکاری هەژارێک ئەکات بۆ یەکەمین و دواهەمین جار!! وێنەی باوک و دایکی نموونەیی لە ناوەڕاستی کۆشێک لە مناڵ!! کە مناڵەکان خۆیان سەرسامن بەوەی کە ڕوو دەدات. دەیان و سەدان و هەزاران وێنە کە زۆر کات خۆیان نین و ساختەن. بۆیە دەڵێم وێنەکانی ئەمڕۆ زۆربەی کات خۆیان نادوێن بەڵکو خاوەنەکانیان ڕاستییەکانمان لێ ئەشێوێنن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×