کێشەکان لەو دیو سنورەوە دەستپێدەکەن...

دلێر محەمەد نوری
  2020-07-30     280

لە نێو پەنابەرانی کەمپەکانی تاراوگەدا چ باسە؟ 
کابرایەک لە کوردستان چەندین ساڵ لە میوانخانەی بەرپرسە پلە باڵاکانی وڵات کار دەکات، ڕۆژێک لە گەڵ هاورێیەکیدا بەدیار تەلەفزیۆنەوە گوێ لە وتەی بریقەدار و پڕ بایەخی بەرپرسێکی قات لەبەری ڕێک پۆش دەگرن، هاوڕێکەی ئەڵێ ئاخۆ ئەم کەسە لە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی چەند تەواو و رێک ژیانی بەڕێدەخات؟ ئەویش لە وەڵامدا ئەڵێ بە قات و بۆینباخ نیە! من سەددان جار خزمەتی هەموویانم کردووە، چاو برسی و چاو تێر، پیس خۆر و پاکخۆر، بە ئەدەب و بێ ئەدەب...هتد یان وەکو گوێز، خوانی نانخواردن بۆت پاکئەکاتەوە. تا ئێرە ئەوە مامەڵەیە کە بۆ خوانچییەکە لە بارەی بەرپرسەکانەوە دەرکەوتووە. کوردیش ئەڵێت: ((سەفەر و مامەڵە سەنگی مەحەکە)) منیش ئەڵێم هیچ سەفەرێک هێندەی سەفەری هاندەران و ژیانی چەند ساڵەی نێو کەمپەکان لە بارەی کەسێتی مرۆڤی کوردەوە بە گشتی شتی بۆ دەرنەخستووم.

 

١/ پێشەکی
 ئەگەر چی دیاردەی کۆچی کوردان بۆ تاراوگە زۆر کۆن نیە، لە چاو نەتەوەکانی دیکەی دەوروبەری کوردستان، بەڵام لە سی بۆ چل ساڵی کۆتایی ژمارەیەکی ئێجگار گەورە لە کوردانی هەر چوار بەشەکەی کوردستان ڕوویان لە تاراوگە کردووە لە ژێر ناوی پەناهەندە نەک خوێندن یان دەستی کار. 
ئاشکرایە کوردی ڕۆژهەڵات و باکور بە زۆری بە هۆکاری سیاسی و لە تاو سیستەمی تاکڕەو و ستەمکاری حکومەتەکانیان و کوردی ڕۆژئاواش بە هۆکاری تێکچوونی باری سیاسی و نا سەقامگیری و شەڕی تایەفەگەری و بێبەش کردنی هەندێکیشیان لە ڕەگەزنامەی سوری  ڕوویان لە تاراوگە ناوە. بەڵام کاتێ دێینە سەر هۆکارەکانی پشتی کۆچکردنی کوردانی باشور بۆ تاراوگە، دەبینین بە پێی ساڵانی کۆچکردن دەگۆڕێن.
بەشێکی زۆر کەم لە کوردانی باشور لە کۆتایی شەستەکان و حەفتاکان ڕوویان لە تاراوگە کردووە بە هۆی خوێندن یان هۆکاری سیاسییەوە، بەشە گەورەکەی ئەو ڕێژەیە لە کۆتایی حەفتاکان و تەواوی هەشتاکان بە هۆکاری سیاسی ڕووت ڕوویان لە تاراوگە کردووە. ئاشکرایە کە ئەم نەوەیەی کوردانی تاراوگە تەواو جیاوازن لە نەوەی پەنابەرانی کوردی تاراوگەی ساڵی نەوەدەکان و بەرەو ژوورتر لە ڕووی هۆکار و تەنانەت ستایلی ژیانیشیان لە تاراوگە دا، کە مەبەستی ئەم نووسینە زیاتر ئەم نەوەیەی کوردانی پەنابەرە . 
جا هۆکارەکانی  پشتی کۆچکردنی کوردانی باشور لە دوای ڕاپەڕینەوە جگە لە هەندێک کەیسی سیاسی نەبێت، بەشی زۆریان بە  هۆکاری ناسەقامگیری ئەمنی و سیاسی و داڕمانی ئابوری کۆچیان کردووە وەک دەرئەنجامی کشانەوەی حکومەتی ناوەند بە تەواوی هێزی مادی و چالاکییە خزمەتگوزارییەکانی خۆیەوە لە 1991دا و هەر وەها شکستهێنانی دەسەڵاتی کوردی وەک جێگرەوەیەکی باشتر و هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتی. دەرئەنجام بە لێشاو خەڵک ڕووی لە ئەوروپا کردووە،  ئەوەی خەڵکی پێی دەڵێن چاولێکەری و من ناوی لێ دەنێم چاولێکردن یان گەڕان بە دوای ژیانێکی شایستەتر و بە حورمەتتر بۆ خۆیان و خێزانەکانیان (فەراهەم کردنی باری ئابوری باشتر و فراوانکردنی سنوری ئازادیە تاکییەکان لە نێو ئەو هۆکارانەدان).

 

٢/ گەیشتنە شوێنی مەبەست
 بەم پێشەکییە بۆمان دەرکەوت کە کوردان بۆ کۆچ دەکەن یان باشتر بڵێین کۆچیان کردووە. بەڵام بۆ ئەوەی ڕوون بێت بۆ هەموو لایەک کە ژیانی دوای کۆچکردن چی لە هەگبەدا بۆ هەڵگرتوون و چارشێو لە سەر لایەنە شاراوەکانی لا بدەین، ئەوا زۆرێک دیاردە و هەڵسوکەوتی تایبەت بە کوردانی تاراوگە مان بۆ دەردەکەون هەر لە یەکەم ڕۆژی چوونە نێو ئۆردوگا یان کەمپی پەنابەرییەوە تا دەگاتە چاوپێکەوتنەکانی داواکاری مافی پەنابەری و رەتکردنەوەی داواکە و ئایندەی نا ڕوون و ژیانی بێزارکەری نێو کەمپەکان یاخود وەرگرتنی مافی پەنابەری کە ژیانی داهاتووی تاراوگەیان بۆ دەنەخشێنێت.
هەرکەسێک کۆڵەپشتێکی هەڵگرت و نشتیمانەکەی جێهێست، تاکە هیوا و تاکە دەرفەت لەو دیو ئەو سنورەوە دەبینێت کە دەیبەزێنێت. ئەو خاڵی کۆتایی گەیشتن بە هیواکانی لەوەدا دەبینێت کە بە ساغڵەم بگاتە ئەو وڵاتەی کە پلانی گەیشتنی بۆ داڕشتووە و لە گەڵ قاچاخچیدا بڕاندوویەتییەوە. ئەو نازانێت کە گەیشتن بە وڵاتی مەبەست و ناونووس کردن و خۆڕادەستکردن بە پۆلیس و دواتر گیرسانەوە لە کەمپی پەنابەری تەنها ڕزگاربوونە لە مەترسییەکانی ڕێگەی قاچاخ و مەرگ و هیچی تر. تۆ بە گەیشتنە کەمپی پەنابەری دەگەیتە خاڵی سفری سەر سەلامەت بەڵام داهاتوو نادیار. تۆ بە گەیشتنە ئەم سفرە قۆناغی ژێر سفرت تێپەڕاند و لێرە بە دواوە یان بەستەڵەکی مانەوەت لە کەمپ ئەتوێتەوە و رێچکەی ژیانت بۆ ئەکێشێت لە دەرەوەی کەمپ یاخود لەو بەستەڵەکەدا بێ جوولە و یەک هەنگاو چوونە پێشەوە لێی دادەنیشێ.

 

٣/ پێدانی مافی مانەوە سنوردارە یان بێ سنور؟
ساڵانی بەدبەختی کەمپی پەنابەری بە زۆرێک کوردی دەستخەڕۆی بێ پلان ئاشنات دەکات. ئەو گەنجانەی کە وار و وێخیان لە ڕێگەی هاتنە دەرەوە دا داناوە و کاتێ دەگەنە بەردەمی کچ یان کوڕە گەنجێکی لێکۆڵەر لە بەڕێوەبەراتی کۆچی ئەو وڵاتانە، چوون گیرفانی بەتاڵیان، زۆر بە مێشکێکی سارد و بەتاڵ لە هەر مەعریفە و زانیارییەک لە بارەی پرۆسەی پەنابەری و وردەکارەکانییەوە ڕوو بە ڕووی لێکۆڵەر ئەبێتەوە. ئەمڕۆ لە سەرتاسەری ئەوروپا بە دەیان هەزار کوردی پەنابەر هەیە کە داوای مافی پەنابەری ڕەتکراوەتەوە و بە دیار ژماردنی هەڵوەرینی ساڵانی تەمەنی خۆیانەوە دانیشتوون و نە دەتوانن بڕیاری گەڕانەوە بدەن بۆ کوردستان لە ترسی تانە و تەشەر و مایەپووچی و نە لێرەش دەستی بەو کلیلە گەیشتووە کە ناوی مۆڵەتی مانەوە یان پێدانی مافی پەنابەرییە. ئەو کلیلەی دەرگای فێربوونی زمان و سەفەر کردن و کارکردن و زۆری دیکەشت بۆ ئاوەڵا دەکات. کە هەموو ئەم کوردانە خوینی گەنجن و وەبەرهێنانی بەشەرین ونە کوردستان سودی لێ بینین و نە ئەورووپاش.
کەمپەکانی پەنابەری ئەوروپا  پڕ پڕن لە ڕۆڵەی دەیان میللەتی ئاسیایی و ئەفریکایی، بەڵام هیچیان هێندەی کوردی کڵوڵ نین لە ڕووبەڕووبوونەوەی چاوپێکەوتنەکانی داواکاری مافی پەنابەری و خۆ ئامادەکردن بۆ پێدان کەیسێکی باش کە لێکۆڵەری بەرانبەرت بگەیێنێت بەو باوەڕەی کە تۆ ژیانت پارێزراو نیە لە وڵاتی خۆت و مافی مانەوەت هەیە لەوێ.  
هەڵبەتە لێرە قسە زیاتر لەو کوردانەیە کە داواکارییەکانیان ڕەت دەکرێتەوە نەک ئەوانەی کە ڕێگەی مانەوەیان پێدەدرێت. ئەوانەی دوای لێکۆڵینەوە ڕێگەی مانەوەی کاتی وەردەگرن، ئیتر لەمە بە دواوە لە خاڵی سفرەوە هەڵئەکشێن بەرەو سەرەوە. بە کۆمەڵێک پرۆسەدا تێدەپەڕن تا لە شارەوانییەکدا جێگیر دەبن و ئەنجا دەدرێنە بەر خوێندنی زمان و کولتور و تا ئەو شوێنەی کاریان بۆ دەدۆزنەوە. پرۆسەکە بەردەوام دەبێت بۆ مۆڵەتی مانەوەی بەردەوام و دواتریش بۆ بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتە. هەموو ئەمانەش بە شێوەیەکی سیستماتیکی دەچێتە پێشەوە ئەگەر کێشەی یاسایی بۆ دروست نەبێت یان کەسەکە خۆی بۆ خۆی دروستی نەکات.
بۆ ئەوانەش کە مافی مانەوەیان ڕەت دەکرێتەوە کە زۆرینەی کوردەکان بە تایبەتی بەشی باشوری کوردستان دەگرێتەوە کە لە کۆتاییەکانی نەوەدەکان و لە دوای ساڵی دوو هەزارەوە هاتوون، ئەوانەش هەمووی هۆکاری خۆیان هەیە کە پەیوەندی بە خودی کوردەکان خۆیانەوە هەیە نەک ئەو وڵاتانەی بۆی چوون، یان سنوردارکردنی ڕێگەدان بە داواکردنی مافی پەنابەری. چونکە دواجار ئەم وڵاتانە ڕێز لەو ئیمزایە دەگرن کە لە نەتەوەیەکگرتووەکان دا کردوویانە بەوەی پەنای ئەو کەسانە بدەن کە ژیانیان پارێزراو نیە، ئەم مەبدەئانە جێگیرە ئەوەی کە دەگۆڕێت ئەو یاسا کاتیانەن کە هەر وڵاتە و بە پێی پێویست کاریان پێ دەکات یان لە کاریان دەخات جا لە خزمەتی پەنابەر یان دژی پەنابەر بێت! هەر ئەمەش بە زمانە بازاڕییەکە کوردە پەنابەرەکان دەڵێن؛ فڵانە وڵات ئیقامەی ڕاگرتووە و لە فڵان وڵات کراوەتەوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هەندێک جار بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەک سوریا شەڕی تایەفەگەری و تیرۆر لە ئارادایە و هەندێ شار و جوگرافیای ئەو وڵاتە بۆ هیچ کەسێک ئاسایش نیە دەبینیت بە بڕیارێکی تایبەتی بە بێ هەبوونی کەیسێکی تایبەتی، کەسانی سەر بەو جوگرافیایە مافی مانەوەیان پێدەدرێت. لە سەردەمی شەڕی ناوخۆی هەرێم ئەم بڕیارە بۆ کوردی باشور هەبوو و تا ئەو ڕادەیەی کوردەکان بە تەنزەوە ئەیانووت؛ کە ئیقامە کەیسی ناوێت گۆرانی کوردیش بڵێی وەریئەگریت، یان هەندێ کوردی ڕۆژهەڵاتیش بە هۆی نزیکی دیالێکتی قسەکردن خۆیان بە کوردی باشور ئەژمار ئەکرد و ئەو مافەیان وەردەگرت. بەڵام کاتێک شەڕی ناوخۆ ئەوەستێ و کەمێک بوژانەوە دێتە ئاراوە لە دوای ساڵی ١٩٩٨ ەوە ئیتر تۆ وەکو کوردی باشور بۆ وەرگرتنی مافی مانەوە پێویست ئەکات کەیسی تایبەت بە خۆت هەبێت، چونکە سەرچاوەی ئیقامە وەرگرتن بە لێشاو لێرە بە دواوە وشکی کرد، بۆیە دەبینین لە دوای ئەم مێژووەوە لە هەندێ کەیسی تایبەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەندروستی نەبێت زۆربەی کوردی باشور داواکاری ڕەتکراوەتەوە. 

 


٤/ کورد و کەیس دانان

لێرە بۆ ئەوەی تۆ داواکاری مافی پەنابەری وەربگریت، چەندین یاسای کۆنکریتی هەیە کە لە وەڵامدانەوە پشتیان پێ دەبەسترێت، جگە لە هەندێک یاسای هەنووکەیی کە دەردەچن بۆ حاڵەتی دیاریکراو و بەسەر دەچن وەک پێشتر باسمان لێوە کرد. هەرچەندە من بە تایبەتی باس لە وڵاتی نەرویج ئەکەم بەڵام بە گشتی ئەوروپا یاساکانی لە ستانداردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وەرگرتووە بۆ مافەکانی مرۆڤی پەنابەر. هەر بەم پێیە سەرەکیترین دوو یاسا لە نەرویج بۆ پێدانی مافی پەنابەری یاسای پارێزگاری Beskyttelse یە ((کە لە کورتەی ئەم یاسایەدا هاتووە کە تۆ مافی مانەوەت پێ دەدرێت وەکو پەناهەندەی سیاسی لە نەرویج بە هۆی ئەوەی کە لە وڵاتی خۆت مەترسی لە سەر ژیانت هەیە بەوەی کە بە گەڕانەوەت لەوانەیە لە سێدارە بدرێی، ئەشکەنجە بدرێی، مامەڵەیەکی نا مرۆڤانەت یان بە کەمتر لە بەهای خۆتت لە گەڵ بکرێت یان سزای یاساییت بە سەردا بسەپێنرێت)) یاسایەکی سەرەکی دیکەش کە کاری پێدەکرێت ئەویش وەرگرتنی مافی مانەوەیە بە هۆکاری مرۆڤایەتی Humanitært grunnlag (( کورتەی ئەم یاسایەش خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە تۆ مافی مانەوەت پێ دەدرێت کاتێ بە هەندێ هۆکاری بەهێز ژیانت ئەبەسترێتەوە بە نەرویج))  لە هەر کات و ساتێک و لە هەر وڵاتێکی ئەوروپی کەسێک بتوانێ یەکێک لەم هۆکارانە بە چیرۆکێکی ئەگەر هەڵبەستراویش بێت بەڵام سەلمێنراو بێت، ئەوا ئەو مافە وەردەگرێت. بەدەر لەوەی لە ڕاستیدا ژیانی لە مەترسیدا بووبێت یان، بەڵام گرنگە کە ئەو لێکۆڵەرە باوەڕ پێ بێنیت، خۆ ئەگەر ڕاستی و دروستی ئەمەیان لە هەر قۆناغێکدا بۆ دەرکەوێت ئەوا بە دڵنیاییەوە هەم مافی پەنابەریت لێدەسەنرێتەوە و هەم مەترسی دەرکردنی زۆرەملێشت دێتە سەر. لەمەشەوە هیچ بیانوویەک بۆ ڕەتکردنەوەی داواکەت ڕاست نیە جگە لەوەی ئەوەی لە چاوپێکەوتندا وتووتە جێگەی بڕوا نەبووە و کڕچ و کاڵ بووە و بۆشاییەکی بۆ نیشانەی سەرسوڕمان لە سەردانانی تێدا بووە. هەر بۆیە ئەوەی ئاشکرایە کە لە کۆتایی نەوەدەکان و سەرەتای دووهەزارەکان و تا ئێستاش زۆربەی هەرە زۆری کوردان بە تایبەتی باشور نەیتوانیوە مافی پەنابەری بەو رێگایانە  وەربگرن. بۆیە پەنای بۆ ڕێگەچارەی دیکە بردووە کە هەندێکیان دوور لە ئارەزوو و حەزی مرۆڤەکان بووە و بڕێک لە ناهەقیش بەرانبەر ئەوانی دیکە تێدابووە. کە لە خاڵی کۆتایی هەندێک لەو نموونانە ئاماژە پێدەدەین کە هەموویان نموونەی ڕاستەقینەن لە ئەوروپا دەری دەخەن کە کوردان لە پێناو مانەوە پەنا بۆ چی نەما نەیبەن!؟

 

٥/ رەتکردنەوەی داواکاری و ڕێگە چارەی دیکە
هیچ کاتێ هێندەی ئەم ساڵانەی ژیانم لە نێو کەمپی پەنابەری نەگەیشتمە ئەو ئەنجامەی کە کورد لە نێو نەتەوەکانی دەوروبەری زۆر کڵۆڵ ترە و زۆر درەنگتر و کاتێکی زۆر زیاتری گەرەکە لەوانی دیکە بۆ تێگەیشتن لە هەر پرۆسەیەکی تازە و نامۆ بە ژیانی. وە هیچ کاتێکیش هێندەی ئەم ساڵانە لە توانای وەرگرتنی کورد بۆ شتێکی نوێ بە گشتی بەدگومان نەبووم. هەرچەندە ئەوە کاری من نییە لە هۆکارەکانی بکۆڵمەوە بەڵام ئەگەر کەمێک گەڕان بکەی بە هەندێک سەرچاوەدا لە بارەی ئاسەوارەکانی جەنگ لە سەر هەم جەستە و هەم دەروونی مرۆڤەکان و گواستنەوەی ئەو ئاسەوارانە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە. دڵنیام دەگەیتە ڕاستی ئەمانەی من ئەیڵێم. کوردیش بۆ خۆی لە سەددان ساڵەوە جگە لە ناوبڕی کورت کورت نەبێت هەمیشە لە جەنگدا بووە دژ بە دوژمن یان لە نێو خۆیاندا، کە هەموو ئەمانە گەرەنتی بەرهەمهێنانی نەوەی تێکشکاو دەکەن. تێکشکان بە کەسێتی و هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی کوردان لە تاراوگەدا زۆر دیارە. جگە لەم هۆکارەش کورد چەندین سەدەیە ژێر دەستەی سێ نەتەوەی داگیرکەری ڕەگەزپەرستی دواکەوتووبووە، کە هیچ چاوەڕوانی باشیان لێنەکراوە و بگرە بە دەستێک شەڕیان کردوویت و بە دەستێکیش هەوڵی دواخستنیان داویت. 
من پێم وایە لە ئەنجامی هەموو ئەمانە کەسێتی مرۆڤی کورد بە گشتی هێندەی کورسییەکی سێ قاچ لەرزۆکە و پڕ پڕە لە ڕاڕایی و دوودڵی لە هەمبەر هەر دۆخێکی تازە کە تێیدەکەوێت، بۆیە نە خۆی ئەتوانێ کۆمەک بە خۆی بکات و نە بڕوای بە کۆمەکی کەسی دیکەش هەیە. کەسێتی مرۆڤی کورد بە گشتی لێرە پڕ پڕیشە لە جەنجاڵی و خەیاڵ بردن تا ئەو ئاستەی لەو هەموو توانا و پێدراوە بەردەستانەی ئێرە کە هەیە بەر لە دانانی کەیسێک و داواکاری مافی پەنابەری، بەڵام نە تێیاندەگات و نە جێگە باوەریشن لە لای.
بۆ نموونە لە وڵاتی نەرویج ریکخراوێکی نا حکومی هەیە بە ناوی (NOAS) کە ئەکاتە کورتکراوەی (رێکخراوی نەرویجی بۆ پەنابەران) ئەم رێکخراوە بنکەی لە ناو هەموو کەمپەکانی پێشوازی لە پەنابەراندا هەیە و بە پێی یاسا کارەکانیان لە گەڵ بەرێوەبەرایەتی کۆچ  رێکخستووە کە ئەرکی پاراستنی مافی پەنابەران بگرنە ئەستۆ، یەکێ لە کارە هەرە بە سوودەکانی ئەم رێکخراوە ئەوەیە کە بە زمان و دیالێکتی خۆت راوێژکار و وەرگێڕت بۆ دابین دەکات تا بەر لەوەی کە تۆ داواکاری کەیسەکەت بۆ بەڕێوەبەرایەتی کۆچ بەرزبکەیتەوە و دواتر چاوپێکەوتنت لە گەڵ ئەنجام بدرێ، گوێ لە کەیسەکەت دەگرن و هەموو ئەو کەم و کورتیانەت بۆ دەستنیشان ئەکەن کە ئەبێتە هۆکاری ڕەتکردنەوەی کەیسەکەت و زۆرێک زانیاری دیکەی بەسودت پێ دەڵێن کە تۆ وەکو بێگانەیەک بەر پێت بۆ ڕۆشن ئەکەنەوە تا تێنەکەویت لە گەڵ لێکۆڵەردا. بەڵام لە هەمووی سەیر تر ئەوەیە کە کوردەکان بە گشتی زیاد لە هەر پەنابەرێکی دیکە باوەڕیان بەم رێکخراوە نیە و ناچن بە دەم ئەو بەخششانەیان و هەر کوردێکی تازەش بێتە کەمپەکەوە لە مەترسی ئەم رێکخراوە ئاگاداری ئەکەنەوە.
هەر بۆیەش پێیان باشە وەکو گونکە هەویرێک خۆیان بدەنە دەستی قەدەر و بەڕێوەبەرایەتی کۆچ تا بیانکات بەچی خۆی بڕیاردەربێ...دواجاریش گەر ئەنجامەکەیان بە دڵ بوو ئیتر نایبڕنەوە لە باسی دانایی و زیرەکی و گرنگی کەیسەکەیان و بە دڵیشیان نەبوو ئەڵێن ڕەگەزپەرستن، وەرگێڕەکە خراپ حاڵی بوو، یان هەر بیانوویەکی حازر بە دەست....هتد
هەندێک دیاردەی سەیری دیکەی کوردانیش ئەوەیە کە کەیس و قسە و ئەزموونی یەکتری کۆپی ئەکەن و دووبارە بەکاری دەهێننەوە لە گەڵ ئەوەیش کە ئەنجامەکەی سەد بارە بۆتەوە کە ڕەتکراوەتەوە. 
بۆ نموونە سەردەمانێک کەیسی کۆمەڵایەتی باوی بوو بەوەی کەسێک هەڵهاتووە دوای ئەوەی حەزی لە کچێکی گوندەکەی یان شارەکەی خۆیان کردووە و کەسوکاری خێڵەکین و پێیان زانیوە و بە دوای ئەمەوەن بۆ کوشتنی. جارێکیان لە کەمپ تووشی سێ گەنج بووم کە خزم بوون و خەڵکی یەک گوندیش بوون، هەرسێکیشیان پێکەوە هاتبوون و خۆیان لە یەک شار و یەک کاتدا ڕادەست کردبوو، سەیر لەوەیە هەرسێکیشیان هەمان کەیسیان هەبوو، منیش بە گاڵتەوە پێم ووتن بە هەرسێکتانەوە حەزتان لە هەمان کچ نەکردبێت باشە؟! دوو مانگ دوای چاوپێکەوتن هاتنە لام وتیان هەرسێکمان ئەمڕۆ داواکەمان ڕەتکراوەتەوە، کە سەیرم کردن هەمان یاسا و هەمان نووسین کورتتر یان درێژتتر بۆ هەر یەکێکیان نووسراوە و تەنها ناوەکانیان جیا بوو، منیش بە گاڵتەوە وتم ئەو لە یەک زەرفی نامە گەیشتە دەستتان؟ توڕە بوون و جێیان هێشتم. من لێکۆڵەر بوومایە لەو سەردەمە وام ئەزانی نیوەی کورد حەزی لە نیوەکەی دیکەی کردووە و کەسوکاری ئەم نیوەیەش بە دوای نیوەکەی یەکەمەوەن.
زۆربەی هەرە زۆری پەنابەرانی کوردی باشوری نەوەددەکانی نەرویج لەوانە بوون کە وڵاتی دیکەی وەک ئەڵمانیا و هۆڵەنداوە هاتبوون و لەوێ داواکانیان ڕەتکرابۆوە یان پەنجە مۆر کرابوون، کاتێ هەڵئەهاتن بۆ نەرویج بۆ تاقیکردنەوەی بەختی خۆیان لێرە ناچار بوون ناوی خۆیان یان باوک یان باپیر هەندێکیش ساڵی لە دایک بوونی خۆیان بگۆڕن بۆ ئەوەی لە لیستی ناوی پەنابەرانی ئەوروپادا دەرنەکەون و بیانگەڕێننەوە بۆ وڵاتی یەکەم کە دەبێتە بەرپرس لە یەکلایی کردنەوەی کەیسەکەی. ئەڵێن کەسی وا هەبووە نە ناوی خۆی و نە باوک و باپیری و نە بەروار و شوێنی لە دایک بوون هیچی ڕاستەقینە نەبووە، دە ئەمە مافی مانەوە و ڕەگەزنامەی نەرویجیشی وەرگرتووە و تەنانەت نەوەی خستۆتەوە کە ئەکەنە نەوەی کەسێکی وهمی و خەیاڵی. تا ئێرە لە پێناو ئیقامە ڕەنگە تێگەیشتنمان بۆی هەبێت، بەڵام من لەوە تێناگەم بۆچی ئەمە بوو بە دیاردە و هەر کەس ئەگەیشتە ئێرە یەکەم کارێک کە ئەیکرد باری کەسێتی خۆی ئەگۆڕی، بە بێ ئەوەی ناچار بەوە بووبێت؟!
ئەمە جگە لەوەی لە پێناو وەرگرتنی مافی پەنابەری کچ کرا بە ژن ژن بە خۆشک و ژنی مێرددار بە شوودرا و پیاوی ژندار ژنی بۆ هێنرا. 
لە نموونەی دیکەش کە دوای ڕەتکردنەوەی داوای مافی مانەوە کە کوردەکان هانایان بۆ برد گۆڕینی ئایین بوو بۆ مەسیحی و یان بە هۆی عەرەبی زانینەوە خۆ کردنە عەرەبی موسڵ و کەرکووک یاخود بە هۆی ئەوەی سەردەمێک و ئێستاشی لەگەڵ بێت کەرکوکی و گەرمیانی شانسی مافی مانەوەی زیاتر بوو، وای لێهاتبوو هەر لە بادینانەوە تا کەلار خۆی بە کەرکوکی یان گوندێکی دەرەوەی سنوری هەرێم لە قەڵەم دەدا. بە هۆی ئەمەوە ڕەنگە ئامارێکی بکەیت سەرژمێری کەرکووک بگاتە دوو ملیۆن بۆ نموونە. لە هەموو ئەمانەش سەیرتر خۆ بە هاوڕەگەزباز لە قەڵەمدانیش کەیسێکی باوی کوردە لە ئەوروپا، ئەمە جگە لە کەیسی ژنان بەوەی باوک یان برا یان خەزوور یان شووبرا دەست درێژی سێکسی کردوونەتە سەر. هەموو ئەمانەش لە بەر خاتری شتێک کە پێی ئەڵێن مافی مانەوە لە ئەوروپا، مرۆڤ ئەخاتە بەردەمی پرسیارێکی زەق ئەبێت کوردستان هێندە ناهەموار و ناخۆش بێت تا مرۆڤەکانی هانا بۆ هەر شتێک ببەن تەنانەت دژ بە بیر و باوەڕ و حەز و ئەخلاقی خۆشیان بێت؟
پێم خۆشە لێرە ئیشارەت بە شتێکی جەوهەری بدەم کە من باوەڕی تەواوم پێیەتی کە ئەوەیش ئەوەیە کە هەر یەکێک لەو کەیسانەی سەرەوە ئەگەری هەیە کەیسی ڕاستەقینە بن و بەسەرهاتی خەڵک بووبن و بە مافی مانەوەشیان شایستە بن، بەڵام کێشەکە لێرەوە دەست پێ دەکات کە تۆ خۆت باوەڕت بە کارێک نەبێ و بیکەیت، وە دوای ئەوەش کارەکە ئەنجامێکی باشیشی نەبێت کە دڵنیام ئەمە وێرانەیەک لە دەروونی مرۆڤدا بەجێ دەهێڵێت.
بۆ نموونە گەر تۆ بەڕاستی قەناعەتت بە ئایینی مەسیحی هێناوە شتێکی ئاساییە و یان تۆ لە ئەوروپا بۆ ساغ بووبێتەوە کە ئارەزووی هاوڕەکەزبازیت هەیە، کێشەی نیە بەڵام مەیبەستە بە داواکاری مافی پەنابەریتەوە چونکە تۆ ئەو مافە لە سەر کەیسێک وەرئەگریت کە لە وڵاتی خۆت ڕووی دابێت نەک لێرە دەستت بۆ بردبێت، ئەوەی لە ئەلف و بێی یاسا تێبگات ئەبێت ئەمە بزانێت، دەرئەنجا داواکەت ڕەتئەکرێتەوە و کۆمەکت پێ ناکات.
کەسێک کە کاری وەرگێرانی بۆ بەڕێوەبەرایەتی کۆچ ئەکرد لە یەکێ لەم وڵاتانەی ئەروپا گێڕایەوە کە ساڵانی کارکردنم لە گەلێک لێکۆڵەر نزیکی خستمەوە، ڕۆژێک لێکۆڵەرێکی تایبەت بە تورکیا و عێراق و ئێران لە پشووی نێوان چاوپێکەوتنەکان لێی پرسیم کە ئاخۆ بۆچی کەسێتی پەنابەری کورد هێندە جیاوازن لەو سێ نەتەوەیەی دیکە؟ بەو پێیەی کە ئەم لە ئەنجامی ئەو هەموو لێکۆلینەوانەی لەم چوار نەتەوەیە زۆر شتی بۆ دەرکەوتووە. وتی کە ئەو سێ نەتەوەیەیەی دیکە بە گشتی کەیسەکانیان لە دژی حکومەت و حزب و گروپ و تایەفەکانی دیکەیە، بەڵام کەیسی کوردەکان تێکەڵە و تەنانەت دژ بە خودی خۆیان و خێزان و نەتەوە و وڵاتی خۆشیانە وەک ئەوەی بیانەوێت نەفرەت لە هەموو شت بکەن!! ئەو وەرگێرە وتی منیش پاساوم بەوە هێنایەوە کە ژێر دەستی و نەبوونی کیان هۆکارن. ئەویش لە وەڵامدا وتوویەتی نەخێر ئەو دوو هۆکارە دەبوو زیاتر وا بەستەی ئەو تایبەتمەندییانەی خۆیانیان بکات نەک پێچەوانەکەی، من دڵنیام هۆکاری گەلێ قوڵتری لەوانە هەیە کە کاری خۆتانە بەدوایدا بڕۆن. لە کۆتاییدا ئەڵێم ئەوەی وڵات پێت نەکات غەریبی پێتی ئەکات جا چاک بێت یان خراپ.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×