دوو شێخی دەسەڵات لە فۆرمی ئۆپۆسزیۆندا

دلێر محەمەد نوری
  2022-06-01     412

لە ساڵی ٢٠٢١ دا، گۆڕەپانی سیاسی باشوری کوردستان، دوو کارێکتەری سیاسی جیاواز و لە دوو جوگرافیای جیاوازەوە، بۆ ئامادە کردین بۆ ئۆپۆسزیۆن بوون. یەکێکیان ئارەزوومەندانە، ئەم ڕێگەیەی هەڵبژاردوو و ئەوی دیکەشیان بە زۆرەملێ، بەرەو ئەو ڕێگایە ڕاونراوە. هەردووکیان شێخن و لە شێخانی دوو بنەماڵەی بارزان و تاڵەبانین. یەکێکیان کەمێک دیندار و وابەستە و بە پاشخانێکی ئیسلامییەوە، ئەوی دیکەیان ڕوو لە کرانەوەیە. هەردوولایان بوون یان دەبن، بە ئۆپۆسزیۆن لە دژی حزبی ئامۆزاکانیان لە هەمان بنەماڵەکانی خۆیاندا. کە ئەوانیش پارتی و یەکێتین. یەکیان بارزانییە و بادینییە و لە شەستەکانی تەمەنیدایە و چل ساڵێکە سەرقاڵی سیاسەت و خەباتە. ئەوی دیکەشیان تاڵەبانیە و سۆرانییە و لە چلەکانی تەمەنیدایە و پانزە ساڵێکە لە سیاسەت و خەباتدایە. یەکێکیان کار لە سەر جەماوەری دهۆک و بادینان دەکات و ئەوی دیکەشیان کار لە سەر جەماوەری سلێمانی دەکات. 
یەکێکیان ئارەزوومەندانە لە پارتی جیابۆتەوە و ئەم هەڵوێستەی یەکەم هەڵوێستی نەبووە، بەڵکو لە ١٩٨٣، ٢٠٠٣، ٢٠٠٤، ٢٠٠٦یشدا، هاتنە دەرەوە و چوونە ناوەوەی پارتی هەڵبژاردووە. تا دواجار لە ٢٠٢١ دا، لە پارتی جیابۆتەوە و هەر جارە و بە بیانووی جیاواز. دوا هەڵوێستیشی، بە وتەی خۆی، لە دژی داگیرکاری تورکیا بووە و هاوکاری پارتی بۆ تورک قبووڵ نەبووە. ئەوی دیکەشیان یەکەم ئەزموونی جیابوونەوەیەتی لە یەکێتی و بە زۆرە ملێ لە یەکێتی دوورخراوەتەوە لە ٢٠٢١ دا و هەمیشە چاوی لە گەڕانەوە بووە و خۆی بە بەشێک لە یەکێتی زانیوە. تا لە کۆتایی ئەم مانگەدا دوا وەڵامی خۆی وەرگرتەوە، کە ئیتر ڕۆڵی ئەو کۆتایی هات لە نێو یەکێتیدا. 
ئێستا هەموو چاوەکان لە سەر ئەم دوو کەسەیە، کە ئاخۆ دەبن بە دوو بەرە و دوو ڕووی ئۆپۆسزیۆنی نوێ لە هەرێمدا؟ دەبن بە دوو هێزی  دژ بە دوو حزبی دەسەڵاتدار، لە دوو پنتی جیاوازی کوردستان، لە نێو جەماوەر و قەڵای زەرد و سەوزدا؟ ئاخۆ دەتوانن دوو ڕەنگی جیاواز بخەنە نێو لیستەکانی هەڵبژاردن، کە هەوڵ بدەن بۆ کاڵکردنەوەی یان کوژاندنەوەی ئەو دوو ڕەنگە باوەدا؟
ئەگەر ئێمە بزانین کە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی خاوەنی کەرەستەی مانەوەن لە دەسەڵات، بە هۆی پارە و مەکینەی ڕاگەیاندن و کادری مووچەخۆر و هێز و لەشکرەوە، ئاخۆ ئەم دوو کارەکتەرە کەرەستەکانی ئۆپۆسزیۆنیان پێیە؟
ئۆپوسزیۆن لە زمانی سیاسەتدا، واتا هەڵبژاردنی بەرەی دژی دەسەڵات و کارکردن بە پێچەوانەی، چ بە ڕێکخستنی خۆپشاندانی جەماوەری یاخود بە کاری پارلەمانی. هەموو ئەمانەش لە پێناو کۆکردنەوەی جەماوەر و لاوازکردنی دەسەڵات و گرتنەدەستی دەسەڵاتە، بۆ پیشاندانی وێنەیەکی باشتر لە بەڕێوەبردن. 
جا بەر لەوەی لە وەڵامی ئەو پرسیارانە نزیک ببینەوە، ئەبێ چەند پرسیارێک، بۆ بەرچاو ڕوونی بکەین. ئاخۆ بیانووەکانی شێخەکەی بارزان ڕاستن بۆ هاتنە دەرەوە لە پارتی؟ باشە ئەو بیانووانەی لەوە و پێش لە پارتیدا نەبوون، وا ئەم ئێستا درکیان پێ ئەکات؟ ئەوەی ڕاستی بێ پارتی نەوەدەکان و دووهەزارەکان ودوو دەیەی دوای دوو هەزاریش، هەر هەمان پارتی بووە. کەواتا ئەو شێخەی ئۆپۆسزیۆن نەک هاتنە دەرەوەی لە پارتی جێگەی سەرنج نابێ بگرە گەر ئەوەندە پەرۆشی داگیرکاری و خاکی کوردستانێتی، دەبوو ئەوە بزانێ نە تورک تازەیە لە کوردستان و نە هاوکاری پارتیش شتێکی تازەیە. دەبوو بەر لە چوونە ناو پارتی، بەرچاوی ڕوون بووایە و ئەوە گەندەڵی و ٣١ ئاب هەر بیر ناخەمەوە.
گەر بێینە سەر باسی شێخەکەی تاڵەبانێش، دەبینین تاکە بیانووی بوون بە ئۆپۆسزیۆنی، دەرکردنێتی لە یەکێتیدا. واتا ئەگەر ئەو بیەوێ جەماوەری توڕە و تۆراوی یەکێتی ڕازی بکات بە خۆی، دەبووایە لە نێو یەکێتیدا پێشتر پرتە و بۆڵەیەکی هەبووبا دژ بە حزبەکەی خۆی ولێی قبووڵ نەکرابووبا و لە سەریان دەرکرابووبا، تا بیتوانییایە سیحر لە جەماوەری یەکێتی بکات. کاتێ ئەو کەسی یەکەمی یەکێتی بوو، چی کرد بۆ چاکسازی و خۆشگووزەرانی جەماوەر؟ گەر ڕێگەی نەدەدرا بۆ بێدەنگی لێ کرد؟ ئەی ئەگەر ئێستا لە جێگەی خۆی بووبا چی لە چی دەگۆڕا؟
هەر بۆ لێکچواندنێک تەماشای جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا بکەن لە یەکێتیدا، ئەو لە نێو یەکێتیدا، بە باڵی ڕیفۆرم دەستی پێکرد. تەنانەت بۆ پڕۆژەکەی خەریکی ئیمزا کۆکردنەوەش بوو لە ئۆرگانەکاندا. یەکێ لە داواکارییەکانی تەنانەت وازهێنانی خودی سکرتێری حیزب بوو. کاتێ گوێی بۆ نەگیرا، ئەنجا هاتە دەرەوە و حزبێکی نوێی دامەزراند. هەر ئەمەش بووە هۆی سەرکەوتنی. چونکە وەڵامی هەموو پرسیارەکانی پێ بوو و چیرۆکێکی نوێ پێ بوو بۆ جەماوەر.
لەمانەوە شتێکمان بۆ ساغ دەبێتەوە کە ئۆپۆسزیۆن بوون کەرەستەی خۆی ئەوێ، کە تەواو جیاوازە لە کەرەستەکانی دەستگرتن بە دەسەڵاتەوە. دەسەڵات دەنگ و جەماوەر بە پارە ئەکڕێ و تەزویری ئەکات، بەڵام ئۆپۆسزیۆن ئەبێ بە چیرۆکی نوێ و هیوابەخشین جەماوەر بکڕێ و دەنگی ڕاستەقینە کۆبکاتەوە. ئەوەشی دەبینرێ تا ئێستا ئەم  دوو شێخەی بارزان و تاڵەبانی نە کەرەستەکانی دەسەڵات و نە کەرەستەکانی ئۆپۆسزیۆن بوون، هیچ کامیان پێ نیە. بۆ سەرکەوتنیش لیستێک لە پرسیار و گوومان چاوەڕوانیانە.
جا نازانم جەماەر لە داهاتوودا بڕیاری چی دەدات؟ ئایا شێخ ئەدهەم بارزانی و شێخ لاهور تاڵەبانی ئەکەن بە ژمارە لە پارلەماندا؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×