کێ زیندوی کوڕی بەئاگایە؟

دلێر محەمەد نوری
  2020-11-16     816

دلێر محەمەد نوری


ڕەنگە کەم جار هەبێت لە ناو هەناوی کات و ساتێکی ملکەچ و زەلیلی یەقینێکی ئیلاهی و باوەڕێکی جێگیر و لە سەر ڕێکەوتوو بە جۆرێک ئەگەر لە دووتوێی پرسیارێک یان سەرسوڕمانێکی فیکری سەرپێیش بێت،  کەسێک هەڵکەوێت و بتوانێت بە جۆرێکی دیکە چیرۆکی پەیدابوونی باوەڕی یەزدانی لای مرۆڤ و گەیشتنە یەقین داڕێژێتەوە، کە حیکایەتەکەی تەواو جیاواز بێت لە حیکایەتی باو بۆ دونیابینی ڕوحانیەت و پەیدا بوونی باوەڕ و بە جۆرێک کە گەڕان بە دوای خودادا و دۆزینەوەی خودا بە بێ یارمەتی نێردەیەک بەرجەستە بکات. هەر لە نێو خودی ئەو میراتە عەرەبی و ئیسلامییەوە چیرۆکی (حی بن یقڤان) لە دایک ئەبێت، ڕایەک هەیە کە دەڵێت ابن سینا (٩٨٠ز-١٠٣٧ز) ئەم چیرۆکەی لە نێو زیندانی قەڵای (فردقان)دا نووسیوە. بەڵام ئەم چیرۆکە گرنگە بە تەواوی و لە شێوەی ڕۆمانێکی پوختدا لە لایەن ابن گفیل (١١٠٠ز-١١٨٥ز) ەوە بە دەستمان گەشتووە و سوهرەوەردی فەیلەسوفیش کە بە فەرمانی سەلاحەدینی ئەیوبی دەکوژرێت (١١٥٥ز-١١٩١ز) ئەم چیرۆکەی نووسیوەتەوە. کورتەی ئەم چیرۆکە باس لە کەسێک ئەکات بە ناوی (حی بن یقڤان)، کە بە کۆرپەیی و لە ناو تابوتێکی تەختەدا لە کەناری دورگەی (واق واق)ی خاڵی لە مرۆڤ ئەگیرسێتەوە و ئاسکە مێچکەیەک دوای دەنگی گریانەکەی ئەکەوێت و بەزەیی پێدا دێتەوە و تا حەوت ساڵ ئەیپارێزێت و شیری پێدەدا و بەخێوی دەکات، لە پاشان ئاسکەکە ئەمرێت و (یەقڤان)یش سەری سوڕ دەمێنێ لەوەی بۆچی دایکی وەکو جاران ناجوڵێتەوە و لە حەیبەتدا نەشتەری ئەکات و دیقەت لە هەناو و دڵی بێجووڵە و بێ ڕووحی دەدات وئەنجا حەیوانێک ڕاو ئەکات و نەشتەری دەکات دەبینێت کە جیاواز لە هەناوی دایکی گەرمە و دڵەکەشی لێدەدات، لەمەوە بۆی دەردەکەوێت کە گیانلەبەر بەدەر لە جەستە و خوێن پێویستی بە شتێکی دیکەشە (ڕوح-گیان) بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە ژیان. دایکی ئەنێژێ و ڕێزی گۆڕەکەی ئەگرێ و تێدەگات کە جگە لە ژیان مەرگیش هەیە. دواتر ئاگر ئەدۆزێتەوە و سەرنج لە تین و تاوی ئاگر دەدات. لە قۆناغێکی دیکەی چیرۆکەکەدا سەرنج لە هاوبەشی و جیاوازییەکانی نێوان خۆی و گیانلەبەرەکان و لە نێو خودی گیانلەبەرەکان خۆشییاندا دەدات. لە شوێنێکی دیکەشدا دیقەتی دورگەکە و ئاسمان و ئەستێرە و دیاردەی شەو و ڕۆژ دەدات. بەرلە کۆتایی چیرۆکەکەش دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە دەبێت لە پشتی ئەم هەموو دیاردە و ئافەریدانەوە هێزێک، یاسایەک، خودایەک هەبێت!! لەکۆتایی چیرۆکەکەشدا دوو کەسایەتی لە دورگەیەکی دیکەوە هەڵهاتوون و بە بەلەم هاتوون بۆ ئەم دوورگە چۆلە یەکێکیان عاریف و سۆفییەکی بە ناوبانگی وڵاتی خۆی ئەبێت،کاتێک لەوێ ئایینێکیان ئەبێت کە لە ڕێگەی پەیامبەرێکەوە پێیانگەیشتووە و خواپەرستی ئەکەن و بە هۆی بیر و ڕای جیاوازییانەوە لە بارەی شتە ڕوحییەکان ناچار دەکرێن وڵاتی خۆیان جێبهێڵن. دواتر بە جۆرێک لە جۆرەکان لە گەڵ (حی بن یقڤان) دا یەک ئەگرن وعاریفەکە لە زمان و ئاماژەکانی ئەم کوڕە کێوییە دەگات و کاتێ دەگەنە سەر باسی ئایین و خودا و شتە ڕوحانییەکان، دوو پیاوە ئایینزاکە هەم سەیریان لێ دێت و هەم ئەگەنە ئەو ڕاستییەش کە مرۆڤ ئەشێت بگاتە یەقین و باوەڕ و خودا بە بێ بوونی نێردەیەک.
باوەڕ ناکەم هیچ فەلسەفە و بیرێکی قووڵ لە بارەی باوەڕ و ڕوحانییەت هێندەی ئەم چیرۆکە سادە و ساکار و پڕ لە خەیاڵە ئاماژەی قووڵ بدەن بە دەستەوە و یەخە بە مڕۆڤانێک بگرن کە تەنها و تەنها ئەوە بە یەقین بزانن کە خۆیان پێی گەیشتوون یان پێیان گەیێنراوە و ئامادەی سەپاندنی ئەو بیرەن بە هەموو ئامێرەکانی ستەم. ئەبێت کەسانێکی وەکو ابن گفیل و ابن سینا کە هەر بە موسوڵمانی دونیای فانییان جێهێشتووە ویستبێتیان لە ڕێگەی ئەم چیرۆکەوە چی بە موسڵمانان و بە مرۆڤایەتی بڵێن؟ ئەبێ لە دیدی ئەم گەورە فەیلەسوف و بیرکەرەوە ئیسلامییانە چی گرنگ بوو بێ ئایا باوەڕ و یەقین چۆن هاتبێ؟ یان چۆن بێت؟ تۆ بڵێی بە گۆترە و بە بێ هیچ ئەژمارێک ناوی کەسایەتی ڕۆمانەکەیان ناو نابێت (حی بن یقڤان واتا زیندوی کوڕی بە ئاگا)؟ ئەمڕۆ لە دونیادا دەیان ئایینی زیندوو و سەددان بیروباوەڕی روحی دیکەش هەن کە قاڵبی ئایینیان وەرگرتووە، لە کوردستانیشدا لە پاڵ زۆرینەی موسوڵمان کریستیان و ئاشور و کلدان و ئەرمەنی و زەردەشتی و ئیزیدی و کاکەیی وسابیئە و ...هتد هەن وەک چۆن لە قورئاندا هاتووە (...کل حزب بما لدیهم فرحون) ئاوهاش هەر یەک لەمانە دڵیان بە باوەڕی خۆیان خۆشە و هی خۆیان بە ڕاستتر و شیاوتر ئەزانن تەنانەت بە بێباوەڕەکانیشەوە، بۆیە منیش دەڵیم هیچ کەس هێندەی کورد پێویستی بەوە نیە کە لە تەماشا کردنی ئەوی دیکەی باوەڕدار یان تەنانەت بێباوەڕیش زیندو و بە ئاگا بیر بکاتەوە، بەو پێیەی زۆرترین ئایین و مەزهەب و تەریقەت و بەشێکیش بێباوەڕی تێدا هەن و ڕۆژانە دەبینین بە چ جۆرێک لە کەناڵە جۆراوجۆرەکان بە تایبەتی سۆسیاڵ میدیا بەربوونەتە وێزەی یەکتری و لە جێگەی ڕێز یەکتری تێک ئەشکێنن!!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×