سەردەشت، دانتی ڕەخنەی سیاسی کوردی

دلێر محەمەد نوری
  2022-05-04     224

سەردەشت عوسمان فیگەرێکی ڕەخنەگری ترسناك بوو. کە دەڵێم ترسناك، مەبەستم بە دیوێکی ئەرێنی بۆ بەرژەوەندی گشتی و نەرێنیش بۆ دەسەڵات. چونکە هەتا ئەمڕۆش کە لە نووسینەکانی ورد ئەبینەوە، چەند خەسڵەتێکی تیا بەدی ئەکەین، کە لە یەک کاتداو لە دووتوێی هەمان نووسیندا، تێکهەڵکێشی یەکتری کردوون.  کە دیاردەیەکی دەگمەنە لە نووسینەکانی پێش خۆی. ئەگەر بمەوێت تەنها خەسڵەتە زۆر سەرەکییەکانی ئەو قەڵەمە ڕیز بکەم، ئەبێت ئەمانە بن:-
بوێری، ڕاستگۆیی، پێوەری لۆژیکی، بیرکردنەوەی عەقڵانیی، پەیامی ئامانج دار، بێباکی و هەندێک خەسڵەتی دیکەشی تێکەڵ بە شێوازێکی نووسینی تایبەت بە خۆی کردووە کە  نزیکە لە  ئەدەبی گاڵتەجاڕیی (ساخر). لە هەمان کاتیشدا ڕەخنەیەکی ئاسایی و ئاراستەکراویشن، کە زۆرجاریش بێهیوایی و توڕەیی و بێباکیان پێوەدیار بوون.  لە هەموو ئەمانەش گرنگتر ڕەگەزی گێڕانەوە بە نووسینەکانێوە دیار بوون و لە زۆربەیان خۆی وەکو نوێنەری تۆێژی  گەنجە بێ کارە خاوەن بڕوانامە خێر لە خۆ نەدیوەکانی وڵات نمایش ئەکرد و  بۆ هەر توێژێکی وەکو دایکان و باوکان و کچان و خانەنشینان و سزادراوان و نانبڕاوان و...هتد کارێکتەری باوک و دایک و خوشک و براکانی خۆی بەکار دەهێنا و بەراوردی دەکردن بە خێزانە دەسەڵاتدارەکان و ئەوانەی لە سێبەریاندا دەژیان.  لێرەوە قەڵەمەکەی سیحری ڕاکێشانی خوێنەری دەدایە نووسینەکانی. سەرنجیش بدەی‌ لە کۆتایی هەر نووسینێکیش،  دەرگای بە کراوەیی بەجێ دەهێشت  وەکو ئەوەی  خوێنەر لە ئینتیزاری بەشێکی دیکەی نووسینەکە ڕابگرێت. لە دیارترینشیان ئەو نووسینەیەتی  کە  لە ژێر ناوی (یەکەم زەنگی کوشتنم لێیدا)یە. دەبینین بە دێڕێکی چەند سەرنج ڕاکێش، دەرگای لە سەر ئەم  وتارەش بە  کراوەیی بەجێهێشتووە، کاتێ دەڵێ: "....لەو شوێنەش، کە تەمەنمان کۆتاییهات با هاوڕێکەم خاڵێکم بۆ دابنێت و بێتە سەر دێڕێکی نوێ و سەر لە نوێ دەست پێبکاتەوە.". هەر ئەم ڕستەیەی سەردەشتیش بوو دواجار سەدان و هەزاران نووسینی بەدوای خۆیدا هێنا و درێژەیان بەو جۆرە ڕەخنەی سیاسی داوە و لە پاش هەر نوقتەیەک و ڕشتنی خوێنێکی نوێ، دێڕێکی نوێ دەنووسرێ و خوێنێکی نوێ هەڵئەقوڵێت.
هەموو ئەمانە وای لە نووسینەکانی ئەم لاوە کرد بوو کە بە خوێندنەوەیان، کاریگەری جێ بهێڵن و تەنانەت کاریگەری ڕاستەوخۆیشی لە کەسانی پەراوێزەکان و کوێلە و بەردەستەکانی ئەوانەش دەکرد، کە ڕەخنەکانی سەردەشت دەیگرتنەوە. هەر بۆیە سەردەشت هەڕەشەی لێدەکرا، داوای نەفی  کردن و جێهێشتنی هەولێری لێ دەکرا، دواجار و لە بێباکی سەردەشت، بە ناچاری و بۆ زووتر‌ کپ کردنی ئەم دەنگە بوێرە بێ دەربەستە، دەفڕێنرێ و تیرۆری جەستەیی و پاشانیش  هەوڵی تیرۆری  کەسێتیشی دەدرێ بەوەی خۆی بە تێرۆریست نیشان بدرێ. 
دانتی (1265-1321) شاعیرە نەمرە بەناوبانگەکەی ئیتاڵیا، خاوەن گرنگترین شاکاری ئەدەبیی ئیتاڵییە. کە ئەویش داستانە شیعری (کۆمیدیای ئیلاهی)یە. کۆمیدیای ئیلاهی کە بە کورتی، گێڕانەوەی گەشتی دانتییە، بۆ فردەوس و دۆزەخ و ڕۆژی دوایی.  بە زمانێکی سادەی گشتی نووسراوە جۆرێکە لە ئەدەبی گاڵتەجاڕی کە دانتی لە ڕێگەیەوە، ڕەخنەی ئایینی و  کەنیسەی کاسۆلیکی ڕۆمانی و دەسەڵاتی پاپاکانی ئەو سەردەمەی پێ دەکات. لەم نووسینە کورتەدا، جێگەی ئەوە نابێتەوە کە تیشکی زیاتر بخرێتە سەر دانتی. بە کورتی دانتی دادەنرێ بە یەکێک لە پێشەنگەکانی بزاوتی ئازادیخوازی ئەوروپی و پێشەنگی سەردەمی ڕێنیساسی ئەوروپیشە، کاتێ ئیتر ئایین لە دەوڵەت جیادەکرێتەوە و کۆتایی بە سەردەمێک دێت کە ئیتر پادشاکان نەتوانن هێز و دەسەڵات لە ئایین و خوداوە وەربگرن. ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە کە دانتی، جگە لەم کارە ڕەخنەگرانە گاڵتەجاڕییەی خۆی، سیاسییەکی چالاک بووە و بەشێک بووە لە ململانێکان لە گەڵ ئەوەشدا ئەمە ڕێگەی لەوە نەگرتووە کە لە بەر ئەوەی شاعیر بووە و خاوەنی ئەم شاکارە بووە، بڕیاری دوورخستنەوەی بدرێ و تا ئەو کاتەی لە مەنفا کۆچی دوایی بکات. ئەوەی ناوباگی دا بە دانتی و بە نەمری هێشتییەوە، لە پاش چەندین سەددە و تا ئەمڕۆش ئەوەیە کە دانتی خالقی خستە ناو کڕۆکی نووسینە ڕەخنەییە گاڵتەجاڕییەکەی لە شارێکی ئیتاڵی خاوەن دەسەڵاتی ئایینی بەهێز لەو سەردەمەدا کە فلورنسایە. ئەگەرچی دەبێت سەدد لە سەدد، ئەم نووسینە  بە هەوڵێک بۆ بەراوردکردن لە نێوان دانتی و سەردەشت تێنەگەن، وەکو کەسایەتی و وەکو نووسینەکانیان کە سەر بە دوو ژانەری جیاوازن و دوو سەددەی مێژوویی جیاوازیشن. بەڵام لە چوارچێوەی مێژوویی خۆیاندا و لە ڕەخنەکردنی سەری هەڕەمە پیرۆزکراوەکاندا هاوبەشی زۆریان هەیە. هەر لەم ڕووەوە، ئەوەیش کە سەردەشت بە نەمری ئەهێڵێتەوە ڕەخنەکردنێتی بەو زمانە گاڵتەجاڕییە، بۆ سەری گەوەری هەڕەمەکانی دەسەڵات و بنەماڵە پیرۆزکراوەکان و لە شارێکی پۆلیسی کە هەناسە و هەنگاوەکانیشت تێدا ژمێردراون.
بەڵام ئەوەی ئەو مەرگەی بە تراژیدی لە ویژدانی هەمووان هێشتۆتەوە و هەموو ساڵێک وەکو یادێکی خەمناکی نشتیمان خۆی نمایش ئەکاتەوە ئەوەیە، کە تۆلەرانسی ئەو بنەماڵە سیاسی ودەسەڵاتدارانەی کە سەردەشت ڕەخنەی کردن، نەگەیشتە تۆلەرانسی کەنیسە و پاپاکان و خوداکانی بەر لە زیاتر لە حەوت بۆ هەشت سەددە پێش ئێستا، کە دانتی ڕەخنەی کردن و لە سەری نەکوژرا و سەردەشت جوانەمەرگ کرا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×