حکومەت و ناوساجی فرۆش

دلێر محەمەد نوری
  2022-04-05     565

هەر کاتێ حکومەت توانی ژیانی خەڵکی وڵاتەکەی دابین بکات، ئەو کات ئەتوانێ مەرجەکانی خۆیشی بە سەر خەڵکیدا بسەپێنێ و کەسیش ئاماژەی بۆ نەکات وەکو ستەمکار. ئەمەش لە ڕاستیدا ئەو پەیمانەیە کە حکومەت و هاوڵاتیانی پێکەوە گرێ دەدات.
دابین کردنی ژیانی خەڵک، بەواتای ئەوە دێت کە تۆ بتوانی مووچەی خانەنشینان و مووچەخۆرانی خۆت بدەی لە کاتی خۆیدا و سیستمی سوسیالیش، بۆ هاوڵاتیانی خۆت، وەکو وڵاتانی پێشکەوتووی ڕۆژئاوا بۆ خەڵکانی دەرەوەی بازنەی حکومەت دابین بکەیت.
سیستمی سۆسیاڵ واتا ئەرکی دابینکردنی لایەنی کەمی ژیانی هەمووان، لە ئەستۆی حکومەتە. بۆ نموونە تۆ مووچەخۆری یان کاسبکار، مانگانە بڕێک پارە وەکو باج دەدەیتە حکومەت. حکومەتیش ئەم پارانە کۆدەکاتەوە و وەبەرهێنانی پێ دەکات و کاتێکیش نەخۆش کەوتی یان خانەنشین بووی مووچەت بۆ دابین ئەکات. جا چ فەرمانبەری میری یان کەرتی تایبەت یاخود خاوەن کاری خۆت بووبیت. ئەمەش بە جۆرێک ڕێکخراوە، کە هەتا باجی زیاتر بدەی لە ژیانی کارکردندا، مووچەی خانەنشینی زیاترت ئەکەوێت. ئەو کەسەیش کە بە هۆی نەخۆشی یان کەم ئەندامی کاری نەکردووە، مووچەی شایستەی خۆی هەیە تا کاتی خانەنشینی. ئەوەشی کە بە بێ هیچ هۆکارێک تاقەتی کارکردنی نیە، دووبارە ئەرکی حکومەتە کە بەشی نشتەجێ بوون و لایەنی کەمی ژیانی بۆ دابین بکات وەکو مرۆڤێک. بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو بڕە پارەیە هیچی زیاتر نیە لە ژیانی مەمرە و مەژی کە دواجار ئەو کەسە خۆی ئەمەی هەڵبژاردووە.
هەر لە نێو ئەم سیستمەدا، کە ماف و ئەرکی هاوڵاتی و حکومەت دیاری کراوە، ئەرکی حکومەتە خزمەتگوزاری تەندروستی و کۆمەڵایەتیش بۆ هەمووان دابین بکات، جا بە خۆڕایی بێت یان نیمچە خۆڕایی. 
لێرە بە دواوە ئەرکی خەڵکیشە هەرچی ئەنجام ئەدەن و پەیدا دەکەن، حکومەتی لێ ئاگادار بکەنەوە و بە پێی یاسا و ڕێنماییەکان ئەنجامی بدەن و باجی خۆشیان بە حکومەت بدەن.
لە وەها سیستمێکدا کەس بۆی‌ نیە بە ماتۆڕسکل یان عەرەبانە کۆڵانە و کۆڵان یان لە سەر شۆستە و قەراخ جادەکان، شت و مەک و خواردەمەنی بە ئارەزووی خۆی و بە دەر لە یاسا و ڕێنماییە تەندروستییەکان و بە بێ مۆڵەت بفرۆشێت.
لەم وڵاتانەدا ئەوانە بە جۆرێک لە جۆرەکان وەکو دەستگێر یان عەربانەگێڕ یاخود بە ئۆتومبیلی تایبەت لە گۆڕەپان و شوێنە گشتییە تەرخانکراوەکاندا کاری فرۆشتنی خۆراک و شت و مەک ئەکەن، مۆڵەتیان هەیە و لە ژێر چاودێری تەندروستیدان و باجی خۆشیان دەدەن. واتا بە فەرمی، ئەوانە خاوەن ئەو پیشەو کارانەن. دواجاریش لە پاداشتی ئەوەی بە پێی ڕێنماییەکان کار دەکەن و باج دەدەن، لە دۆخی لە دەستدان یان زیان کردن لەو کارەدا، هەم قەربوو ئەیانگرێتەوە و هەم بیمەی بێکاری و لە حاڵەتی بەردەوامیش خانەنشینی ئەیاگرێتەوە.
ئەمە کورتەی ئەو سیستمەیە کە لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوادا، بە جیاوازییەکی کەمەوە پیادە دەکرێت. لێرەدا حکومەت و هاوڵاتیانی خۆی لە یەک دۆڵ دان و حکومەت باوک و دایکی ڕاستەقینەی میللەتە و میللەتیش خۆی بە خاوەنی حکومەت ئەزانێ. بە گشتیش لەم سیستمە یەکانگیرە تەواوەدا، حکومەت و هاوڵاتیانی، هەردوو لایان، ئاگایان لە یەکترییە و فێڵیش لە یەکتر ناکەن.
بەڵام ئەگەر تەماشایەکی سەرشەقام و ناوبازاڕ و گوزەرانی هەرێمی کوردستان بکەیت، دەبینیت کە پڕ پڕە لە دەستگێڕ و عەربانەگێڕ و مۆتۆڕسکیل سوار و کاسبکارانی سەر شۆستە و چوارڕێیان و فوڵکەکان.
خەڵکانێکی زۆر بە بێ مۆڵەت و دوور لە ڕنمایی تەندروستی و ڕێگەپێدان کار دەکەن و پیشە و هەلی کاریان بۆ خۆیان ڕەخساندووە. هەرچەندە ئەمانە لە ڕووی سیستمی بەڕێوەبردنەوە، نا یاسایی و نا تەندروستی و ناشارستانین، بەڵام بە هیچ جۆرێک حکومەت مافی ئەوەی نیە، دەست بێنێته ڕێگەیان و دەستەبەر و عەربانەکانیان بسووتێنێ و مۆتۆڕسکیلەکانیان دەستەبەسەرا بگرێ و ڕێگە لە کاسبی سەر شەقام و شۆستەکان بگرێ. چونکە لە هەرێم حکومەت لە دۆڵێک و هاوڵاتیانیشی لە دۆڵێکدان. حکومەت باج و خەراجی ئەوێ و هیچ خزمەتێکیش پێشکەش ناکات. جگە لە مووچەخۆرانی خۆی هیچ کام لە فەرمانبەر و کاسبکارانی مافی بیمە و مۆڵەتی نەخۆشی و بیمەی بێکاریان نیە. لێرە حکومەت حکومەتی (هەر بێنە و هیچ نادەم)ە. بۆیە دەبێ وەها حکومەتێک چاوەڕوان بێت، سەر شۆستەکانی پڕ بن لە عەرەبانە و سەکۆ و دەستگێڕ و ڕەمەزانانیش هەر ژنە و بە پەرەمێز و تەشتێ هەویرەوە لە بەر ڕەحمەتی تۆز و مێش و مەگەز خەریکی ناوساجی فڕۆشتن بن. 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆی ژنێکی ئازام بینی، کە من لێرەوە دەست خۆشی لەو و لە ژنانی ناوساجی فرۆش ئەکەم کە بۆ پەیدا کردنی قووتی خێزانەکانیان خەریکن وەکو ناوساجی، لە بەر هەتاو، بە زمانی بە ڕۆژوووە، گەنجی خۆیان لە سایەی بێباکترین حکومەت ئەبرژێنن. بۆیە حکومەت ئەبێ لە ئاستی ئەمانەدا تەریق بێتەوە و هەر کاتێکیش بە بەردەمی ئەم ناوساجی فرۆشانەدا تێپەڕی گوێ بگرێ لە (وەرنەوە بۆ ناوساجی بەربانگ) و سەر داخا و بڕوات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×