وەك ئاشکرایە کاری بانگخوازیی ئایینی، مێژوویەکی کۆنی هەیە. ئەگەر تا پەیدابوونی ئاینی ئیسلام، مەسیحییەت وەکو ئایینی زۆرینەی خەڵکی جیهان، پێویستی بە کاری بانگخوازی نەبووبێ، ئەوا لە دوای پەیدابوونی ئیسلام و گەورە بوون وفراوان بوونییەوە، سەددە لە دوای سەددە، دواجار وای کرد کە مەسیحییەتیش بیر لە کاری بانگخوازی (تبشیر) بکاتەوە. ئەمەش لە پێناو بووژانەوەی دووبارەی مەسیحییەت و چالاککردنەوەی لە پێناو قەرەبووکردنەوەی ئەوەی لە دەستیان دابوو. سەرەتای دەرکەوتنی کاری بانگخوازی لە لای مەسیحییەکان لە سەرەتاکانی سەددەی حەڤدەیەمەوە و لە سەر دەستی پاپای ڤاتیکان گریگۆریسی پانزەهەم ١٥٤٤-١٦٢٣ز بووە. ئەم پاپایە قوتابخانەیەکیشی بۆ ئەو مەبەستە دامەزراندووە و بە چەندین زمان ڕێنماییەکانی مەسیحییەتیان نووسیوەتەوە و دەست کراوە بە بڵاوکردنەوەی لە نێو گەلاندا و لە کیشوەرە جیا جیاکاندا. ئەمڕۆ دەیان ئەگەر نەڵێم سەددان ڕێکخراو و کەناڵی تەبشیری مەسیحی لە جیهاندا لە کاردان.
گەر بگەرێینەوە بۆ خودی ئایینی ئیسلامیش دەبینین کە سەرتای بڵاوبوونەوەی بە کاری بانگخوازی ئاشتخوازانە دەستی پێکرد. ئەمەش بەردەوام بوو تا هەڵگیرسانی شەڕی بەدر، لە ساڵی ٦٢٣ز دا کە ئیتر زاراوەی جیهاد لە پێناوی خودادا هاتە ئاراوە. واتا کاتێک موسوڵمانان ئەبن بە خاوەنی هێز و جەماوەر، ئیتر کاری بانگخوازی لاواز و زمانی شمشێر کارا دەکرێت.
لەمانەوە شتێکمان بۆ ڕوون ئەبێتەوە کە کاری بانگخوازی بە گشتی، بریتییە لە ڕوونکردنەوە و شیکردنەوە و ناساندنی ئایین بە خەڵکی، وەکو ئەوەی کە خۆی هەیە و بە شێوەیەکی ئاشتی خوازانە و دوور لە توند و تیژی. هەروەها تەنها و تەنها چیرۆک و حەکایەتەکانی ئایین خۆی دەبن بە مادەی خاوی کاری بانگخوازی، نەوەک چیرۆکی هەڵبەستراو و داهێنراوی خەون و خەیاڵ.
ئاشکراشە کە ئەگەر ڕێگاکانی کاری بانگخوازی لە جاراندا دیاریکراو و سنوردار بوون، ئەوا ئەمڕۆ لە سایەی تۆڕی جاڵجاڵۆکەی ئینتەرنێت و تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیادا، ئەمانە زۆر ئاسانکاریان کردووە بۆ زوو بڵاوبوونەوە و کاریگەری، کاری بانگخوازی ئایینی لە دونیادا.
لەم ڕووەشەوە موسوڵمانان بە گشتی و موسوڵمانانی کورد بە تایبەتی، لە هەرە چالاکەکانی دونیای بانگخوازی ئایینی ئەلکترۆنی پێک دێنن.
ئەمڕۆ لە جیهاندا بە نزیکی سەرجەم ئایینزاکانی ئایینەکان لە ڕێگەی کاری بانگخوازییەوە، هەوڵی گەشەسەندنی ئایینی خۆیان دەدەن. ئەوەش ئاشکرایە کە کاریگەری کاری بانگخوازی ئایینی، لە نێو ئەو کۆمەڵگایانەدا زیاترن کە گیرۆدەی دەردە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابورییەکانن. بە گشتیش دووانەی هەژاری و نەخوێندەواری هەمیشە ژینگەیەکی لەبارن بۆ تەشەنەسەندن و بڵاوبوونەوەی کاری بانگخوازی. چونکە کەسی هەژار توانای کەمی مادی، ڕێگەی گەشت و گەڕانی لێ زەوت ئەکات و وابەستەی جوگرافیای نزیکی خۆی و بانگخوازی دەکات. بەمەش کەمتر درک بە ڕاستی یان ناڕاستی حەکایتەکانی بانگخوازانی دەکات. هەروەها کەسی هەژار و بێدەرەتانیش، دڵنەوایی لە کۆڕ و کۆبوونەوەی بانگخوازان دەبینێت و وەکو چارەسەر و خۆدزینەوە لە هەژار و خۆڕادەستکردن بە بڕیارەکانی قەدەر بەوەی هەموو ئەوەی ڕووی داوە کاری خواییە و شوکرانەی دەوێ. بەم جۆرە بانگخواز گەرەنتی قەرەباڵخی دەوروبەری خۆی ئەکات، هەم لە مزگەوت و هۆڵەکان و هەم لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیاش. چونکە ئەوان دڵی ڕادەگرن بە خۆڕایی. بەڵام لە ڕاستیدا گەشەی بانگخوازان وابەستەیە بە زۆری ژمارەی دوواکەوتووانیان. ئەوەیش کە وای کردووە نەخوێندەواریش ببێ بە پاڵپشتێکی باش بۆ گەشەی بانگخوازان ئەوەیە کە نەخوێندەوار (هەڵبەت مەبەست لە نەخوێندەواری ئەلف وبێ نیە بەڵکو مەبەست لە کەسی دوور لە خوێندنەوەیە)، ئەمانە تاقەت و هۆکاری گەڕان و خوێندنەوە و دڵنیایی بوونەوەیان لە ڕاستی وتەکانی بانگخواز نیە و کەوتوونەتە نێو گەمەی بانگخوازانەوە. هەر ئەمانەشن کە بەرگریکاری سەرسەختن لە بانگخوازان و حەکایەتەکانیان لە نێو سۆشیال میدیادا. بەڵام گەر ئێمە بێین سەیری کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکان بکەین، دەبینین کە لە سایەی سیستمێکی ئابوری و سیاسی جێگیر دەژین و ئاستی ڕۆشنبیری و خوێندەواریشیان بەرزە، کە ئەمانە ڕێگری گەورەن لەوەی کە دەروری بانگخوازی ئایینی بدەن لە پەرستگاکان و سۆشیاڵ میدیادا. بەڵکو ئەمانە بە هۆی کێشە دەروونییەکانی ژیانی مۆدێرنە و بە تەکنەلۆژیا تەنراوەوە، زیاتر دەوری سایکۆلۆژ و فیسیۆتەراوپاوت و ڕاهێنەرانی یۆگا و زاناکانی گەشەی مرۆیی دەدەن نەک ئایینزا و بانگخوازەکان. چونکە ئەمان لەو سەری حەکایەتەکانی بانگخوازەوە هاتوون و دەردی خۆیان دەبەنە لای کەسانی پڕ عەقڵ و هوشیاری و هەوڵدەدەن ئارامی و دڵنەوایی لە پەنا زانست و لۆژیکەوە پەیدا بکەن نەک لە پەنا حەکایەتە هەڵبەستراو و داهێنراوەکان یاخود خوڕافەکانی ئایین.
ئەوەی گرنگە لەم باسەدا ئەوەیە لە دوو خاڵی چڕدا، وێنەی بانگخوازەکان و سیمای حەکایەتەکانیان بخەمە ڕوو. تاوەکو خوێنەر لە کۆدەکانی نێو وتارەکانیان تێبگات و ڕاست و ناڕاست و ڕەوا و ناڕەوایان لە یەک جیابکاتەوە. بە گوومانەوە گوێ بگرێ و بەدوای ڕاستیدا بگەڕێ تا دەیگاتێ، نەک بە دڵنییاوە هەموو شتێک وەربگرێ و هەموو ژیانی چەواشەی بکات، کە کەس ئەمەی پێ خۆش نیە. کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا داناییە. هەر بۆیە بەم جۆرەی لای خوارەوە دوو خاڵەکە دەخەینە ڕوو:-
١/ بانگخوازەکان: هەموو بانگخوازەکان ڕێک پۆش و بەتوانا دیارن لە ڕووی مادییەوە بە پێچەوانەی زۆرینەی ئەوانەی دەوریان گرتوون یان گوێیان لێ دەگرن کە لە چینی هەژار یان مام ناوەندن. هەندێ لە باگخوازەکان بە بێ بوونی بیرە نەوت و پاڵپشتی حزب وحکومەت کەناڵی ئاسمانی دەبەن بەڕێوە (گوایە بە پارەی زەکات!!!)ە. هەندێکان لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا ژنی دووەم و سێیەم و چوارەمیشیان هێناوە و ئەگەر ئەوەی لە کۆڕەکەیدا دانیشتووە و لە سۆشیال میدیاشدا، شەڕە کۆمێنت لە سەر بانگخواز ئەکات و خۆشی سکێ برسی و سکێ تێرە، ئەوا لە سایەی تۆیە کاکی بانگخواز ئیدارەی چوار خێزان بە ١٥ بۆ ٢٠ مناڵەوە دەدات. بانگخوازەکان لە سایەی دەسەڵاتی گەندەڵ و بێ باکی کوردیدا گەشە دەکەن و خزمەت بە یەک دەکەن، بە جۆرێک ئەوەی دەسەڵات لە نا ئومێدکردنی خەڵک و ئازاردانیاندا پیادەی دەکات، ئەمان بە وتارەکانیان بە لا ڕێیان ئەبەن و توڕەییان هەڵئەیێنجن و بەتاڵیان ئەکەنەوە لە ڕق لە دەسەڵات و پڕیان ئەکەن لە ڕق دژی کرانەوە و عەلمانییەت و شتی دیکە، کە دەسەڵات ئیدیعایان دەکات(عەلمانییەتی دەسەڵاتی کوردی بۆ خۆیشی ناشرینکردنی عەلمانییەتە و مادەیەکی خاوە بۆ بانگخوازەکان تا وەکو نموونە نیشانی نەخوێندەوارانی بدەن). هەندێکیشیان بە ئاشکرا وەستان بە ڕووی دەسەڵاتیش حەرام ئەکەن.
٢/ حەکایەتەکانیان: گەر وشەکانی ژنی سفور و نووسەر و هونەر و ئەدەب و مولحید و غەرب و عەلمانیەت و زەردەشتی و شیعە و نەساڕا و جولەکە...هتد لە بانگخوازەکانی کورد قەدەغە بکەیت یەک شتیان بۆ وتن و هەڵخەڵەتاندن پێ نامێنێت. یەکێ لە حکایەتە سەرەکییەکانی بانگخوازەکانی ئەمڕۆی کوردستان هاندانی خەڵکە دژی ژنی سفور و رێکخراوەکانی ژنان و نووسەرە عەلمانییەکان و هونەرمەند و ئەدیبان و ژیانی ڕۆژئاوا و سیستمی علمانییەت و ناشرین کردنی ئەم کارەکتەرانەی کۆمەڵگایە. هەندێک لە حەکایەتەکانیان بێ دایک و باوکن؛ واتا حەکایەتی بێ سەرچاوە و بێ مێژوو و بە بێ دیاری کردنی شوێن، وەک ئەوەی بە ڕستەی (لە هەشتاکاندا، لە نەوەددەکان، لەم ساڵانەی دواییدا...)دەست پێ دەکەن، شوێن بۆ نموونە (لە ویلایەتێکی ئەمریکا، لە وڵاتێکی ئەوروپی...) کارێکتەر بۆ نموونە(دەوڵەمەندێک، زانایەک، هونەرمەندێک، دکتۆرێک...هتد) هۆکار بۆ نموونە (لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەک، نەشتەرگەرییەک، ڕووداوێک...هتد) دەرئەنجام بۆ نموونە (بوون بە ئیسلام، گەیشتەنە ئیمان و باوەڕهێنان، گەڕانەوە بۆ لای خوا...) ئیتر بە بێ ناوهێنانی کەسەکە، شوێنەکە، لێکۆڵینەوەکە، سەرچاوەکە. خەڵکیش بۆ ئەم حەکایەتانە تەنها ئەوەیان لە سەرە بڵێن سوبحانە اللە، اللە اکبر...، کەسێک هەڵناکەوێت بڵێ بانگخوازی بەڕێز ڕوونکردنەوەی زیاترمان ئەوێت...!!. ئەمە نموونەیەکی دووبارەی زۆرینەی بانگخوازەکانن.
حەکایەتی خەوبینینی بانگخواز خۆی یان ئیماندارێک، بەشێک لە وتارەکانی بانگخوازان خەو بینینە. ئاشکرایە کە هەر یەک لە ئێمە زۆر بە ئاسانی ئەتوانین بەیانی لە خەو هەستین و بڵێین فڵانە خەومان بینی و کەسیش ناتوانێت ئینکاری ئەوە بکات بینیومانە یان نا، بەڵام کاتێک جۆرێک لە خەون بینین بە تەنها بانگخواز یان باوەڕدار ئەیبینێت بۆ پێکانی ئامانجێکی ئایینی، ئیتر لێرەوە ئەبێت گومانێک لەم خەوە بکەین. دەبێ بپرسین ئەرێ خۆ ئێوە پەیامبەر نین، تا وەکو موعجیزەیەک، خودا ئەم جۆرە خەون بینینەی تەنها تایبەت کردبێت بە ئێوە!!
ئاشکرایە لای هەموو ئەوانەی شارەزای مێژووی ئیسلامن کە لە پەیدابوونی ئایینەوە و دەرکەوتنی پەیامبەرەوە تا مردنی پەیامبەر مەسەلە بڵاوبوونەوەی ئایین بە دوو قۆناغدا تێپەڕیوە، قۆناغی نهێنی و قوناغی ئاشکرا، کە ئەمەش ڕەنگی داوەتەوە لە جیاوازی زمان و شێوەی بڵاوکردنەوەی مەسەلەی بانگکردن بۆ ئایین لە نێوان زمانی گووڵ و زمانی شمشێر لە بڵاوکردنەوەی ئاییندا. هەر ئەمەشە جیاوازی گەورە و بنەڕەتی خستۆتە نێوان ئەو ئایەتانەی کە پێیان ئەوترێ ئایەتە مەکییەکانی سەردەمی بێهێزی ئیسلام (کە پڕ پڕن لە دیموکراسییەت و ئازادی هەڵبژاردنی باوەڕی ئایینی) و ئایەتە مەدەنییەکانی سەردەمی بەهێزی ئیسلام (کە ئیتر مافی هەڵبژاردنت نامێنێ، لە دۆخی زۆر دەگمەن ومەرجداری قبووڵنەکراو نەبێت)، گرنگە لێرەوە ئاماژە بە شتێک بدەین، کە بانگخوازە حەکایەتخوانەکان لە زۆربەی هەرە زۆری وتارەکایاندا جەخت لە سەر ئەو بەش و حەکایەت و ئایەت و ڕووداوانەی پەیوەست بە ئەو کات و ساتەی ئیسلام ئەکەنەوە کە پڕە لە گیانی ئاشتی خوازانە و دیموکراسی و ئازادانە. ئەمەش هەر لە پێناو ڕاکێشانی خەڵکە بۆ دەوری خۆیان، کە دواجار زۆر ئاسانتر ئەتوانن شایەتمانیان بە بەشە توندەکەی ئایینیش پێ بێنن، بەڵام کەسێک خۆی بڕوا چاک و خراپ و نەرم و توندی ئایین بپشکنێ، ئەوا هەر زوو ڕێسی بانگخوازەکان ئەکاتەوە بە خوری. هەر وەک ئەوەی کە ئەگەر لە کابرایەکی توندڕەوی ئایینی پەشیمان لە ڕابردی خۆی بپرسی کە چۆن هەڵخەتای بەو بانگخوازانە و تا دواجار وەها توندڕەو بوویت و کاری نابەجێت ئەنجام دا، لە وەڵامدا بڵێ: وەکو دکتۆر بە بەنج دەستیان پێ کرد و بە نەشتەرگەری مێشکم کۆتاییان پێ هێنام. واتا بە بەشە جوانەکەی ئایین هەڵیانخەڵەتانم و بە بەشە توندەکەشی قەناعەتیان پێ هێنام، بۆیە ئێستا لە جوان و ناشرینی پەشیمانم. لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم ئایینداری کارێکی ڕوحانی و کەسی و پۆزێتیڤە، ئەگەر لە دڵ و دەروون و سنوری بەرماڵەکەی خۆت نەترازێ و ڕوانگەت نەگۆڕێ لە ئاستی مرۆڤەکان بە ژنی سفور و مرۆڤی عەلمانی و بێ دین و غەیرە موسوڵمان و کاری وات تێنەکات کە نەتوانی بە یەک مەودا لە هەموویانەوە بوەستیت، ئەوا ئەو ئاییندارییە کارێکی باشە و هەبوونی باشترە بۆ تێرکردنی ڕوح، جا هەرچ ئایین و باوەڕێک بێت و بە پێچەوانەشەوە، پێچەوانەکەشی ڕاستە.