(تابوو)ەوەکانی هەرێم لە هەڵکشاندایە؟

دلێر محەمەد نوری
  2020-09-30     861
تابوو (Taboo) لە بنەڕەتدا لە زمانی تانگۆوە هاتووە، تانگۆش وڵاتێکی پاشایەتییە خاکەکەی لە دورگەیەک پێکهاتووە کە ئەکەوێتە زەریای هێمنەوە.
تابوو کە بە واتای حەرامکراو یان قەدەغەکراو دێت، بەوەی ئاستەنگ دابنرێ دژ بە کردارێکی دیاری کراو، لە سەر بنەمای باوەڕێک یان بیرۆکەیەک بەوەی ئەو کردارە یان زۆر پیرۆزە یاخود لە خەڵکی ئاسایی قەدەغە کراوە، قەدەغەکردنەکەش لە ژێر هەڕەشەی سزادانی ئیلاهی بێ سنوردا جێ بە جێ ئەکرێت.
هەر لەم ڕوانگەیەشەوە فەیلەسوفی گەورەی ئینگلیز (راسل برتراند) لە پێناسەی تابوو یان ئەخلاقی حەرامکردندا لە دووتوێی کتێبە بە ناوبانگەکەی (العالم کما اراە) کە دەزگای بڵاوکردنەوەی قاهیرە لە ساڵی ١٩٧٩دا بڵاوی کردۆتەوە کە لە وەرگێرانی د.نەزمی لۆقایە، دەڵێت:-
ئەخلاقی حەرامکردن یان تابوو بریتییە لەو ئەخلاقەی کۆمەڵە رێکارێکمان پێشکەش دەکات سەبارەت بە هەندێ کرداری قەدەغەکراو و ئابڵوقەدراو، بە بێ ئەوەی هۆکارەکانی پشت ئەم قەدەغەکردنانەمان پێبڵێت، لە کاتێکدا لە توانای مرۆڤەکانە بگەڕێن بە دوای هۆکارەکان و بیگەنێ. 
هەر لەم ڕوانگەیەشەوە گەر بیرێک لە هەڵسوکەوتی ئەم حزب و دەسەڵات و حوکمڕانەی هەرێم بکەیتەوە دەبینیت لە دوای ڕاپەڕینەوە تابووەکانی لە هەڵکشاندایە لە بری ئەوەی قەدەغەکراوەکان کاڵ بکاتەوە و سنوری ئازادیەکان فراوانتر بکات. 
هەر  سەبارەت بە بڕیارە تازەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیریشی لە مەڕ بە ناوەندی کردنی ژمارە سپاردن بە کتێب، کە لە ڕابردووی حزبەکانی دەسەڵات ئەڕوانی هیچ کات بیرت بۆ ئەوە ناچێت کە ئەم حزبانەی خەریکن بڕیاری کەتکردن و سانسۆر خستنە سەرنووسین ئەدەن، لە شاخدا ئامێری ڕۆنیۆ و چاپیان لە سەر پشتی گوێ درێژ شاخە و شاخ گواستبێتەوە و لە شاریشدا لە ژێرزەمینەکان شاردبێتیانەوە. جگە لەمەش هەموو حوکمڕانێک لە دونیادا لە سەر بنەمای فەلسەفەیەک داڕێژراوە و لە سەری دەڕوات جا فەلسەفەکە تاکڕەو و دیکتاتۆری، هزری و شمولی، ئاینی، فرەیی، دیموکراسی یان هەر فەلسەفەیەکی دیکەی حوکمڕانی بێت، هەر کاتێکیش مەسەلەیەک بێتە پێشەوە ئەوا لە سۆنگەی ئەو فەلسەفەیەوە رێکدەخرێت، بەڵام کە سەیری ئەم ڕژێمەی هەرێم دەکەیت کە خۆی بانگەشەی دیموکراسی و پارلەمانی و ئازادی ئەکات، کاتێکیش دەست بۆ ڕێکخستنەوەی کار و باری بوارێک لە بوارەکانی ژیان ئەبات، بە یاسا و ڕێسایەکەوە دێتە دەرەوە کە هەر شایەنی رژێمە سەرکوتکارەکانە، چونکە تۆ بۆ بوارێکی گرنگی وەکو بەرهەم هێنانی کتێب و سپاردنی ژمارە پێیان، ناکرێ وا بە لاستیکی و لە دووتوێی چەند خاڵێکدا ڕێکارەکان ریز بکەیت و کە کورد وتەنی قوشیش لێی دەرنەچێت و نەک دادوەرێکی ئاسایی بگرە نەخوێنەوارێکیش ئەتوانێ لە خاڵێک لە خاڵەکان یاساشکێنیت پێ بسەلمێنێت.
تاکە دەستەواژەیەکیش لە دوای ڕاپەڕینەوە ڕۆژ بە ڕۆژ وەکو پەتێک لە ملی ئازادیدایە و هەر ڕۆژە لە ڕاکێشانێکی تازەدا بازنەی هەناسەدانی ئازادی بچوک و بچوکتر ئەکاتەوە، تابووەکانی کوردە (پیرۆزییەکان)، پیرۆزییە نشتمانیەکان، ڕەمزە نشتیمانیەکان، سەرکردە پیرۆزەکان، پیرۆزییە ئاینییەکان، ناوی پێشمەرگە و ئاڵای پیرۆز و ڕەنگی پیرۆز و عەشیرەتی پیرۆز و...هتد لە کاتێکدا هەموو ئەمانە بۆ ئەوە هەن کە لە خزمەتی پیرۆزی مرۆڤی کورد بن، بەڵام هەموویان پیرۆز ڕاگیراون و هێڵی سوریان بە دەورا کێشراوە و ئەوەی لە پیرۆزی داماڵدراوە تەنها ئینسانیەکانی تری کۆمەڵگای کوردین. هەموو ئەو شتە پیرۆزانەش لە ئامادەباشیدان بۆ پاڵپشتی کردن لەو ڕێکارانەی کە وەکو تەوق بۆ ملی کتێب  نووسراون. لەوەش ئاسانتر نیە بۆ حکومەت بیانوو بۆ قەدەغەکردن و  کۆکردنەوەی کتێبێکی لێکۆڵینەوەی فیکری، کە دەست بۆ کایەی ئایین ببات یان لێکۆڵینەوەیەکی سیاسی و ئیداری کە پەنجە بۆ سەرۆک و سەرکردە و حزب و حکومەت ڕاکێشێت و شێواوی ٣٠ ساڵەی حوکمرانی لە خۆ بگرێت یان چیرۆکێک و هۆنراوەیەک کە پەی بە پەنهانییەکانی خودی مرۆڤ ببات،...لە خۆی ئاسانتر نیە دژی وەها نووسنێک هەزاران مەلا و سەلەفی و هەزاران سەرکردە و کەسایەتی حزبی و پێشمەرگەی دێرین و نوێنەری ئەخلاق و باوکی بەها کۆمەڵایەتییەکان  بیهێنیتە سەر شەقام، بەڵام جارێک نەبوو ئەم دەسەڵاتە بۆ خنکاندنی ئازادی و پەرەپێدانی مەعریفی و کوشتنی ڕۆژنامەنووس و نووسەر،  دە نووسەر دوای خۆی بخا بۆ ئیدانەکردنێک، کەوا بێت ئەم ڕژێمەی هەرێم، کە نەهێڵێت لە بارەی حزب و حکومەت و حوکمڕانی و ئایین و ئازادی و دیموکراسی و ئەدەب و ئەخلاقەوە بنووسی ئەوا ئەبێت نووسەران چاوەڕوانی ڕۆژگارێک بن کە مەودای نووسینەکانیان تا ئەو هێڵی سور و تابوو و حەرامکراوەکانە و ئەخلاق و  بەهایانە بڕوات کە وەزیری ڕۆشنبیری و دەسەڵاتەکەی بۆمان ڕوون ئەکاتەوە یان بە کوردی هەمووان ببن بە نووسەری دەرباری حکومەت و حزب و دەسەڵات و چەندیان ژمارە ئەوێ بیسپێرن بە کتێب و نووسینی بێ گیان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×