لە سەردەمی عەباسییەکاندا: ژمارەی زنجییەکان ھێندە زۆر ئەبن لە شاری "بەسرا"دا، کە ئیتر ئەکەونە وێزەی خەڵکی شارەکە و ھەراسانیان ئەکەن. ئەگەرچی زنجییەکان یان وەکو کۆیلە یاخود وەکو دەستی کار لە شارەکەدا دەبن بەڵام وردە وردە زاڵ دەبن بە سەر شارەکەدا. خەڵکی شاری بەسراش بە ناچاری ھانا بۆ خەلیفە ئەبەن. خەلیفەی عەباسیش ھێزێکی گەورە بە سەرکردایەتی برایەکی بە ناوی "الموفق" دەنێرێتە شاری بەسرا بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی شارەکە لە خراپەکاری زنجییەکان. بەڵام ھەتا لەم کارەی موەفەق ئەبێت تەواوی شاری بەسرا کاول دەبێت. ئیتر لەمەوە خەڵکی شارەکە دەڵێن: ڕزگارمان بوو بەڵام چۆن ڕزگاربوونێک؟ بعد خراب البێرە! واتا دوای کاولبوونی بەسرا.
ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس ڕاگەیێنرا. پێدەچێت ئەم ئاگربەستە ڕاستەقینە بێ و ھەنگاو بەرەو ئاشتی بنێ. ئەگەرچی (بعد خراب البێرە)ش بێ ھەر ئاشتی باشترە لە جەنگ. ھەر نەبێ مناڵ و بەتەمەن و سڤیل و نەخۆش و بێ نەواکان پارێزراو دەبن. بە ھەر حاڵێکە ھەر دوای ڕاگەیاندنی ھەواڵی ئاگربەست، ئاھەنگگێڕان تەواوی شەقامەکانی تەلئەبیبی ڕووناک و غەزەی تاریک و تنۆکی گرتەوە. ئیسرائیلییەکان، تێر و تەسەل و پۆشتە لە شەقامی خاوێن و ڕووناک دڵخۆش بوون کە دواجار چاویان بە دیلەکانیان شاد ئەبێتەوە. ئەوان بە ھێمنی وێنەی دیلەکانیان بە دەستەوە گرتبوو.
لەو لاشەوە ھەزاران فەلەستینی لە شەقامەکانی غەززە لە تاریکی شەودا و لە نێو داروبەردووی باڵەخانە وێرانەکاندا، کە بە ئاستەم شەقامەکانت بۆ جیائەکرایەوە، بە جۆرێک سەمایان دەکرد و گۆرانییان دەوت و دڵخۆشی خۆیان دەردەبڕی وەکو ئەوەی دەوڵەتی فەلەستینی ڕاگەیێنرابێ. ئەمە لەوە بگەڕێ کە ھێمای سەرکەوتن بەرزکردنەوە وەکو ئەوەی قودسیشی لە گەڵدا رزگارکرابێ.
خۆشی و سەما و گۆرانی فەلەستینییەکان بۆ تاوێ پشوو بوو لە بۆمبابارانی بێبەزەیی ئیسرائیل، کە مرۆڤ تێگەیشتنی بۆئەم مەسەلەیە ھەیە. بەڵام ھەق وا بوو فەلەستینییەکان بەر لە ھەرشتێک، ھەرچی بەردەرگای بارەگاو داروبەردی حەماس ھەیە بگرتایە و شاربەدەریان بکردنایە بۆ کارێکی نابەجێ کە لە ٧ی ئۆکتۆبەر کردیان. چونکە ئەگەر ئیسرائیل بەر لە کەتنەکەی ٧ی ئۆکتۆبەری حەماس، ھەنییە و سەرکردەکانی دیکەی حەماس و نەسروڵای لوبنان و ئەو ھەموو سەرکردانەی پاسداران و ئیتلاعاتی ئێران لە سوریا و وێران کردنی تەواوی توانای سەربازی سوریا و داگیرکردنی بەشێکی خاکی سوریا و لە ھەموو ئەم زیانە گیانی مادییانەش گەورەتر کاولکردنی نیمچە تەواوەتی شاری غەززە و کوشتنی دەیان ھەزار فەلەستینی...، بڵێی ئیسرائیل بەو خوێن ساردییەوە ھەموو ئەمانەی بۆ بچووبایەتە سەر؟ وەڵامەکەی بە دڵنیاییەوە نەخێر.
جا ھەر لەم سۆنگەیەوە نووسەرێکی ئایینداری کورد لە پۆستێکی پێکەنیناوی فەیس بووکدا نووسیوێتی "ئاگر بەستێک بە بێ ئاڵای سپی!!" وەکو ئەوەی حەماس چۆکی بە ئیسرائیل دابێ و ئەنجا ئاشتی قبووڵ فەرمووبێ.
بانگخوازێکی ئیسلامی کوردیش، کە لە مێژە ئەو پەندە کوردییەی بیرچۆتەوە کە دەڵێ "خێر بە خوێش نەک بە دەروێش" و لە کەتنەکەی حەماسەوە بێوەژن کۆشی بۆ غەززە ئەکات ئێتر مناڵی ڕۆژئاڤا با ھەر زیتەی چاوی بێت. ئەمیش لە پۆستێکدا فەرموویەتی: "ئیمانداران دڵخۆش بن بە سەرکەوتن!!"
منیش لای خۆمەوە لەو دوو کوردپەروەرە ئەپرسم ئاخۆ لەم خەراباتەی غەززەی دوای کەتنی ٧ی ئۆکتۆبەر کام سەرکوتنتان لێ دیارەوە و ئاخۆ ئەبێت ئاڵای سپی ھەڵکردنی حەماس لەمە زیاتر چی بێ؟ ئامۆژگاریشم بۆ فەلەستینییەکان ئەوەیە ڕوو بکەنە حەماس بڵێن: ئاشتی لە پاش چی؟ بعد خراب الغزە؟