پەروەردەی بەردەفڕکێ و فیشەک باران

دلێر محەمەد نوری
  2020-12-11     845
ئەمساڵ لە خوێندنگەیەکی وڵاتی نەرویج ڕۆژمێرێکی سەیریان دابەشکرد بوو بە سەر مناڵانی پۆلی یەکدا، ڕۆژمێرەکە لە 24 خانە پێک هاتبوو کە لە 1 ی مانگی دوانزە وە تا 24ی مانگ کە ئەکاتە جەژنی کریسمس کۆتاییەکەی بوو، لە هەر خانەیەک داواکارییەک هەبوو لە مناڵەکە، بۆ نموونە لە 1/12 کە گەڕایتەوە ماڵەوە بە دەمی 5 ڕێبوارەوە پێبکەنە و سڵاو بکە، لە  2/12 بەفری بەردەرگای ماڵی دراوسێکەتان بماڵە، سپاسی پێنج شتی بە نرخ بکە کە تۆ هەتن، بەم جۆرە تا 24 ئەرک...هەرچەندە لە نەرویج ناوی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی کاری خوێنگەکانی پێ سپێردراوە ناوی پەروەردەی لەخۆی نەناوە بەڵام بارتەقای خوێندن خەریکی پەروەردە و گەشەی ئەخلاقی و مرۆیی مناڵن، ئەوان ئەگەر ئێمەی باوک و دایک لێیان تێک نەدەین لە دوای تەواوکردنی خوێندن نەوەیەکی دانا و زانا و هوشیار و پڕ ئەخلاقی جوانت دەدەنەوە دەست، ئەوان مرۆڤێکی تەواوت دەدەنەوە، کە دواجار دەبن بە خێر بۆ خێزان و بۆ حکومەت و بۆ کۆمەڵگاش. 
ئەمەم بینی و وتەی بەرپرسێکی هەرێمی پەروەردە خراپم بینی کاتی وشەی مناڵەوردکەی بەکارهێنا وەکو تانە لێدان و بێبایەخ کردنی ئەوانەی کە خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن، ئەیووت نایەڵین ئەزموونەکەمان مناڵە وردکە تێکی بدەن لێمان، ڕاستیشی کرد چونکە نابێ لە خۆیان تێک بچێت بەڵام لە سەر حیسابی زۆرینەی خەڵک.
یەکێکی دیکە بە دز و جەردە  و بەرپرسێکی دیکەش بە تێکدەر و روخێنەر و تەنانەت سەرۆکی حکومەتی بە ئاراستەکراوی وڵاتانی ئەقلیمی و دەستی دەرەکی لەقەڵەمی دان، گریمان هەموو ئەمانە ڕاستن بەڵام...
جێگەی بەزەیین بەرپرس و حزب و دەسەڵات و سەرۆکی حکومەتێک کە نەزانێت وەکو باوک لە جێی جگەرگۆشە مناڵە وردکە بۆ ئەو نەوەیە  بەکاربهێنێت کە خۆی پەروەردەی کردوون و بەرهەمی هێناون و فێری جنێو و بەردەفڕکێ و بینا سووتاندن و تەقینەوە و توند و تیژی کردوون و ئەنجا لە دوای پەروەردە ناجۆرەکەشی مناڵ و خێزانی مناڵیشی برسی کردووە و خۆیشی هەمیشە خەریکی شەوانی خواردنەوە و ڕابواردن و ژیانی شاهانەی خۆیەتی و چاوەڕوانیش ناکات بێنە سەری و بارگای تاڵان بکەن و بیسووتێنن و سەری پاسەوانی بە بەرد بشکێنن!! 
لە ڕاپەڕینەکەدا لەم هەرێمە تەواوی مناڵ و گەنجی ئەو سەردەمە چوون بۆ سەیری نمایشی تەرمە شێواوەکانی ئەمنە سورەکە و ئەمنەکانی دیکە و تەرمی قەراخ جادە و فولکەکانی شارەکان، عاقڵێکی حزب نەبوو کۆیان بکاتەوە یان بەر لە پانکردنەوەی سەری ئەمنەکان بە بلۆک مناڵانی شار دورخەنەوە؟ ئێستاش چاوەڕوانی نەوەی هێمن و خۆپیشاندانی هێمن و بەخشینەوەی گووڵن بە سەر بارەگاکانی گەندەڵی، ئەوان داوای گووڵی ڤالانتاین لە خۆپیشاندەرانی ناڕازی دەکەن نەک بەردی ناڕەزایی!!
حزب لەم سەری عەلمانیەوە بو ئەو سەری ئیسلامی، هێشتا پڕ بە سنگی هەوای ئازادی ڕاپەڕینی هەڵنەمژی بوو، چەندین پیلان و شەڕی براکوژی بەرپاکرد، کاری قێزەون نەما لەو چوار بۆ پێنج ساڵەدا ئەنجام نەدرێت هەر لە کوشتنی دیل و تاڵانی کردنی ماڵ و حاڵی یەکتری و تەرحیل و تەهجیر کردن و جنێودان و ئیهانە کردن و خیانەتی گەورە و بچووک و تەنانەت تەقاندنەوەی محاویلەی کارەبا و کاری تێکدەر لە سنوری یەکتر و تەقینەوە و مل پەڕاندن و زۆری دیکەش...
نەوەیەکت بەمانە جۆش و گۆش و خرۆش کرد له جێی پەروەردە، ژمارەی سەلەفی و کچە گۆرانی بێژی بیانی و تیاترۆخانە و نێرگەلەخانەت بۆ زیاد کرد،  پێم ناڵێی ئێستا بە چ ڕوویەک داوای هێمنی پاراستن و قسە لە سەر سووتاندن و ڕوخاندن و بەردە فڕکێ و پەلاماردان ئەکەیت؟ بە چ لۆژیکێک هەڕەشەی ڕێ لێگرتنی برسی و ڕەش وڕووت  بێ ئیش ئەکەیت؟
هەر بۆیەش ئەوەی لە شەقامە نەوەیەکە بەرهەمی خۆتە، هێز و چەک بە شان و ئاسایش و پۆلیسیش نەوەکەی دیکەتە، تکایە لە جێی ئەوەی بەیەکیاندا بدەی فەرمان بکە بەشی زۆری ئاسایس و پۆلیس بە جلی فەرمی و بە بێ چەک بچنە ناو خۆپیشاندەران و لە گەڵ جاڕدانی هەر خۆپیشاندانێک ئێوەش بێ چەک جاڕی خۆتان بدەن بچنە ناویان و دڵنیاییان بدەنێ و هەم ئەوان و هەم بارەگا و هەم کادری حزبەکانیش بپارێزن، بەشێکی چەکداری کەمیش له دوورەوە بۆڕێگە گرتن لە کار تێکدەری دامەزرێنە، ئیتر گوێ بەوە مەدە حزبی ئەولا و حکومەتیش، چی لێت ئەوێ و چی پێ خۆشە بێلایەن بن نە پشتگیری فیشەک باران بن و نە بەردەفڕکێ خۆپیشاندەران، بیانکە بە دوو نەوەی برا نەک زڕبرا...!!
لە کۆتاییشدا هیوادارم ئەوانەی لە شەقامن نە بارەگا و نە فەرمانگە و هیچ دەزگایەک مەسووتێنن، نە تاڵانیشی مەکەن، ئەوانە بە داهاتی ئێوە بنیات نراون و زەرەرمەند لە کۆتاییدا هەر خۆتانن، دواجار ئێوەش و ئەوانیش هەر ئەڕۆن و ئێرە جێدەهێڵن. ئەکرێت ئەو باڵەخانە و خانووانە لە جێی بارەگای بێ بەرهەم لە داهاتوودا هەر هیچ نەبێت بکرێنە باخچە بۆ مناڵان یان چارەسەرگە بۆ نەخۆشەکان یاخود خانە بۆ پەککەوتە و بۆ بێنەوایان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×