کاریکاتێرو کوڕە فارس‌و پاشای نەرویج

دلێر محەمەد نوری
  2020-10-25     628
بەر لە هەموو شتێک ئەمەوێت بڵێم نە پەیامبەر بە کاریکاتێر و نە ئازادیش بەهاشتاگ بچووک نابێتەوە. ئەو هەرایەی لە دەوری ئەم مەسەلەیەشە شەڕی بیری سەلەفی کوردە بۆ بەرژەوەندێ سەلەفی تورک و عەرەب، دەنا خێرە لەو بەردەرکی سەرا و شێخەاللەیە خەڵکی بە ڕۆژی نیوەڕۆ کفر بە خوای پەیامبەر ئەکات تۆ دەنگت لێوە نەیەت و بێی لە سەر پەیامبەر بێیتە وەڵام؟
ئەگەرلە گەوەرەیی کەسێتی پەیامبەری ئیسلام لێیان پرسیت، هەرگیز مەڵێ گەورە و مەزن نیە چونکە بڕوانە تا ئەم ئەمڕۆش خەڵکی لە سەر کاریکاتێرێک یان ڕەخنەیەک ئامادەی گەورەترین تاوان و خۆ بەخت کردنیشە. بەڵام ئەشبێت بزانیت دنیا ڕەنگی خۆڵەمێشییە، نە سپێتی تا سەر و نە ڕەشیشی تا سەر بۆ کەس نیە. ئاینێک، بیروباوەڕێک، پەیامبەرێک یان سەرۆکێک، مێژوو قڵب بکەنەوەو دونیا بە بەو ئاراستەیە بگۆڕن و مێژوویەک پڕ بکەن لە ڕووباری خۆێن، ئەبێت چاوەڕوانی ئەوە بن ڕەخنەش بکرێن و کاریکاتێر و فیلم کتێبی ڕەخنەئامزیشیان لە بارەوە بکرێ. هەر وەک چۆن ئەشێ وەسفیش بکرێن. 
مایکل هارتی 88 ساڵی بە ڕەگەز ئەمریکی لە کتێەکەیدا بە ناوی(١٠٠ نەمرەکە)بەر لە ٤٢ ساڵ ناوی پەیامبەری ئیسلامی لە پلەی یەکەم داناوە بەڵام تا پلەی چوارەم حەزرەتی عیسی و بوداش دێنە پێشێ، تەنانەت ناوی مارکس و نیوتن و ئەنیشتاینیشی تێدایە، کەواتە هەڵبژاردنی ئەم کەسایەتییانە لە پای گەریگەرییانە لە سەر مێژوو نەک پیرۆزی یان هەرشتێکی دیکە. گەر پیرۆزی کەسایەتییەکیش بە ژمارەی شوێنکەوتووانی بپێورێت ئەوا ئەمڕۆ زیاد لە ١٫٥ ملیار مارکسی هەیە لە جیهاندا جگە لە ملیۆنەها کەسی دیکەش باوەڕیان بە بیرۆکەکانی مارکسە.
لە 2005 ئەو کاتەی بۆ یەکەم جار ڕۆژنامەی دانمارکی ‌(Jyllands-Posten) کاریکاتێری پەیامبەری ئیسلامی کێشا من لە کەمپێکی پەنابەران لە نەرویج ئەژیام، کورێکی پەنابەری شیعە مەزهەبی توندڕەوی فارسم ئەناسی زۆر نیگەران بوو، هەستا وێنەی پاشای دانمارک و نەرویج و سەرۆک وەزیرانەکانیانی کێشا لە شێوەی گوێ درێژ و هەندێ ڕەمز و ئاڵای ئەو وڵاتەشی بە تانە و تەشەرەوە لە سەرکاغەزێک کێشاو و بردی بۆ بەڕێوەبەرانی ئۆفیسی کامپەکە و داوای لێکردن کە کۆپی لێ بگرن و هەر کۆپییەکی ڕەوانە هەر یەک لەو پاشاو و سەرۆک وەزیرانی ئەو دوو وڵاتە واتە وڵاتی خانەخوێ و دانمارک بکەن. پاش ماوەوەکی کورت وەڵامی پاشای نەرویج گەڕایەوە بەوەی کە نیگەرانن بەوەی کە ڕووی داوە دەرهەق بە پەیامبەری ئیسلام، بۆ نیگارەکانیشت مادەم لە ژێر سایەی نەرویج ئەژیت هەرپیرۆزییەکی ئێمەت بە دڵ نەبێت ئەتوانیت ڕەخنە و کاریکاتێریان لە بارەوە بنەخشێنی بەڵام بیرت نەچێت دەبێت ئەو مافە بۆ ئەوانیش کە پیرۆزییەکی تۆیان بە دڵ نەبێت فەراهەم بکەین. بە هەڵەداوان هاتە لای من و کوردێکی سنەیی وتی ئەها وەڵامی نامەکەم بۆ گەڕڵیەوە ڕەنگە ترسابن لە کاردانەوە؟ کاتێ کوڕە سنەییەکە ئەو چەند دێڕەی خوێندەوە وتی فڵان کەس هەق وایە گۆڕێک هەڵبکەنیت و بچیتە ناوی بۆ ئەو وەڵامەی داویانەتەوە.
کاریکاتێر هونەرێکە بۆ ڕەخنەگرتن، زمانێکە جیاواز لە زمانی نووسین و ئاخاوتن، بەم ڕۆژگارە هەزاران ڕەخنە لە سایت و ڕۆژنامەکان لە پەیامبەر ئەگێرێت بە نووسین و پۆستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆچی هێندەی کاریکاتێر خەڵکی پێ ناورووژێ و کەس لە سەری بە دەگ نایەت، ئەگەر ئەمە هاندانی سەلەفییەت و ئیسلامی سیاسی لە پشت نەبێت؟
ئەڵێن پەیامبەر نابێت وێنەی بکێشرێت، باشە گەر ئەو تەکنەلۆژیایەی ئەمڕۆ هەیە لە سەردەمی پەیامبەر هەبووبا، بە ماشێن هاتووچۆی نەدەکرد و سەحابە و موسڵمانان وێنەیان لە گەڵ نەدەگرت؟ ئەبوو تا ئەمڕۆ چەند پارچە ڤیدیۆ و چەند فیلمی لە سەر کرابا، تا لە کاتێکدا لە تاکە فیلمەکەی (رسالە)شدا بە سێبەرێک ئاماژە بۆ کەسێتی پەیامبەر کرا؟ ئاخر ئەمە زمانی لۆژیکە و پێویستە هەمووان لێی بگەن و تێیبفکرن. 
ئەگەر بۆ بیانووش لە میراتی ئیسلامی بگەڕێین ئەوا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە سەحابەکان لە وەسف و وێنەکێشانی محەمەد بە وشە وەکو تاکە ڕێگەی باس کردن و وێنا کردن لە وردەکاری دەم و چاو لووت و دەم و دان ونێوچەوان و ریش و قژ و گەردن وسنگ و پەل و پۆ و جومگەکان و قەد و باڵا و قیافەت و قاچ و قوول و پێیەکانی و زۆری دیکەش کۆڵیان نەداوە و هەموویان بۆ تۆمارکردوین و تا ئەمڕۆش لە کتێبێکی (تورمزی) بە ناوی (الشمائل المحمدیە) تۆمار کراون، تۆ بڵێی کامێرا هەبووایە لەو سەردەمە لە جێی ئەم هەموو وەسفە وردە بە تەنها بە وشە، خولەک بە خولەکی ژیانی پەیامبەریان تۆمار نەکردایە!؟ خۆ ئەگەر وێنەکێشانی حەرام بێت ئەوا ئەم وەسفە وردەش لە بارەیەوە هەر حەرام دەبوو.
عەرەب و تورک و فارس هەمیشە ئایینی ئیسلامیان وەکو سوپەرتێک بەکارهێناوە دژی نەیارانیان بۆ خۆپارێزی و قەوارەپارێزی بەدەر لەوەی تاکەکانی ئەم نەتەوانە چەند موسڵمان بووبن، من تێناگەم کورد بۆچی خۆی وا شین و مۆر کردۆتەوە لە ماکرۆن، لە کاتێکدا هەموو پیرۆزییەکانی خۆی وا لە ژێر پۆستاڵی عەرەبی و تورکی و فارسیدا و لاشەی باپیرانیشی لە ژێر نوکی شمشێری فتوحات و سمکۆڵانی ئەسپی موجاهیدەکان بووبێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×