کورد لە کەرکوک لە قەراغی سەرکەوتنەوە بەرەو...؟

دلێر محەمەد نوری
  2023-12-20     222

ئەوەی لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ڕووی دا، سەرکەوتنێکی تەواو نەبوو. بەڵکو ڕزگارکردنی کوردستانی بوونی کەرکوک بوو، لە لە دەست چوونی یەکجارەکی. ڕاکان جبوری و کوتلەی عەرەبیش سەلماندیان کە توانییان بە شەش ساڵ ھێندەی سی و پێنج ساڵی دەسەڵاتی بەعس کاریگەری تەعریب لە سەر کەرکوک دابنێن. ئەوان توانییان بە شەش ساڵ دوو ھێندەی پانزە ساڵی حوکمڕانی کورد لە کەرکوک کاریگەری لە سەر ژمارە و دەنگدەری عەرەب دابنێن. ئەو کراسی خیانەتەش کە لە ژێر مارکەی ١٦ئۆکتۆبەردا، لە وەرشەکەی پارتی، بۆ بەخشینەوەی خیانەتەکان، ویستییان  کت ومت بە بەری یەکێتییدا بیبڕن، لە دوای ٢٠١٧ەوە پێچەوانەکەی سەلمێندرا. مەقاسەکەی ھێندە کورتی ھێنا، کە بۆ بەری خۆیان گونجاوترە تا یەکێتی. دەرکەوت کە ئەوەی خیانەتی لە کەرکوک کرد خودی پارتی بوو کە پەکی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیان خست و وتە بەناوبانگەکەی خۆیان سەلماند کە ڕاکان شۆڤێنییان لە پارێزگارێکی یەکێتی بۆ کەرکوک پێ باشترە. ئەوەتا ئەمڕۆ بەری پیلانی ئەو ڕۆژگارانەی دوای شانزەی ڕیفراندۆم (بە قەولی فەرھاد سەنگاوی) ئەچنینەوە.
ئەو نیمچە سەرکەوتنەش کە لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکە دەرکەوتووە و جارێ دیار نیە چارەنووسی ھەژموونی کورد لەو شارەدا بەچی دەگەیێنێت، بە ھۆی پەرۆشی و دلسۆزی شەقامی کوردی نەبوو لە کەرکوکدا، بۆ یەکێتی و پارتی، ھێندەی ترسی ئەو شەقامە بوو لە سەرکەوتنی کوتلەی عەرەبی و تورکمانی. ھەق وایە حزبە کوردییەکان ھێندەی سوپاسی شەقامی کوردی بکەن بۆ بەدەنگەوەھاتنیان، دوو ھێندەش سوپاسی گیانی شۆڤێنی کوتلە عەرەبی و گیانی ڕەگەزپەرستی بەرەی تورکمانی بکەن.
ئەوەی کوتلەی عەرەبی و تورکمانی لێی دڵنیان ئەوەیە کە نەھێڵن کورد لە کەرکوکدا بگاتە دەسەڵات، نیو ھێندە کورد ڕژد نیە لەوەی چۆن دەسەڵات لەو شارەدا بەدەست بێنێتەوە. دەنا خێرە یەکێتی و پارتی نەتوانن، ھاوپەیمانێتییەک پێک بێنن لە دژی ئەو ھەموو مەترسییە؟ خێرە نەوەی نوێ و یەکگرتوو و کۆمەڵ و سۆسیالیست لە بری ئەوەی خۆیان بەلایەکدا ساغبکەنەوە، دەچن چەندین ھەزار دەنگ بە فیڕۆ دەدەن؟ 
کورد ئەڵێ ئەوەی چوو چوو بەڵام بۆ جارێکیش وانەیەک فێر نابێ بۆ داھاتوو. ئەوەی گرنگە لێرە بوترێ کورد ھیچ دەرفەتێکی نیە لە ئێستادا لە کەرکوک، جگە لە لێکدانی کورسییەکانی پارتی و یەکێتی لە یەک کوتلەدا. لە ئێستاشەوە کار بۆ مۆرکردنی پەیمانەمەیەکی کوردستانی بکەن، بۆ ناوچە دابڕێنراوەکانی دەرەوەی ھەرێم، کە ڕێگە نەدرێ ھیچ حزب و گرووپێک لە دەرەوەی کوتلەی کوردستانی بەربژێری ھەبێت. کەرکوکییەکان و کوردانی ئەو جوگرافیایەش، دەبێ ھیچ کاتێک ڕازی نەبن کە حزبەکانیان بە پەرتەوازایی بچنە ناو، ھیچ کێبڕکێیەکی ھەڵبژاردن بۆ لەمەودوا. چونکە شەڕی ئەو ناوچانە شەڕی خاک و ناسنامەیە و لە کێبڕکێی ناو سنوری ھەرێم دەبنە نەیار و ڕکابەری یەکتری کێشەی بۆ کوردبوونمان نیە.
ئاشکراشە کە کورد خاوەن ماڵێکی لە مێژینەی ئەم خاکە دابڕێنراوانەیە. تورکمانیش میوانێکی کۆنە و تازە بووە بە شەریکی ئەو خاوەن ماڵە. عەرەبەکان ھاوردەن، سەپێنراون، داگیرکەر ونوێن لەم خاکەدا. ھەرچی خراپەکارییە کردوویانە. سیاسییە تورکمانەکان کەوتوونەتە ناو ھەژموونێکی ئەقلیمی مەترسیدارەوە کە ھەر خودی گەلی خۆیان زەرەرمەندی گەورەن تێیدا. چونکە کورد و تورکمان خۆیان خاوەن ماڵن گەر دژ بە یەک بوەستن ئەوە میوانە ڕەزاقورسەکە، ئەتوانێ ماڵ لە خاوەن ماڵ حەرام ئەکات. ئەوەی لێرەدا سەیرە کە ھەمیشە و بە شێوەی جۆراوجۆر تورکمان کراوە بە دژی کورددا، جارێک بە نێوی مەزھەبەوە لە سەردەمی شا ئیسماعیلی سەفەویدا و جارێکیش بە ناوی قەومییەوە وەکو سەردەمی حەرەس قەومی. بەڵام نە کورد بەم کردەوانە لە ناوچووە و نە تورکمانیش زیادی کردووە. ھەمیشە لەم گێرمە و کێشانەدا وڵاتانی ئیقلیمی و داگیرکاری عەرەبی سودمەند بوون. من لێرەدا ئەپرسم کە ئاخۆ ناکرێت بۆ جارێکیش سیاسییەکانی کورد و تورکمان ھاوپەیماێتییەک تاقی بکەنەوە لە سەر بنەمای ماف و ئەرکی یەکسان لە نێوان گەلی کورد و تورکماندا. ئایە وتارێکی لەم جۆرە باشتر‌نیە کە بۆ ھەتایە کورد و تورکمان بکات بە خاوەن ماڵ و دەستی داگیرکاری عەرەب ببڕێت لەو ناوچانەدا!؟ ئایە سیاسیە کوردەکان ھێندە ھۆشی سیاسیان نیە کە گەلی تورکمان لەو ناوچانە لە ئەجێندای بەرەی تورکمانی جیا بکەنەوە یاخود بەرەی تورکمای بھێننە سەر ئەو بڕوایە!؟  ئەمە ئەگەر خودی سیاسییە کوردەکان خۆیان بەشێک نەبن لە ھۆکاری پەرتەوازەیی و ناکۆکییە ھەمەجۆرەکان و ڕێگرییەکانی بەردەم چارەسەری ئێگجاری کێشەی ناوچە دابڕێنراوەکان!؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×