نەخێر شێرزاد حەسەن پێکای

دلێر محەمەد نوری
  2021-12-12     915

وەڵامێک لە جیاتی مامۆستا شێرزاد حەسەن بۆ نووسنێکی کاک ئەبوبەکر هەڵەدنی  لە پەیجی خۆی لە بارەی گرتە ڤیدیۆییەکەوە...
سەرەتا بەڕێزتان  کەوتوونەتە هەڵەیەکەوە، کە نیشانەی باش گوێ نەگرتنە لەو گرتە ڤیدیۆییە و هەڵەداوانی جوابدانەوەیە. چونکە لە مەسەلەی باس کردنی وانەی ئایین لە خوێندنگەکاندا، بەوەی ببێ بە هۆکاری دروست کردنی داعش، مامۆستا شێرزاد ئاماژە بە لێکۆلینەوەی قەڵەمێکی دیاری کوردی ئەکات نەک ڕای خۆی  کە ئەویش‌ (د.شێرکۆ کرمانجە). 
گریمان ئەمە ڕای مامۆستا شێرزادیشە، کە نزیکەی چل ساڵە لەم بوارەدا قسەی جدی هەبووە و بەر لە ئێوە نەوەی یەکەم سەلەفی و ئیخوانی تەکفیرییان کردوە لە سەری. هەر بۆ ئاگاداریت بەر لەم ڤیدیۆیە، مامۆستا دوا مانیفێستی خۆ لە بارەی ئەم مەترسییە (ئایین و پەروەردە) خستە ڕوو، جا ئەوە بخوێنیتەوە ئاخۆ چی بڵێی؟ بەو پێیەی بەڕێزتان بە چەند خاڵێک وەڵامی مامۆستاتان داوەتەوە یان گومانتان خستۆتە سەر ڕاکانی، ڕێگە بە برای خۆت بدە کە بە چەند وەڵامێک، هەڵەی خاڵ بە خاڵی نووسینەکەت بۆ ڕاست بکەمەوە:-
١/ ئەگەر داعش تۆوێکی نێودەوڵەتی بێت و دروستکراوی غەرب بێت، ئەشێ لە خۆمان بپرسین بۆچی لەم خاکە بە پیتری دەست ناکەوێت تا چەکەرە و نەشونما بکات؟ باشە بۆچی هەمیشە خاک و وڵاتی موسوڵمانان ئامادەی لە باوەشگرتنی  هیزی توندڕەوی ئایینیان هەیە، جا منداڵدان هی هەر کەسێک و لایەنێک بێت، خۆ ئەنجامدەران و بەڕێوەبەرانی عەرەب و تورک و کورد و ئەفغانی و چیچانی و ئۆزبەکی و...هتدین.
٢/ ئەگەر چی بەر لە هاتنی داعش، خۆشمان تێر داعشی کوردی بووبووین،  لە وێنەی جوند و ئەنسار و بزوتنەوەی جاران. کەم نەبوون ئەوانەی تیرۆر کران و ئەوانەشی لە ژێر هەرەشەی کوشتن وڵاتیان جێهێشت، کەم نەبوون ئەو ملانەی پەڕێنران و کەمیش تێزاب نەکرا بە قاچ و قولی کچان، کەمیش نەبوون ئەو کتێبانەی لە بازاڕدا کۆئەکرانەوە و ئەسووتێنران،...لە خوا بەزیاد بێت کە لە داعشی ئەمجارە (کە جەنابتان بە نەفرەتیان ئەکەن بەڵام هەتا ئەمڕۆش نە خۆت و نە حزبەکەشت نەتانتوانی پڕ بە زارتان بە کافریان بدەنە قەڵەم نەکا گوناهبار بن) تەنها ئەو چوارسەددەمان بەرکەوت، ئەپرسم ئەگەر داعش فریای داگیرکردنی هەرێم بکەوتایە ئەبوو ئەو ژمارەیە بووبووایە بە چەند؟ بۆ پێت وایە مامۆستا داعشییەت هەر ئەوەیە کە مل ئەپەڕێنێ، یان فیکرێکە ئەگەر کەمێک بە کەناڵە ئایینی و خوتبەی ڕۆژانەی سەلەفی و ئیخوانی و مینبەرەکانی ڕۆژانەی کوردستاندا بچیتەوە بزانە ڕۆژانە چۆن فیکری داعشی پەرش و بڵاو ئەکرێتەوە؟ دوای ئەوە ناهەقییە وا بە دڵنیاییەوە ئەڵێی زۆرینەی ئەندامانی داعش ئەمریکی و فەرەنسی و ئوسترالی و...هتدن. کاکی برا ئەپرسم  ئەوە بۆ لاشەی دە داعشی ئەمریکی و سویدیمان لەم هەموو شەڕە نەدی؟ هەر بۆ زانیاریت هەرچی لەم وڵاتانەشەوە کە بوون بە داعش‌ هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەم وڵاتانە بوون دەنا خۆیان مەغریبی و تونسی و کورد و نەتەوە مسوڵمانە ئێخوانیە سەلەفیەکانی نیشتەجێی ئەوروپا و ڕۆژئاوا بوون. تاک و تەراش کە بە پەنجەی  دەست ئەژمێردران کە بە نەژاد ئەوروپی یان غەربی بوون.
٣/ لە خاڵی سێیەم باس لەو کوشتارانە ئەکەی کە حزبە ناسیۆنالیستییە کوردیەکان دەستیان تیا سور بووە دژ بە یەک  لە شەست و چوارەوە تا ئەمڕۆ. هەم ئەپرسی ئاخۆ خەتای مەنهەجی خوێندن بووە یاخود نا؟ ئەی بۆ نا  ئەگەر ئێمە مەنهەجێکی مرۆڤ دۆست و ئایینێکی مرۆڤ دۆست و حکومەتێکی مرۆڤ دۆستمان بووبووایە هەڵبەتە نە دەبووین بە خاوەنی حزبی واو نە خۆشمان دەبووین بە پیاوکوژی حزب. ئەی ئەگەر من بپرسم ئاخۆ ١٤٠٠ ساڵە موسوڵمانان کە لە یەک ئەکوژن خەتای چیە؟ عەقڵی کێ ئەیبڕێت کە ئەم ئایینە مڕۆڤ دۆستە ئاشتی خوازە نەیتوانی ئاشتەوایی بۆ  ئەهلی خودی ئایینەکەی خۆی دەستەبەر بکات، ئەبێت چۆن بتوانێ ئاشتەوایی بۆ منێکی کورد دەستەبەر بکات. ئاینێک ئەگەر کۆکەرەوە بووایە لەم پەڵە بچوکەی گۆی زەوی کە ناوی هەرێمە چوار حزبی ئیسلامی و سەدان تەیار و تەوەجوهی لێ جیا نەدەبوو. کە هێندەی ڕقتان بۆ جولەکە ڕقتان لە یەکە. 
٤/ منیش و مامۆستا شێرزادیش‌ خۆشحاڵ ئەبین کە نەعرەتەی میانڕەوی  ئێوە (ئەگەر چی خودی نەعرەتە میانڕەوی ناگەیێنێ) بووبێتە هۆی لە ڕەگ هەڵکێشانی توندڕەوی، بەڵام ئەپرسم  گەر حوکمی ڕەهای ئەم وڵاتەتان بە دەستەوە بووایە شێرزادتان لە وجود نەدەسڕییەوە لە بری جوابدانەوەی له دووتوێی پۆستێکی بە حورمەت و پڕ ئەدەبدا؟
٥/خاڵی پێنجەمت تەواو ڕاستە قسەی لە سەر ناکرێت. خاڵێکی دیکەشتان لە پۆستەەتاندا، هەر بە ٥ داناوە کە من لە خاڵی شەش دا جێی ئەکەمەوە.
٦/عەزیزم کاک هەڵەدنی تۆ لەم خاڵەدا باسی بەها و ڕەوشت و ئەخلاق ئەکەیت. من نازانم پێوەری تۆ بۆ ئەخلاق چیە؟ ئاخر چاوەکەم  ئەخلاق بابەتێکی ئەمەندە فراوانە بە سەددان کتێبێ گەورە لە باسکردنی  نابینەوە. باسکردنی ئەخلاق ئەگەرێتەوە سەردەمی فەلسەفەی یۆنانی و بە چەندین سەددە پێش زایین. ڕوانگە و دیدی تۆ بۆ ئەخلاق زۆر جیاوازە لە ڕوانگە و دیدی هەر کەسکی دی. ئەگەر تۆ ئەخلاق لە داپۆشینی قژ و روخساری کچێک ببینی،  ئەوا لە دیدی منەوە سەپاندنی ئەوە مونتەهای بێ ئەخلاقییە. چونکە جوانییەک ئەشاریتەوە خودا بەخشیوێتی. بۆیە هەق نیە کەس باس لە بەها و ئەخلاق بکات. من ئەپرسم فیدیە دان، جاریە، کەنیزە، کۆیلە، سەبایە، غەنائم، ملپەڕاندن، هەبوون دەیان ژن لە یەک کاتدا...لە کوێ ئەخلاق و بەهای مرۆڤایەتیین؟  
بەدەر لە هەموو ئەمانە تۆ وەکو پەرلەمانتار هەڵوێستەکانت بەرانبەر بە دەسەڵات لە ئاستی خەمە گشتییەکان، هاوکاری زیندانیان و ئازادی خوازان، زۆر زیاتر لە ئەندامانی  حزبەکانی دیکە هەم ڕاستگۆ بووی و هەم دەنگت دلێر بووە. وە من تێدەگەم لە جەنابت کە تۆ کەسێکی سەلەفیت، ئایینی و مەزهەبیت، ئازادی لای تۆ سنوردارە، تۆ نە بۆت هەیە نە دەشکرێ بێ دەنگ بیت کاتێ دەنگێکی وەک ئەوەی شێرزاد دێتە گوێت. بەڵام ئەوەی ئازادییەکی بێ سنوری  هەیە ئەو کەسەیە کە ئەتوانێ گوێی لە تۆش بێت و قسەی پێچەوانەی تۆش بکات.
ئەوەش بزانە گەر‌تۆ دەسەڵاتدار بی حوکمی ئایین بڕینی زمانی شێرزادەکانت بە سەردا دەسەپێنێت. هەمووان ئەمە باش ئەزانین، بەڵام دڵنیابە شێرزادەکان لە سەر حوکم بن تۆ ئەتوانیت بەو ئاوازەی ئێستا و بە بێ ترس بۆ خۆت بخوێنی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×