گەڕانەوە بۆ عەرەقە فەلەکە

دلێر محەمەد نوری
  2023-02-26     383

بە پێی مادەی ژمارە ١٤ لە یاسای داهاتی شارەوانییەکانی عێراق، بۆ لەمەودوا هاوردەکردن و فرۆشتن و دروست کردنی خواردنەوە کحولییەکان یاساغ دەکرێت. هەرکەسێکیش ئەم کارە بکات سزای ماڵی دەدرێت کە لە نێوان ١٠ بۆ ٢٥ ملیۆن دیناری عێراقیدا خۆی دەبینێتەوە. هیوادارم ئەم یاسا نا پەسەندە، بە مافی هەوادارانی خواردنەوە کحولییەکان، نەگاتە هەرێمی کوردستانیش. بەڵام گوومانم لەم دەسەڵاتدارانە کە لە باوەشکردنە سەلەفییەکدا، بۆ کەمێک دەنگی سەلەفییەکان لە هەڵبژاردنێکدا، ئەم یاسایە لە بەرژەوەندی حزبەکانی دەسەڵات و ئیخوانیەکاندا بقۆزنەوە. جاران هەرچەند خادمولحەرەمەیەن ئەلشەریفەین لە بەرەی جیهادییە وەهابییەکان بوون، بەڵام هەمیشە چاوپۆشیان لەو بارە حوشترە ویسکییانە ئەکرد  کە بۆ مەسرەفی خەدەم و حەشەمی دەسەڵات لە سەحرای عەرعەرەوە بە قاچاخ ئەگەیشتنە سعودیەی شەریف. بەڵام وا دیارە لە سایەی شێح  محەمەدی بین عەلمانی، ئیتر پاداشتی عێراق ئەدەنەوە. لەمەبەدوا بە قاچاخ بردنی پێچەوانەی بارە حوشتری ویسکی بەرەو عێراقی شیعە ئێرانی، لە سعودیەوە بەڕێ بکەوێت. 
عەرەب قسەیەکیان هەیە دەڵێن "کل ممنوع مرغوب" واتا هەموو یاساغێک ئارەزوولێکراوە. لە سەر تیشکی ئەم بۆچوونە، ئەو لەچکەی لە ئێران  چل  ساڵ بە ئاگر و ئاسن سەپێنرا، وای لە ژنە ئێرانییەکان کردبوو  بۆ قژ ڕووتکردنێک بگەنە شەقامەکانی سلێمانی و هەولێر یان ئەوروپا و وڵاتانی دراوسێ. تا دواجار بە تیشکی ئاگری شۆڕشەکەی ژینا ئەمینی (ژن. ژیان. ئازادی)، هەموو لەچکەکان  لە بەرچاوی عەمامەکان سووتێنران.  بەڵام لەم باشورەی کوردستانەدا چونکە لەچککردن تا ڕادەیەک ئازادییەکی تاکە کەسییە، پۆچ پۆچ کچان لە مەراسیمی پاڵاپۆشیدا، ئارەزوومەندانە  سەروقژیان زیندانی ئەکەن لە حیجابدا. بۆیە ترسی من لەم یاسایەی عێراق ئەوەیە، ڕێژەی  خواردنەوەی مادە کحولییەکان نەک  کەم نەبێتەوە  بەڵکو ببێتە دوو هێندە، جاران کە ئازاد بوو، بەڵام  ئێستا کە ئەبێتە قاچاخ. 
لە گەنجیمدا، جارێکیان بە یاوەری پورزایەکی باوکم چووم بۆ بەغدا.  ئەو پورزایەم  بۆ چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە هاتووچۆی بەغدای ئەکرد. یەکەم جار بوو شارێکی وا گەورە و پڕ لە خەڵک و ئۆتۆمبیل ببینم. لە هۆتێلەکەشدا، هەم دەنگی مۆسیقای شەوانە و هەم جمەی خۆش مەشرەبەکانی ڕێستورانتی هۆتێلەکە، بۆ من شتێکی کەمێک نوێ بوو. لە دوای ڕووخانی ڕژێمەوە، ئەمجارەیان خۆم بە یاوەری هاوڕێیەکم بۆ سەردانی دکتۆر چووین بۆ بەغدا. کە چوومە هۆتێل فەلەستین میردییان، وامزانی لە تاران لامداوە نەک بەغدا. هوتێلەکە بە جۆرێک بوو، بە چوار دەورا، وێنەی عەمامە بە سەرەکانی ئێران بوون. ڕێسپشنەکەی هۆتێل، کوڕێکی گەنجی روح سووکی لێ بوو. پرسیمان ڕێستورانتەکە کراوەیە؟ وتی بەڵێ بەڵام تەنها بۆ نان خواردن، خۆ ئەگەر (بە دەنگێکی کز) شتێکی دیکەتان  ئەوێت، پێم بڵێن، بۆتانی ئەنێرمە سەرەوە. بێ ئێوە ناخۆش مەزە و خواردنەوەی پێویستی بۆ ناردین بەڵام بە دزییەوە. هەر ئەو ڕۆژە ئاماژەیەکی خراپم بەدی کرد بۆ داهاتووی عێراق. ئاماژەیەک بۆ کۆپی کردنی یاساکانی ویلایەتی فەقیە لە عێراقدا.
عێڕاق  لە کۆپی کردنی یاسا و عورفەکانی ویلایەتی فەقیهی ئێرانی هەنگاوی خێرا ئەنێت. ڕۆژێک یاسای فرە ژنی و ڕۆژێکیش تەمەنی بە شوودان و ڕۆژێکی دیکەش  ڕەزامەندی وەلی ئەمر بۆ گەشتی ژنان و ئەمڕۆش نۆرەی یاسای قەدەغەکردنی مادە کحولییەکان. هەرێمی کوردستانیش لە سایەی دەسەڵاتدارانی نا مەسئوول و تەوژمی  توندی ئیخوانی و سەلەفی وەهابیدا  زۆر ئاسان ئەو یاسایانە پەسەند بکات. ئەوسا خەباتی سەددان ساڵی حزبە مارکسی  و بزوتنەوە ئازادیخوازەکان و دیموکراتخوازەکان لە سەفقەیەکی هەرزانی سیاسیدا  کەڕەتی سفر ئەکرێت. 
من  نازانم حکومەتی عێراقی بیرێکی لەو هەزاران مەسیحییانەی بەغدا و کەرکوک و موسڵ و دواجار سلێمانی و هەولێر و دهۆک کردۆتەوه کە لە ئەنجامی وەها یاسایەک بێ کاروکاسبی ئەبن. مەسیحییەکان کە ساڵەهایە هەم خەریکی شەراب  دروست کردن و هەم خاوەن فرۆشگای خواردنەوە  کحولییەکانن لە سەرتاسەری  عێراقدا بە هەرێمی کوردستانیشەوە. 
من هەم خەمی دەست و پەنجەی سوری مەسیحییەکانمە  بە ڕەنگی شەرابی ترێ، گەر شەراب دروست کردنیان لێ قەدەغە بکەن، ئیتر بەو پەنجانە چی بشێلن لە جیاتی ترێ؟ وە هەم خەمی ئەوەشمە کە کاسبییەکەیان ببێ بە قاچاخ و مانگانە بە ڕێی دادگاوە بن بۆ پێدانی سزای ماڵی. هاوڕێیەکی ڕۆژهەڵاتیم هەیە کە خۆش مەشرەبە ئەویش. ڕۆژێک لێم پرسی ئەرێ بەڕاست کاتێ لە ئێران بووی خواردنەوەتان دەست ئەکەوت؟ لە وەڵامدا وتی بەڵێ بە گران و بە زەحمەت و بە ترسیشەوە لە شەلاق لێدان گەر ئاشکرا بووینایە. بەڵام ئێمە بۆ خۆمان لە میوە، هەم عەرەق و هەم شەرابیشمان دروست ئەکرد لە ماڵەوە. واتا شەراب و عەرەقی فەل. جا بۆیە هەر لە ئێستاوە با مەشروب خۆرەکانی هەرێم خۆیان فێری دروست کردنی عەرەقە فەلەکە بکەن لە ماڵەوە. 
ماوەتەوە بڵێم هەشتاکانی شاری کەرکووک، تەنها مەلای مزگەوتەکان و نوێژخوێنە بە تەمەنەکان نەیاندەخواردەوە، دەنا خواردنەوە لای گەنجەکان یەکێ بوو لە ئارەزووە باوەکان. مامێکم هەبوو لەو مەشروب خۆرانە بوو. لە سەرووبەندی لێدانی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە لە شەڕی کوێتدا، کەرکووک یەکێک بوو لەو شارانەی کە زۆرترین بۆردومان کرا، نە ئاو و نە کارەبا و نە هیچ خزمەتگووزارییەکی بە پێوە نەما و هیچ شت و مەکێکی ئەسڵیش دەست نەودەکەوت. مامیشم لە گەڵ هەندێک گەنجی گەڕەک هەم فیراری سەربازی بوون و هەم بێ کار و دەست بەتاڵ بوون. کە کۆ ئەبوونەوە لە ژوورە قوڕەکەی سەرەبانی خانووەکەمان، بە دیار بووتڵە عەرەق و شەرابی فەلی ماڵە مەسیحییەکان. تا ڕەحمەتێکیان بۆ موسوڵمانێک ئەنارد هەزاریان ئەنارد بۆ ئەو ماڵە مەسیحییانەی کە خەریکی دروستکردنی عەرەقی فەل بوون. ئاخۆ بڵێی هەرێمیش ئەم هەنگاوەی بەغدا بگرێتە بەر و کاربەدەستانی لە جیاتی قاچاخچێتی نەوت ئەوجا ئەبن بە قاچاخچی خواردنەوە کحولییەکان بۆ مەشروب خۆرەکانی ناوەند و باشووری عێراق؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×