شەپۆلی کورتی ٧٥

دلێر محەمەد نوری
  2022-03-14     379

لە سەروبەندی ڕاپەڕینەکەی بەهاری ٩١دا، خەڵکی کەرکووکیش وەکو زۆربەی خەڵکی شارەکانی کوردستان خرۆشا بوون. هەر لە گەڵ ئازادکردنی ڕانیە، ئیتر رژێم کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشی و نائارامی تەواوەوە لە کەرکووک.
کوردی کەرکووک لە گەڵ ستەم و ڕق و خراپەکارییەکانی پیاوانی ڕژێم ڕاهاتبوون. بەڵام هەرگیز بەم شپرزەیی و ترسناکییەی ئەم جارە نەبوو. هەر بۆیە جیاواز لە شارەکانی دیکە چواردەوری کەرکووک گیرا و هەموو دەرچەکانی شار گیرا و رژێم کەوتە گرتنی گەنجی و پیر و پیاوی کورد. هەر ڕۆژەو دەیاندا بە سەر گەڕەک و کۆڵانێکدا و دەرچەکانیان ئەگرت و دەستیان ئەکرد بە گەڕان و پشکنین بە دوای گەور و بچووکدا، ئەوەی کە دەستی چەکی بگرتایە دەگیرا. خەڵکەکە شۆک بووبوون سیمای ئەم پرۆسەیە زیاتر لە ئەنفال ئەچوو بەڵام ئەنفالی پیاوان. 
بە کوردی هەتا ئازادکردنی کەرکووک چەندین هەزار کەس گیران، کە مامێکی منیش بەرکەوت. ڕووەو زیندانە ڕەوانەکران. هەموو ئەمانەش لە ژێر چاودێری ڕاستەوخۆی عەلی حەسەن مەجید ئەکران.
لەو کاتانەدا دوو بانگەوازمان گوێ لێ دەبوو، لە لایەک پیاوانی ڕژێم بە بڵندگۆ، گەڕەک و کۆڵانە کوردییەکان دەگەڕان و جاڕی قەدەغەی هاتووچۆیان دەدا و لەلایەکی دیکەش دەنگی چیا و باست لە ئێزگەی گەلی کوردستانەوەو لە سەر شەپۆلی کورتی ٧٥، هانی خەڵکیان ئەدا کە هەستن، ڕاپەڕن، هەندێ جار بە زمانی عەرەبی و تورکمانیش بانگەوازی دەکرد (تورکمانلەر قاخن واتا تورکمانەکان هەستن).
هەر لەو سەروبەندە ڕژێم زیاتر لە ٣٠ لاوی بێ گوناهی لە گەڕەکی شۆریجە دایە بەر دەستڕێژی گوولە بۆ چاوترساندنی خەڵکی.
 ڕاپەڕین و پەلامارەکانی پێشمەرکە لە گەڕەکی ڕەحیماوا نزیک بوو بووەوە کە کەوتۆتە باکوری کەرکوکەوە. بەندەش دانیشتووی گەڕەکی تەپەی مەلا عەبدوڵا بووم، کە دووەم گەڕەکی کوردییە و سنوری بە ڕەحیماواوەیە.
شەوی 19/20 ی ئازار، هەتا دەهات دەنگی تەق و تۆق زیادی ئەکرد. جموجوڵ کەوتە ناو گەنجان و پیاوانی گەرەکی تەپپە و هەندێ چەک پەیدا کرا و پەلاماری بینای (نەهێشتنی تاوان)یان دا کە کەوتبووە نێوان ڕەحیماوا و تەپەوە، هەندێ بریندار هەبوون. بۆ ئێوارەکەی هێزێکی زۆری ئەمن و گاردی کۆماری چوادەوری تەپەیان گرت. گەنجێکی زۆریان لە گەڵ خۆیان برد و مێرد منداڵێکی کوردیان، کە لە ماڵە عەرەبێک شاردرابووەوە گرت کە فیشەک بە باڵێوە بوو. کە دواتر باوکەی ئەو ماڵە عەرەبەش بە دەستی پێشمەرگە کوژرا بە ناهەق. ئەو عەرەبەی گەرەکی تەپە لە هەر دوو جەژنەکە بوو. لای ڕژێم بەوە تۆمەتبار کرا کە برینداری شاردۆتەوە، لای پێشمەرگەش بەوەی کە برینداری ڕادەستی ڕژێم کردووە. ئەوە ئێوارەیە تەنکی ئاوی سەربان و تەنوربان و کولانە مریشکیش بۆ گەنج ئەگەڕان. بەندە و ئامۆزایەکم کە لە دەرگای ماڵەوەیان داین بە نیاز بووین لە ناو تاقی دیوارە ئەستورە لە بەرد و گەچ دروستکراوەکانی ماڵەکەمان خۆمان بشارینەوە و جل و کەل وپەلمان بدەن بە سەردا. دواتر ڕامان گۆڕی  سەربانە و سەربان ڕامانکرد، لە سەربانەکانی ئەو بەرەوە تەقەیان لێکردین بەڵام بەرنەکەوتین. لە سەربانێکدا خۆمان حەشاردا تەقوتۆقی پێشمەرگە نزیک بووەوە و پاش ماوەیەک بێدەنگی، نە سەربان و نە کۆڵان کەسی پێوە نەما کش و مات. سەربانە و سەربان گەڕاینەوە ماڵەوە. نەنکم یادی بەخێر وتی ڕۆڵەکانم ئەو ماون بەس نەبوو لە تاقەکاندا خۆتان نەشاردەوە بە چەقۆی کلاشیکۆفەکانیان هەموو جل و بەرگی ناو تاقەکانیان کون کون کرد. دوای چەند کاتژمێرێک پێشمەرگە ڕژانە ناو کۆڵانەکان و خەڵکەکەش ئەوەی ئەگریا ئەگریا و ئەوەی هەڵئەپەڕی هەڵئەپەڕی و ئەوەیشی خەریکی تاڵانی بوو هەڵمەتی ئەبرد. بۆ سبەینێ تووشی درواسێیەکمان بووم بە عەرەبانەی کرێکاری خەریک بوو لە تەپەوە برا بریندارەکەی کە لە ڕووداوەکەی دوێنێ پێوە بوو بوو، بگەیێنێتە نەخۆشخانەی کۆماری کە نزیکەی ٥ کم دوور بوو، یارمەتیم دان، تا لاندکرۆزێکی سەوزی نەجدەمان لێ پەیدا بوو کە دوو پێشمەرگەی تیا بوو لە گەڵ سەربازێکی بریندار، عەڕبانەمان جێهێشت و لە گەڵ ئەوان سەرکەوتین. کۆپتەرەکانی ڕژێم بەردەوام بوون لە ڕۆکێت هاویشتن. لە پڕ ڕووە و ئێمە هاتن. پێشمەرگەکان ئۆمبیلەکەیان جێهێشت، بەندە و سەربازە بریندارەکە و دراوسێ بریندارەکە کە دەستی توند گرتبووم، لە سەیارەکەدا ماینەوە. دوای ئەوەی کۆپتەرەکان خۆیان بەتاڵ کردەوە، پێشمەرگەکان وتیان ڕۆکێتیان بۆ ئێمە هاویشت بەڵام کەوتە ئاوەکەی خاسەوە واتا ٢٠٠ مەترێک ئەولای ئێمە. گەیشتینە نەخۆشخانەی کۆماری لە دەرگای حەوشەوە جەنازە و بریندار بوو تا ژووری نەشتەرگەری. ئیتر من ئەو دراوسێیەم بەجێ هێشت و گەڕامەوە بۆ ماڵەوە. خاڵم لە سلێمانییەوە هاتبوو بۆ هەواڵ پڕسین، بۆ منێکی ١٧ ساڵ ئەو ١٥ڕۆژەی پێش گەیشتنی پێشمەرگە زۆر بوو.  چوون بۆ سلێمانی وەکو پشوویەک وا بوو. خاڵەکانم لە بەکرەجۆ دوکانی چاککردنی ڕادیۆ و تەسجیل و تەلەفزیۆنیان هەبوو، هیج شتێک لەو ڕۆژانەدا هێندەی ڕادیۆی قیسارەی عێراقی یەک مەوجی  گرنگ نەبوو کە هەتبێ. هەرچەندە ڕادیۆی قیسارەی یەک مەوجی بۆ ئەوە نەدەشیا کە شەپۆلی کورتی ٧٥ی پێ وەربگیرێت، بەڵام خاڵەکانم ڕادیۆکەیان ئەکردەوە و وایەرێکی ئەنتێنی دەوری خەلوزەکەی ناو ڕادیۆکەیان لێدەکردەوە، ڕادیۆکە لە شەپۆلی MW مامناوەندەوە دەگۆڕا بۆ شەپۆلی SW کورت و ئێزگەکەی وەردەگرت. ڕۆژانە دەیان ڕادیۆیان بۆ ئەو ڕەش و ڕووتەی گەڕەکی بەکرەجۆ وا لێدەکرد. ئەو دەم خەڵکی ئەو ڕادیۆیەی دەپەرست تا گوێیان لە ئاگادارییەکان بێت کە چیا و باست  و ئەوانی دیکە‌ بە گوێیاندا دەداین، یان لە گەڵ هەر سەرکەوتنێک بە گۆرانی گەلە و گەلەی‌ ناسری ڕەزازێ دڵخۆشیان ئەکردین. بەڵام دوای ٣١ ساڵ لەو مێژووە کاک باست حەمە غەریب لە پۆستێکدا لە پەیجەکەی خۆی لە فیس بووک داوا دەکات هەر وەکو ئەوەی ڕۆژ بۆ هەر شتێک دانراوە، ڕۆژێکیش بۆ ویژدان و ڕاستی و مووچە و ڕۆژێکیش بۆ تەریق بوونەوە دابنرێ خراپ نیە. لە پۆستێکیشدا هاتبوو ئاگادارییەک لە زمناکۆوە بۆ ئازاد ١٧٦٠، تکایە کەسی کە ئاگادار مەکەرەوە برادەران حەیا و شەرەفیان بردین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×