لێگەڕێن هاوڕەگەزخوازان (لە دۆڵاب بێنە دەرێ)٭

دلێر محەمەد نوری
  2021-04-02     1094

لەم ڕۆژانەی پێشوو هەواڵێکمان بەر چاو کەوت سەبارەت بە گەڕان بە دوای هاوڕەگەزخوازان و گرتنیان لە شاری سلێمانیدا، لە لایەن هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسەوە. ئەم هەواڵە هەم سەرنجی ڕاکێشام و هەم هێندەی هەوڵێکی خەمهێن بوو هیچ جێی خۆشحاڵی و دەست خۆشی من نەبوو وەکو دەستخۆشییەکانی زۆربەی خەڵک.


ئەگەر چی هیچ کەسێکی هاوڕەگەزخوازم لە ژیانمدا لە نزیکەوە نەناسیوە و پێشتر هەڵسوکەوەتی ئەم جۆرە لە مرۆڤ بۆ منیش وەکو زۆربەی خەڵکی کوردستان جێگەی قبووڵ نەبووە بگرە مایەی شەرمەزاری زۆریش بووە. بەڵام خۆشحاڵم کە ئێستا و لە پاش ئەوەی لە چەندین سەرچاوەی تەندروستی دەروونی و زانستییەوە بۆم دەرکەوت کە ئەم دۆخی بیرکردنەوە لە ژیانی سێکسی لای بەشێک لە مرۆڤەکان نە نەخۆشییە و نە نەنگییە، بگرە ڕەنگدانەوەی خودی پێکهاتەی لەشی مرۆڤەکانە بۆ جۆری پێداویستی حەزە سێکسییەکانیان نەوەک گوناهە کردن یان لادانی ئەخلاقی. ڕەنگە ناوهێنانی ئەم جۆرەش‌ لە خەڵک بە لادەر یان شاز لە حەزی ژن و پیاوی ئاسایی، لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت کە ئەمانە هێندەی نەبوون شاراوە و نادیار بوون لە چاوی تانە و تەشەر و سزای کۆمەڵایەتی و ئایینی و یاسایی، دەنا بەشێک ئەگەر‌بە ڕێژە کەمیش بووبن لە مرۆڤەکانی هەر کۆمەڵگایەک هاوڕەگەزخواز‌ بوون بە هەموو جۆرەکانییەوە و بە درێژایی مێژوو بەڵام بە شاراوەیی و دوور لە چاوی کەسوکار و کۆمەڵگا و دەسەڵات.
ئەگەر چی من بە وردی ئاگاداری ئەو کەمپەینەی هێزەکانی ناوخۆ نیم کە مەبەستیان گرتنی هەر هاوڕەگەزخوازێکە یان ئەو کەسانەی کە بە دوای مناڵی خوار تەمەنی هەژدەساڵەوەن لە ڕەگەزی نێر ئەوەی کە بە زمانە گشتییەکە پێی دەڵێن (مناڵباز-هەتیوباز)(pedophile) کە ئەمە بۆ خۆی تاوانێکی قێزوەنە کە لە ژێر سایەی هەر سیستەم و کۆمەڵگایەک جێگەی ڕەزامەندی نیە. یاخود ئەگەر مەبەست لەم کەمپەینە گرتنی خەڵکانێکە کە بازرگانی بە مەسەلەی هاوڕەگەزخوازییەوە دەکەن ئەوا ئەوەش جێگەی دەست خۆشییە بەڵام دەکرێ چاوێکیش لەو هەموو بێ سەروبەری یانەی لەشفرۆشییانەش بکەن کە هەندێکیان بەرپرسی باڵاشیان لە پشتیانەوەیە وەک ئەڵێن، کە ئەمە لادانە و بە هەدەردانی دەرامەت و تەندروستی تاکەکانی لێدەکەوێتەوە نەک هاوڕەگەزبازی ئارەزوومەندانە.
بەم پێشەکییەش ویستم تێگەیشتنێک لای خوێنەر دروست بکەم کە ئەو هاوڕەگەزخوازییەی ئارەزوومەندانە دوو پیاو یان دوو ژن بە پەیوەندییەکی سۆزداری بە یەکەوە دەبەستێتەوە هەق نیە بەر شاڵاوی گرتن و سزای یاسا بکەون یاخود بەر‌تانە و تەشەری کۆمەڵگا و پیاوانی ئایینی بکەون. چونکە دواجار ئەوان نە تاوانبارن بەرانبەر‌ بە خودا کە ئەو بەهرەیەی پێ بەخشیوون و نە تاوانباریشن بەرانبەر‌ بە کۆمەڵگا چونکە ئەوە کۆمەڵگاکانن کە نەزانن بە دۆخی ئەمان و مامەڵەیەکی تەندروستییان لە گەڵ ناکەن، دەنا ئەمانە مامەڵەیەکی تەندروستی لە گەڵ لەشی خۆیان ئەکەن و هیچ زیانێکیان بۆ کەسی دیکە نیە.
ئەگەر تا ئەمڕۆش ئایین تەنها ڕەگەزی ژن و پیاو ئەناسێت و کۆمەڵگا دواکەوتووەکان و یاسا و ڕێسا نەریتییەکانیان لە دەرەوەی پەیوەندی ژن و پیاو نەزانن بە هیچ جۆرە پەیوەندییەکی دیکە، ئەوا زانستی فسیۆلۆژی و ڕەوانشوناسی گەیشتوونەتە بەرئەنجامی گەلێک سەیر و سەمەرە کە لە نێوان ژن بوونی سەدد دەر سەدد و پیاوبوونی سەد دەر سەد دەیان دۆخی دەروونی وسێکسوالتی و فسیۆلۆژی جۆراووجۆر هەن کە هەموویان مایەی هەم بەزەیی و یارمەتی دانن و هەم دەشبنە پاڵنەرێک تا لە ڕێگەی سەلماندنە دەروونی و زانستییەکانەوە کار بۆ دۆزینەوەی جێگەی شیاو بۆئەم مرۆڤانە لە کۆمەڵگادا بکەنەوە. بەمەش بەدەرلە جیاوازییان وەک هەر ژن و پیاوێکی ئاسایی تەماشایان بکەن و ڕێزیان لێ بگرن. هەموو ئەمانەش بەوە دەکرێت کە هەم پیاوانی ئایینی و دەزگا ئایینییەکان لەم پێگەیشتنە زانستییانە ئاگادار‌بکرێنەوە و بەرچاوڕوونییان پێ بدرێ و هەم یاسا و ڕێسایەک ڕێک بخرێت بۆ ڕێکخستنی ژیانی هاوسەرگیری و پێکەوەبوونی ئەم جۆرە مرۆڤانە.
چونکە بۆ هەمووان ئاشکرایە کە هەر سێ ئایینە ئیبراهیمییەکە بە نەشیاوترین شێوە مامەڵەی لە گەڵ ئەمانە کردووە و بە شاز و لادەر و تاوانبار‌ وێنای کردوون. یاسا نەریتی و یاسا دانراوەکانیش دوای ئایینەکان کەوتوون لە چارسەری ئەم کەسانە لە کۆمەڵگا دواکەوتوو و باوەڕدارەکاندا. بەڵام ئەم حاڵەتە بە جۆرێکی دیکە گۆڕاوە لە دونیای ڕۆژئاوادا ئەمڕۆ بە دوو هۆکاری سەرەکی، ئەویش بە هۆی سیستەمی پیادەکراوی سێکولار کە مەودای داوه بە مرۆڤایەتی دوور لە بڕیاری پێشوەختەی بێ بنەمای ئایینی ڕێگەچارە بۆ کێشەی مرۆڤەکان بدۆزێتەوە. هۆکاری دووەمیش ئەو پێشکەوتنە زانستییانە لە تێگەیشتن لە دۆحی ئەم مرۆڤانە مەڵبەندەکەی ڕۆژئاوا بووە. بۆیە دەبینین ئەمڕۆ لە ئەوروپا پەیوەندی هاوڕەگەزخوازان بە یاسا رێکخراوە و ئەوان وەکو خوشک و براکانیان لە ژن و پیاو چالاکن لە هەموو بوارەکانی ژیان و خاوەن پێگە و ڕێزی خۆیانن. هەر تانەو تەشەرێکیش لەم کەسانە لە لایەن هەرکەس و لایەنێکەوە ئەچێتە خانەی ڕەگەزپەرستی و سزای توندی بۆ دانراوە.
ئەمڕۆ لە وڵاتێکی وەکو نەرویج ساڵانە ڤیستیڤاڵێکی گەورە لە ناوەڕاستی مانگی شەشدا بۆ هاوڕەگەزخوازان یان لادەرەکان وەکو خۆیان ناویان لێ ناوە (مەبەست لەم لادانەش تاوانبارکردن نیە، بەڵکو مەبەست لێی لادانی سروشتی لەشی ئەمانە لە دوو ڕەگەزە باوەکە)، دەگێڕن، مەبەست لەم ڤیستیڤاڵە دەربڕینی خۆشییە بۆ ئەوەی کە لە کۆمەڵگادا جێگەیان بۆتەوە. لەم ساڵانەی پێشوودا وەزیری‌ تەندروستی نەرویجی BENT HOYE  کە بە شێوە پیاوە، بەڵام وا دیارە خۆی وەکو ژن ئەبینێت، دەرکەوت لە گەڵ پیاوێکدا کە ئەو واتا جەنابی وەزیر بە پیاوەکەم ناوی هێنا و ڕایگەیاند کە ئێمە لە 2000ەوە هاوسەرگیریمان کردووە. ساڵانە لەم ڤیستیڤاڵەدا چەندین کەسی نوێ ڕەگەز و هەستی ڕاستی خۆیان ڕائەگەیێنن بۆ یەکەم جار. ئەوەی جێگەی داخە بۆ هاوڕەگەزخوازان لە کوردستان ئەوەیە کە زانست سەلماندوویەتی کە ئەوان تاوانبار نین و خودا وەهای دروست کردوون، تۆ بڵێی هێندەمان دکتۆر و دەرونناسی بە ئاگانەبێت لە کوردستان تا دەسەڵات و کۆمەڵگا لەم دۆخە وشیار بکەنەوە تا ئەم ستەمە لەم مرۆڤانە نەکەن؟ بۆ ئەوەی ڕۆژێکیش بێت و هاوڕەگەزخوازی کوردیش خۆی ئاشکرا بکات و لە دۆڵاب بێتە دەرێ.

٭ تێبینی/ لە وڵاتی نەرویج گوزارشتێک بەکاردەهێنن بۆ ئەو کەسانەی کە ڕەگەز و مەیلی ڕاستی خۆیان بۆ یەکەم جار ئاشکرا ئەکەن پێیان دەڵێن فڵانە کەس (لە دۆڵاب هاتە دەرێ) واتا خۆی ئاشکرا کرد.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×