حوکمی دادپەروەر یان قەرەقوش؟!

دلێر محەمەد نوری
  2021-02-16     119
بها‌والدین قەرەقووش یەکێك بوو لە پیاوانی سەلاحەدینی ئەیوبی. بەدرێژایی فەرمانڕەوایی سەلاحەدین، ئەم کەسایەتییە لە چەندین جێگەدا کاروباری بردووە بەڕێوە. زۆر چیرۆکی سەیر و سەمەرەی لە بارەوە ئەگێڕنەوە. بە تایبەتی کاتێک داوەری کردووە لە نێوان خەڵکانی خاوەن کێشە. هەر لەم بارەیەشەوە کتێبێك نووسراوە بە ناوی (الفاشوش فی حکم قراقووش) کە گوایە کەسێك نووسیوێتی بە ناوی (ابن مماتی) کە لە بارەی هەندێك لەو سەرگوزشتە و فەرمانە سەیر و سەمەرانەی قەرەقووشەوەیە. لە لای کوردیش وا باوە کاتێك کەسێك بڕیار لە مەسەلەیەك دەدات و بڕیارەکەش بێ لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە و بە بێ بوونی بەڵگەی ڕاست و لۆژیکی بڕیار بدرێن ئەوە پێی ئەڵێن بڕیار یان فەرمانی قەرەقووشییە.
هەر بۆ نموونە ئەگێڕنەوە جارێکیان چەند کوڕێك بە نیازن باوکە دەوڵەمەندەکەیان بە زۆرداری و بە زینوێتی بنێژن بە هاوکاری چەند هاوڕێیەکیان لە پێناو پارەکانیدا. کاتێ لە گۆڕستان خەریکی ئامادەسازییەکانی ناشتنی ئەبن، قەرەقووش بەو ناوەدا تێئەپەڕێ و کابرای دەوڵەمەندی لە کفنەکەی سەر دەردێنێ و ئەڵێت: فریام بکەوە سوڵتان من نەمردووم و ئەوە خەریکن هەر بە زۆر ئەممرێنن. قەرەقووشی سوڵتانیش پاش کەمێك بیرکردنەوە ئەڵێ کابرا تۆ بە تاقی تەنیا وا ئەڵێی قابیلە ئەم هەمووە درۆ بکەن کاتێ ئەڵێن تۆ مردووی. بێدەنگبە با مەراسیمی ناشتنەکە بەڕێوە بچێت. بەم جۆرە کابرا ئەبێت بە قوربانی فەرمانێکی قەرەقووشی. وتەیەکیش هەیە ئەڵێت فەرمانڕەوایی دیکتاتۆرەکان لە سەر شانی کەسانی وەك قەرەقووش ئەچێت بەڕێوە.
دوێنێ بۆ یەکەم جار لە شاری هەوڵێر پاش ئەو ماوە دوور و درێژەی زیندانی کردنیان کێشەی هەندێك لەو دەیان گیڕاوانەی بادینان و هەولێر لە ڕۆژنامەنووسان و مامۆستایان و چالاکوان برانە بەردەم دادگا دەستەمۆکەی هەولێر. ئەگەر ئەو دادوەر و داواکاری مافی گشتییانەی لە دادگای هەوڵێر کار دەکەن، خەڵکی هەولێر یان بادینان بن، ئەگەر ڕۆژانە جگە لە هەواڵی حزبی کەمێك شتی غەیرە حزبی و فەرمییان خوێندبێتەوە. ئەگەرجار و بار سەرێکیان بە دونیای سۆشیال میدیادا کردبێت. ئەگەر دوور لە ترس و بەرژەوەندی مادی و مەعنەوی بیر بکەنەوە، ئەزانن کە ئەو گیراوانە لە سەر خۆپیشاندان و ناڕەزایی و نووسین و ڕەخنەکردنی حزب و حکومەت و دەسەڵات گیراون نەك لە سەر سیخوڕی و کاری تێکدەرانە و بەکرێگرتەیی دوژمنان. ئەگەر ئەو دادوەرانە دادوەر بن و قەرەقووش نەبن ئەزانن کە تۆمەتبارێك ناکرێت بە بێ بنەما و فەرمانی دادوەر بگیرێن. ئەگەر قەرەقووش ئاسا بیر نەکەنەوە ئەزانن کە کەسێك گیرا دەبێت بە ئامادەیی پارێزەرێك وتەی لێ وەربگیرێت نەك تا هێنانیان بۆ دادگا نە کەس و کار و نە پارێزەر جگە لە زیندانەوان و لێکۆڵەر کەسی دیکە چاوی بە چاویان نەکەوتبێت. لە هەموو دونیا وایە و ئەلف و بێی کاری لێکۆڵینەوەش وا ئەڵێت. لە پاش کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوە و بینین و پشتڕاستکردنەوەی وتەکانیان لە لایەن دادوەری ئاسایش یان پۆلیس‌ و پشتڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی لێکۆڵینەوە لە لایەن دادنووسێك کە بە کارەکانی دادوەری ئەو دەزگایەدا دەچێتەوە، ئیتر تۆمەتبار مافی ئەوەی هەیە کە کەس وکاری خۆی ببینێت و پارێزەریش هەر کات پێی خۆش بوو بیبینێت. واش چاوەڕوان دەکرێت کە دادوەر و دادنووس و داواکاری گشتیش کەسانی بێ لایەن و چاونەترس بن.
گەر ئەم دادوەرانە قەرەقووش ئاسا بیرنەکەنەوە، ئەبێت بەر لە هەر شتێك سەرجەمی ئەم تێبینییانە ببێت بە مایەی پرسیار و سەرنجڕاکێشانیان. ئەشبێت وتەی سەرۆکی حکومەتیش بە هەند وەربگرن و بپرسن ئەو چۆن وا سورە و بە ڕەهایی هەموویانی کرد بە جاسوس و تێکدەر و پیلانی تەقاندنەوەی شوێنی بیانییەکان و کارکردن بۆ وڵاتانی دەوروبەر بەر لە بڕیاری کۆتایی خۆیان. باس لە سی دی دەنڴ و مێمۆری و زانیاری ناو لاپتۆب و مۆبایل دەکرێت. ئەشێت دادوەر بزانێت کە بە دەستخستنی پاسوردی ئەو ئامێرانە ئیتر دەتوانرێ دەستکاری زۆر بکرێت و ئەشێ خەڵکانێکی شارەزاش لە بواری تەکنەلۆژیا بەشداری پێ بکرێن لەوەی کام لەم دەنگ و بەڵگانە فەیکن و کامانەشیان ڕاستەقینەن؟ گەر هەموو ئەمانە نەکرێن واتا ئێمە هێشتا قەرەقووش حوکممان ئەکات، نەوەك دادگای مەدەنی هاوچەرخ. 
گەر ویستت بزانی دەزگایەك یان دەسەڵاتێك چی لە هەگبەدایە و بە نیازی چیە و چی لێ چاوەڕوان دەکرێت کەمێك بە ئاکار و هەڵوێست و هەڵسوکەوتەکانی پێشوویدا بچۆرەوە. خۆ ئەگەر ئەمە بکەین بە پێوانە و تەنها تەماشایەکی سەرپێیی کەیسی سەردەشت عوسمان بکەین. ئەوا بۆمان دەردەکەوێ کە مانگە شەوی دادگاکانی هەولێر سەر لە ئێوارە دیارە. هەمووان بینیمان چۆن سەردەشتیان لە تیرۆرکراوە کرد بە تیرۆریست و لە ڕەخنەگرتن لە  کاری تێکدەرانە و نابەجێی حزب و حکومەت و دەسەڵات کرا بە تێکدەری وڵات. هەر بەم شێوەیەش ڕوونە کە تەواوی بەڵگەی تاوانبارکردنی ئەو هاوڕێیانەی سەردەشت ئامادەکراوە و فەرمانی دادوەرەکانیش نووسراونەتەوە، ئەوەی پێشووتر لە گەڵ سەردەشت کردیان چارەکێکی بەمان بکەن چاویان ڕووناکی نابینێتەوە تا عەیامێکی دیکە. ڕۆژانی داهاتووش ڕاستی یان پێچەوانەی ئەمانەمان بۆ دەردەخات. هیوام وایە ئەوان دادپەروەربن و من قەرەقووش. 
تێبینی/ لە نووسینی ئەم وتارە نەبووبوومەوە دادگای هەولێر وەڵامی دامەوە کە قەرەقووشییه و دادگایەکی بێ لایەنی هاوچەرخ نیە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×