بە سیاسەتی خورمژ هەم خورمات ئەچێ و هەم مێوژ!!

دلێر محەمەد نوری
  2020-12-04     685
جارێکیان کابرایەک ئەخەنە نێوان دوو هەڵبژاردنەوە و لێی ئەپرسن خورمات پێ خۆشە بۆت بێنین یان مێوژ؟ کابراش حەزی لە هەردووکیانە لە هەمان کاتدا و ناتوانێت دەستبەرداری هیچیان بێت، بۆیە دەڵێت خورمژ، جا لە بەر ئەوەی هەڵبژاردنی سێیەمی تیا نەبوو هەردووکیانی لە دەست چوو. 
پارتی ئەگەر سەرتاپای سیاسەت و ئیدارەدانەکانی چەوت و خراپ و ئەگەر سەرجەم حیکایەتەکانیشی ناڕاست بن، تاکە حیکایەتێکی هەیە ڕاست و لە جێی خۆیتی بۆ یەکێتی و گۆڕان و ئیسلامییەکانیش. کاتێ دەڵێت ئێوە پێیەکتان لە نێو ئۆپۆسیۆن و پێیەکیشتان لە دەسەڵاتە و حەزتان لە پۆست و پارە و ئیمتیازاتیشە و حەزیشتان لە هوتافی نێو شەقام و تەپڵ کووتانی نێو پارلەمانیشە. 
تۆ ناکرێت بە دەستێک لە خۆت بدەی بۆ جەماوەر و بە دەستێکیش داوای پارە و پۆست و بەشە گەندەڵی بکەیت لە دەسەڵات. 
تا ئێرە حیکایەتی پارتی ڕاستە بەڵام نا ڕاستەکەی ئەم گلەییەش ئەوەیە کە پارتیش حەز بەوە ناکات جەماعەتی خورمژیش خۆیان ساخ بکەنەوە و ئۆپۆسزیۆن بن! بەڵکو شینی ئەو بۆ ئەوەیە ئەمان بە خاوخێزانی حزبەوە واتا سەرکردایەتی و بنەکردایەتیشەوە لە ناو دەسەڵات بن و سەری بۆ بلەقێنن چونکە پارتی باش ئەزانێت کە ئەم بە تەنها خۆی بڕیاردەرە و کەسیشی بە شەریکی ڕاستەقینە قبووڵ نیە، بگرە ئەو شەریکی ناوێ ئەو تەنها خەریکی ئەوێت، ئەو حەز ئەکات هەموو بە ناو شەریکەکانی لە بەردەمی کامێڕا و لە کۆڕ و کۆبوونەوە نا فەرمییەکان دەوری بدەن و پێ بە پێی بچنە نێۆ باڵەخانەکانی بڕیاردان هەتا بەر دەرگای ژوورە تاریکەکەی بڕیاردان و لەوێدا دەبێت شەریکەکان لە بەردەم مێزی سکرتێرە جامانە سوورەکە بوەستن و خەریکی پیشخواردنەوە و هاتوچۆ بن، هەرکاتێکیش خۆی هاتە دەرێ پێیان بڵێت هەموو شتەکان باشن و بە دە پەنجە ئیمزای بکەن و هەر کەسە تورەکە پارەی خۆی وەربگرێ و بە پێکەنینێکی درێژ لە بەردەم کامێڕاکانی دەرەوە  بڵێن کۆبوونەوەیەکی سەرکەووتوومان ئەنجامدا و ئایندەمان گەشە. واتە ئەو شەریکی ڕاستەقینەی دەسەڵاتی ناوێت بەڵکو خەریکی ئەوێت یان شەریکی گەندەڵی و ئیدارە و سیاسەتی خراپی ئەوێت. چونکە پارتی باش ئەزانێت کە بووەتە هۆکاری بەدیهێنانی ئەرزییەتێکی وەها بە پیت بۆ گەشەکردنی ئۆپۆسزیۆنێکی بەهێز دژ بە خۆی کە بتوانێت پایەکانی نەک لە هەولێر بگرە لە دهۆکیش بلەقێنێت. بۆیە هەمیشە پارتی خەریکی نەوتاوی کردن و گەندەڵکردن و تەپکەنانەوەی ڤیدیۆیی و دەنگییە بۆ بەشێک لە سەرکردایەتی ئەو لایەنانەی دیکە، بۆ ئەوەی جگە لە ڕووە جوانەکەیان، ئەو ڕووەشیان نیشانی جەماوەرەکەیان بدات تا هێزی کۆکردنەوەی جەماوەر لە دەست بدەن. بەمەش پارتی لە سیاسەتی خورمژ بێ بەش نیە، دیقەت بدەن پارتی هەمیشە لە دابەشکردنی پۆست بە سەر شەریکەکانیدا زۆرێک پۆست بە بەتاڵی ئەهێڵێتەوە تا ناوەڕاست یا کۆتاییەکانی کابینەکە، ئەم پۆستانەش هێزی یاری کردنی پێ دەبەخشن، یاریکردنێک کە هەم شەرێکەکانی ئەهێڵێتەوە لە نێو دەسەڵات و هەم لە پێش چاوی جەماوەرەکانیان لێکچوونی خۆی و لایەنەکانی دیکە زەق ئەکاتەوە بەوەی هەر کات بۆنی ئۆپۆسزیۆن بوونی کرد بە چەند پۆستێک دەمیان چەور ئەکات و دەماری ئۆپۆسزیۆن بوونیان خاو ئەکاتەوە. هەر بۆیە وەکو ئەوانی دیکە وایە، نە ئەوەتا دەستبەرداری لایەنەکانی دیکە بێت و بە تەنها نموونەی حکومڕانی جوان و ڕەشید پێشکەش بکات، نە بەشداری ڕاستەقینەش بە بەشداربووانی کابینەکەی ئەکات، بۆیە هەموو لایەنەکان خورمژیان ئەوێ، وەهاش بڕوات نە پارتی ئەتوانێ بەم جۆرە دەسەڵات قۆرخ بکات و نە لایەنەکانی دیکەش ئەتوانن جەماوەر لە خۆیان کۆبکەنەوە و هەمووان وەکو ئەو  کابرایەی لای سەرەوە هەم خورماش لە دەست دەدەن و هەم مێوژیش.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×