بڕوانامەیەک لە شەقام و تەرمێک لە بارمتە

دلێر محەمەد نوری
  2021-11-08     677
ئەگەر حکومەت باوکێکی دڵسۆز بێ و هاوڵاتیانیش ڕۆڵە بەنازەکانی، هەرگیز هۆش و جەستەی ڕۆڵەکانی خۆی ناخاتە بەردەستی کەرتی تایبەت. چارەنووسی هۆش و جەستە ناخاتە نێو بازاڕی سەوداوە. چونکە ئەگەر عەقڵ و جەستە نرخی خرایە سەر، ئەو کاتە پارەدار دەبێت بە خاوەنیان و بە کەیفی خۆی نرخی دەخاتە سەر و پێت ئەفرۆشێ و تەنها پارەداریش ئەبێت بە کڕیار لێیان ئەکڕێ. سروشتی پارەداریش وایە، هێندەی پارە لێ زیادە، ئەوەندەی ئەیانژمێرێ و هەوڵی زیادکردنیان ئەدات، ئەوەندە بیری لای بەخشینی خزمەتێک نیە بێ بەرانبەر یاخود بە بە قازانجێکی کەم. کێشەی پارەداران بە گشتی و پارەدارانی کەرتی تایبەتی ئەوەیە، ئەوان نەهاتوون خزمەت بکەن لە پاڵ  بازرگانی کردندا، بەڵکو ئەوان هاتوون بازرگانی بۆ بازرگانی بکەن. کێشەی پڕۆسەی بازرگانی کردنیش ئەوەیە کە هەمیشە لە هەوڵی قازانجی زۆرە بەرانبەر بە شت و مەکێک کە بەهای کەمترە لە نرخەکەی. لە هەمووی کێشەتریش ئەوەیە پەروەردە و خوێندن لە گەڵ تەندروستی مرۆڤەکان ببن بە کاڵا و  بخرێنە بەردەستی بازرگانی چاوچنۆکەوە. چاوچنۆکی کردن لە فرۆشتنی تەنی مرۆڤ و فێری مرۆڤ، واتا بەخشینی کەمترین زانیاری و کەمترین تەندروستی بە مرۆڤەکان بەرانبەر بە زۆرترین پارە. ئەوانەشی کە پارەیان پێ نیە، دەبێت بێ بەش بن لە هۆشمەندیی و تەندروستی. 
ئەگەر ئێمە بزانین کە کەرتی پەروەردە و خوێندن کار لە سەر عەقڵ و کەرتی تەندروستیش کار لە سەرجەستە ئەکات، ئەبێ بشزانین بۆ ئەوەی عەقڵی ڕۆڵەکانت پڕ مەعریفە بێت،  و جەستەشیان تەندروست بێت و لە دەستێکی ئەمیندا بن، پێویستە ئەو کەرتانە، بە دەستی حکومەتی باوکەوە بن و بە میهرەبانی و سۆزی نشتیمانی دایک ببەخشرێن بە ڕۆڵەکان. بەڵام کاتێک باوک لە باوەشی دایکدا خیانەت لە ڕۆڵەکانی خۆی بکات و دەست لە گەڵ بازرگان تێکەڵ بکات، ئەوا ئەبێت چاوەڕوان بین دەرچووی ئامادەیی لە شەقامەکان ببینین و تەرمی نەخۆشێکی تازە گیان بەخشیویش‌ لە ساردکەرەوەی نەخۆشخانەی تایبەت بە بارمتە بگیرێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×