ئامادەگی کەمی ژنان لە خەباتی سیاسیدا!

دلێر محەمەد نوری
  2024-02-05     102

بەشداری  سیاسیی، واتا مرۆڤ کاتەکانی بە بیرکردنەوە و شیکردنەوە و چالاکی و بڕیاردان بەسەر ببات. بۆ ئەم پرۆسەیەش، مرۆڤ پیویستی بە مۆتیڤ و کاتە.
 مۆتیڤیش واتا پاڵنەر، ئیدی پاڵنەرەکە ناوەکی بێت یاخود دەرەکی بێت، گرنگی بێپایانی ھەیە لەوەی وا لە کەسەکە بکات کە کردەی چالاکی سیاسی بە ئەرکی خۆی بزانێت.
مرۆڤ چ پیاو چ ژن بوونەوەری بزۆک و بیرکەرەوەن. مرۆڤەکان لە دانیشتنەکان و کۆڕ و کوبوونەوەکانیاندا، تەنانەت لە وتووێژەکانی ژنانی سەر تەنوربان و ژنانی گەڕەکیش، ھەمیشە خەریکی لێکدانەوە و شیکردنەوەو بیرکردنەوەن لە دۆخی گشتیدا. ئەوجا بەرھەمی ئەم بیرکردنەوانەش سادە و مەودا کورت بن یان نا. بۆئەوەی بیرکردنەوەکانیش کاریگەر بن پێویستیان بە پاشخانی مەعریفی و تاقیکردنەوە کەسییەکان و گەڕانی فیزیکی و نافیزیکیش ھەیە. لەوانەش گرنکتر، تەرجەمەکردنی ئەنجامەکانی ئەو تێفکرینەیە بۆ دەنگ و ڕەنگ و چالاکی، تاکو بگاتە ئەوانی دیکە و خەڵکانێک لە دەوری دروشمەکانی ئەو تێفکرینە کۆبکاتەوەو کاریگەری و گۆڕانکاری دروست بکات.
ئێستاش بەکورتی دەپرسم، کە ئایا ژنی کور بەھەمان شێوەی پیاوی کورد ئازادە لە گەڕان و تاقیکردنەوەی کەسی و لە بەدەستھێنانی پاشخانی مەعریفی و لە جورئەتی تەرجەمەکردن بۆ چالاکی و ئاکت؟
ئەگەر بزانین کە سیستمی پەروەردەی نەریتی ئایینی و پەروەردەیی کۆمەڵگای کوردی ناھەقی و جیاکارییەکی کوشندە دەکات لە نێوان ڕەگەزی کوڕ و کچدا. بەوەی ھەر لەو کاتەوەی کوڕ سمیڵ بۆر دەکات، ئیتر پانتایی ئازادییەکانی بەرەو فراوانی ھەڵئەکشێت بەرانبەر بە کچ. کچانیش ھەر لەو کاتەوەی کە مەمکەکانیان وردە وردە گەشە دەکەن، ئیتر ئازادییەکانیشیان،  وردە وردە ڕووەو تەسکبوونەوە دەڕوات. ئەمە یەکەم ڕێگری ژنانە لە بەدەستھێنانی پاشخان و تاقیکردنەوەو گەڕان و ھۆکاری کوشتنی مۆتیڤیشە بەوەی کاری بیرکردنەوە و تەگبیر و چالاکی سیاسی ژیان بۆ پیاوان جێبھێڵێت.
فاکتەری کات زۆر گرنگە؛ ئایا ئەرک و وەزیفە کۆمەڵاتییەکانی ژیان ھەر لە چێشتخانە و ساڵۆنی لەدایکبوونەوە تا دەگاتە گارگە گەورەکانی تەکنەلۆجیا و ژوورەکانی بڕیارە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵاتی و مەعریفییەکان، بەیەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا دابەشکراوە؟ ئایا فرەکاتی پیاو بەھی ژن بەراورد دەکرێت؟
وەڵام و شیکردنەوەی ئەو پرسیارانە، ئەو نیشانەی پرسیارەی سەرەوەمان بۆ دەگۆڕێت بە خاڵ. دەنا ھەموو ئەو بیرکردنەوە سیاسییانەی پیاوێک دەرزی ئاسا ئەیانژەنێ لە دونیای سیاسییدا، بۆ واڵاکردنی دەرگای چالاکییە سیاسییەکان؛ ژنێکیش دەتوانێت سوژن ئاسا ھەمان شت بکات.
لێرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە بەڵێ بێ گوومان، کەمی بھشداری ژنان لە چالاکی سیاسیدا، کێشەیەکی گەورەیە. چونکە گەر لە ڕووی زمانەوانیەوە لە وشەی مرۆڤ بڕوانین دەبینین، لە ھەموو زمانەکانی دونیادا مرۆڤ بەواتای ژن و پیاویش دێت! تۆ کە دەڵێی مرۆڤێک ھات..، مرۆڤێک شتێکی وت یان کردی..! ئەوا دیار نیە ژنە یان پیاو. کاتێکیش فۆڕم و خەسڵەتی ئەو مرۆڤە دیاری دەکەیت، ئیتر ژنێتی و پیاوێتی مرۆڤەکە لێرەوە دەردەکەوێت. ئاشکرایشە ئەو لەتەمرۆڤەی تا ئێستا و بە درێژایی مێژوو لە کایەی سیاسییدا بڕیار بە دەست بووە، پیاو بووە. کەواتا یەک جۆر خەسڵەت و تایبەتمەندێتی مرۆڤ بڕیاری لە سیاسەت و مێژووی مرۆڤایەتی بە مێ و نێریشەوە داوە. دەرئەنجام گۆی زەوی ئەمڕۆ کە ئیرەیی پێ نابرێت لە کاولکاری و پیسبوون، بە پەتای جەنگ و کێشە ژینگەییەکان، ھەمووی بەرھەمی بڕیار و مەعریفەی پیاوە. ئاخۆ ئەگەر ژنان وەکو لەتە مرۆڤەکەی دیکە، بە نیوە بەشی خۆیان بەشدارییان ببووایە، ئەوا ئەو بەرئەنجامە بەرھەمھاتووە، کە بە تەنھا بە خانەکانی مێشکی پیاو پێی گەیشتووین، بەم شێوەیە دەبوو؟ ئایا گەردوون ھەر بەم پۆخڵییەی ئێستای دەبوو؟
ئێستاش کە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە جێگەو پێگەی ژنان لە کایەی سیاسیدا کەمە یاخود ونە، ھۆکاری سەرەکی پەیوەستە بە ژیانی نا ئازادی ژنانەوە. ئازادی ژن لە ھەموو کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی لە دونیادا، بە گشتی سنوردارترە لە ئازادی پیاو. ئەمە ھێندەی پەیوەندی بە وێرانەی ھزری وەحشەتناکی پیاوەوە ھەیە بۆ جەستەی ژن، ھێندە پەیوەندی بە خودی فۆڕمە ورووژێنەرە سێکسییەکەی لەشی ژنەوە نیە. تۆ تەماشاکە تەنانەت باوک و دایکی کوڕ و کچێکی، خێزانێکی ئەوروپیش، لە چوونەدەرەوەی کچ و کوڕەکەیان لە نیوە شەودا بۆ سەنتەری شارە گەورەکان، بە یەک ئەندازە دڵەڕاوکێ و ترسیان نیە. بەڵکو دڵڕاوکێیان بۆ کچەکەیان زیاترە لە کوڕەکەیان. ئەمەش بە ھۆکاری ئەوەی کە مێینە، زیاتر  رووبەڕوی دەستدرێژی ئەبنەوە، تا نێرینەکان. تۆ تەماشای کەمپەینی "می توو" بکە کە دەریخست، تەنانەت ژنانی ناودار و پلە بەرزی کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکانیش، پارێزراو نەبوون لە دەست درێژی و تەماعی پیاوان. جا ئەم ترس و دڵەڕاوکێیەی پیاوان، لە چارەنووسی ژنان و کچانی خێزانی خۆیان، ھەزاران جار زیاترە، لە کۆمەڵگا ڕۆژھەڵاتییەکاندا. ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ جیاکردنەوەی نێر و مێ لە قۆناغەکانی سەرەتای ژیانەوە و بە نامۆکردنی ئەم دوو لەتە مرۆڤەیە لە یەکترییەوە. بە مەش ھەم تەماشای پیاو وەحشەتناکتر دەبێت بۆ ژنان و ھەم ژنانیش زیاتر ڕوو بە ڕووی دەستدرێژی دەبنەوە. تۆ چاوەڕوانی چی لە زۆرێک لە پیاوانی ڕۆژھەڵاتی ئەکەی کە بۆ یەکەم جار لەشی ئافرەت بە ڕووتی، لە ڕۆژی ھاوسەرگیریدا بینیبێت؟ ئاخۆ چ گەرەنتییەک بۆ کچانی ھەرزەکار و گەنج ھەیە کە پیاوانی ھاوشانیان، لە شانۆی سیاسیدا دەست درێژییان نەکەنە سەر؟ ئایا ھەموو ئەم ھۆکارانە وایان نەکردووە کە ژنان پێویستیان بە مۆڵەت پێدان و چاودێری برا و باوک و مێرد بێت، لە بەشداری کردنیان لە کایەی سیاسیدا؟ ئاخۆ بۆ دابین کردنی کەشێکی  ئاسایش بۆ بەشداری سیاسی ژنان، پێویستمان بە پاراستنی ژنانە لە دەستدرێژی یاخود بیناکردنەوەی ئەخلاقی پیاوانە و ئاشناکردنەوەیانە بە لەتەکەی دیکەی مرۆڤ بوونی خۆیان؟
ھەموو دەرئەنجامەکانی چالاکی سیاسی پیاوانی کورد، لە کۆمەڵگەی سیاسی و ناوەندی بڕیاردا، بە دڕێژایی مێژوو، سەلماندوویانە کە، بەرھەمەکەیان ئیفلیج و ناتەواو بووە. ھەر ئەمەشە گرنگی بەشداری ژنانمان لەو کایەیەدا بۆ ئەسەلمێنێ. ھەر بۆیە دەبێت ھوشیاری کۆمەڵایەتی بڵاوبکرێتەوە لەم بارەیەوە. ھەروەھا دەبێت خێزانەکان دووبارە بە میتۆدەکانی پەروەردەیی خێزانی خۆیاندا بچنەوە. دەبێ خێزانەکان ھانی کچان بۆ بەشداری لە چالاکییەکانی ژیان بدەن و کوڕانی نێو خێزانیش، بە توانا و گاریگەری کچان ئاشنا بکەن و گیانی ھاوبەشی و کچ قبووڵکردنیان تیا ببووژێننەوە.
 ئەبێ خێزانی کورد ھەر لە تەمەنی ساواییەوە، کچان و کوڕان لە سەر بنەمای یەکسانی و وەکیەکی پەروەردە بکەن. ئەبێ ھان بدرێن کە ئەشێ کچانی ناو خێزانیش توڕە ببن، دەنگ ھەڵبڕن، بڕیار بدەن، دەنگیان لە نێو خێزاندا ببیسترێ. ناکرێ بە بێ ئەوەی ئەرکی پاسەوانی کوڕانی نێو خێزانێک بۆ کچەکانیان تۆخ بکەیتەوە و چاوەڕوانی بەشداری کچان بیت لە چالاکی سیاسی و بڕیارداندا لە داھاتوودا، چونکە تۆ ھەر لە مناڵییەوە کچەکانت بەوە ڕاھێناوە ئیتر نێرینەکانی خێزان بڕیار لە جووڵە و مەودای ھاتووچۆکانی تۆ دەدەن، بەدەڕ لە جیاوازی تەمەنیش. ئەشێ تەنانەت کوڕ  ببێ بە پاسەوانی دایکی بێوەژنی خۆیشی. بۆیە ھەتا سمێڵەکان لە ڕەمزی گەورەیی و دەسەڵات و کامڵ بوونی عەقڵ نەخرێن، خاوەن مەمکەکان دەبێ ھەر گرمۆڵە بکرێن و بشاردرێنەوە لە گۆڕەپانی سیاسەت و بڕیاردان.
باوەڕ ئەکەم ئەو ئەزموونە پێشتر لە خەباتی سیاسی و شۆڕشگێڕی کوردە چەپەکانی ڕۆژھەڵات و باشوردا، لە چلەکانەوە بۆ ھەشتاکانی سەددەی ڕابردوو بەرپاکرا، سەرەتایەک بوو بۆ خەبات و تێکۆشانی سیاسی و سەربازی تێکەڵاو. دواتر لە نێو ڕیزەکانی پەکەکەدا لە ھەشتاکانەوە تا  ئەمڕۆش بە بەرنامەتر پیادەکرا. ئەمڕۆش لە خەباتی کوردانی ڕۆژئاوادا، نەک ھیچ جۆرە جیاوازییەک لە نێوان نێر و مێ نەماوە، بگرە لە زۆر شوێندا ئەوەی بە یەکینەکانی پاراستنی ژنان کراوە بە یەکینەکانی پاراستنی پیاوان نەکراوە. ھەموومان لە بیرمانە کە چەکدارانی داعش چ ترسێکیان لە قارەمانێتی ژنان و کچانی ڕۆژئاوا لە دڵا بەرپابووبوو. جگە لەمەش لە خەباتی سیاسی پەتیشدا و لە سیستمی ھاوسەرۆکیدا چارەسەرییەکی تەواو و تەندروستییان بۆ ئامادەنەبوونی ژنان لە کایەی سیاسی و خەباتی شۆڕشگێڕیدا دەستنیشان کردووە. زۆر بە ڕاشکاوی ئەتوانم بڵێم کە ئەو جێگەیەی لە خەباتی سیاسی و چەکداریدا لە نێو کوردانی ڕۆژئاوادا بە ژنان بەخشراوە، تەنانەت لە وڵاتە ھەر پێشکەوتوو و کراوە و مۆدێرنەکانیش پیادە نەکراوە.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×