یە ئۆینەرەم یە زیفلەرەم

دلێر محەمەد نوری
  2024-03-19     226

ئەوەی مناڵی کەرکوک بێ، لەو ناونیشانە باش باش تێدەگات. ئەو دەستەواژەیە، دەستەواژەیەکی تورکمانییە و لە ھەشتاکان و پێشتریش لە نێو مناڵانی کورد و تورکمان زۆر باو بوو. ئەوە جگە لە نێو مناڵەکان، گەورەکانیش بە کاریان دەھێنا.  واتاکەشی بە کوردی (یان بەردەوام یاری ئەکەم یان تێکی دەدەم!). ئەو دەستەواژەیە ئیدیۆمێک بوو، ھەمیشە مناڵە دۆڕاو و بێ تواناکان بەکاریان دەھێنا. بۆ نموونە کاتێک کۆمەڵە مناڵێک ئەکەوتنە پێشبڕکێ لە یارییەکدا و یەکە یەکە ڕکابەرەکان ئەکرانە دەرەوە، بێ دەنگ لێی دادەنیشتن و چاوەڕوانی کۆتایی گێمەکە و تاکە براوەی کۆتاییان دەکرد. ھەتا ئێرە یارییەکە دیموکراتیانە بەڕێوە دەچوو. بەڵام ھەندێک جار یارییەکە بە ھۆی کەسێکی دڕدۆنک  و بێ توانا و نەفام تێک دەچوو. ئەمەش بە ھۆی ئەوەی بەرگەی دۆڕانی نەدەگرت و نەیدەتوانی دابنیشێت و تەماشای براوەکان بکات. ھەر بۆیە وڕکی ئەگرت و یارییەکەی تێکدەدا و بەم جۆرە ڕێگەی لەوە دەگرت کە براوەی ڕاستەقینە دەر بکەوێت. 
جا ئەگەر ئێمە واز لەو دەستەواژە تورکمانییەکە بھێنین و لەوەش بگەڕێین کە ئاخۆ ئەو ئیدیۆمە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە، دەتوانین ھەر لە ئەدەبییاتی خودی حزبێکی وەکو پارتی، ھەمان ئیدیۆممان بە کوردی دەست بکەوێت. لە دوای ئاشبەتاڵ ئیدریس بارزانی وەکو ئاماژەیەک بۆ تێکدانی ھەر شۆڕشێک کە خۆیان ڕابەرایەتی نەکەن وتبووی "گەر شۆڕشمان پێ نەکرێت، شۆڕشمان پێ تێکدەدرێت". ھەر واشیان کرد لەو کاتەوە خەریکی شۆش تێکدانن. ھەر خەریکی تێکدان (زیف کردن)ی یارییەکانن.
 گەر بە خێرایی بە مێژووی پارتیدا، لە دوای ئاشبەتاڵەوە بچینە خوارێ، لە پڕۆسەی تێکدانی شۆڕش و ڕاپەڕینەکان و گەمە سیاسییەکان و پڕۆسەکانی دیموکراسیدا. گەر ھەر ناوونیشانەکان ڕیز بکەین، دەیان نموونەمان بۆ دەردەکەوێت: کارەساتی ھەکاری، شەڕی ناوخۆی سەردەمی شاخ،  گزییەکانی ھەڵبژاردنی کوردستان لە ١٩٩٢ و پەنجا بە پەنجای حوکمڕانی لە گەڵ یەکێتیدا و کوشتنی گیانی ڕکابەری،  دەست بە سەراگرتنی داھاتی ئیبراھیم خەلیل و جەولەی نێو شارەکانی شەڕی ناوخۆ،  خیانەتی ٣١ی ئاب. مۆرکردنی  پەیماننامەی ستراتیژی لەگەڵ یەکێتی و کوشتنی پرۆسەی ڕکابەریی دیموکراسی، شەری درێژخایەنی پارتی - پەکەکە لە سەر ڕابەرایەتی و شۆڕشی نەتەوەیی و ناوچەی دەستڕۆشتوو،  تێوەگلانی یەکێتی و سەرکردەکانی لە سەفەقاتی پارە و گەندەڵی، دیسان لە پێناو کوشتنی گیانی ڕکابەری سیاسی، پەلاماردانی بارەگاکانی یەکگرتوو لە بادینان وەکو چاوترساندن و ڕێگری کردن لە تەشەنەسەندنی یەکگرتوو لە ناو دڵی زۆنی زەرددا، داخستنی دەرگای پارلەمان بە ڕووی سەرۆکی سەر بە گۆڕان لە دژی بڕیارەکانی پارلەمان لە دژی سەرۆکی پارتی،  دژایەتی کردنی پەیماننامەی دەباشان،  ڕیفراندۆم و دەرھاویژتەکانی تەنھا لە پێناو پاراستنی شکۆی سەرۆکێک و مانەوە وەکو ڕابەری نەتەوەیی، بایکۆتی یەکێتی لە سزای پشتگیری نەکردنی تەواوەتی بۆ ڕیفراندۆمەکەی بارزانی، سزادانی یەکێتی لە کەرکوک لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە و ئەنجامنەدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەن بۆ دیاری کردنی پارێزگارێکی دیکەی یەکێێتی لە جیاتی ڕاکان جبوری، ئاژاوەنانەوە و پشێوییەکانی ئەم دواییەی گەڕەکی ڕەحیماوای کەرکوک، بەر لە ھەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە، ڕێگری کردن لە یەک لیستی و یەک دەنگی لە ھەڵبژاردنەکانی کەرکوکدا و ڕێکنەکەوتن لە سەر دانانی کوردێکی سەر بە یەکێتی بە پارێزگاری کەرکوک لە جیاتی عەرەبێکی شۆڤێنی. ھەموو ئەمانەی سەرەوە و زۆری دیکەش پێمان دەڵێن کە پارتی حزبی گرێ کوێرەکانە، نەوەکو بەشێک لە چارەسەر.  
 ھەر کاتێک یارییەکی سیاسی بە ئارامی کۆتایی ھاتبێت ئەوە بە واتای ئەوەبووە کە پارتی براوەی یەکەم بووە. ئەگەر پێکەنینی کۆتایی بۆ پارتی نەبووبێ، ھەرگیز پارتی نەیھێشتوو کەسێکی دیکە پێبکەنێت. 
بە کورتی و بە کرمانجی پارتی حزبی ھێزە نەک جەماوەر، حزبی دەسەڵاتە نەک ئۆپۆسزیۆن. پارتی نە بەرکەی دۆڕان ئەگرێ و نە برا بچووکی قبووڵە. بەڵکو پارتی ھەر حزبیش نیە،  پێکھاتەیەکی خێڵەکییە، خوێنی خۆبەزل زانینی خێڵەکی بە دەمارەکانیدا ھاتوچۆ ئەکەن. پارتی لەوەتەی ھەیە یان خاوەن حزب و سەرۆکی ڕابەر بووە، یان نەیھێشتووە کەس ئەو ناونیشانانەی لێ زەوت بکات، دەنا مێزەکەی بە سەردا وەرگێڕاوە. ئەوەی ماوەتەوە لێرە ئەوەیە کە ئاخۆ ھەلومەرجی ئەمجارەی گەمەکە ڕێگە بە پارتی دەدەن یارییەکە لەوانی کە تێک بدات؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×