کورد و فەلەستینی کێ قەرزداری کێیە؟

دلێر محەمەد نوری
  2023-10-10     313

هەرچ کاتێ نشتیمان خانی خێزانی مامەڕیشە ئەدوێنن، باس لە بەشداری مامەڕیشە و بریندار بوونی ئەکات، شان بە شانی فەلەستینییەکان دژ بە ئیسرائیل. هەڵبەتە مامەڕیشە یەکێک بوو لەو هەزاران خۆبەخشەی کە بەشداربوو لە جەنگی ئۆکتۆبەری حەفتاوسێ، دژ بە ئیسرائیل. بەڵام بە درێژایی شۆڕشەکانی کورد، دژ بە داگیرکارانی فارس و تورک و عەرەب، تاکە فەلەستینییەک، نەک هاوشانی کورد جەنگی نەکردووە بگرە هەمیشە لەناوچوونی کوردی بە سەرکەوتن بۆ خۆی ئەژمار کردووە.
کورد و فەلەستینی لە یەک ئەچن، بەوەی هەردووک خاک داگیرکراو و فەرامۆشکراو و بێ بەشکراون لە هەبوونی وڵات و سنورێکی جوگرافی دان پێدانراوی ئارامی سەربەخۆ. بەڵام بارتەقای ئەم لێکچوونە جیاوازن لە هەڵوێست دەربڕین بەرانبەر بە یەکدی. ڕەنگە بتوانم بڵێم، هەموو فەلەستینییەک دژی هەموو کوردێکە، بە بێ دوو دڵی. ژیان کردنم لە ئەوروپا و بەرکەوتنم بە عەرەب و فەلەستینی لێرە و لەوێ، ئەم ڕقە گەورەیەی فەلەستینی بۆ کورد لە ئاستی تاکەکەسی و دەستەجەمعیشدا، گەلێ بە ڕوونی بۆ دەرخستم. بە هۆی زانینی زمانی عەرەبییەوە گەلێ جاران خۆم لە ناحەزانی کورد گۆڕیوە و بە گوێکانی خۆم گوێم لە ڕادەی ڕقی عەرەب و تورک و فارسیش بووە بۆ کورد، لە نێویشیاندا فەلەستینی.
عەرەب دەڵێن (وشهد شاهد من قومهم) واتا یەکێک لە نێو خۆیانەوە شاهیدی بۆ داین. شاعیری فەلەستینی محمود دەروێش ١٩٤١-٢٠٠٨ کە شیعرێکی بە ناوبانگی بۆ بێکەسی کورد نووسیوە. لە پێشەکییەکیدا بۆ شیعرەکە دەڵێت: لە سەددا حەفتای عەرەب دژ بە کوردن بەڵام هیچ کوردێک دژ بە عەرەب نیە. دەڵێت کاتێ لە عەرەبەکان ئەپرسم دەڵێن کوردەکان دوژمنمانن، بەڵام کاتێک لە کوردەکان ئەپرسم دەڵێن عەرەب برامانن. کوردەکان لێم ئەپرسن بۆچی شیعرت بۆ کورد نووسیوە؟ منیش لە وەڵامدا ئەڵێم: یەکێک لەو شتانەی کورد کە سەرسامی کردم ئەوەیە کە ئەوان هیچ بووغزێکیان لە دڵدا تەنانەت بۆ دوژمنەکانیشیان نیە. 
 ئەوەی لە هەڵوێستە جیاوازەکانی کورد لەم ڕوودوانەی دوواییدا دەرهەق بە فەلەستینییەکان بۆم دەرکەوت، سەرەڕای غەدری فەلەستینی لە کورد، زۆر جیاوازە لەو ڕقە بێ بیانووەی فەلەستینییەکان بۆ کورد. ئەتوانم بڵێم  کە هەموو کوردێک دژی هەموو فەلەستینییەک نیە. گەورەترین ڕق دەربڕینی زۆرینەی کورد لە فەلەستینییەکان بێ لایەنییە لە کێشمەکێشی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل. لە کاتێدا هیچ فەلەستینییەک نیە بە ئاشکرا دژی کورد نەبێ و لایەنگری داگیرکەرانی نەکات بەدەر لە جیاوازی نەتەوەیی و مەزهەبی فەلەستینییەکان لە گەڵ داگیرکەرانی کورددا. کورد هەر بە زۆری زۆردای کراون بە دۆستی دوژمنی فەلەستینییەکان کە ئیسرائیلە. لە کاتێکدا ئەگەر ئیسرائیل دۆستی کورد بووایە، کورد ئێستا پێگەیەکی ئەبوو یان ڕۆژی بەم ڕۆژە نەدەگەیشت. نەک هەر ئەمەش بگرە ئیسرائیل هەمیشە دۆستی سەرسەخترین داگیرکەری کورد بووە کە تورکیایە. ئەم دۆستایەتییەش تا ئەو ڕادەیە گەیشتووە کە هاوکاری سیخوڕیشی بۆ بکەن لە دەستگیرکردنی ئۆچەلاندا. بەرابنەر بەمانەش، هەر بە ئاشکرا هەموو دوژمنەکانی کورد دۆستی فەلەستینن و لە هیچ شکستێکی کورد بەرانبەریان، فەلەستینییەکان خۆشی و شادی و پاڵپشتی خۆیان نەشاردۆتەوە. لەم ڕووەوە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال و داگیرکردنی عەفرین و گرتنی کەرکوک نموونەی دیاری ئەمانەن. 
سەرەڕای ئەوەی هیچ کات کورد دوژمنیاتی بۆ گەلی فەلەستینی دەرنەبڕیوە و بگرە هاوکاری و دۆستایەتیشی کردووە، بەڵام ئەمڕۆ لە نێو ئیسلامییەکانی کورد بە گشتی و ئیخوانی و وەهابی و سەلەفییەکانی بە تایبەتی هێڵێکی دژە ئیسرائیل و پاڵپشتی توندی فەلەستینییەکان پەیدابوون. من تەواو تێگەیشتنم بۆ ئەم گرووپانە هەیە، بەوەی ئەوان هەموو شتێک بە پێودانگی ئایین و مەزهەب ئەپێون. مەسەلەی فەڵەستین و فڕێدانە دەریای جووەکان بە کارێکی خودایی و حەتمی ئەزانن و خۆیان ئەرکدارکردووە کە باوەڕی پێبێنن و کاری بۆ بکەن و هەوڵی بۆ بدەن. بۆیە بۆ ئەوان ڕۆژی دوایی و ئەرکی ئایینی گرنگترە لە ڕۆژی کورد و ئەرکی نەتەوەیی. ئەوان چاویان لە حۆرییەکانی بەهەشتە نەک سەرخستنی حۆرییەکانی قەندیل و ڕۆژئاوا. ئەوان سەبی کردنی ئێزیدیانیان بە حەق زانی بۆیە پشتیان تێکردن و چاویان لێ غافڵ کرد. ئەوان تەنانەت سووتاندنی قورعانی کۆبانێ و ڕووخاندنی مزگەوتەکانی ڕۆژئاواو و کووتەک لێدان لە سەری ژینا ئەمینییەکان و بۆردومانی کەمپی مەخموور بە ڕەوا ئەبینن مادام ژیناکان سەریان ڕووتەو قورعان و مزگەوتەکان کوردین و کووتەک و پەتی سێدارە و درۆن و ڕۆکێتەکانیش ئیخوانی و مەزهەبی و ئایینین. ئەوان بە ئایین ئەرکدار کراون و لە نەتەوە داماڵدراون، بۆیە ئەوان لێیان ناگیرێت.
ئێستاشی لە گەڵ بێ، ئێمەی کورد پڕ بە دڵ دڵمان لە لای مناڵان و پیر و پەککەوتە و ژن و بێچەک و بێ دەسەڵاتدارانی فەلەستینییەکانە و هەر وەکو بێ گووناهەکانی ئیسرائیل و مناڵانی ڕۆژئاوای کوردستان و ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وپەککەوتەی باکور و بێدەسەڵاتی باشوریشە. 
بەڵام ئەشپرسم کام دڵۆپە فرمێسکی ڕژاوی فەستینییەک بۆ کورد قەرزارین تا بە هەزار دڵۆپە خوێنی کورد بۆیان بگێڕینەوە!؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×