بۆچی سەردەشت عوسمان بووە بە فیگەر؟

دلێر محەمەد نوری
  2023-05-02     341

زۆرن ئەوانەی لە سەردەشت عوسمان زیاتریان نووسیوە و لە دەرئەنجامی نووسینەکانیاندا،  کۆتایی تراژیدیشیان هەبووە. بەڵام کەمن ئەو کەسانەی، بوون فیگەری گەورەی، بوارێکی گرنگی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێمە. بۆ من، مەرگی کاوە گەرمیانی و سۆرانی مامە حەمە و ویداد حسێنیش،  به هەمان شێوەی  مەرگی سەردەشت عوسمان تراژیدین. وە هەرگیز نابێت لە بیر بکرێن. بەڵام لە نێو ئەم تراژیدیانەدا، هیچ تراژیدیایەک هێندەی مەرگی سەردەشت عوسمان، خۆی نوێ ناکاتەوە. هێندەی هاواری سەردەشت لە گوێماندا، دەنگ ناداتەوە. سەردەشت، سیحرێک لە نووسینەکانیدا هەبوو، ئەوانی دیکە کەمتر دەستیان بۆ بردبوو. ئەگەر هەمان ئەو نووسینانە، کاوە یان ویداد یاخود سۆران نووسەرەکانیان بوونایە، ئێستا ئەوان بانگیان ئەکردین نەک سەردەشت. بەراوردکردن لە نێوان ئەم کەڵە قوربانییانەدا، هیچ کات لە پێناو پلەبەندی نیە. بەڵکو لە پێناو دەرخستنی هۆکاری دەنگدانەوەی، هاواری مەرگێکی جیاوازە. هەر بۆیە نووسینەکانی سەردەشت مۆرکێکی  تایبەت بە خۆیان هەبوو. نووسینەکانی، جۆرە خەسڵەتێکیان هەبوو، کە لە لای ئەوانی کە نەبوون. هەر چۆن، خەسڵەتەکانی ڕەخنەی  ئەوانیش، لای سەردەشت نەبوون. ئەگەرچی من بۆم نیە لە نرخی کارە ڕۆژنامەوانیەکانی هەموو ئەو قوربانیانە کەم بکەمەوە. چونکە هەموویان لە جیاتی ئێمە، بەرپرسیارێتییەکی پڕ مەترسیداریان گرت بووە ئەستۆی خۆیان، بە بێ بەرامبەر.  بەڵام ئەوەی گرنگە لێرە ئەو خەسڵەتانە بناسین، کە سەردەشتی لەوان جیاکردۆتەوە.  گەر بە وردی دیقەتی هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانە بدەین، دەبینین کە هەمووان، خەریکی ڕەخنەکردنی کایەی سیاسی و ئیداری وڵات بوون. واتا هەمووان بە دوای خراپەکارییەکانی حزب و حکومەتەوە بوون. هەمووان کەم و کوڕی و گەندەڵییەکانی حزب و حکومەتیان دەخستە ڕوو. دستیان دەخستە سەر ناشرینییەکانی ئەو مێژووەی ئەوان. ئەوان دەستیان بگەیشتایە بە هەرچ دەستدرێژییەک، بۆ سەر یاسا یان خیانەت، یاخود گەندەڵکارییەک لە شوێن و ساتێکی دیاری کراودا، ڕاستەوخۆ ئاماژەیان بۆ ئەکرد و کارکتەری ئیداری و سیاسی پشتی ئەم گەندەڵکارییەیان، دیاری ئەکرد.  ئەوان تەنها بە تایبەتی باسیان لە کەیسی دیاری کراو ئەکرد و خۆیان وەکو داواکاری گشتی نمایش نەدەکرت. بەڵکو ئەوان وەکو بەرپرسیارێتی ڕۆژنامەوانی دەردەکەوتن. بەڵام ئەگەر بێین و لە سەر نووسینەکانی سەردەشت عوسمان بوەستین دەبینین، کە سەردەشت بە نزیکی، لە سەرجەم نووسینەکاندا، بە وردبینی و فەلسەفییەوە  تەماشای خیانەت و گەندەڵ کارییەکانی ئەکرد. ئەو هەوڵی دەدات بە توخمێک لە فەلسەفە، نووسینەکانی بنیات بنێ. ئەو بە ئاراستەکردنی پرسیاری کراوە، لە سەرانی کورد و لە کۆمەڵگاش، گوومانەکانی ئاراستە دەکرد. سەردەشت هەموو شتێکی ئەوت، بە بێ ئەوەی هیچ شتێکیش بڵێ. بە گشتی سەردەشت، بە دەگمەن نەبێ لە سەر کەیسێکی تایبەتی نەدەوەستا، بەڵکو خەمەکانی ناو نووسینەکانی سەردەشت، باسی لە ڕەگ و ڕیشەی گەندەڵکاری و خیانەتەکان ئەکرد. سەردەشت وازی لە کلکی مارەکان هێنابوو، خەریکی سەری مارەکان بوو. سەردەشت  سەلیقەیەکی وردی هەبوو  لە دەربڕین کە وەستانی لە سەر کەیسی تایبەتیی تێپەڕاندبوو. ئەو لە نووسینەکانیدا لەوە بووبووەوە کە باس لە گەندەڵی و خیانەت  بکات لێرە و لەوێ. ئەو ئەهات بە نووسینێکی گشتی، تانەی لە کۆی سیستمەکە و سەری هەڕەمەکان دەدا. نووسینەکانی سەردەشت مۆرکی کودەتایی هەبوو، لە ڕەخنە گرتندا. ئەو داوای گۆڕینی کۆی دەموچاوە ناشرینەکانی  ئەکرد.  ئەو ئەیوویست بڵێت تاکە هیوا کە بەوەی ئەم ئەزموونە لە حوکمڕانی خۆیدا، دەرفەتی چاکبوونی مابێ، گۆڕینێتی. ئەو هەندێ جار جیاوازی نەدەکرد تەنانەت لە نێوان ئەوانەی کە خۆیان بە فریادڕەس لە قەڵەم دەدا، لەگەڵ ئەوانەی دروستکەری نەهامەتییەکان بوون. ئەو ڕای وابوو ئەمانە لە شەیتان و بەچکە شەیتان ئەچن. سەردەشت بیرێکی تیژی هەبوو کە خوێندنەوەی تەنانەت بۆ دوای خۆیشی هەبوو. ئەو خۆی وتی من دوا دێڕی ڕەخنە نابم و دوای من، سەددان دێڕ و پەڕە و کتێب لە ڕەخنەگرتن هەڵائەیسێ. جگە لە هەموو ئەمانەش  کە وردبیتەوە لە زۆرێک لە نووسینەکانی دەبینی کارەکتەری (من) واتا سەردەشت خۆی ئامادە بوو. ئەو هەمیشە چیرۆکی بۆ ئەگێڕاینەوە  و خۆی کاراکتەرێکی سەرەکی ناو چیرۆکەکان بوو. ئەو لە ڕێگەی گێڕانەوەی ژیانی خۆیەوە وەکو گەنج، وەکو خوێندکار، وەکو کوڕە هەژار، وەکو برای چەند خوشکێک، وەکو کوڕی باوکێکی ماف خوراو و دایکێکی کوێرەوەر، وەکو هاوڵاتی، وەکو دەنگدەر... بەرانبەر بە سیاسی و سەرکردە و خێزانەکانیان ئەوەستایەوە. ئەیویست بڵێ ئەوان تاکە سەرچاوەی نەهامەتییەکانن و تەنها بە چوونی ئەوان ناشرینییەکان کۆتاییان دێت. سەردەشت لە کۆتاییدا، وەکو گیڤارا خۆی ئەنوواند. ئەگەر گیڤاڕا لە خەباتی ڕزگاریدا، بێ باک و بێ بەرانبەر هەوڵی دابێ، بێگوێدانە چارەنووسی خۆی، ئەوا سەردەشتیش  گیڤارای ڕۆژنامەگەری کوردیی بوو، هەر بۆیە بوو بە فیگەرێك. بە فیگەربوونی سەردەشت لەوەدایە، له کوێ ناوی تیرۆری قەڵەم بێت، ناوی سەردەشتیش لەوێیە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×