گوھدار لە نێوان زیندانە بچووک و گەورەکەدا!

دلێر محەمەد نوری
  2024-02-18     170

ئەگەر چی گوھدار، بە دیالێکتە شیرینەکەی بادینان واتا "گوێگر" بە سۆرانی، بەڵام گوھدار نەک گوێڕایەڵێکی باش نەبوو بۆ دەسەڵات، بگرە ئەو بێ گوێدانە دەسەڵات، ھەرچی ڕاستی بوو وتی. ھەر بۆیە گوھدار و ھاوڕێکانی، لە زیندانە گەورەکەی بادینانەوە ڕاپێچی زیندانە بچووکەکەی ھەولێر کران. 
پێتان سەیر نەبێ و سەرتان لێ نەشێوێ کاتێ دەڵێم زیندانی بچووک و زیندانی گەورە. چونکە زیندان یەک پێناسە ھەڵئەگرێت وجیاوازیان نیە ئەگەر خەسڵەتەکانی زیندان لە خۆ بگرن. جا چ گەورەبن یاخود بچووک.
زیندان بە گشتی، شوێنێکە دابڕاوە لە کۆمەڵگا ئازادەکەی دەرەوەی خۆی. زیندان بە شورای بەرز و پۆڵایین دەورەدراوە و شەو و ڕۆژ پاسەوانی دەکرێت. زیندانی نشینەکانیش ناویان زیندانییە و پاسەوانەکانیشیان ناویان زیندانییەوانە. ئەو ماوەیەی کە زیندانی نشین لە زیندان ئەمێنێتەوە بە بڕیاری دادوەرێکی ژێردەستەی مووچەخۆر و لە سەر تیشکی یاسا و ڕێسایەکی بێ عەمەل، ئەو ماوەیەیە کە زیندانی لە دونیای دەرەوەی زیندان دادەبڕدرێت. 
جا گرنگە بزانین دونیای دەرەوەی زیندانە بچووکەکەی گوھدار زێباری و ھاوڕێکانی، جیاوازییەکی ئەوتۆی لە گەڵ دەرەوەی خۆی ھەیە، تا بەمیان بڵێن زیندان و بەویان بڵێین دەرەوەی زیندان؟
ئەو زیندانەی گوھدار زێباری تیا زیندانی کرابوو، ئەگەر چی دابڕێنراو بوو لە دونیای دەرەوەی خۆی بەڵام بواری چپەکردن و جۆرێک لە ئازادی بیر و ڕاگۆڕینەوە ھەبوون، لە نێوان زیندانی نشینەکانیی نێو زینداندا. ئەمە ئەگەر ئەو ڕۆژ و مانڴ و ساڵانەی لێ دەربکەین، کە گوھدار و ھاوڕێکانی لە ژووری ئینفیرادی، زیندانی کرابوون. ئەو ژوورە ئینفیرادییەی ڕۆژگارێک (ئازادیخواز شۆڕشگێڕ!)ەکانی دوێنی پێی ئاشنا بوون و ئەمڕۆ خۆیان بوون بە جەلاد و ھەمان ئەو ئەزموونەی خۆیان، لە سەر ئازادیخواز و چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی میللەتی خۆیان تاقی دەکەنەوە.
من ھەرچەند بەراوردیان ئەکەم، ناگەمە ئەوەی دەرەوەی زیندانەکەی گوھدار و ھاوڕێکانی ھێندە جیاواز بێت لە گەڵ ناوەوەی زیندانەکەدا. چونکە دەرەوەی زیندانەکە خەسڵەتەکانی بوون بە زیندانی تێدایەوە و ھەر زیندانە. ئەوی دەرەوەی زیندانەکە لە ناوەوەی زیندانەکە جیادەکاتەوە تەنھا شیش و قەفەز و شوڕایە. دەنا دەرەوەی زیندانەکەش پڕ پڕە لە جاسوس و پاسەوان و شەق وەشێن و جەلاد. ئەوان بەم ڕۆژگار چاو لە خەڵکی سوردەکەنەوە و شەق لە ناوگەڵی مامۆستا و فەرمانبەر ھەڵدەدەن و سەر و ڕیش و بڕۆی ناڕازی ئەتاشن و زمان ئەبڕن و کامێرا ئەفڕێنن و کامێراکانی چاودێری سفرئەکەنەوە. ئەی قابیلە ئیدیۆمی "وامزانی ڕادیۆیە" لە خۆڕا پەیدا بووبێ؟ ھەر دوێنێ نانەواکەی ھەولێر کەمێک دەنگی ئازادی ھەڵبڕی. ھەر بۆ شەوێ لە برخەی خەودا، بە بەتانییەکەی خۆی لە زیندانە گەورەکەوە گواستیانەوە، بۆ زیندانە بچووکەکە. ھەر بۆ سبەینێش لە بەردەمی ھەمان ئەو مایکانەدا سیدی "وامزانی ڕادیۆیە"یان پێ لێدایەوە. ئەی لە خۆڕا نیە لە سەدد کەسدا کەسێک ناوێرێ ڕایەکی جیاواز بۆ بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی یان مایکی میدیایەک دەربڕێ، لە ترسی ئەوەی لە زیندانی شارەوە ڕەوانەی زیندانی ئاسایش و پۆلیسی نەکەن. ئاخر ھەرچۆنێک بێ زیندانی شار خۆشترە لە زیندانی ئاسایش و پۆلیس. بۆ نموونە لە زیندانی شاردا ئەتوانی گەشت بە ئۆتۆمبیل بکەی بەڵام لە زیندانە بچووکەدا ناتوانیت. لە زیندانە گەورەکەی شاردا ماڵت ھەیە و بە خێزانەوە زیندانین و بانگێشتی ئاھەنگ ئەکرێی، سەری ماڵان ئەدەی، دەچنە سینەما و سیمینار وکۆڕی شیعریش. بەڵام ئەمانە لە زیندانەکەی ئاسایش و پۆلیسدا نیە و ناکرێت.
ئێمە ساڵانێکە لە پێناوی ئازادی شێروان و گوھدار و ھاوڕێکانیان ئەنووسین و ئەڕێسین. ئەکرا ئەمڕۆ بە ئازاد بوونی گوھدار گەلێ دڵخۆش بین. بەڵام بۆ من دلخۆشییەکە ناتەواوە. چونکە ئازادی لە نێوان زیندانە بچووکەکەی کە گوھدار و ھاوڕێکانی لێیە، جیاوزییەکی ئەوتۆی نیە لە گەڵ زیندانییە گەورەکەی شار. ھەر بۆیە ئەم ئازادییەی گوھدار و ھەموو ئەوانەی دیکە کە پێشتر ئازاد بوون، ئازادبوون نیە! بەڵکو تەنھا گواستنەوەیە لە زیندانێکی بچووکەوە بۆ زیندانێکی گەورەتر. بەڵام ئەمیان، بە بێ شیش و شۆرای پۆڵایین. 
ئازادی کاتێک ئازادییە، پارێزگاری شار بە بۆینباغەکەی ڕاکێشیتە نێو لافاوەکەی پێنجی حەسارۆک و پێی بڵێی ئەمە کۆبوونەوەی ئاوە یان لافاوە؟ کێ سەبەبکارە و بۆ چارەکردن کامە ڕێکارە؟ ئازادی کاتێ تەواوە قولاپێ گیربکەی لە ئۆتۆمبێلەکەی سەرۆکی حکومەت و ڕایبکێشی بە خۆی و قافڵەکەیەوە، بۆ ناو سەربازگەکانی تورکیا لە کانی ماسی و باشیک و بامەڕنێ و بڵێی جەناب، ئەمانە چی ئەکەن لێرە؟ ئازادی کاتێک تەواوە کە یەخەی سەرۆکی ھەرێمی پێشوو بگریت و بڵێی ئەزبەنی کوا وڵاتی سەربەخۆی کوردان چی بە سەرھات؟ کوا پاسپوڕتی کوردی و کوانێ دراوسێکەی عێراق؟ ئازادی کاتێک تەواوە ملی سەرۆکی ئێستای ھەرێم بگری و پێی بڵێی کوا ئابوری سەربەخۆمان و کوا جانتا ڕەشەکەی ئاشتی ھەورامی چی بە سەرھات؟ ئەی بۆمان شی ئەکەیتەوە بەغدا و ھەرێم کامیان موفلیسە و کامیان دەست لە کامیان پان دەکاتەوە؟ گوھدار و ھاوڕێکانی لە سەر ئەم پرسیارانە ڕەوانەی زیندانە بچووکەکان کران، بۆیە ھەتا وروژاندنی ئەم پرسیارانە قەدەغە بن و وەڵامەکانیان نەدرێنەوە، شار زیندانێکی گەورەیە و ھەموو ھاوڵاتیانیشی زیندانین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×