شیلادزێ له‌نێوان په‌كه‌كه‌و جه‌ندرمه‌دا

دانا مه‌نمی‌
  2019-03-19     1507

تورکیا لە ساڵی ١٩٩٧وە باره‌گاكانی له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستاندا كردووه‌ته‌وه‌ ، ساڵ له‌ دوای ساڵ بنكه‌ی سه‌ربازی و هه‌واڵگری توركیا له‌ زۆنی زه‌رد زیاتر ده‌بێـت و پاسه‌وانیكردنیشی توندتر ده‌كرێت، وبه‌پێی زانیارییه‌ میدیاییه‌كان له‌ ئێستادا زیاتر لە ۲۷ بنكەی سەربازی تورك لە ناوچەكانی (بامەڕنێ  ٤۵ كیلۆمه‌تر له‌ باكوری دهۆك، له‌ دیرلوك ٤۰ كیلۆمه‌تر له‌ باكوری ئاكرێ  ، كانی ماسی ــ گرێ باروخێ ۱۱۵ كیلۆمه‌تر له‌ باكوری دهۆك ،  شیلادزێ، چیای سه‌رزێڕی ، باتۆفان، باشیك ، كیریبی، سینكی، زیری، كوبكی، قومری،...هتد هەیە ، هاوكات له‌گه‌ڵ هاتنی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش له‌ ساڵی ۲۰۱٤ توركیا چه‌ند بنكەیه‌كی تری لە بەعشیقە‌و سۆران‌ وله ‌ناوچه‌ی حه‌ریری نزیك هه‌ولێرو لەپاڵ كەمپی (زوممار) كرده‌وه‌، جگه‌ له‌ بنكه‌ی سیده‌كان و لە هەردوو ناوچەی (دیانا‌و چۆمان) به‌گشتی زۆنه‌كه‌ بووه‌ته‌ سه‌ربازگه‌ی تورك !

بۆردومان كردنی شیلادزێ له‌ماوه‌كانی ڕابردوو یه‌كه‌مین جارو كۆتا جاریش نابێت كه‌ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی تورك شه‌لم كوێرم هاونیشتیمانی بێ دیفاع ده‌كاته‌ ئامانج ،هه‌موو جارێكیش پاساوی هێرش و په‌لاماره‌كانی توركیا گرێدراوه‌ به‌ بوونی په‌كه‌كه‌ ،به‌هۆی بوون و بیانوی په‌كه‌كه‌ رژێمی توركیا ده‌ستی نه‌پاراستووه‌ له‌ وێرانكردنی گوندو ڕه‌زو باخ و شه‌هید كردنی هاوڵاتیانی كوردو خه‌ڵكی سڤیل و فه‌زایه‌كی ترس و دڵه‌ڕاوكێی له‌ ناوچه‌كه‌دا خولقاندووه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ و هه‌تا یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیشه‌ ،چونكه‌ به‌ پێی بنه‌مای یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان هێرش و په‌لاماردانی هه‌رێمایه‌تی و نیوده‌وڵه‌تی بۆ سه‌ر یه‌كتر پێشێلكردنی یاسایی نیوده‌وڵه‌تییه‌ .

له‌ دوای خۆپیشاندانەكانی شیلادزێ‌ ، لەسەر داوای تورکیا و ده‌زگای هه‌واڵگری میت هێزەکانی پاراستنی پارتی دەستیان کرد بە رەشبگیریی و لیدان و په‌لاماردانی هاوڵاتیانی ناوچه‌كه‌ و دەیان چالاكوانی مەدەنی‌و كەسایەتی سیاسی – رۆشنبیری و خاوه‌ن هه‌ڵوێستیان ده‌ستگیر كرد كه‌ لە ناویاندا چەند بەرپرس‌و هەڵسوڕاوێكی گۆڕان و یه‌كێتی تێدابووه‌ و جگه‌ له‌ داخستنی كه‌ناڵی ئێن ئاڕتی و گرتنی چوار تیمی ئێن ئاڕ تی، ده‌زگای پاراستنی پارتی دیموكرات زه‌مینه‌یه‌كی پر له‌ ترس و تۆقاندنیان ڕه‌خساندووه‌ ،خه‌لك له‌ دۆخێكی نائارام ونه‌بوونی سه‌قامگیری و ناجێگیری ده‌رونیدا شه‌و ڕۆژ ده‌كه‌نه‌وه‌ ،دۆخێك كه‌ تێدا خه‌لك ترسی هه‌یه‌ له‌ قسه‌كردن بۆ كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن .
به‌ڵام ده‌بێت له‌و كێشمه‌كیشمه‌ی پارتی  تێبگه‌ین كه‌ خزمه‌ت به‌ سوڵتانیزمی ئەردوغان ده‌كات دژ به‌ دۆزی رەوای گەلی كورد ، ئه‌م هه‌رێمه‌ بچوكه‌ به‌رگه‌ی جه‌مسه‌رگیری بۆ توركیا ناگرێت ،پێویسته‌ كوردستان له‌ هاوكێشه‌ی توركی بێته‌ ده‌ره‌وه‌و خۆیشی له‌ جه‌مسه‌رگیری ئیرانی بپارێزێت ، سوڵتانیزمی ئەردوگان جگه‌ له‌ ده‌سته‌مۆو كه‌ویكردنی پارتی و قیاده‌كه‌ی  ئێستا سه‌ربازو قه‌ڵاكانیشی ده‌وێت ، ئه‌ردۆگان  ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی هه‌ژمونخوازییه‌وه‌ له‌ سوریا و عێراق قوتبێكی تازەی مەزهەبی و ئاینی بخوڵقێنیت و ئیمپراتۆری عوسمانی زیندوو بكاته‌وه‌ ، هه‌ربۆیه‌ لە كەركوكەوە بۆ موسڵ و شەنگال و كۆبانێ و عەفرین و قامیشلۆو جەزیرێ و منبیج و رۆژهەڵاتی فورات خه‌ریكی جێبه‌جێكردنی پلانی هه‌ژمونگه‌رایی خۆیه‌تی و سه‌رقاڵی پاكتاوی رەگەزی و سڕینەوەی شوناس و مۆركی نەژادی و جوگرافی و نەتەوەیی كورده‌ .
له‌ ڕووداوه‌كانی شیلادزێ زمانی دیپلۆماسیه‌ت و هه‌ڵویستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌نده‌ی ڕووی له‌ خه‌ڵكی شیلادزێ بوو ئه‌وه‌نده‌ ڕووی له‌ رژێمی توركیا نه‌بوو ،ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ بۆ دڵدانه‌وه‌ی رژێمی تورك و ئیدانه‌كردنی خۆپیشانده‌رانی شیلادزێ بوو ، ئه‌گه‌رله‌ڕوانگه‌ی ئه‌خلاقی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ قسه‌له‌سه‌ر ده‌رچوون بكه‌ین ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت له‌خاكی كوردستان بچیته‌ ده‌ره‌وه‌ سوپای توركه‌ نه‌ك گه‌ریلا ،ڕاسته‌ تێبینم هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاپۆچێتی به‌ڵام گه‌ریلا ناگۆڕمه‌وه‌ به‌ جه‌ندرمه‌ ، هه‌ربۆیه‌ نه‌ جه‌ندرمه‌م نه‌ جندی ،گرنگه‌ زالم و زۆردار نه‌بین  ، وڵاتپارێزوخۆڕاگربین ،ئه‌مه‌ له‌ ڕووی ئه‌خلاق و به‌رپرسیاره‌تی نه‌ته‌وه‌یی ، خۆئه‌گه‌ریش له‌ ڕووانگه‌ی سیاسییه‌وه‌ هه‌ڵویسته‌كانمان ده‌رببڕین دیسانه‌وه‌ له‌ ۹۰ % به‌ڵــێ بۆ ده‌رچوونی تورك له‌ خاكی كوردستان و له‌ ۱۰% بۆ په‌كه‌كه‌ كه‌ پێویسته‌ ناسكی دۆخی سیاسی و زروفی كوردستانی له‌به‌رچاوبگرێت .

پارتی هه‌لومه‌رجێكی دروست كردووه‌ كه‌ له‌ نێوان جه‌ندرمه‌و گه‌ریلا ، ئۆجه‌لان و ئه‌ردۆگان لایه‌نێكیان هه‌ڵبژێرین ، پارتی  لایه‌نه‌كانی ترو خه‌ڵكی كوردستانی به‌ لۆژیكی یان دۆستی ئه‌ردۆگان و ئاكپارتی یانیش دژی ئۆجه‌لان و په‌كه‌كه‌ گه‌مارۆ داوه‌ ، خۆ ئه‌گه‌ر بڕیار بێت ناچار بین له‌ نیوان جه‌ندرمه‌و گه‌ریلا ،ئه‌ردۆگان و ئۆجه‌لان ،ئاكپارتی و په‌كه‌كه‌ هه‌ڵبژێرین ، به‌رپرسیاره‌تی ئه‌خلاقی ئینسانی و نه‌ته‌وه‌یمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دژی توندوتیژی و فۆڕم و سیاسه‌تی ترساندنی كۆمه‌ڵگا بین ،ئه‌وه‌ی كه‌مێك ڕێزی خۆی و له‌ئاست به‌رپرسیاره‌تی ئه‌خڵاقی نه‌ته‌وه‌كه‌یدا بیت ،نه‌فره‌ت له‌ ئه‌تاتورك و ئاكپارتی و ئه‌ردۆگانیزم ده‌كات .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×