سلێمانی له‌ناو گه‌مه‌ی دیكتاتۆره‌كاندا

دانا مه‌نمی‌
  2019-01-18     1844

سلێمانی شاری ده‌سته‌مۆنه‌كراو نه‌كۆیلایه‌تی قبوڵه‌ نه‌بێده‌نگ ده‌كرێت، شارێكه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی سه‌ربه‌رزو شكۆمه‌ندن به‌جوامێری‌و فیداكاری‌و خودئاگایی‌و شاری دروستبوونی ڕه‌خنه‌ی لۆژیكی‌و فكرگه‌رایی‌و نه‌به‌ردی‌و نه‌به‌زی و هه‌ستانه‌وه‌و هه‌ڵمه‌ت‌و قورانیدان‌و شارستانیه‌ته‌ شارێكه‌ بۆ شارنشینان نه‌ك بۆ خزمه‌تی شاكان!

سلێمانی شاری شۆرش وبەرخودانە، شاری عه‌وله‌سیس‌و سالم‌و نالی‌و مه‌حوی‌و شەریف پاشاو پیرەمێردو مستەفا یا ملکی وئەمین زەکی‌و بێ کەس ونەجەمەدین ملاو زێوەرو نوری شێخ سالح‌و حەمدی ساحێب قرانە، شاری گواستنەوەی شۆرشه‌ لەشاخەوە بۆ شارو خاوەنی سەروەری تێکۆشان مەڵبەندی ۱۲ سوارەی مەریوانە.

سلێمانی سه‌رچاوه‌ی هێزی جوڵاندن‌و قوربانیدان له‌گه‌ڵ هه‌ستانا په‌یامی كوردایه‌تی‌و كوردبون ئه‌دا به‌گوێی هه‌موو سوڵتانێكدا،شاری هه‌موو ده‌نگێك و هه‌موو ڕه‌نگێك و سه‌روه‌رییه‌كانه‌، سلێمانی شاری دژه‌ سته‌مكاری و دژه‌ خۆسه‌پێنی‌و دژی دیكتاتۆره‌كانه‌، دیكتاتۆره‌كان له‌ خۆوه‌ دروست نابن زیاد له‌كه‌ره‌سته‌و میكانیزمێك هه‌یه‌ كه‌ هۆكاره‌ بۆ ئه‌وه‌ی دیكتاتۆر له‌گۆره‌پانی سیاسی كوردستاندا ڕۆڵی فریشته‌ ببینن، دیكتاتۆره‌كان یان له‌بێده‌نگی میڵه‌تدا دروست ده‌بن یانیش له‌خه‌باتی شاخه‌وه‌ بۆ خه‌باتی شار دروست ده‌بن، هه‌ڵبژاردنیش میكانیزمێكه‌ بۆ شه‌رعییه‌ت دان به‌دیكتاتۆره‌كان له‌ناو شانۆی سیاسی دا.

زۆرجار له‌ لاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كاندا،یانیش له‌تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان‌و مالپه‌رو سایته‌كاندا هه‌ندێك ڕۆشنبیری هه‌زیل و به‌یعه‌تگه‌ر و تاركبیریی گاڵته‌جارو زوڕناژه‌ن‌و ملهوڕی حیزبی به‌ده‌ربڕینێكی دوور له‌راستی‌و بۆ مه‌هامێكی سیاسی دیاریكراو كه‌ ده‌هۆڵی هه‌ندێك لایه‌ن گه‌رم ده‌كات گوزارشت له‌ئیرهابی فكری له‌شاری سلێمانیدا ده‌كرێت ، جارێ ئیرهاب لێكه‌وته‌كانی كۆیله‌بوون‌و به‌رهه‌می كۆیلایه‌تییه‌، به‌رهه‌می (كۆمه‌ڵ - گا)یه‌كه‌ كه‌ مێگه‌لبونی قبوڵه‌، له‌هه‌ر فه‌زایه‌كدا ترس پاڵنه‌ری هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی مرۆڤ بێت ،ئیرهابی فكری زاده‌ی ئه‌و ترسه‌یه‌و چرۆ ده‌كات، ئیرهابی فكری له‌ شارێكی وه‌كو سلێمانیدا دروست نابێت كه‌ ئازادی بڕیاردان‌و دژی سیاسه‌تی ترساندن بێت ،كه‌ترس سه‌روه‌ر بوو ئازادی كۆیله‌یه‌ ، ئاخر سلێمانی له‌ كوێدا ترساوه‌ ! سلێمانی له‌ كوێدا سیسته‌می كۆیلایه‌تی و سوڵتانیزمی قبوڵ بووه‌ ! له‌كام وێستگه‌ی ژیانیدا خاوه‌نی هه‌ڵویست و مه‌وقیفی كوردانه‌ نه‌بووه‌! 

نمونه‌ی زیندوێتی سلێمانی شاڵاوه‌كه‌ی زه‌عیم سدیق بو كه‌ ده‌یویست خه‌ڵكی سلێمانی دژی شۆڕش  بووه‌ستنه‌وه‌،به‌ڵام خه‌ڵكی سلیمانی ئاماده‌نه‌بوون گوێڕایه‌ڵی به‌عس و زه‌عیم سدیق بن، ده‌یان تێكۆشه‌ری وه‌كو مامۆستا حاجی باقی، ئه‌نوه‌ری دارتاش، یاسینی وه‌رزشوان و كه‌مالی حاجی فه‌ره‌ج شه‌هید كران‌.

خۆئه‌گه‌ریش مه‌به‌ستان ئه‌وه‌ بێت له‌ سلێمانی دا ڕیشی مامۆستای ئاینی نه‌سوتێنراو برۆی پێشمه‌رگه‌ نه‌تاشراو مامۆستا شاپتڕێن نه‌كرا و ئازادی بیروڕا و كاری سیاسی قه‌ده‌غه‌ نه‌كرا، په‌رله‌مانتار ده‌ستدرێژی نه‌كرایه‌ سه‌رو خه‌ڵك له‌سه‌ر فول لایت نه‌كوژرا به‌ڵــێ ئه‌وه‌ ئیرهابی فكری یه‌ .

هه‌موو دیكتاتۆره‌كان بۆ به‌شه‌یتانكردنی به‌رامبه‌ره‌كانیان ئه‌م جۆره‌ گه‌مانه‌ ده‌كه‌ن ، دیكتاتۆره‌كان ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ به‌كار ده‌هێنن كه‌ پێویستن بۆ مانه‌وه‌و كاریگه‌ری له‌سه‌ر خه‌ڵك هه‌یه‌ ،هیچ دیكتاتۆرێك له‌ دونیادا به‌بێ سه‌رچاوه‌ی هێزی دارایی وهێزی سه‌ربازی و رۆڵی میدیا ناتوانێت به‌رده‌وامی به‌ مانه‌وه‌ی ناشه‌رعی خۆی بدات ، میدیا توانیویه‌تی سیمای دیكتاتۆر جوان بكات ،هیزی چه‌كدار له‌بری ئه‌وه‌ی له‌ خه‌می سه‌روه‌ری مرۆڤ دا بێت ،قه‌ڵایه‌ك بووه‌ بۆ پاراستنی جه‌سته‌ی دیكتاتۆره‌كان .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×