په‌رله‌مان‌و گه‌مه‌ی پارتی‌و زمانی ته‌خوین

دانا مه‌نمی‌
  2019-04-12     1373
پەرلەمانتارانی هه‌موو دونیا لەسەر بەرژەوەندی خەڵك، موناقه‌شه‌یه‌كی جدی ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر پێویست بكات داوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی وه‌زیرو سه‌رۆكوه‌زیران هه‌تا سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ش ده‌كه‌ن، وه‌لێ له‌ كوردستان  لەسەر به‌رژه‌وه‌ندی حیزب و بنه‌ماڵه‌و خێڵ و ئیمتیازاتی شه‌خسی شینی حه‌سه‌ن و حوسێن ده‌كه‌ن! په‌رله‌مانتار ئه‌ركێكی ئه‌خڵاقی و میژووییه‌ ،خه‌ڵك چاوه‌ڕێییه‌ ئه‌زمونێكی باشی حوكمڕانی و به‌شكۆوه‌ دیمه‌نه‌كانی په‌رله‌مان ببینێت،لانیكه‌م بڕیاره‌كانی ڕێزلێگیراو بن نه‌ك كۆمیدیاو گاڵته‌پێكراو !

وه‌ك ئاشكرایه‌ پارتی به ‌بڕیارێكی نا دیموكراسی له‌ دوای ڕووداوه‌كانی ۱۲ـی ئۆكتۆبه‌ری ۲۰۱۵ ده‌رگای په‌رله‌مانی كوردستان  بۆماوه‌ی ۲ساڵ داده‌خات ،دوای ۲ ساڵ له‌داخستنی ده‌رگای په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی پێكه‌وه‌ ئه‌م په‌رله‌مانه‌ كارتۆنییه‌ بۆ شه‌رعییه‌ت دان به‌  بریاری ناشه‌رعی كاراده‌كه‌نه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ‌له‌م په‌رله‌مانه‌ كارتۆنیه‌دا بڕیاری چاره‌كه‌ مووچه‌ ، زیاد كردنی باج ، زیادكرنی سزای هاتوچۆ ، بریاری پێنه‌دانی نه‌وتی سپی ، ناشه‌فافی له‌ داهاتی نه‌وتدا ده‌یان بریاری تری كه‌ به‌ ناشرعی ده‌رچووه له‌ لایه‌ن ئه‌م په‌رله‌مانه‌وه‌ ،به‌ ئێستاشه‌وه‌ له‌م په‌رله‌مانه‌دا هه‌رچی یاسا و ڕێسایه‌ مه‌ره‌كه‌بی سه‌ركاغه‌زن و له‌ ژێر پێی به‌رپرسه‌كاندایه‌ .

 پارتی هه‌رجاره‌و كراسێكی جیاواز ده‌پۆشێ ، جارێك به‌ كه‌ڵه‌گایی په‌رله‌مان داده‌خات و جارێكیش به‌یاسایی قه‌ره‌قوش ڕیفراندۆم ئه‌نجام ئه‌دات ، جارێك شینی عومه‌ر ده‌كات و جارێكیش شینی عه‌لی ، جارێك له‌به‌ره‌ی شیعه‌یه‌ و جارێكیش له‌به‌ره‌ی سووننه‌ ، جارێك هه‌واداری ئیمام حوسێنه‌ و جارێكیش هه‌واداری عومه‌رو عوسمان ،جارێك مالیكی یه‌ و جارێكیش سه‌دری ، جارێك عه‌بادییه‌و جارێكیش حه‌كیمی ، جارێك عامری یه‌و جارێكیش قاسمی جارێك دیموكراتخوازه‌ به‌ ناوی زۆرینه‌وه‌ جارێكیش كه‌مینه‌یه‌كی ده‌ره‌به‌گه‌ ،جارێك بزوتنه‌وه‌ی گۆرانی پێ قبوڵه‌و رێكه‌وتن ئه‌نجام ئه‌دات دژ به‌ یه‌كێتی ، جارێكیش یه‌كێتی یه‌و شه‌ریكایه‌تی شاخ و شار دژ به‌ گۆران زیندوو ده‌كاته‌وه‌ ،پارتی به‌م گه‌مانه‌ یاری به‌ مه‌شاعیرو چاره‌نووسی لایه‌نه‌كان و خه‌لكی كوردستان ده‌كات ، له‌ كوێدا پێویست بێت خۆی بگۆڕێت ده‌گۆڕێت و غار ده‌دات !

دواجار پارتی دژی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی گۆران له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم پۆستێك به‌ ناوی  یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌درێته‌ یه‌كێتی ، پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان هۆشداری دابوو به‌ پارتی  لە زیادكردنی هه‌ر پۆستێك به‌ ناوی ( جێگریان یاریده‌ده‌ربۆ كاروباری سه‌ربازی) ،پارتی بۆ دڵدانه‌وه‌ی گۆران ده‌ڵێت :  ئەو پۆستەی لەسەرۆكایەتی هەرێم دەدرێتە یەكێتی لەخوار سەرۆكی هەرێم و جێگرەكەی دەبێت و دەسەڵاتیشی تەنها بۆ رێكخستنی پەیوەندی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەكانی حەفتا و هەشتایه‌ . 

بزوتنه‌وه‌ی گۆرانیش بۆ داپۆشینی به‌ڵێنه‌كانی پارتی ده‌ڵێت : یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم تەنها پەیوەندیە سەربازیەكان بۆ سەرۆكی هەرێم رێكدەخات و داواكاریەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەكانی ۷۰ و ۸۰ ش بۆ سەرۆكی هەرێم و جێگرەكەی بەرزدەكاتەوە ".هه‌رچی یه‌كێتی یه‌ لەراگەیاندنەكانەوە بانگەشەی ئەوە دەكات كە جێگری سەرۆكی هەرێمی بۆ كاروباری سەربازی وەرگرتووە وسبەینێش لەپەرلەمانی كوردستان دەنگ لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەدرێت ".

هاوكات وته‌كانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووی شێخ جەعفەرئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و بەرپرسی هێزەکانی یه‌كه‌ی حەفتای یه‌كێتی له‌باره‌ی پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆران گوتبووی " ئەگەر جێگری سەرۆکی هەرێم لە پشکی گۆڕان، ببێتە بەرپرسیاری هێزە چەکدارەکان، بەهیچ جۆرێ وەک هێزی حەفتا، گوێی لێناگرم". وته‌كانی به‌رپرسی یه‌كه‌ی حه‌فتای یه‌كێتی نیشانه‌یه‌كی ڕوونه‌ كه‌ كه‌ دوو زۆن هه‌یه‌ و پارتی و یه‌كێتی خاوه‌نداریه‌تی ده‌كه‌ن و باوه‌ڕیان به‌ ته‌داولی سوڵته‌ نییه‌و نایانه‌وێت یاسا سه‌روه‌ر بێت و یه‌كه‌ی حه‌فتاو هه‌شتای یه‌كێتی و پارتی یه‌كبخرێته‌وه‌و دامه‌زراوه‌كان به‌ دامه‌زراوه‌ی بكرێن.  

پارتی له‌پاڵ خه‌ونی كاراكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ ، خه‌ونی زیندوو كردنه‌وه‌ی جه‌نگێكی میدیایشی هه‌یه‌ له‌ نێوان یه‌كێتی و گۆران ، چونكه‌ پارتی به‌بێ ناكۆكی لایه‌نه‌كان ناتونێت هه‌ناسه‌ بدات ، ناكۆكییه‌كانی گۆران و یه‌كێتی خزمه‌تێكی باشی به‌ پرۆژه‌كه‌ی پارتی كردووه‌ و پارتیش ئاگرخۆشكه‌ری ئه‌و ناكۆكییانه‌ بووه‌ و جارێك ختوكه‌ی یه‌كێتی داوه‌ دژ به‌ گۆران و جارێكیش ختوكه‌ی گۆرانی داوه‌ دژ به‌ یه‌كێتی ،پارتی خاوه‌نداریه‌تی میدیایه‌كی ته‌خوین و زه‌به‌لاح ده‌كات هه‌روه‌ك چۆن له‌ ڕوداوه‌كانی ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌ر په‌لاماری یه‌كێتی داو كراسێكی خیانه‌تی به‌ باڵای یه‌كیتی دوری و به‌زۆر كردییه‌ هێزێكی ناپاك و جاش ، یانیش چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر به‌ر له‌ وه‌فاتی ڕه‌وانشاد ( نه‌وشیروان مسته‌فا ) گرده‌كه‌یان كرده‌ تیرۆریست و تۆمه‌تباریان كردن به‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی باڵویزخانه‌ی وڵاتان ، پارتی میحوه‌ری سه‌ره‌كییه‌ و به‌رده‌وام لایه‌نێكه‌و لایه‌نه‌كانی تر ته‌خوین ده‌كات .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×