جاشایهتیو فكر
دانا مهنمی
2019-03-29   1354
باوەڕ ناكەم هیچ شتێك بەقەد ناپاكیكردن وهەڵگەڕانەوە و جاشایهتی، لەگەڵ و نیشتمان هێندە ترسناك و مەترسی داربێ، ئێمەی كورد هەر لەگەڵ مێژووی ئەو دژایەتیكردنە، لەلایەن دوژمنە زۆردارەكانی ناوەوە ودەرەوە، دەرهەق بەمیڵەتە چەوساوەكەی كورد دەكرا، لە بیر و ئەندێشەی جاهیلی ودۆزی نەزانی و ناتەباییدا، ئاسۆی ژینمان دەبینی وساویلكانە بۆدوژمنە سەر سەختەكانی دژ، بەخۆمان وخاك ونەتەوەكەمان بەداخەوە، بەوێنەی ئەمان دەبووینە ناحەز و دژ بەیەكتر، لەڕووبەڕووبوونەوەیەكی دژواردا خۆمان دەبینیەوە و بۆ سەركەوتنی داگیركەرە ڕەگەز پەرستە شۆڤێنییەكان چەپڵەمان بۆ دەكوتان و بەدڵ و بەگیان بەرگریمان لێدەكردن و خوێنمان بۆ دەڕێشتن.
فكریش وەك هەر شتێكی دی كە دەیبنین و هەستی پێدەكەین ڕەها نییە، فكریش چەكێكە و لە دەستی ئینسانە، مرۆڤ خۆی ئاڕاستەكەی دیاری دەكات، وەك چۆن هەموو شتێك بەو چەشنە بەكاردەبات كە خۆی دەیەوێت، دەتوانێت ئاواش فكر،خۆنەویستانە یان خۆپەرستانە، دەكارببات. فكر ئەو ساتە گەش و جوانە كە جغزی خود دەبڕێت و بۆ هەمووان تیشك داوێژێت، ئاخر هەر لەبەر ئەو تیشكاراییەشە بە مرۆڤانێك دەگوترێت ڕۆشنفكر یان ڕووناكبیر، چون بەو فكرە، وەك مەشخەڵ ڕێی خەڵكی ڕۆشن دەكەنەوە. بەڵام ئەدی ئەگەر بابای خاوەن بیر، كەسێكی خودپەرستی دەروونپەستی دەمارگیر بێت، ئەو كاتە پێیدەڵێن تاریكبیر، چون هزری ئەو رۆشنایی نابەخشێت، مەودای بیركردنەوەی تەسكە و لە جغزی خود و ئەو ئەڵقە بچووكانەی بە دەوری خۆیدا كێشاونی تێناپەڕێت، یانی بازنەی بیركردنەوەی تەسكە و مەوداكەی كورت و بەرتەنگە.
كەواتە ئەو كاتە فكر جوانە كە له خزمهتی ئینسان و ژیاندۆست بێت، ڕۆشنایی بێت بۆ ژیانی مرۆڤەكان، ئەو چەشنە فكرەش هەر لە مێشكی كەسانێك پڕشنگ دەدات كە ئازاد بن و كۆیلە ی هیچ كەسێك نهبن، ئەدی ئەگەر مرۆڤ كرا بە كۆیلە یان خۆی خۆی كرد بە كۆیلەی هزری ئەوانی دی، ئەوسا ئەو جاشفكرەی لێ بەرهەمدێت كە تاریك و تەنگبینە.
جاشفكر كەسێكە كە خاوەنی بیر و ڕامانی خۆیانە و خۆماڵییانە نییە لە ژیاندا، بەجێی ئەوە كۆیلەی فكری دوژمنانی خاك و نەتەوەكەی خۆیەتی، كە ئەو دوژمنانە چاوی هزریان كوێرە و لە هەرچی مۆڕاڵیتی و واتایەك بۆ مرۆڤایەتی داشۆراون. بۆ درێژەدان بە داگیركاریی ئەم وڵاتەش، هەمیشە لە هەوڵی ئەوە دان لە نەستی خەڵكەكەیدا ڕازیبوون بە قەدەری كۆیلایەتی بسەپێنن. بێگومان بۆ ئەمە فرەڕێگا دەگرنە بەر، گەوجكردن و چەواشە و پاشانیش زەبروزەنگ ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن، كۆیلەفكرانیش شوێنپێی هزری ئەوان دەلێسنەوە و فكرێك پەرەپێدەدەن كە درێژە بە چیڕۆكی ستەم و داگیركاری بدات.
جاشایەتی لە فكر بێت یان لە پیادەكردن، خۆنەبوونە، كۆیلەبوونە، خۆ سڕینەوەیە، هێڵێكی ڕاست و چەپ هێنانە بەسەر شكۆی ئینسانانەی خود. جاشی چەك بە دەست وەكو ئەوە دێتە بەرچاوم بە جێی ئەوەی لوولەی تفەنگەكەی كردبێتە دوژمنی خۆی و هاوخوێن و هاوخاكەكانی، كردوێتییە سنگی خۆی و هەر گاە فەرمانیان پێدا، دەبێت خۆی بكوژێت، ڕەنگە پتر بە پاڵنەری بەرژەوەندی ئەو كارە بكات، بۆ نموونە بۆ چەند پوولێكی قەڵب، بۆ دانەبڕان و پەراوێزنەخران لە خێڵ و هۆز، بۆ خۆ دەربازكردن لە ئاریشە كۆمەڵایەتییەكان و تد.
جاشفكر لەو كەسەش كۆڵەوارترە، چونكە جاش خۆی دەزانێت كە جاشە و بۆچیش بووەتە جاش، بەڵام جاشفكر جگە لە خۆی نە كەس دەبینێت و نە كەس دەخوێنێتەوە، خۆی لێ ونبووە، پێنازانێ خزمەتی دوژمنی خۆی دەكات، هێندەش بایی بووە ئیدی چاوەنۆریی ئەوەی لێناكرێت تۆبەیەكی بە هەق بكات و بێتەوە ڕیزی میڵەتە ستەمدیدە و بەشخوراوەكەی. كەسی جاشفكر ڕەنگە وەك من و تۆ بپۆشێت بەڵام لە ناخەوە كورد نییە، با هەر بە كوردیش گفتوگۆ بكات و بدوێت، سەد خۆزگە بە غەیرە كوردێكی ئینساندۆست كە پەیڤێكی كوردی نازانێت.