عه‌قڵ شۆرشی رۆشنگه‌ريی به‌رپا كرد

دانا مه‌نمی‌
  2019-12-20     606
دیكارت یه‌كێك بو له‌و فه‌یله‌سوفانه‌ی كه‌ له‌گومانه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد، گوته‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی كه‌ ده‌ڵێ: من بیرده‌كه‌مه‌وه‌، كه‌واته‌ من هه‌م. گومان له‌ عه‌قڵ له‌هه‌سته‌كانمان له‌مرۆڤ‌و ده‌وروبه‌رو ژینگه‌، هه‌موو شتێك به‌مرۆڤیشه‌وه‌ جێگه‌ی گومانه‌، ئه‌وه‌ی دیكارت گومانی لێی نه‌بوو ئه‌و كه‌سه‌ بو كه‌ گومانی هه‌یه‌، عه‌قڵ‌و غه‌ریزه‌ سه‌رچاوه‌ی زانین‌و مه‌عریفه‌ی مرۆڤن، مرۆڤ به‌هۆیه‌وه‌ توانیویه‌تی خۆی‌و ژینگه‌و ده‌وروبه‌رو گه‌ردون بناسێ، له‌دونیای نهێنییه‌كانی سروشت وردبووه‌ته‌وه‌.

عه‌قڵ ئه‌و پانتاییه‌ی له‌ژیانی مرۆڤدا داگیر كردووه‌ كه‌ ڕۆڵی بۆ ناسین‌و دۆزینه‌وه‌و داهێنانه‌كان له‌بواری زانست و زانیاریدا گرتووه‌ته‌وه‌، دۆزینه‌وه‌ی زانست په‌یبردن به‌ نهێنییه‌كان كاری عه‌قڵه‌، ئه‌رك‌و رۆڵی عه‌قڵ له‌ژیانی مرۆڤدا تایبه‌ت نییه‌ به‌سه‌رده‌م‌و كات‌و شوێنه‌وه‌ به‌ڵام عه‌قڵ له‌ سه‌رده‌مێكه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مێكی تر جیاوازه‌و ده‌رئه‌نجامه‌كانی جیاوازییان هه‌یه‌، هه‌ندێك جار مرۆڤ به‌گومانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ عه‌قڵدا كردووه‌، هه‌ندێك جاریش بڕواو متمانه‌ی به‌ عه‌قڵ به‌خشیووه‌، ئه‌گه‌ر حاڵه‌تی یه‌كه‌م عه‌قڵی مرۆڤ مرۆڤی هاندابێت زیاتر بپرسێت‌و بیر له‌ودیوی بینراوه‌كان بكاته‌وه‌ و له‌ ده‌لاقه‌ی جیاجیاوه‌ بڕوانێ، ئه‌وا له‌حاڵه‌تی دووه‌مدا به‌له‌خۆبایبونه‌وه‌ له‌عه‌قڵی خۆی ڕوانیووه‌.

رۆشنگه‌ری وه‌ك هه‌ر بزاڤ و وه‌رچه‌رخانێكی دیكه‌ به‌ ململانێ ده‌ستیپێكرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕه‌وتی ململانێیه‌كه‌ دیاری ده‌كات شێوازو جۆری ململانێكه‌یه‌، جۆری هه‌ر ململانێیه‌ك ده‌رئه‌نجامی جیاجیای لێده‌كه‌وێته‌وه‌، ململانێ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات جیاوازه‌ وه‌ك له‌ ململانێ له‌سه‌ر فیكرو هزرو فه‌لسه‌فه‌و تێرامانی ئه‌ده‌بی، ململانێی نێوان دوو كه‌سیش جیاوازه‌ له‌ ململانێی نیوان گروپ‌و میله‌تان، رۆشنگه‌ری قسه‌كردن بوو له‌سه‌ر ئه‌و ووته‌ و چه‌مكانه‌ی كه‌پێشتر قه‌ده‌غه‌ بوو قسه‌یان له‌باره‌وه‌ بكرێت، ئه‌گه‌ر له‌هه‌ر سه‌رده‌م و قۆناغێكی میژوویدا به‌پاساو بێ پاساو مافی پرسیاركردن و ره‌خنه‌گرتن له‌ مرۆڤ زه‌وتكرابێت كۆمه‌ڵێك هه‌وڵیاندابێ ده‌رگاكانی عه‌قڵ و لۆژیك دابخه‌ن ، ئه‌وا له‌ به‌رامبه‌ردا كۆمه‌ڵێكی دیكه‌ هه‌وڵیانداوه‌ ئه‌و ده‌رگایانه‌ بكه‌نه‌وه‌ ،رۆشنگه‌ری هات تاكو شوێنێكی دیكه‌ بۆ عه‌قڵ ده‌ستنیشان بكات كه‌ پێشتر نه‌یبوو، هات بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێ چه‌مك و گوته‌زاكان به‌پێی تێگه‌یشتنی رۆشنگه‌رییانه‌ دابڕێژرێنه‌وه‌ ، ره‌خنه‌گرتن سیمایه‌كی دیارو گه‌شی رۆشنگه‌ری بوو ،له‌وێوه‌ له‌ ده‌رگای مێژوی كۆنیدا و ده‌رگایه‌كی نوێی به‌سه‌ردا واڵا كرد .

ڕێگای به‌رده‌م هه‌نگاوه‌كانی ڕۆشنگه‌ری ته‌خت و بێ كۆسپ نه‌بوو ، ڕوبه‌ڕوی چه‌ندان كێشه‌و گرفت و ڕه‌خنه‌ بوونه‌وه‌ ، یه‌كسانكردنی زانسته‌ سروشتییه‌كان به‌ زانسته‌ مرۆییه‌كان یه‌كێك بوو له‌و ڕه‌خنانه‌ی كه‌ ڕوبه‌ڕوی فه‌یله‌سوفانی ڕۆشنگه‌ری بویه‌وه‌ ، فه‌یله‌سفانی ڕۆشنگه‌ری پێان وابوو بۆ ناسینی مرۆڤیش ده‌توانرێ هه‌مان میتۆد به‌كار بهێنرێت كه‌ پێشتر نیوتن بۆ زانسته‌ سروشتیه‌كان به‌كاری هێنا ، به‌ڵام هه‌نگاوه‌ خێراكانی ڕۆشنگه‌ری متمانه‌ی ڕاده‌به‌ده‌ری به‌خشییه‌ عه‌قڵ ، ئه‌فسانه‌و خه‌یاڵی پوچی كه‌ڵه‌كه‌بووی سه‌ده‌كانی تر نه‌یتوانی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ته‌وژمه‌ عه‌قڵانی و ره‌خنه‌گرانه‌ی ڕۆشنگه‌ریدا خۆی ڕابگرێ و هه‌ره‌سی هێنا.

به‌ درێژایی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست سیسته‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تی وه‌ك سیستمێكی سیاسی - ئابوری شه‌رعیه‌تی له‌و یاسا و ڕێساو دام و ده‌زگای ئاینی مه‌سیحییه‌وه‌ وه‌رده‌گرت ، كڵێسه‌ی ئاینی به‌شێك بوو له‌ سه‌رخانی كۆمه‌ڵگاو ژێرخانه‌كه‌یشی ده‌ره‌به‌گایه‌تی پڕیكردبویه‌وه‌ ،فیكری سیاسی و فیكری ئاینی ته‌واوكه‌ری یه‌كتر بوون ،كۆمه‌ڵگا له‌ دۆخێكدا بوو كه‌ سه‌رخانه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ژێرخانه‌كه‌ی نه‌ده‌گونجا ،پێویستی به‌سه‌رخانێ:ی گونجاوتر بوو  بۆیه‌ ئه‌ركی بیرمه‌ندانی ڕۆشنگه‌ری ئه‌وه‌بوو چاوێك به‌ دۆخی سیاسی - ئابوری سه‌رده‌مه‌كه‌دا بخشێننه‌وه‌و له‌ فۆڕمێكی نوێدا فۆڕمه‌له‌ی بكه‌ن ، هه‌ڵبه‌ت دیارده‌ی گۆرانكاری له‌هه‌ر قۆناغ و سه‌رده‌مێكدا بێت ئاسان و بی هه‌ورازو نشێوی نییه‌، چونكه‌ تایبه‌تمه‌ندی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ئاسانی واز له‌ یاساو داب و نه‌ریت ناهێنێ و به‌شێكه‌ له‌ خه‌یاڵگه‌ و هه‌ست و نه‌ست ، ئه‌ریك فرۆم ده‌ڵێت : ئێمه‌ ناتوانین درك به‌ پیداویستییه‌ واقیعی و ڕاسته‌قینه‌كانمان بكه‌ین، تنها ئه‌گه‌ر هوشیاری ساخته‌مان بگۆڕین به‌ هوشیاری ڕاسته‌قینه‌ ئه‌وكاته‌ ده‌توانین په‌ی به‌ راستیه‌كان ببه‌ین. دواجار ده‌بێ هه‌وڵی رۆشنبیرو روناكبیرانی كورد ئه‌وه‌بێ كه‌ ڕووی راستی دیارده‌كان ئاشكرا بكه‌ن و سنوره‌كانی ئه‌فسانه‌و واقیع و راستی و خه‌یاڵپڵاوی لێكجیابكه‌نه‌وه‌.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×