كوشتنی مرۆڤ‌و بێده‌نگی كۆمه‌ڵگاو شه‌ڵته‌ره‌كانی ژنان

دانا مه‌نمی‌
  2018-12-24     1930

توندوتیژی هەڵگری پێناسەی جیاوازە خۆی لەچەندین کاری جیاوازدا دەبینێتەوە کە لەلایەن کۆمەڵگاو خێزانەوە بەرامبەر ژنان ئەنجامدەدرێت، بەڵام دیارترین پێناسەی توندوتیژی بریتیە لە "هەرکردەوەیەك ببێتە هۆی ئازاردانی جەستیی یاخود دەرونی ژنان دەچێتە چوارچێوەی توندوتیژیەوە.



ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ له‌نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان لەساڵی ٢٠١٧دا ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەیان بڵاوکردەوە کە زۆرترین توندوتیژیان تێدا ئەنجام دەدرێت، له‌دوا ئه‌فغانستان‌و كۆلۆمبیا وڵاتی عێراق رێزبه‌ندی سێیه‌می ڕاپۆرتی ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ بوو بۆ توندوتیژی دژی ژنان كه‌ بەهۆی ناجێگیری باری ئەمنی‌و خراپی دۆخی سیاسی‌و داب‌و نه‌ریت‌و هه‌ژموونی ئایین ئه‌نجامده‌درێت، دوای وڵاتی عێراق به‌هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ وڵاتانی مالی، میانمار، سۆمال، باشوری سودان، هەرێمی دارفور، سوریاو یەمەن، لەڕیزبەندی ئەو وڵاتانەدان كه‌ توندوتیژی تێدا ئه‌نجام دراوه‌.



توندوتیژی بەرامبەر بەئافرەتان بەبیانوی پاراستنی شەرەف ھێشتا بەشێکە لەواقیع‌و ژیانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەی کوردییش لەو پەتایە بەدوور نییە، هەواڵی دڵتەزینی سێوان قادرنوری بووەتە باسی گەرمی خەڵکی باشووری کوردستان ،جارێکی دیکە ژنانی کورد بوون بەقوربانی کولتوری پیاوسالاری‌و لەژێر پاساوی پاراستنی شەرەفدا ده‌كوژرێن، کولتورێک کە جوگرافیاو سنوورەکان ناناسێت‌و لەناخی مرۆڤی كوت‌و کوێره‌وه‌ سنوره‌كان ده‌برێت‌و مرۆڤبون ناناسێت ئاسوده‌ی ژیان ده‌شێوێنیت.



له‌هیچ كۆمه‌ڵگایه‌كی پێشكه‌وتوو و زیندووی مرۆڤایه‌تیدا خه‌ڵك لەئاست هاوشێوه‌ی ئەنجامدانی‌ ئەم تاوانە وکوشتنی سێوان قادر نوری و منداڵه‌كانیدا بەئاسانی بێدەنگ نابن ، به‌ڵام له‌كۆمه‌ڵگای كوردیدا بێده‌نگی لێده‌كرێت و ئه‌م كه‌یسانه‌ به‌ لاریدا ده‌برێن و دیزه‌ به‌ ده‌رخۆنه‌ ده‌كرێن ، چونکە لەلایەک سیستەمی حکومڕانی له‌ كوردستان یارمه‌تیده‌ره‌ بۆهێشتنەوەی سوونەت وبیروباوەڕی کۆنەپارێزی خێڵ دژ بە ئازادی ئینسان و دواجاریش ژنان، لەلایەکی ترەوە خودی ڕێکخراوناوەند و شه‌ڵته‌رەکانی‌ داکۆکی و بەرگری کاری پاراستنی ماف وئازادی یەکانی ژنان بێ کاریگەروبێ ڕۆح و بێ وزه‌و لاوازن لە کوردستاندا و به‌شێكن له‌ سێبه‌ری حیزب و كار بۆ درێژكردنه‌وه‌ی جه‌سته‌ی حیزب له‌ ناو جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگادا ده‌كه‌ن .



بەدرێژایی ته‌مه‌نی كاركردنی رێكخراو شه‌ڵته‌ره‌كانی ژنان نەیانتوانیوە خۆیان لەبەرگی حیزبایەتی بێنە دەرەوە ڕاستگۆیانە ودڵسۆزانە کاربۆبەدیهێنانی مافەکانی ژنان بكه‌ن ،سه‌رباری ئه‌وه‌ی بەشێك له‌و شه‌ڵته‌ره‌كانی ژنان لەژێر ناوی (ژنان وئافره‌تان وخانمان) دا کۆکی وبەرگری لەفەرهەنگ وبیروباوەڕی‌ دژبه‌ ژنان ده‌كه‌ن وبەرگری لەگەشەی بیروباوەڕی کۆنەپەرستی وکۆنەخوازی دەکەن پاساو بۆژن کوژەکان دێنەوە گەورەیی تاوانەکان بچوک دەکەنەوە!



دواجار كوشتنی ئینسان ،كوشتنی شار، كوشتنی كولتورو شارستانیه‌ت ،داخستنی سینه‌ما‌و گه‌له‌ری‌ ، كرده‌یه‌كی قێزه‌وه‌ن‌و وه‌حشیگه‌رانه‌یه‌ ،چونكه‌ گوزارشت له‌  كوشتنی هه‌موو به‌ها مرۆیی‌و ئه‌خلاقی‌و شارستانی‌و كولتورییه‌كانی سه‌رجه‌م ئینسانه‌كان ده‌كات ،ئاخر شار ته‌نها شه‌قام و كۆڵان و گه‌ڕه‌ك و به‌رزكردنه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌كانی حیزب نیه‌ هه‌روه‌ك چۆن مرۆڤ به‌ته‌نها بریتی نییه‌ له‌ دووقاچ و ده‌ست و چاو! شار فه‌رهه‌نگ و كولتور و شارستانیه‌ته‌ ،شار ده‌نگ و زایه‌ڵه‌ی زیندوی بونه‌وه‌ری رۆحله‌به‌رو زیندووه‌ ، شار سه‌فه‌ركردنه‌ به‌ناو رۆحی مرۆڤه‌كانی ترو ئاشنابوون و عه‌شقبونه‌ به‌ یه‌كتر !ڕێزگرتنه‌ له‌ جیاوازییه‌كانی یه‌كترو خولقاندنی فه‌زایه‌كی كراوه‌.



مرۆڤبوون هونه‌ره‌و به‌زانست و خوێندن نییه‌و بۆچاكسازی بۆكوردایه‌تی بۆ بنیاتنانی تاك و رێكخستنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا پێویستیمان به‌مرۆڤبوونه‌، مرۆڤبوون فه‌لسه‌فه‌یه‌كه‌ پێویسته‌ له‌ زاتی كه‌سه‌كاندا ئاوێته‌ ببێت و بوونی هه‌بێت ،هوشیاری و خود ئاگایی ئه‌ومیتۆده‌یه‌ كه‌ فه‌لسه‌فه‌ زاتیه‌كه‌ ده‌دۆزێته‌وه‌ ،به‌ئاگاهاتنه‌وه‌ی مرۆڤ له‌ بێ ئاگایی مه‌عریفه‌یه‌كی تایبه‌ته‌ كه‌له‌گه‌ڵ رۆحماندا باڵاده‌كات .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×