ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌بارزانی باوكه‌وه‌ بۆ بارزانی كوڕ

دانا مه‌نمی‌
  2019-10-04     1436
مه‌سرور به‌رزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم دوای سوێند خواردنی له‌په‌ڕله‌مانی كوردستان، هێڵه‌ گشتییه‌كانی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می خسته‌ڕو له‌باره‌ی چاكسازییه‌وه‌ وتی: ڕوبەڕوی گەندەڵی دەبینەوەو ئامانجمان چاكسازییە، بەرامبەر گەندەڵكارو سەرپێچیكاران نەرمیی نانوێنین.

پێشتریش مه‌سعود به‌رزانی چەندینجار بەرنامە‌و پلان‌و پڕۆژەی‌ بۆ چاكسازيی ڕاگەیاند، دواترینیان له‌مانگی شوباتی ساڵی ۲۰۱٦ بوو كە چەند بڕیارێكی دەركرد بۆ پێداچونەوە بەمیلاكاتی هێزە ئەمنی‌‌و سەربازییەكان، نەوت‌و داهات‌و خەرجییەكان، هەیكەلیەتی كارگێڕی‌ حكومەت، گشت زەویە كشتوكاڵی‌و گەشتوگوزاریەكان، موڵكەكانی‌ حكومەت، سیستمی‌ وەبەرهێنان لەگەڵ ڕێكخستنەوەی‌ تەواوی‌ ئەو سێكتەرانە، هه‌روه‌ها ئەو كۆمپانیایانەی بەشێوەیەكی نایاسایی دەوڵەمەند بون‌و لەگەندەڵیدا تێوەگلاون ئیجرائاتیان لەگەڵدا بكرێت،  ئه‌وه‌ی مه‌سعود به‌رزانی له‌ ساڵانی ڕابردوو گوتویه‌تی سپێردراوە بە لیژنەو لیژنه‌یش ئەنجامەكەی دیارنییە، ماوەتەوە ڕۆژانی داهاتوو دڵنیابن كابینه‌كه‌ی مه‌سرور به‌رزانییش ده‌یسپێرێت به‌لیژنه‌و له‌كۆتاییدا هه‌ركارێك بسپێردرێت به‌ لیژنه‌ فاتیحای له‌سه‌ر بخوێنه‌!

كارنامه‌ی كابینه‌یی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم پارتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و گۆڕان دایانناوه‌ ، به‌شێكی كارنامه‌كه‌ تەرخانكراوه‌ بۆ چاكسازیی‌و ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی، ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی لە قۆناغی دروستبون و سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆنەوە لەساڵی ۲۰۰۹وه‌ به‌رده‌وام دروشمی زۆربه‌ی پرۆژه‌كانی پارتی بووه‌ و بێ ئه‌وه‌ی هیچ هه‌نگاوێكی له‌و بواره‌دا نابێت شتێكی ئەوتۆی‌ لێ سەوز بوبێت،  دروشمی ڕوبه‌ڕووبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و چاكسازی بۆ خەڵكی كوردستان به‌ڵێنێكی نوێ نییه‌و تائێستا دیارنییە مەسرور به‌رزانی چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكانی گەندەڵی‌و پڕۆژەكانی پێشووتر بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی دەكات !

جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌و هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌لێ  ئاسان نییه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی مافیای گه‌وره‌ له‌ناو ده‌سه‌ڵاتدا له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی ڕێگری ده‌كات، حزبیش ڕۆڵی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌ پارێزگاریكردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان هه‌یه‌ بۆیه‌ پرسی چاكسازی بابه‌تێكی ئاسان نییه‌. گه‌نده‌ڵی‌ دیارده‌یه‌كی‌ جیهانی‌‌و سنووری‌ وڵاتانی‌ تێپه‌ڕاندووه‌، سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگه‌كان گه‌نده‌ڵییان به‌خۆیانه‌وه‌ بینیوه‌، هه‌ندێك له‌ حكومه‌ته‌كان هه‌وڵیان داوه‌ ته‌نیا له‌ رێگه‌ی‌ ده‌قه‌ یاساییه‌كانه‌وه‌ ڕوبه‌ڕووی گه‌نده‌ڵی ببنه‌وه‌ ، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون ،چونكه‌ یاسا به‌ ته‌نیا له‌ توانایدا نییه‌ گه‌نده‌ڵی‌ كۆنترۆڵ بكات ،به‌تایبه‌ت گه‌نده‌ڵی كارگێری و دارایی تۆڕێكی‌ ئاڵۆز‌و به‌یه‌كداچووه‌و زۆر به‌ وردی‌ چنراوه‌ ، له‌ پشتی هه‌ر گه‌نده‌ڵكارێكه‌وه‌  كۆمه‌ڵه‌ به‌رپرسێك پشتیوانی ده‌كه‌ن كه‌ پۆستی‌ جیاجیایان هه‌یه‌‌و له‌ شوێنی‌ جیاجیای‌ حكومه‌تداری دا زه‌مینه‌ بۆ گه‌نده‌لكاری خۆش ده‌كه‌ن له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی و حه‌زو خولیا یه‌ك ده‌گرنه‌وه‌.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×