دیموکراسی و هەڵبژاردن لە کۆمەڵگای دواکەوتوودا

دانا مه‌نمی‌
  2021-09-07     597
هەر حیزبێک بتوانێت گوزارشت لە واقیعی ئەو کۆمەڵگایە و خواستی چین و توێژو هێزە کۆمەڵایەتییەکانی نێو کۆمەڵگا بکات ، ئەوا ئەو حیزبەگەشە دەکات و پێچەوانەی ئەم دەربڕینەیش هەر ڕاستە ، جەبری کۆمەڵایەتی زۆرجار حیزبێک ناچار دەکات لە هەڵبژاردنەکاندا کەسێکی بێتوانا و بێ وزە بە کوردییەکەی پۆخڵەوات کاندید بکات بۆ هەڵبژاردن چونکە خواستی کۆمەڵگایان لەسەرە جا هەر چەندە کەسانێکی ئاستنزمیش بن ، بە نمونە لە پەڕلەمانی کوردستان چەندین پەڕلەمانتار هەیە کە شیاوی ئەوەنەبوون بچنە پەڕلەمان و ببنە پەرلەمانتار ، بەڵام بەهۆی پێگەی کۆمەڵایەتی و کاریگەری بنەماڵەکەی بووەتە ئەمری واقیع بەسەر حیزبەکەیەوەو بەناچاری ملکەچی ئەو واقیعە دواکەوتوویە ببن لەپێنا بە دەستهێنانی دەنگی خەڵک . 


هەموو کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو تەسلیم بە واقیعێکی کۆنەپەرستییە و زۆر بە زەحمەت پایەکانی دیموکراسی دەچەسپێت و بە زەحمەتیشهێزەکان دەبنە دیموکراتخواز ، گۆڕانکاری ڕیشەیی کۆمەڵایەتیش نایەتەدی و حیزبەکانیش لەناو ئەم جۆرە فۆڕمەی کۆمەڵگادا زیاتر کاریانلەخۆڕازیکردنی خەڵکە نەک پەروەردەکردن و فێرکردن  ، خۆئەگەر حیزبێک لە ناو ئەم پێکهاتە خێڵەکییەدا بیەوێت گۆڕانکاری بکات و دژایەتیسیستەم و پێکهاتەی خێڵ و عەشیرەت بکات ، ئەو کاتە لە ناو کۆمەڵگاو ئەو پێکهاتە خێڵەکییەی کە کۆمەڵگای ڕەنگڕێژ کردووە لاواز دەبێت وڕۆڵ و کاریگەری لە واقیعە کۆمەڵایەتیەکەدا لە دەست ئەدات ، لەناو حیزبە کوردستانیەکاندا پارتی دیموکراتی کوردستان زیاتر لە هێزەکانیتر مۆرکی خێڵەکی هەڵگرتووە و هێزێکە زیاتر عەقڵی خێڵ هەڵیدەسوڕێنێت و خودی پارتیش دیدو ڕوانینێکی خێڵەکییانەی هەیە بۆ ژیان ودونیای دیموکراسی و دونیای مۆدێرن و هەتا هونەری بەڕیوەبردن ، ترسی ئەم حیزبە لە گۆڕانکاری لە دەستدانی پێگە و سەنگ و قورساییەخێڵەکییەکەیەتی کە لە گۆڕانکاری و چاکسازیدا کۆمەڵگا سودمەند دەبێت و خەڵکانێکی بەرژەوەندیخواز و مشەخۆریش زیانمەند دەبن ، بۆیەپارتی لە ترسی لە دەستدانی خەلکانێکی مشەخۆر و گەندەلکار نەخۆی دەگۆڕێت و بیریش لە گۆڕینی سیستەمەکە و گۆڕانکاری و چاکسازیناکاتەوە دواجاریش پارتی وەک حیزبێکی کۆنەپارێز ئەو نەریتانە زیندوو دەکاتەوە کە کۆمەڵگای خێڵەکی پێویستی پێیەتی و بەرهەمهێنانەوەینەریتی کۆنەپارێزی خێڵەکییانە یەکێکە لە پێداویستییەکانی حیزبە کۆنەپاریزەکان و بەشێکە لە هێزی مانەوەیان لەناو کۆمەڵگای دواکەوتوودا . 


کەواتە لەم ڕووەوە سیستەمی دیموکراتی و هەڵبژاردن نەک ئیمکانی نییە کۆمەڵگا ڕزگار بکات لە  مێنتەڵییەتی خێڵ و حیزبی کۆنەپارێز بەڵکودەبێتە کەرەستە و ئامرازێکیش بۆ موزایەدەی سیاسی ، پاشان بەهۆی نەبوونی هوشیاری کۆمەڵگا خەڵک وا دەزانێت چوار ساڵ جارێک تەنهامافی هەڵبژاردنی هەیە نەک مافی لێپرسینەوە و ئیدی حیزبی براوە ئازادە چۆن هەڵسوکەوت دەکات و دەستکراوەیە لە هەر شتێک تا چوارساڵی تر !! ئەمە هەڵەیەکی کوشندەیە و کۆمەڵگا خۆی بۆخۆی دەخولقێنێت ، کۆمەڵگای زیندوو هوشیارو بەئاگا پاشەکشە ناکات لەبەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانی ڕێگە نادات حیزب و حکومەتەکان زوڵم و نادادی و کەڵەگای لە سیاسەتدا بکەن و  سەروەری یاسا پێشێلبکەن و زیان بە بەرژەوەندی و چاکەی گشتی بگەیەنن ، ئیرادەی کۆمەڵگا سنوردار ناکرێت لە چوار ساڵ جارێکدا ڕۆژێکی بە دەستەوەیە بۆسزادانی حیزبەکان ، لەکاتێکدا هێزێکی وەکو پارتی لەو رۆژەدا هەموو ئیمکانی خۆیان دەخەنەکار بۆ بێ بەهاکردنی هەڵبژاردن و لە ڕێگەیتەزویرەوە ئیرادەی کۆمەڵگا تێک دەشکێنن . 


بە داخەوە پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردی پێکهاتەیەکی پچڕپچڕ و ناڕێکخراو و یەکڕیز نییە، ئەمەش تایبەتمەندی و ڕەنگدانەوەو هەستیمێنتەڵییەتی خێڵە بەسەر کۆمەڵگاوە کە هێشتا بەدوای پاراستنی بەرژەوەندی شارچێتی و بنەماڵەچێتی و مەزهەب و تەریقەتەوەیە ،لێرەداهێزە سیاسییەکانیش ناتوانن کاریگەری ئەم تایبەتمەندییانە نادیدە بگرن و هەر حیزب و هێزێکی سیاسی بەشێک لەو پێکهاتە پچرپچرەیلەخۆگرتووەو کۆمەڵگایان بە حیزبی کردووە ، لەم دۆخەدا کۆمەڵگاش ناتوانێت گۆڕانکاری جەوهەری بهێنێتە دی ،چونکە کۆمەڵگا بە حیزبیکراوەو شتێک نامێنێتەوە بە ناوی کۆمەڵگای مەدەنی ڕاستەقینە تا بتوانێت هوشیارانە سنوری دەسەڵات دیاری بکات و دەسەڵاتیش ملکەچبکات بۆ سیستەمێکی دیموکراسی ، خۆئەگەر کۆمەڵگایەکی مەدەنیش لە هەناوی کۆمەڵگایەکی خێڵەکیدا لە دایک بێت ئەوەندە لاوازە ناتوانێتببێتە هێزێکی کاریگەر و حکومەت ناچار بە گۆڕانکاری بکات ، بۆیە کۆمەڵگا بۆ ڕزگاربوونی خۆی نابێت پشت بە هێزە سیاسییەکان ببەستێتو چاوی لەوە بێت سەرکردەیەکی دادپەروەر و چاکەکار بێتە سەر دەسەڵات و تا سیستەمێکی ئەوپەڕی دیموکراسی و دادپەروەری بۆ بنیاتبنێت ، ئەم جۆرە ڕوانینە هی مرۆڤە بێ ئاگا و دەست و پێ سپییەکانە کە هەمیشە نزا دەکەن خودا فریشتەیەکیان بۆ بنێرێت ، بە دەردی نیچەدەڵێت ؛ مرۆڤەکان دەبێ خۆیان سۆپەرمانی خۆیان بن .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×