دوو ئیدارەییو بەیاننامەكەی كاك شێخ لاهور ئەی هەڵوێستی پاڤڵ تاڵەبانی؟
دانا مهنمی
2021-03-05   2111
هەر هێزێكی سیاسی لە هەر قۆناغێكدا بوبێتە هاوپەیمانی پارتی و شەراكەتی پارتی كردبێت بچوك بووەتەوەو كاریگەری خۆیشی لە گۆرەپانی سیاسی دا لە دەست ئەدات ، شەراكەت لەگەڵ پارتی هەڵەی سیاسییە لەبەر ئەوەی پارتی خاوەنی فیكر و عەقلێكی تەندروست نییە و بڕوای بە دیموكراسیەت و دونیای پلۆرالیزم جیاوازی دیدو روانینی ئینسانەكان و هونەری ڕەخنەگرتن نییە ،پارتی لە هەموو ڕێكەوتنێك دا خۆی لە بەلێنەكانی شەریكەكانی دەدزێتەوە ،كابینهی نۆیهم كە پارتیەكان پێی دەلێن كابینەی براگەورە ! لهڕووی سیاسی ودیپلۆماسی و یٔابووری و دابینكردنی پێداویستیهكانی خهڵك شكستی هێناوه وهەستیش بە نەهامەتیەکانی خەڵک ناكهن و نە یٔامادەی چاکسازیەکی ڕاستەقینەن ، نە دەسەڵاتیش بەجێ دەهێڵن ، ،بێتوانان لە چارەسەری قەیرانەکان و بێباکن لە یٔاست خراپبوونی گوزەرانی هاوڵاتیان،سەرباری هەموو ئەمانە یەكێك لە گرفتە قوڵەكان لە كابینەی برا گەورەدا ! كلتوری هێرش و پەلاماردان یەكێكە لە خەونە موخابەراتیەكانی كابینەكەی مەسرور بارزانی بەم كارەی دەیەوێت كۆمهڵگا بێدهنگ بكات و تۆمەتبارانیش لهههر لێپرسینهوهیهكی یاسایی دهرباز بكات و زهمینهیهكی باش بۆ فهزایی بیدەنگی كۆمەڵگا برهخسێنێت.
رۆژی 8ی8ی2020 لەسەر جیاوازی بیرورا و ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی ناتەندروستی پارتی و كابینەكەی مەسرور بارزانی كە بە عەقڵی موخابەراتی كاردەكات لەلایەن پێنج بە كرێگیراوی دەزگای پاراستنی پارتی لە سلێمانی پەلاماردرام ،ئاشكرایە هێرشكردنه سهر یٔێمهباجی ههڵویستی ڕەخنەگرانەی راستگۆیی و ههقبێژیی و ڕاشكاوییمان بوو له پێناو چاكهی گشتی دا، بەڵام ئەوەی كە هەرگیز چاوەڕێ نەبووم ڕوبدات ئەوەبوو كە پارتی لە سلێمانی بتوانێت و دەستكراوەبێت بۆ هێرشكردن و پەلاماردانی نوسەران و ڕۆژنامەنوسان ،لەبەر ئەوەی لە شارێكدام پێی دەوترێت پایتەختی ڕۆشنبیری شاری ئازادی ڕادەربڕین ! لەقەڵەمڕەوی هێزێكی سیاسیدام كە تەمەنێك لە پێناو ئازادی ئینسانەكان شۆرشی كردووەو خەبات و قوربانیدانەكانی لە پێناو پاراستنی گیانی چەوساوەكاندا بووە ،بۆیە نابێ له پایتەختی ڕۆشنبیریدا قهڵهمی یٔازادی هیچ ئینسانێك بشكێندرێ .
دوای دەرچونم لە نەخۆشخانە لەپەیامێكدا ئەنجامدەرانی ئەو كارەم خستە ئەستۆی پارتی و دەزگای پاراستنی پارتی لە سلێمانی ،لە خۆمانەوە پەنجەی تۆمەت بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دڕێژ نەكردووە و تفەنگیش بە تاریكییەوە نانێین ،ئێمە زیاتر لە دە ڕۆژ بەر لەوەی پەلاماربدرێین دەزگای پاراستنی پارتی لە سلێمانی لەلایەن كەسێكەوە بە ناوی (ش .ك.ش.س) پەیامی هەڕەشەئامێزی خۆی پێگەیاندین ،دواجار قسەی خۆیان بردە سەرو پەلاماریان داین هەر ئەوەش چاوەڕوان دەكرا لە پارتی كە حەفتا ساڵە شکست لەپاش شکست، تەسلیم بوون، دۆڕان و هەڵهاتن، ملکەچی و ناپاکی، گەندەڵی و ویژدان فرۆشتن، هێرش و پەلاماردان و سەركوتكردن ، بێ مۆڕاڵی ، لەسیما دیار و ناوازەکانی پارتییە ، ئاشكرایە پێشتریش دەزگای پاراستنی پارتی دەستی هەبووە لە هێرش و پەلاماردان و رفاندن و كوشتنی نوسەران و ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان ،ئەوەش نیشانەی ترسە لە دەنگی ئازادو قەڵەمی بوێر و مرۆڤی ھەقبێژ ،ئەمەش نیشانەی ترسەو پارتی هێزێكی ترساوەو ترس پاڵنەری هەڵسوكەوتەكانی پارتی دەكات بۆیە پەلاماردان و رفاندن و هێرشكردنە سەر رۆژنامەنوسان یان چالاكوانان و پەرلەمانتاران بە چارەسەر دەبینیت.
رۆژانی دواتر لە بنكەی پۆلیسی ئیبراهیم ئەحمەد شكاتم لە دەزگای پاراستنی پارتی و مەسرور بەرزانی كرد ، لەبەردەم دادوەری بەڕێز داوام كرد یاسا سەروەر بێت و بكەران دەستگیر بكرێن نەبینە قوربانی تراویلكەی سیاسی و بەرژەوەندی حیزبایەتی و داواشم كرد لە دادوەری بەڕێز كە بێلایەنانەڕۆڵی خۆی لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەو ئاشكراكردنی ئەم كەیسەدا بگێرێت . تائێستا بكەرانی ئەو كارە نەگیراون وبابەتەكەیش دیزە بە دەرخۆنە كراوە ، پارتی وەك چۆن لە قەڵەمڕەوی خۆیدا وێرانەی بەرهەمهێناوەو دادگاو دادوەرانی تێكشكاندووە، بەهەمان شێوە لە سلێمانیش ئامانجی بێبایەخ كردن و تێکشکاندنی یاسا و دەسەڵاتی دادوەری و وێرانكردنی دادگاكانە ، ئەوكاتە هاوارم كرد دەزگای پاراستنی پارتی پەلاماری داوم زۆر كەس دیدو ڕوانینێكی تریان هەبوو ،ئەوەش ئاسایییە ئەگەر ئامانجێكی سیاسی لە پشتەوە نەبێت ، بەشێكیان لە پشتەوەی دەربڕینەكانیان ئایدلۆژیایەكی سیاسی یان هەبوو دەیانگوت پارتی دەسەڵاتی لە سلێمانی دا نییە ، بەشەكەی تری خەڵك ئەوانە بوون كە پارتی ئاراستەی دەكردن لە ڕێگەی ئەحواڵ پرسینەوە یەكێتی یان تۆمەتبار دەكرد ،ئەوانەیشی لە بازنەی گۆراندا بوون یەكێتی و پارتیان تۆمەتبار دەكرد ، بالەوە گەڕێین ڕۆژی هەینی ٢٦ی شوباتی ٢٠٢١ پەرلەمانتاری كورد دكتۆر غالب محەمەد لەبەردەم ماڵەكەی خۆی لە سلێمانی لەلایەن چەقۆ وەشێنێكەوە هێرشی كرایەسەر ،ئەم پەلاماردانە كردەیەكی تیرۆریستیەو پێویستی بە پشكنینی ووردترە، لەیەكەمین چركەی دوای پەلاماردانەكەوە كامێراكانی چاودێری وێنەی تۆمەتبارەكەیان ئاشكرا كرد و دوای ناسینەوەی تۆمەتبارەكە بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بوو كە باكگراوەندو ئینتیمایەكی سیاسی هەیە ، چەند رۆژێك دواتر دەرئەنجام لە پرۆسەی لێكۆڵینەوەدا سێ ئەفسەی پلەداری دەزگای پاراستنی پارتی لە سلێمانی دەستگیر كران و دانیان بە هێرشكردنە سەر دكتۆر غالب محەمەد و چەندین تاوانی تردا نابوو كە دژ بە نوسەران و رۆژنامەنوسان ئەنجامیان داوە ، یەكێك لەو كەیسانەی كە دانیان پێدا نابوو كەیسەكەی ئێمە بووە كە بە بریاری سەروی خۆیان ئەنجامیان دابوو ،عەقید ئاری عارف ئەحمەد ناوی چەند كەسێكی تر لە دەزگای پاراستن هێناوە كە لە پشتی ئەو كارەوە بوون .
پارتی بۆ ئازادكردنی سێ ئەفسەرەكەی دەزگای پاراستن لەئاستی باڵادا پەیوەندی بە یەكێتییەوە دەكات و داوای شاردنەوەی ناسنامەی گیراوەكان و ئازادكردنیان دەكات ، بەڵام سەركەوتوو نابێت و دواجار مەسعود بەرزانی دێتە سەرخەت و كەیسەكە لە یاساییەوە دەگۆڕێت بۆ سیاسی و پەیوەندی بە قوباد تاڵەبانیەوە دەكات و پێی دەلێت : ئەگەر زیندانیەكان ئازاد نەكەن دوو ئیدارەیی ڕادەگەیەنم و بەیانی نەچیتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران . لێرەدا دەمەوێت بڵێم هەمیشە پارتی و سەرۆكەكەی بۆ سەركوتكردنی هێزەكانی تر و پێشێلكاری یاسایی چەكی دەستیان پەنا بردن بووە بۆ دوو ئیدارەیی ! لە دیدی منەوە هەرێمی كوردستان نەك دوو ئیدارەیی پێویستیمان بە دوو حكومەتی جیاواز هەیە ،كابینەی نۆیەم پارتی سەری كابینەكەی پێكهیناوەو شەریكەكانی پارتیش پینەو پەرۆ بۆ سیاسەتە شكستخواردووەكانی پارتی دەكەن ، دەستێوەردانی سەرۆكی پارتی لە كاروباری دادگاو فشارەكانی بۆ سەر یەكێتی ،وادەكات كە شێخ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی سەرەنجی خۆی لە بەیاننامەیەكدا بۆ ڕای گشتی بخاتە ڕوو ، هاوسەرۆكی یەكێتی لە یەیاننامەكەدا ڕوو دەكاتە پارتی و مەسعود بەرزانی و دەلێت : دەستیان داوەتە كاروباری دادگا بۆ ئەوەی ئەو سێ كەسە ئازادبكرێنو كەیسەكە دیزە بە دەرخۆنە بكرێت.
ئەوەی لێرەدا وونە و بێدەنگە هەڵویستی پاڤڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكەكەی تری یەكێتی یە كە چەند مانگێك لەمەوبەر بانگەشەیان دەكرد رێگە بە هیچ كەس و لایەن و گروپێك نادەین ئارامی شاری سلێمانی بشێوێنێت؟! و دروشمیان سزادانی پێشێلكاران بوو كە بێ سزا دەرناچن و پێشێلكردنی یاساش لە هیچ كەسێك قبوڵناكەن لە هەر ئاستێكدا بێت و با هیچ كەسێكیش خۆی تاقی نەكاتەوە چونكە زەرەر دەكات؟! ئەوەی كە ماوە بلێم لە نیوان كەیسەكەی من و كەیسەكەی دكتۆر غالب محەمەد خالی لێكچوونی زۆر بوو ،ڕاستە بكەران جیاواز بوون بەڵام لە پشتی بكەرانەوە هێزێكی سیاسی پێی هەستاوە كە مانایەكی بۆ ژیانکردن و ئازادی ونان بژێوی خەڵک نەهێشتووەتەوە.