كۆربه‌ندی ئابوری داڤۆس-هێزی پاره‌و شه‌رعیه‌تدان

دانا مه‌نمی‌
  2020-01-27     408

زانای ئابوریناس "كلاوس شواب" ساڵی ۱۹۷۱ له‌ سویسرا ڕێكخراوی كۆڕبه‌ندی ئابوری له‌ داڤۆس دامه‌زراند ، ساڵانه‌ ئه‌م ڕێكخراوه‌ ناحكومیه‌ كۆده‌بێته‌وه‌و توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر دونیای ئابوری به‌ پله‌ی یه‌كه‌م و سیاسه‌ت به‌ پله‌ی دووه‌م ده‌كه‌ن ،هه‌موو سالێكیش گرێبەست و پڕۆژەی ئابووریی له‌ بواری وه‌به‌رهێناندا واژۆ ده‌كرێت ، خودی ڕێكخراوه‌كه‌ قازانج نه‌ویسته‌ ئامانجیشی بنیاتنانی ژینگه‌یه‌كی له‌باره‌ بۆ سیاسه‌ت و ئابوری پاشانیش ئامانجی سودگه‌یاندنه‌ به‌و كۆمپانیایانه‌ی كه‌ ئه‌ندامن له‌ ڕێكخراوه‌كه‌دا ، كۆمپانیا ئه‌ندامه‌كانی نێو رێكخراوی كۆڕبه‌ندی ئابوری داڤۆس ساڵانه‌ بری ۱۳ هه‌زار دۆلاری ئه‌مریكی وه‌كو ئابونه‌ ده‌ده‌نه‌ ڕێكخراوه‌كه‌ جگه‌ له‌وه‌ی بۆ به‌شداری له‌ كۆبونه‌وه‌ی ساڵانه‌ ده‌بێ پاره‌ی تر بدات .

له‌ ژێردروشمی( بنیاتنانی داهاتوویەكی هاوبەش) كۆربه‌ندی په‌نجاهه‌مینی ئه‌مساڵ له‌ داڤۆس به‌ به‌شداری سه‌رۆكی وڵاتان و سیاسه‌تمه‌دارو كه‌سایه‌تیه‌ باڵاكان و توێژه‌رو شاره‌زایانی بواری ئابوری و كەسایەتیە دیارەكانی كەرتەكانی كارو دارایی ئه‌نجام درا ، دیاترین ئەو سەرۆکانەی‌ لە کۆڕبەندی‌ ئەمساڵدا بەشدارن پێکهاتوون لە: سان مارین سەرۆكوەزیرانی فینلەندا- دۆنالد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا - غریتا سونبێرغ چالاك و داكۆكیكاری كەشوهەوا - ئورسولا فون دیر لاین وەزیری دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا - كریستین لاغارد سەرۆكی بانكی ناوەندی ئەوروپا - كریستینا جورجیڤا بەڕێوەبەری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی - ستیڤن مونشن وەزیری خەزێنەی ئەمریكا - ئەنجێلا مێركل راوێژكاری ئەڵمانیا ، پرسی گۆڕانی كەشوهەواو قەتیس بوونی گەرما - پرسی یه‌كێتی ئه‌وروپاو گەشەی ئابووری وڵاتان و ژینگه‌و كه‌شوهه‌واكه‌ی تاوتوێ ده‌كرێت - ئابوری چین و وڵاتان - ته‌نگه‌ژه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و پرسی وزه‌ی جیهانیش باس ده‌كرێت.

لۆژیكی عه‌قڵ پێمان ده‌لێت مادام كۆڕبه‌ندی ئابوری له‌ داڤۆس بۆ كۆمپانیا ئه‌ندامه‌كانی ناو ڕێكخراوه‌كه‌ به‌ پاره‌ بێت و هه‌ر كۆمپانیایه‌كیش زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زاردۆلاری ئه‌مریكی داوه‌ بۆ به‌شداربوون له‌ كۆربه‌نده‌كه‌دا، كه‌واته‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیش به‌بێ گومرگ تێنه‌په‌ریووه‌و پاره‌ی سه‌رف كردووه‌ بۆ به‌شدار بوون له‌ كۆربه‌نده‌كه‌دا و شوێنپێی خۆی كردووه‌ته‌وه‌ ،كاتێك پاره‌ ده‌بێته‌ شفره‌یه‌كی به‌هێز له‌ دونیای سیاسه‌تدا ئیدی سیاسه‌ت له‌وه‌ ده‌كه‌وێت ببێته‌ كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ چاكه‌ی گشتی ، چونكه‌ ده‌شێ پاره‌ پره‌نسیپ و به‌هاو ئه‌خلاقه‌ سیاسییه‌كان وه‌كو خۆی نه‌هێڵێته‌وه‌و كاریگه‌ری له‌سه‌ر جموجۆڵه‌ سیاسییه‌كان به‌ جێده‌هێڵێت ، پاره‌ وه‌كو ڕه‌گه‌زێكی سه‌ره‌كی به‌شداری كارای هه‌یه‌ له‌ ئیداره‌كردنی سیاسه‌تدا و ئامرازێكیشه‌ بۆ جڵه‌وكردنی جومگه‌ سه‌ره‌كی و گرنگه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگا ، ده‌كرێ له‌ ڕێگه‌ی هێزی پاره‌وه‌ كاراكته‌ری موزه‌یه‌ف ڕه‌وانه‌ی گۆره‌پانی سیاسی بكرێت و جومگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی سیاسه‌ت كۆنترۆڵ بكات و سامانی زیاتر پێكه‌وه‌ بنێت و به‌هێزی پاره‌ش شه‌رعییه‌ت به‌خۆی بدات ،ئه‌وكاتیش سیاسه‌ت له‌ عه‌قڵانیه‌ت و ئه‌رگۆمێنت و فیكرو فه‌لسه‌فه‌ و زانست داده‌ماڵدرێت و ئیدی سیاسه‌ت نابێته‌ دامه‌زراوه‌و سیسته‌م و یاسا و ڕێساو ئه‌خلاق و به‌رژه‌وه‌ندی و چاكه‌ی گشتی .  

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×