نوسینەوی بیرەوەری و كورد و نامۆبوون بە مێژوو
دانا مهنمی
2021-04-19   782
یەكێك لە قورسترین ئەركە فیكرییەكانی توێژەرو لێكۆڵەری مێژووی ڕاوەستانێكی ڕەخنەییە لە بەردەم ئەو مێژووەی كە بكەرە سیاسییەكان وەكو چیرۆك بۆ خۆیان و حیزب و سەرۆكەكانی خۆیانی دەنوسنەوە ،ئەركی توێژەی ڕاستگۆو بە سەلیقە لێكدانەوەی ئەو دەقانەیە كە قسه لهسەر مێژووی سیاسی و ژیانی سیاسی ئینسانەكان دەكەن ،ئاوكێشترین بابهتهكانی لێكۆڵینهوهن، كهسی لێكۆڵهر لهم جۆره بابهتانهدا تا درهنگتر بێته گۆباشترە لەوەی زوتر بێتەگۆو هەڵەیەك تێپەڕێت بەسەریدا ، پێویستە توێژەران و لێكۆڵەران و پسپۆڕانی ئەو بوارە خۆیان بە دوور بگرن له ههست و سۆز بۆ یار و رق له نهیار، لێكۆڵەرو توێژەری بە توانا و بەسەلیقە ئهو كهسهیه قسهی تازه و لێكۆلینهوهی گرنگ پێشكهش بكات و پشتی ڕووداوهكان بخوێنێتهوه، بهراوردی پێش و پاشی كارهساتهكان بكات، هۆكارو دهرهنجامی گۆڕانهكان بخاته ڕوو، دەبێت بابهت و ڕووداوه مێژوییهكان بهردهوام خوێندنهوهی نوێ و ههڵێنجانی زیاتریان تێدا بكرێت.
مێژوو ئەگەر پسپۆرێكی مێژووی یان توێژەرو لێكۆڵەرێكی ژیر نوسیبێتیەوە لایەنی جوان و ناشیرین ،دۆست و دوژمن ،ستەمكارو ستەملێكراو ،خیانەتكارو شۆرشگێر،شكست و سەركەوتن ،هەڵەو كەموكوڕییەكانمان بۆدەردەخات ،ئەركی پسپۆری مێژووی هەم بریتی یە لە راستکردنەوەی تێكستەكان و هەمیش پاڵفتە كردن و رێکخستنەوەی مێژوو بە فورمێكی ئەكادیمیانە بۆ ئەمڕۆ و ئایندەمان ، نوسینەوەی مێژوو یان بیرەوەرییەكان پیویستی بە پانتاییەكی فراوانی بیركردنەوەو ئەقڵی رەخنەیی و ڕەخنەی ئەقڵی هەیە ،هەرچەندە بەپێی زانستی دەرونناسی بیرەوەری نابێتە جێگرەوەی مێژوو، بەڵام هەموو كەسێكیش مافی نوسینەوەی بیرەوەری هەیە وكێشەكە لێرەدایە كە نوسینەوەی بیرەوەرییەكان زیاتر پەرچەكردارەو دۆخێکی سایکۆلۆژی و بیرکردنەوەی لای خوێنەر بەرهەمهێناوە لەوەی كە بەعس باشتر بووە لەمان ! خۆ ئەگەر بێت و بپرسین بۆ ئەو هەموو زوڵم و ستەمەتان كردووە؟ههزاران بیانووت بۆ دههێنننهوه بۆ داپۆشینی تاوانەكانیان ،بە دەردی فرۆید دەلێت "ئهگهر بێت و زۆر له تاوانبار بكۆڵینهوه دهبینه لایهنگری، چونكه ستەمكار بیانویەكی به دهستهوهیه بۆ تاوانكردن".
لەگەڵ نوسینەوەی هەر بیرەوەرییەكدا كاریگەری نەرێنی و زیانێك زیاتر لەو خودی بیرەوەرییەكان و لەو مێژووە دەدرێت كە دەمانەوێت هەڵێنجانی لەبارەوە بكەین ،هۆكارەكەیش ئەوەیە هەموو ئەوانەی كە دەست و پەنجەیان لەم كایەدا نەرم كردووە بە ناخێكی پر لە هەڵچوون بیرەوەرییان نوسیوەتەوەو نەیانتوانیووە لە نووسینەكانیاندا ئەو هەڵچوون و شێواوییە بشارنەوە، زۆرینەی بیرەوەرییەكان جۆرێك لە ورێنەیە و روداوەكانیش تێكەڵ و پێكەڵی پێوە دیارە، هەمیشە لێرەو لەوێ بە هەر کەسێک گەیشتبێتم دەرگای دڵم بۆ کردووەتەوە و تا لە توانامدا بووە، لە بارەی كاریگەرییە خراپەكانی نوسینەوەی ئەو بیرەوەرییانە پەیڤیوم ،ئەز ئەم لێشاوی نوسینەوەی بیرەوەرییە ئەوەندە زۆر و تێکەڵوپێکەڵن لە مێشک و خەیاڵماندا جێ بە یەکدی لەق دەكەن ، هێشتا لە خوێندنەوەی بیرەوەرییەك تەواو نەبوین و لە ناخماندا جێگەی خۆش نەکردووە، بیرەوەری یەكێكی دی بڵاودەكرێتەوەو خۆی بە ژووردا دەکات و بێ ئەوەی فلتەرێکی بەهێز پاڵفتەیان بکات، لە نێوان دوو بیرەوەریدا كە دژ بەیەك و بە كینەو حەقدەوە وەك پەرچەكردارێك نوسراوە ئاوی ڕووح و هەوای دەروونمان بە جارێک پیس و بۆگەن و دووکەڵاوی دەکات.
كورد نەتەوەیەكی نامۆی نێوجەنگەڵی مێژووە و ناتوانێت بەروبومی مێژووی خۆی بچنێتەوەو توانای دەربازبوونی لە باجی مێژووی نییە ، بۆ دەربازبوونی لە باجی مێژووی پێویستە كورد خۆی بناسێت و مێژووەكەی بە فلتەرێکی بەهێز پاڵفتە بکات ونوسینەوەی بیرەوەرییەكان دوور بن له ههست و سۆز بۆ یار و رق له نهیار، كورد لە ناو ئەم نامۆبوونەدا كە شكاوە هەر چەکی دانەناوە بەڵكو عەقڵیشی داناوە چونكە خودی كۆمەڵگا ژێردەستەیە و مێژووش لەناو ئەم پرۆسەیەدا فۆرم وەردەگرێت ،فۆرمێك كە كۆمەڵگای ژێردەستەو زەلیل كردووەو مێژووییەك كە بە جۆرێک نوسراوەتەوە کە بە كۆمەڵگا نامۆ بێت ، كاتێك دەلێم كورد نەتەوەیەكی نامۆی نێوجەنگەڵی مێژووە مەبەستم ئەوەیە سەرباری هەموو ئەو دەرفەت و ئیمكانییە مەعنەوی و ماددیانە نەتوانراوە دیراسەكی وردی بێلایەنانەی زانستی مێژووی بكرێت و موراڵێكی زانستی بۆ نوسینەوەی مێژوو گەشە پێبدەین ، هەتا بگرە مێژوی فیكری و كلتوریش لە داگیركاری ڕزگاری نەبووە و ئەمەش بە دیوێكی تردا زەوتكردنی ئیرادەی ئینسانی مرۆڤی كوردە كە هێشتا ئازاد نییە لەناو تراژیدیای داگیركاری و ژێردەستەیی سیاسیدایە كە كوێرانە لایەنە سیاسییەكان تەفاعول لەگەڵ مێژوی شاخ و شاری خۆیان و مێژووی فیكری و ئەدەبی دا دەكەن .