ئایا حكومه‌تی هه‌رێم په‌ند له‌خۆپیشاندانه‌كانی عێراق وه‌رده‌گرێت؟

دانا مه‌نمی‌
  2019-11-26     1050
ئه‌و بارودۆخه‌ی ئیستا كابینه‌ی نۆیه‌م‌و حكومه‌تی هه‌رێمی پێدا تێده‌په‌رێت پێویستی به‌هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردن و ڕاوه‌ستان‌و ڕه‌خنه‌ی جدی هه‌یه‌و به‌ڕاشكاوی په‌نجه‌ بخرێته‌ سه‌رگه‌وهه‌ری كێشه‌كان، به‌واتایه‌كی تر له‌نێو بۆچوونه‌ جیاوازه‌كاندا پێویستی به‌سیاسه‌تێكی عه‌قلانی هه‌یه‌ تا سیمای حوكمڕانیه‌تی كوردی به‌ره‌و باشتر هه‌نگاو بنێت و بتوانێت چاكسازیی ئه‌نجامبدات، مەبەست لەچاکسازیی"باشترکردنی بارودۆخ، ڕاستکردنەوەی هەڵەکان، نەهێشتنی گەندەڵیەکان"ە، كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ده‌نگی پێدراوه‌، په‌رله‌مانیش له‌لایه‌ن له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ متمانه‌ی پێبه‌خشراوه‌، به‌ڵام كه‌ سه‌یری واقیعه‌كه‌ ده‌كه‌ین سه‌رباری زۆری به‌ڵێنه‌ جێبه‌جێ نه‌كراوكانی كابینه‌ی نۆیه‌م خه‌ڵك دوچاری بێ متمانه‌یی بووه‌ به‌رامبه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم.

له‌كاتێكدا كه‌ خه‌ڵك خۆی ڕاده‌ستی حكومه‌تی هه‌رێم كردووه‌ ،حكومه‌تی هه‌رێمیش خه‌ڵكی ڕاده‌ستی مه‌رگ و مه‌حكوم به‌مردنی كردوون، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جگه‌ له‌چه‌وساندنه‌وه‌ی خه‌ڵك خه‌می بارودۆخی سیاسی‌و ئابووری وته‌ندروستی وكۆمه‌ڵایه‌تیشی نییه‌، ئه‌م دۆخه‌ ئاكامی هه‌ڵسوڕانی خراپی ئیداره‌دان‌و به‌رئه‌نجامی ئه‌و ژینگه‌ سیاسییه‌یه‌ كه‌ چاودێری‌و لێپرسینه‌وه‌و سزادانی تێدا نییه‌ بۆ كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌ت ،ئه‌وه‌ش وونبوونی زەمینەی ئەخلاقه‌ بۆ سیاسەت ئەوەی ئەخلاقی نوێ بەسیاسەت دەبەخشێت چاودێریكردنی عه‌قڵه‌ ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا هه‌ره‌س ومردنی ئه‌خلاقی سیاسییه‌ چونكه‌ موراڵی سیاسی ڕیشه‌یی له‌سه‌ر خێڵ داكوتیووه‌و كه‌ زۆر به‌ زه‌حمه‌ت ڕاستده‌كرێته‌وه‌، سیاسه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی عه‌قلانی پشت ده‌به‌ستێت به‌بیركردنه‌وه‌ی واقیع‌و خه‌سڵه‌ت‌و بارودۆخه‌كان، یورگان هابرماس بیرۆكه‌ی چاره‌سه‌ری عه‌قڵانی بۆ دیارده‌ سیاسییه‌كان خستووه‌ته‌ ڕوو كه‌ ڕێگاچاره‌ی ئه‌و ته‌نگه‌ژانه‌ی داناوه‌ .

ئه‌گه‌رقینی تایفه‌گه‌ریی‌و ناكۆكی سیاسی‌ كێشه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بووی سیاسی‌و ئابوری بارودۆخی عێراقیان تێكو پێكدابێت، ئه‌وا له‌كوردستانیش لێكترازانی نێوماڵی كوردی‌و ناكۆكی ناو حیزبه‌كان‌و حكومه‌ت‌و نه‌بوونی یه‌كڕیزی كه‌مترنین له‌كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی عێراق‌و پێوه‌ری مه‌حه‌كن! 

داواكاری خۆپیشانده‌رانی پارێزگاكانی باشورو ناوه‌ڕاستی عێراق دژ به‌نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری وگه‌نده‌ڵی و بێكاری  داخوازییه‌كی هه‌ق‌و پیرۆزه‌، هه‌رچه‌نده‌ هه‌وڵ ئه‌درێت به‌لاڕێدا ببردریت‌و جارێكی دیكه‌ ئازارو مه‌ینه‌تییه‌كانی هاوڵاتیان له‌به‌رگێكی سیاسیدا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ڕه‌وتیكی سیاسی - مه‌زهه‌بی بپێچرێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ مه‌رامی گه‌وره‌ له‌ پشت خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ خۆی مه‌ڵاس داوه‌، به‌ڵام توانای گه‌ل له‌ هه‌مووان به‌هێزتره‌و هیچ ده‌زگایه‌كی داپڵۆسێنه‌رناتوانێت سه‌ركوتی بكات و به‌ری پێبگرێت، ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌سته‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ په‌ند له‌خۆپیشاندانه‌كانی عێراق وه‌ربگرێت‌و ڕێڕه‌وی حوكمڕانیه‌تی سیاسی‌و ئابوری ڕاستبكاته‌وه‌ وژینگه‌و زه‌مینه‌یه‌كی له‌باردروست بكات بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی‌و ڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان‌و پرۆسه‌ی چاكسازی سیاسی‌و ئابوری ئه‌نجامبدات.

كوردستان له‌ڕووی سیاسی و ئابوری و سه‌ربازییه‌وه‌ به‌هێزتر نییه‌ له‌عێراق، ئه‌وه‌ی له‌ عێراق ده‌گوزه‌رێت ئه‌گه‌ر له‌كوردستان بێت زیانه‌كان زۆر زیاتر ده‌بێت‌و ده‌رفه‌تی زیاتریش بۆ ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی ده‌ڕه‌خسێت، بۆیه‌ پێشینان جوانیان فه‌رمووه‌ كه‌ ده‌ڵێن: كه‌ زۆر هات قه‌واڵه‌ به‌تاڵه‌، ئه‌م ده‌ربڕینه‌ له‌ژیانی ڕۆژانه‌ی كوردیدا كاتێك به‌كارده‌هێنرێت كه‌ جامی دان به‌خۆداگرتن‌و قبوڵكردنی زوڵم و سته‌م له‌ توانایی گه‌ل دا نامێنێت.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×