یادێک لە مەرگدۆستی کوردی 

دانا مه‌نمی‌
  2022-04-22     650

"تۆماس جیفرسۆن" ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر لێم گه‌رێن بڕیاربده‌م كه‌ ئایا پێویستیمان به‌حكومه‌تێكی بێ رۆژنامه‌یه‌ یان ڕۆژنامه‌یه‌كی بێ حكومه‌ته‌ ئه‌وه‌ یه‌ك چركه‌ش دوو دڵ نه‌ده‌بووم له‌هه‌ڵبژاردنی باری دووه‌م". یه‌كێك له‌پایه‌ به‌هێزه‌كانی ئازادی راگه‌یاندن، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌  بۆ وته‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی سێهه‌مین سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا”تۆماس جیفرسۆن”كه‌ پێی وابوو میدیایه‌كی ئازاد له‌وڵات‌و ده‌سه‌ڵاتێكی داپڵۆسێنه‌رو تۆتالیتار باشتره‌.

 

داهێنانی‌ ئامێری‌ چاپ له‌سه‌ده‌ی‌ یازده‌هه‌می‌ زاینیدا له‌سه‌ر ده‌ستی‌ مسگه‌رێكی‌ ئه‌ڵمانی‌  (یۆهانس گۆته‌نبرگ ) بوو، له‌و داهێنانه‌یدا هیچ سودو ده‌ستكه‌وتێكی‌ پێ نه‌بڕا له‌به‌ر سه‌رقاڵی‌‌و ده‌ستكورتی‌، كاتێک كتێبی‌ ئینجیلیشی‌ چاپ كردله‌ بیری‌ چوو ناوی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر تۆمار بكات، به‌ر له‌ گۆته‌نبرگ له‌هه‌وڵێكی‌ تردا بازرگانێكی‌ چینی‌ به‌ناوی‌ (بی‌ شینگ) هه‌بووه‌، به‌ڵام داهێنانه‌كه‌ی‌ (گۆته‌نبرگ ) شۆڕشێكی‌ مه‌زنی‌ له‌هه‌مو سێكته‌ره‌كاندا دروستكرد، چاپ ڕۆڵێكی‌ ئێجگار گرنگی‌ بینی‌ له‌به‌ره‌و پێشچوونی‌ شارستانیه‌ت  له‌ سه‌رانسه‌ری‌ دونیادا، ماوه‌یه‌ك پاش ئه‌و داهێنانه‌ ( گۆڤارو ڕۆژنامه‌) به‌شێوه‌یه‌كی‌ ڕێكوپێك چاپ‌و بڵاو كرانه‌وه‌.

 

یه‌كه‌م هه‌فته‌ نامه‌ له‌ مێژوودا له‌ شاری‌ (ستراسبۆرگ ) به‌ ناوی‌( Relation)له‌  ساڵی‌ (١٦٠٩ زاینیی) له‌لایه‌ن  (جۆن كارلۆس ) چاپ و بڵاو كرایه‌وه‌ ، یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی‌ ڕۆژانه‌یش له‌ له‌نده‌ن به‌ناوی‌ (ده‌یلی‌ گرانت ) له‌ ڕۆژی‌ (١١ی‌ ئازاری‌ ساڵی‌ ١٧٠٢ )له‌ سه‌ر ده‌ستی‌ "ئیدوارد گرانت " چاپ و بڵاو كرایه‌وه‌، دواتریش له‌ڕۆژی‌ ٢٢ی‌ نیسانی‌ ساڵی‌ ١٨٩٨ ( میقداد مدحت به‌درخان ) له‌ شاری‌ قاهیره‌  په‌رده‌ی‌ له‌سه‌ر  ڕۆژنامه‌گه‌ری‌ كوردی‌ هه‌ڵماڵی‌ و یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی‌ كوردی‌ به‌ ناوی‌ (كوردستان ) دامه‌زراند ، له‌و ڕۆژه‌وه‌ كاروان و خه‌باتی‌ میدیاكارانی‌ خاوه‌ن خود به‌ڕێوه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ په‌یامه‌كان ڕاستگۆیانه‌و كوردانه‌و ڕاشكاو بوێرانه‌ بگه‌یه‌نێت به‌ ڕای‌ گشتی‌.

 

 ئه‌گه‌ر له‌ ڕابردوو كاری‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری‌ كوردی‌ ناوبانگی‌ ‌ (گه‌ڕان به‌دوای‌ سه‌رئێشه‌دا) ده‌ركردبێت، ئه‌وا له ‌ئێستادا كاری‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ كوردی‌ (گه‌ڕانه‌ به‌دوای‌ مه‌رگدا!)، كوشتنی‌ رۆژنامه‌نووسان و گرتن و په‌لاماردانیان له‌كاتی‌ رووماڵی‌ هه‌واڵ و رووداوه‌كاندا به‌رده‌وامه‌، شاردنه‌وه‌ی‌ زانیارییه‌كان و رێگرتن له‌گه‌یشتنی‌ زانیارییەکان بە ڕۆژنامەنوسان به‌شێكه‌ له‌نه‌ریتی‌ بۆماوه‌یی‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی ، پێشێلكاری‌ و جێبه‌جێنه‌كردنی‌ به‌ندو خاڵه‌كانی‌ ناو راگه‌یه‌نراوه‌ جیهانییه‌كان ، ته‌نانه‌ت یاسا په‌سه‌نكراوه‌ خۆماڵییه‌كانی‌ كاری‌ رۆژنامه‌گه‌ریش له‌كوردستاندا حه‌قیقه‌تێكه‌ په‌رده‌پۆش ناكرێت، بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین رۆژی‌ ئازادی‌ رۆژنامه‌گه‌ریش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ره‌وشی‌ رۆژنامه‌وانی‌ كوردی‌ نابێت ئه‌گه‌ر كلتووری‌ سیاسی‌ و عه‌قڵیه‌تی‌ سیاسییه‌كانی‌ ئه‌م وڵاته‌ گۆڕانكاری‌ به‌سه‌ردا نه‌یه‌ت.

 

ئه‌م فۆرمه‌ لە مامه‌ڵه‌کردنی ناته‌ندروستی حکومەتی هەرێم له‌ ته‌ک کایه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری واقعێکی شه‌رمهێنەری بۆ ئه‌زمونی هه‌رێمی کوردستان دروستکردووه‌ ،ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێكخراوی هیومان ڕایتس ۆوچ و ڕیكخراوی پەیامنێرانی بێسنور کونسوڵخانەی وڵاتان لە هەرێم لەبارەی‌ ڕه‌وشی‌ ڕۆژنامه‌وانی‌‌و ئازادی‌ ڕاده‌بڕین و گیراوانی بادینان و سزادانی ئەو ڕۆژنامەنوسانەی كە ڕەخنە لە خێزانە سیاسییەكان دەگرن،دڵخۆشکەر نین و پێمان دەڵێن كە ئازادی ئینسانەكان زەوت كراوەو ئەم تارماییە هەڵگری دیوێکی تری مەرگدۆستی و عاشق بە كوشتن وزەبرو زەنگەو پێشێلكارییەكان ڕوو لە زیادبوونەو كەرامەتی مرۆڤبوون کڕوزیان لێ هه‌ڵده‌سێ !

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×