هه‌ركورد بوین‌و شتی تریش ئه‌بین!

دانا مه‌نمی‌
  2019-01-15     1829
1ــ ئاوڕێك له‌ 2018 سه‌ره‌تایی 2019
زۆرن ئه‌وانه‌ی كه‌ خواستی فاڵگرتنه‌وه‌ی سیاسییان هه‌یه‌، زۆرتر ئه‌وانه‌ن كه‌ درۆو مژده‌ی فشه‌ڵی سیاسی ئه‌به‌خشنه‌وه‌و نانیان له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌و له‌ بازاڕی شێواودایه‌، زۆرێكیش خواستی گرتنی وێنه‌ی سیڵفی و زوڕنا لێدانه‌ بۆ به‌رپرسه‌ فشه‌ڵ و به‌زیوه‌كانی كورد كه‌ دوای هه‌ڵهاتن له‌ كه‌ركوك هێشتا خۆیان پێ سۆپه‌رمانه‌ !

ساڵی 2018 ململانێی سیاسی له‌نێوان لایه‌نه‌كان تا ئاستێكی زۆر توند قوڵبویه‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ی خاوه‌نی حكومه‌تێكی ئیفلیج و چه‌قیوو بوین كه‌ له‌ توانایدا نه‌بوو نیوه‌مووچه‌ی فه‌رمانبه‌‌رانیش بدات، خاوه‌نی په‌رله‌مانێكی بێ هێزو بێ وزه‌و سست و لاوازیش بووین كه‌ ته‌عبیری له‌ دیوه‌خانی خێڵ ده‌كرد، نه‌ك په‌رله‌مانێكی چالاك و ئه‌كتیڤ كه‌ هه‌م یاسا ده‌ربكات و هه‌میش چاودێربێت، هاوشان به‌ حكومه‌تێكی ئیفلیج و په‌رله‌مانێكی چه‌قیوی ده‌ستی حیزب ، بێ متمانه‌ی له‌ نیوان لایه‌نه‌كان و موزایه‌ده‌ی سیاسی نیوانیان گه‌یشته‌ كه‌شكه‌ڵانی فه‌له‌ك! هه‌ندێك شینی كێڵگه‌ی نه‌وت و هه‌ندێكیش شینی پله‌و پۆستی به‌غدا! هه‌ندێك خاكفرۆش و هه‌ندێكیتر گه‌لفرۆش!

ساڵی 2018 ساڵی ته‌زویرو خیانه‌ت و ساخته‌كاری بوو ساڵی بێ شكۆبوون و بێحورمه‌تی بوو به‌ كورد ، ساڵی ئه‌نفالێكی ترو ته‌عریبێكی تری كورد بوو ،ساڵی شكستی دیموكراسی و پلۆرالیزمی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و بێده‌نگكردنی میدیای ئازاد بوو ، ساڵی به‌شه‌یتانكردنی یه‌كتر وهه‌ڵگرتنی دروشمی چاكسازی بوو ! ساڵی من له‌داخی تۆو تۆ له‌ داخی من بوو بۆ پارتی و یه‌كێتی !

نه‌ریتی هه‌موو ساڵێكی نوێ سه‌ره‌تا به‌رپرسان پیرۆزبایی له‌خه‌ڵك ده‌كه‌ن و به‌ڵێنی بێكردار بۆچاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌ خه‌ڵك ئه‌ده‌ن ،به‌ڵام ماوه‌ی‌ 28 ساڵی‌ ته‌واوه‌ خه‌ڵك له‌گه‌ڵ ئه‌و كێشانه‌ ژیان ده‌باته‌ سه‌رو شه‌كه‌تی كردوون ،ساڵی 2019 بۆ كورد ئاڵوگۆڕی دیل به‌دیلی پارتی و یه‌كێتی بوو ،ساڵی هه‌ڵكردنی ئاڵایه‌ له‌ نیوه‌ شه‌ودا ،ساڵی پێكهێنانی حكومه‌تی به‌ په‌له‌یه‌ ،ساڵی زیندووكردنه‌وه‌ی زۆنه‌كانه‌ ،ساڵی ڕازیكردنی دڵی ئێران و هه‌ژمون و هه‌ڕه‌شه‌ی توركیایه‌ ، ساڵی سوڵتانێكی ترو برسێتی و تینویه‌تیه‌كی تره‌ بۆ گه‌ل ، ساڵی موژده‌ی نوێیه‌ بۆ دووئیداره‌یی ،ساڵی هه‌ڕه‌شه‌كانی تره‌مپ و هاتوچۆی پۆمپیۆیه‌ ،ساڵی هه‌ركوردبوین و شتی تریش ده‌بین !


2ـــ كوردایه‌تی و قه‌یران خیانه‌ت
جاران كوردایه‌تی خوانێك بوو بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موومان ،كوردایه‌تی ڕه‌گه‌زو پێكهاته‌یه‌كی مێژووی كلتوری فه‌رهه‌نگیمان بوو كه‌ ڕه‌گه‌كانی شۆربوبویه‌وه‌ بۆ ناو ڕۆحمان و ئاوێته‌ی ده‌رون و ناخمان بوو ،حوكمڕانیه‌تی 28 ساڵی دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ كوردستان به‌ نه‌وت فرۆشتن و گه‌لفرۆشتن و خاكفرۆشتن وبێڕێزی به‌ ئاڵاو داخستنی په‌رله‌مانه‌وه‌ نه‌وه‌ستاو كلتورو كه‌له‌پوری كورداواریشیان كرده‌ گاڵته‌جارو سینه‌ما بۆ عه‌مامه‌و قاتی بۆكس و سمۆكن و بۆینباخ !

ئه‌حمه‌د پاشا دواهه‌مین میرنشینی بابان به‌ "كڵۆدیس جێمس ریچ" ده‌ڵێت:" تیاچوونی ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌ ئه‌نجامی دووبه‌ره‌كییه‌كانی خۆمان بووه‌، ئه‌گه‌ر عوسمانی‌و ئێرانیه‌كان ئه‌م دووبه‌ره‌كیانه‌یان نه‌كردایه‌ته‌ هه‌ل‌و دارده‌ست به‌ ده‌ست خۆیانه‌وه‌، هه‌رگیز ده‌ره‌قه‌تمان نه‌ده‌‌هاتن".

كه‌واته‌ شوناسی سیاسی مێژووی كورد به‌ درێژایی مێژوو دژ به‌ یه‌ك بوون‌و له‌ به‌رامبه‌ر یه‌ك وه‌ستان‌و خیانه‌ت له‌ یه‌ك كردن به‌شێكی تری مێژووی كورد بووه‌.و ئه‌م ناكۆكی‌و خیانه‌ته‌ش هۆكاری سه‌ره‌كی بووه‌ كه‌ كورد نه‌توانێت بگاته‌ ئامانجی خۆی‌و سوود له‌ ململانێی زلهێزه‌كان وه‌ربگرێت ، داهاتووی كورد له‌ قه‌یرانێكی قوڵی سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تی ئابوری و هه‌تا كلتوری و فه‌رهه‌نگیدایه‌ ، كورد له‌ ناو چه‌قی گۆڕانكارییه‌ندایه‌و هیچ كاریگه‌رییه‌كیشی له‌سه‌ر گۆرانكارییه‌كان و ناوه‌ندی بڕیاری زلهێزه‌كان نییه‌ ،له‌وانه‌یشه‌ توانای تێگه‌یشتنمان له‌ گۆڕانكارییه‌كان نه‌بێت ،ئه‌مه‌یش نیشانه‌ی بێ ئاگای كورده‌ ،كورد ته‌نها له‌یه‌ككاتدا تێده‌گات و به‌ ئاگا دێته‌وه‌ ئه‌ویش ئه‌وكاته‌یه‌ كه‌ ئازارێكی به‌ربكه‌وێت ،بۆ ئاینده‌ ناژین واده‌زانین دونیا هه‌ر وا به‌رده‌وام ده‌بێت ،ئه‌مه‌ش نیشانه‌یه‌كی تره‌ كه‌ بیر له‌ داهاتوو ناكه‌ینه‌وه‌ چاوه‌ڕێین له‌ ده‌ره‌وه‌ بمانگۆڕن ،ئاخر كورد میتۆدی بیركردنه‌وه‌ی له‌ كوێ بوو له‌ودیوی ژیانی خۆیه‌وه‌یه‌ .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×