کابینەی نۆیەم و ڕۆڵی سەرۆکی حکومەتی هەرێم 

دانا مه‌نمی‌
  2023-01-31     456

خراپی ڕۆڵی سەرۆکی حکومەت (مەسرور بارزانی ) لە کابینەی نۆیەم دا شکستی پلەیەک و قوڵبونەوەی ناکۆکییە سیاسی و ئیدارییەکانی بە دوای خۆیدا هێناوە ، سەرۆکی حکومەت پێناسەی حکومەتداری و هونەری بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی گۆڕیووە بۆ هونەری خولقاندنی قەیران و  دوژمنایەتیکردنی هێزە هاوبەشەکانی ناو حکومەت و ژینگەیەکی خولقاندووە لە گەندەڵی و ئاڵنگاری مافەكانی مرۆڤ و پرسی ئازادییەكان ، لە ئێستادا ئەم کابینەیە هیچ مواسەفاتێکی هاوبەش و شەراکەتی ڕاستەقینەی بۆ یەکێتی و گۆڕان تێدا نییە و خودی یەکێتی و گۆرانیش نەیانتوانی ببنە هاوبەشێکی جدی و راستەقینە لە بڕیاردان لە کابینەی نۆیەم دا بەهۆی سیاسەتی خۆسەپاندن و بە هەواڵگریکردنی کابینەکە، سەرۆکی حکومەت لە کابینەی نۆیەمدا ژێرخانێکی لەرزۆک و حکومەتێکی هەواڵگری قەرزارو ژینگەیەکی پڕ لەترس و تۆقاندنی بۆ بنیات ناوین ، موچە نادەن و بازاڕ و ژیانی خەڵکیان پەکخستووەو لە پشتی هەموو ئەمانەوە دەرگای سنورەکانیان بۆ تورکیا کردووەتەوە ! 

 

ئەمین زەکی بەگ کەلە بیستەکانی سەدەی ڕابردودا پەرلەمانتار بووە و نوێنەری سلێمانی بووە لە پەرلەمانی عێراق  لەساڵی ١٩٢٨ دا  وتویەتی "ئەوەی حسابی پاکە لەموحاسەبە بێباکە". لەم سۆنگەیە سەرۆکی حکومەتی هەریم ترسێکی زۆری لە چاودێریکردن و لێپرسینەوە لە بەردەم پەرلەماندا هەیە ، هەربۆیە لەگەڵ کابینەیەی نۆیەم دا پەرلەمانی کوردستانیشیان پەک خستووە و جەنگی مان و نەمان لەگەل میدیا و پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆندا دەکەن بەئامانجی خۆدزینە لە چاودێریکردن و لێپرسینەوە ! گەندەڵی لە کابینەی نۆیەم دا سیستماتیک کراوە و گەندەڵکارانیش خاوەن پێگەو نفوزن ، لە کابینەی نۆیەم هیچ ئیرادەیەکی ڕاستەقینە  بۆ چاکسازی و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و سڕینەوەی سیمای دووئیدارەیی و ئاشکراکردنی داھاتی نەوت و ناوخۆ لە ئارادا نەبووە ، هیچ هەنگاوێکی جدیمان لە کابینەی نۆیەم دا نەبینی و بگرە دەستوەردانی حزب لەدادگاکان ،زیادکردنی تەسکیەی حیزبی ،  قەبارەی گەندەڵی، نەبوونی هاوسەنگی نێوان شارەکان لە دام و دەزگاکانی حکومەت زیادی کردووە و کەمی و خراپی خزمەتگوزاریی ڕێگاوبان، تەندروستی، ئاو و ئاوەڕۆ، کارەبا و نەوت و غاز لە زیادبوندایە .

 

باشی و خراپی کابینەی نۆیەم لە دەستی سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکانیدا نییە کە بڕیار بدەن کابینەکە کابینەی خزمەتگوزاری و چاکسازی بووە یان نا  ، بەلکو دەبێ خەڵکی پسپۆرو شارەزا خوێندنەوەو هەڵسەنگاندن بۆ تەمەنی کابینەی نۆیەم بکەن ، ئاشکرایە ئەوەی دەیبێنین رۆژ لە دوای ڕۆژ نرخی خواردەمەنی، سوتەمەنی، باج و رسوماتی مامەڵەکانی حکومەت لەسەر هاوڵاتیان زیادیکردووە ، سێکتەری تەندروستی و پەروەردە بەناوی تایبەتکردنەوە  هەرەسی بەهەموو سیکتەرەکانی تر هێناوە و لە پاڵ ئەمانەیشدا پرسی موچەو نەمانی پارە لە بانکەکاندا ، رێژەی کوشتن و دیاردەی چەکداری و دزی و ماددەی هۆشبەرو جیابوونەوەی هاوسەران و کۆچکردنی گەنجان ، کشانەوەی بەشێک لەکۆمپانیاکانی نەوت لەهەرێم ، زنجیرەی هیرش و پەلاماردانەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێم زیادی کردووە و کۆماری ئیسلامی ئیرانیش درێغی نەکردووە لە موشەکبارانکردن. 

 

لە زۆرینەی وڵاتانی دونیادا کاتێک باس لە ڕۆڵی دادگاو دادوەران دەکرێت ، خەڵکی وڵاتەکە هەست بەوە دەکەن بەرگرییان لێ دەکرێت یان لانیکەم ستەمیان لێ ناکرێت ، بەڵام لە هەرێمی کوردستان پێچەوانەیە و کاتیک باس لە رۆڵی دادگاو داوەران دەکرێت هاوڵاتیان ئەزموونی باشیان لەگەل  دادگاکان و دادوەراندا نییە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو دەسەڵاتە و دەستێوەردانی حیزبیان لەسەرەو لە هاوکێشەکە بەدەر نین و  ڕۆڵی دادگاو دادوەران لە کابینەی نۆیەم دا لە خراپترین ئاستدایە بەتایبەت بۆ نوسەران و ڕۆژنامەنوسان و بەرەی ناڕەزایەتیەکان ، تۆمەتبارکردنی ڕۆژنامەنوسان بەناوی سیخوڕی و بەرتەسکردنەوەی ئازادی و رادەربڕین و کاری میدیای بەرەوخراپی رۆشتووە، دۆسیەی گیراوانی بادینان فەزاحەتێکی نایاساییە کە کۆمەلگای نیودەوڵەتی متمانەی بە کابینەکەو سێکتەری دادوەری لەهەرێم لاواز بووە  ،لەپاڵ ئەمانەیشدا پرسی موچەو نەمانی پارە لە بانکەکاندا ، نەبوونی هاوسەنگی لە نێوان شارو شارۆچکەکاندا لە بواری خزمەتگوزاریدا ، رێژەی کوشتن و دیاردەی چەکداری و دزی و ماددەی هۆشبەرو جیابوونەوەی هاوسەران و کۆچکردنی گەنجان ، کشانەوەی بەشێک لەکۆمپانیاکانی نەوت لەهەرێم ، ئیدی ئەوە سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکانی نین بڕیار بدەن کابینەکەیان باش و خزمەتگوزارە و دواجاریش شانی سەرۆکی حکومەت و کابینەکەی لە شکستی سیاسی و لە خولقاندنی قەیرانەکان و تێکچوونی دۆخی  ئابوری و ئاسایش و سەقامگیری خەڵک پاکناکاتەوە .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×