باره‌گای بارزانی‌و مه‌رجه‌عبون

دانا مه‌نمی‌
  2019-07-05     1332
باره‌گای بارزانی مێژوویه‌كی دێرینی له‌ناو پارتیدا هه‌یه‌، مه‌لا مسته‌فا پێش شۆرشی ئه‌یلول كێشه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌كانی پارتیدا هه‌بوو ،به‌هۆی ئه‌و كێشانه‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌كانی  مه‌لا مسته‌فا باره‌گای خۆی له‌پارتی‌و به‌رپرسه‌كانی پارتی جیاكرده‌وه‌ چیدی لێدوانه‌كانی به‌ناوی خۆیو باره‌گای بارزانییه‌وه‌ بوو نه‌ك پارتی‌و مه‌كته‌بی سیاسی، دوای كۆنگره‌ی هه‌شته‌می پارتی ساڵی ۱۹۷۰ له‌ناو پردان، ئیدریس‌و مه‌سعود بارزانی بوونه‌ ئه‌ندامی ئه‌و باره‌گای بارزانی تا ئاشبه‌تاڵی پارتی له‌ ساڵی ۱۹۷٥ ئه‌و باره‌گایه‌ مایه‌وه‌.

له‌ئێستا دا ئامانج له‌بوونی باره‌گای بارزانی به‌مه‌رجه‌عبوون و ناساندنی خودی مه‌سعود بارزانی یه‌ ، له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌م باره‌گایه‌ هیچ سیفه‌تێكی یاسایی و ده‌ستوری نییه‌ و بریارێكی حیزبییه‌و بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ كۆمه‌ڵگای كوردی بڵێن مه‌سعود بارزانی (واحید الئه‌حه‌ده‌) ! مه‌لا مسته‌فا له‌ ناو باره‌گای بارزانیدا زۆر ئیمانی به‌حیزب نه‌بوو زۆریش كاریگه‌ری حیزبی به‌سه‌ره‌وه‌ نه‌بوو ، به‌ڵام مه‌سعود بارزانی عه‌قڵ و سایكۆلۆجیه‌تی به‌ره‌و حیزبی بوون ده‌روات و حیزبیانه‌ بیرده‌كاته‌وه‌و خه‌سڵه‌ته‌كانی پارتی زیاتر له‌توخم و ڕه‌گه‌زی مه‌سعود بارزانی تێدایه‌ و ناتوانێت ده‌وری مه‌لا مسته‌فای باوكی ببینیت .

باره‌گای بارزانی دامه‌زراوه‌یه‌كی نیشتیمانی نییه‌و ناتوانێت نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو شارو شارۆچكه‌كانی كوردستان بكات ،ناچێته‌ خانه‌ی نیشتیمانیه‌وه‌ تا پێناسه‌ی نیشتیمانی بۆ بكرێت ،به‌ڵكو ده‌چێته‌ خانه‌ی حیزبیه‌وه‌وده‌توانین بڵێین : باره‌گای بارزانی بریتییه‌ له‌ دیوه‌خانێكی سیاسی - كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی مه‌سعود بارزانی ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ حیزب و سه‌ركرده‌ كوردستانی و عێراقی و وڵاتانی هه‌رێمی و نیوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ ".  

مه‌رجه‌ع له‌مانای زمانه‌وانیدا به‌ واتای سه‌رچاوه‌ی گه‌رانه‌وه‌ی حیزب - حكومه‌ت - خه‌لك بۆ هه‌ر پرس و ڕایه‌ك كه‌ هه‌یان بێت ، مه‌رجه‌عیه‌ت له‌ ئه‌ده‌بیاتی سیاسی و ئاینی دا سه‌رچاوه‌ی بڕیارو رێبه‌ریكردنی خه‌ڵكه‌ ، پارتی ده‌یه‌وێت به‌ زۆره‌ملێ مه‌سعود بارزانی بكاته‌ مه‌رجه‌عی كوردستان ،وه‌ك چۆن ئێستا له‌ عێراقدا شیعه‌كان مه‌رجه‌عیه‌تیان له‌ كه‌سایه‌تی سیستانی دا به‌رجه‌سته‌ كردووه‌ ، فارسه‌كان خومه‌ینی و تۆرانیه‌كانیش له‌ ئه‌تاتورك و میسرییه‌كان له‌ عه‌بدولناسردا به‌رجه‌سته‌یان كردووه‌ ، به‌ڵام نه‌ سیستانی و نه‌ئه‌تاتورك و نه‌ عه‌بدول ناسریش لای نه‌ته‌وه‌كانیان قبوڵكراو نییه‌ و خه‌ڵك خه‌ون و خولیای تری هه‌یه‌ بۆ ئاینده‌ی خۆیان ،  له‌ كوردستانیش كاتی خۆی مه‌لا مسته‌فا نه‌یتوانی ببێته‌ مه‌رجه‌عی هه‌موو كوردستان ، چونكه‌ له‌ ناو پارتیدا له‌سه‌ره‌تای دروستبونیه‌وه‌ له‌ هاوپه‌یمانی عه‌شایه‌ری و خێله‌كی پێك هاتبوو بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری به‌سه‌ر تیره‌ و عه‌شیره‌ته‌ كورده‌كانی ناوچه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ هه‌بێ‌ ، مه‌لا مسته‌فا وه‌ك نوێنه‌ری خێڵی  به‌رزانیه‌كان و ناوچه‌ی بادینان، شێخ له‌تیف شێخ محمود وه‌ك نوێنه‌ری بنه‌ماڵه‌ی شێخ مه‌حمودی حه‌فید و ناوچه‌ی سلێمانی، كاكه‌ زیاد غفوری وه‌ك نوێنه‌ری ناوچه‌ی كۆیه‌ و ده‌وروبه‌ری.

به‌ڵام به‌هۆی عه‌قڵیه‌تی ناوچه‌گه‌رێتی و خیڵه‌كی و بنه‌ماڵه‌ییه‌وه‌ ململانێی نیوان سۆرانیه‌كانی ناو پارتی و بادینییه‌كان تا ده‌هات قوڵتر ده‌بوون كه‌ دواجار جیابونه‌وه‌ی باڵی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی هاته‌ ئاراوه‌ ، له‌و قۆناغه‌شدا پارتی حیزبێكی بنه‌ماڵه‌یی بێفكر بوو زاڵبوونی حه‌زی ناوچه‌گه‌رێتی به‌سه‌ر خواسته‌ نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خراپی له‌سه‌ر ململانێكانی ناو پارتی دروست كرد ، دوای قوڵبونه‌وه‌ی ململانێكان پارتی كۆنگره‌ له‌ دوای كۆنگره‌ پاشه‌كشه‌یان به‌ سۆرانیه‌كان كرد ،له‌دوای ڕاپه‌ڕین و ئه‌نجامه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ هه‌رێمی كوردستانیان دوو كه‌رت كرد بۆ زۆنی سه‌وزو زه‌رد .

مه‌سعود بارزانی به‌ر له‌وه‌ی مه‌رجه‌عی باڵای كوردستان ! بێت نه‌یتوانیووه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و گۆران و هه‌تا په‌كه‌كه‌و په‌یه‌ده‌و كۆمه‌ڵه‌و دیموكرات و كوردانی باكورو رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا هه‌ڵبداته‌وه‌ ،جگه‌له‌وه‌ش ته‌نانه‌ت نه‌یتوانیوه‌ له‌گه‌ڵ سلێمانیزاده‌كان و گه‌رمیانیه‌كان و كه‌ركوكییه‌كانیشدا زه‌مینه‌سازی بۆ پێكه‌وه‌ بوونی ئاشتیانه‌ بنیات بنێت ، له‌هه‌مووی گرنگتر مه‌سعود بارزانی له‌ هه‌ناوی حیزبه‌كه‌یدا زه‌مینه‌ بۆ خیڵ و بنه‌ماڵه‌كه‌ی خۆشده‌كات كه‌ له‌ هه‌ره‌می حیزبه‌كه‌دا بن .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×