سیاسەت کەرەستەی دونیای خراپبوون یان باشبوون

دانا مه‌نمی‌
  2021-11-09     106
سیاسەت بەمانا عەقڵانی و زانستییەکەی  كەرەستەی دەسكاریكردنی دنیایە ،سیاسەت ھونەرە، بەڵام بە مۆڕاڵەوە، دەتوانین بڵێین سیاسەت ھونەرێکی مۆڕاڵدار و ئامانجبینە لەپاڵ لایەنە عەقلانی و زانستییەکەی،زمانی سیاسەت بە هەستی مرۆڤەوە گرێ دراوە و زمانی جەستەش لە سیاسەتدا زۆرجار جێگەی زمانی زارەکی دەگرێتەوە، واتە ئەو پەیامەی کە سیاسییەکان ناتوانن یان نایانەوێت بە زمانی دەربڕین بیخەنە ڕوو بەزمانی جەستە دەریدەبڕن ، زمانی جەستە لە ئاستی ئەوروپا و ڕۆژئاوا بە شێوەی تیۆری و پراکتیکی سیاسییەکان جێبەجێی دەکەن ، ئەم بوارە زیاتر چاو به‌رپرسه‌ له‌ بینین و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ و جوڵه‌و ئاماژه‌كان و ده‌ركه‌وته‌ جیاوازه‌كان.

 ساڵانێکە سیاسییەکانی ھەرێم لەوە کەوتوون سیاسی بن ، سیاسییەکانی کورد بازرگان، کۆنتراکتچی، خاوەن کۆمپانیا و بانک و هیزی تایبەت و سەرقاڵی سپیکردنەوەی پارە و بزنسی خۆیانن ، ئەوان ساڵانێکە هەموو شتێکیان بەناوی سیاسەت و کوردایەتی و یەکڕیزی و مەترسی لە سەر کوردو قەوارەکە وێران کردووە ، سیاسەت لای خێزانە سیاسییەکانی کورد  بۆ ڕق و عوقدەو بەرژەوەندییە حیزبی وخێزانییەکانە ،نەک ئامانجێکی باڵا و بۆ خزمەتی هەمووان و لەپێناو چاکەی گشتی دا، لەناو سیاسەتدا جوێن دەبێتە زمانی سیاسەت و زمانی ڕۆژانەی گفتوگۆی سیاسی، سەردەمەكەش سەردەمی پشێوییە، سەردەمی ترس و دڵەڕاوكێ و نیگەرانی و بزواندنی هەستی مرۆڤە ، باشە ئێمەلەم دۆخەدا چۆن لەگەڵ ئەرستۆ هاوڕابین كاتێك دەڵێ ؛"مرۆڤ بوونەوەرێكی سیاسی لۆژیكییە".  من پێم وایە نوخبەی سیاسی کورد بوونەوەرێكی لە سیاسی کەوتووی دەروون نەخۆش و خاوەن هەڵچوون و دوور لە تیۆری سیاسی بۆ كۆنترۆڵ كردنی هەستەکانە .  

هانا ئارنێت فەیلەسوفی ئەمریكی لە كتێبی (رەگ و ریشەكانی چەوسانەوە)دا دەڵێ:لە سەدەی بیست و یەكدا ڕژێمە تۆتالیتارەکان لە سەردەمی سیاسەتی هەڵچووندان . بەڵام هانا ئارنێت لەپاڵ سیاسەتی هەڵچووندا باس لە هوشیاری مرۆڤ و هاووڵاتی نموونەیی دەکات کە  پێویستە پەی بە ئەزموونی هەستی خۆمان بەرامبەر بە رووداوو هەڵچوون و گۆڕانكارییەكان ببەین تا راستی و خەیاڵ لە یەك جیا بكەینەوە ، ئەم ڕوانینەی " هانا ئارنێت " نزیکە لە تێگەیشتنی نوخبەی سیاسی کورد بۆ کایەی سیاسەت ، کاتێک تێگەیشتنی نوخبەی سیاسی کورد بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سیاسەت پێی وابێت سیاسەت یەعنی بازرگانیکردن و برسیکردنی میللەت ! فڕوفێڵ و درۆو چەواشەکاری ! ڕق و عوقدەو بەرژەوەندیی حیزبی وخێزانی ئیتر فیعلەن سیاسەت دەبێتە ئەو تێگەیشتنە ویەکسان دەبێت بەم دیاردە دزێوانە ، ئەشێ ئەم تێگەیشتنە هۆکارێک بێت بۆ مانەوەی خۆیان ! بەڵام نابێ خراپی ئەو نوخبە سیاسییەی کە ئەم دۆخەی خولقاندووە وامان لێ بکات لە موراڵ و بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی ،ویژدانی بپچڕێین ، دەبێ سیاسەت بە ئەرک و وەزیفەیەکی ئەخلاقی خۆمان بزانین دەستکاری ئەو دونیایە بکەین کە کۆنتراکتچی و بازرگانەکانی سپیکردنەوەی دراو بەناوی کوردایەتییەوە بۆ ئێمەیان خولقاندووە ! 

مادام تێگەیشتنمان هەیە لەگەڵ واقیعێکی خراپ و دەزانین کێ و بۆچی ئەم واقیع و دونیا سیاسییەی دروست کردووە ؟! دەبێ کاردانەوەکانمان یەکسان نەبێت بەو تێگەیشتنەی ئەوان دروستیان کردووە ،واتە دونیاو تێگەیشتن و واقیعێکی تر بونیاد بنێین  جیاواز لەوەی ئەوان، ئەگەر وزیفەی نوخبەی دەسەڵاتداری سیاسی خەریکی پرۆسەی تێکدان بێت ، دەبێ من و تۆ لە خەم و بەدیلی چاكبوونەوەدا بین ، نەک بەشێک بین لە خراپبوون ، سەنگی مرۆڤی هوشیارو بە ئاگا تەنیا لەو باشبوونەدا دەرئەکەوێت کە نایەوێت بەشێک بێت لە خراپبوون.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×