كابینه‌ی نۆیه‌م له‌خه‌می حیزب‌و بنه‌ماڵه‌دا

دانا مه‌نمی‌
  2019-07-12     1442
بەتێپەڕبوونی کات هەنگاونان بۆ ئایندەی ژیان یەکێک لەگرنگترین ئەرکە فیکرییەکانی ڕۆشنبیرانی ڕاستگۆو ڕاشکاو لەناو پارتیدا ڕاوەستانێکی ڕەخنەییە لەبەردەم پێکهیێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم و حوکمی بنەماڵەیی بارزانیدا کە ڕووداو حیکایەتەکانی کابینەی هەشتەم هێندە شکستخواردوو شەرمنانەیە مرۆڤ شەرم دەکات بەفەخرەوە گەشبین بێت بۆ کابینەی نۆیەم و پیرۆزباییان لێبکات، ئێستاش بەشەرمەوە حیکایەتەکانی کابینەی هەشتەم و حوکمی سەرۆکی هەرێم و حکومەتێکی شکستخواردوو دەگێردرێتەوە کە بەهۆی ئابوری سەربەخۆو ڕیفراندۆمەوە خەڵکی کوردستانیان بەرەو تونێلێکی نادیارو مەترسیدار برد ،خەڵکی کوردستان لە خراپترین هەلومەرجی ژیاندا گوزەران بەسەر دەبەن ، هێرشێکی فراوانی برسیکردن و هەژارکردنیان له‌لایه‌ن پارتی و حكومه‌ته‌كه‌یه‌وه‌ په‌یڕه‌و ده‌كرێت .

تەحەدای گەورەی مێژووی هەر هاوڵاتییەک لەکوردستان ڕزگاربوونە لەو مێژووەی کە پارتی لەسیاسەتدا بەرهەمی دەهێنێنتەوەو کابینە دوای کابینە شکست دوای شکست لەپێش کۆمەڵگادا قووتی دەکاتەوە ، هێشتا قەیرانگەلێکمان لەکابینەی هەشتەم بۆماوەتەوە کە بەشێکە لە ئایندەمان و بەرەو ڕووی دەچین و کابینەیەک نییە تێپەڕابێت ، ئەم مێژووە کە پارتی بنیاتی دەنێت نوقمە لە کێشەو ناکۆکی و شکست و هەڵهاتن و بچوکتر لەشوناسی نەتەوەیی بیر لە بەهێزکردنی شوناسی ناوچەیی و خێڵچێتی و بنەماڵەی دەکرێتەوە ، مه‌سعود بارزانی له‌ پشتی پارتییه‌وه‌ دەیەوێت ووردە ووردە شوێنی نەتەوە بە بنەماڵە پڕ بکاتەوە ، ئیدی حوکمی بنەماڵە بەدەزگای بکرێت و ببێتە بناغەی سیاسەت و ڕێکخستنی کۆمەڵگاو قسەو وێنە و خەیاڵی پاشاو شازادەی نەوە دوا نەوەی بنەماڵە بڵێینەوە !

مه‌سعود بارزانی وه‌كو مەرجەعێك له‌ ناو پارتیدا  نەیتوانیووە قۆناغی ڕاپەڕین و خەون و خەیاڵی حیزب و بنەماڵە بگوازێتەوە بۆ قۆناغی قەڵەم و موراجەعات ! وە نەیشیتوانیووە ئامادەگی هوشیاری نەتەوەیی بەسەر گروهو ئایدۆلۆژیاو دیدی ناتەباو ناکۆکدا دابەشبکات بۆ تێپەڕاندن لە چوارچێوەی خێڵ و بنەماڵە ، ئه‌وه‌ی له‌ خه‌یاڵدانی مه‌سعود بارزانی و حیزبه‌كه‌یدا وونە چوارچێوەی نەتەوەییە کە بەناوو بەرگی نەتەوەییەوە خەیاڵی خێڵ و بنەماڵە پته‌و ده‌كه‌ن و له‌ به‌رگێكی نه‌ته‌وه‌یدا پێمان دەفرۆشنه‌وه‌،مەسعود بارزانی و حیزبەکەی لەڕیفراندۆم دا بەمانا سیاسییەکەی نه‌ك دەوڵەتی بۆ دروست نەکرا بەڵکو بناغەکانی دروستبوونی دەوڵەت و نەتەوەو شوناسی نەتەوەیشیان لاواز کرد ، لە دوای ڕیفراندۆمەوە کورد لەهەموو کات پارچە پارچەترەو لەغیابی ستراتیژی نەتەوەیی و چوارچێوەی یەکڕیزیدا دەژی .

پارتی وه‌كو حیزبێكی بنه‌ماڵه‌ی هه‌ڵگری توخم و ڕه‌گه‌زو سیسته‌می خێڵایه‌تییه‌و هه‌میشه‌ به‌ شوێن ئه‌وه‌وه‌ بووه‌ كه‌ هه‌ندێك كاراكته‌ری ماڵباتی بارزانی بكاته‌ پاڵه‌وانی فریادره‌س و ڕزگاریكه‌ری كۆمه‌ڵگای كوردی ، له‌كاتێكدا ئه‌م پاڵه‌وانانه‌ بوونه‌ته‌ مایه‌ی كاره‌سات و به‌ هۆی سیاسه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیخوازو كورت بینیانه‌وه‌ بێ ئومێدی لای خه‌ڵك دروست كردووه‌ ، پارتی له‌لایه‌ك له‌ناو وه‌همی دروستكردنی پاڵه‌واندایه‌ و له‌لایه‌كی تر وه‌ك حیزبێكی بورژوازی داهاتی خه‌لك و سامانی گشتی تاڵان ده‌كات ،ئازادییه‌كان له‌ ژێر پێ ده‌نێت و كادیرانی خۆی و فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی خستووه‌ته‌ ژێر باری قه‌رزێكی زۆره‌وه‌ و قه‌رزاری كردوون  بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ پاشكۆو كۆیله‌و ژێر ده‌سته‌ی حیزب و بنه‌ماڵه‌ .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×