ساڵرۆژی گه‌ڕان به‌دوای مه‌رگدا!
دانا مه‌نمی
2020-04-23   826
داهێنانی ئامێری چاپ له‌سه‌ده‌ی یازده‌هه‌می زاینی‌دا له‌سه‌ر ده‌ستی مسگه‌رێكی ئه‌ڵمانی (یوحه‌نان گۆته‌نبرگ ) بوو، له‌و داهێنانه‌یدا هیچ سودو ده‌ستكه‌وتێكی پێ نه‌بڕا له‌به‌ر سه‌رقاڵی‌و ده‌ستكورتی، كاتێ كتێبی ئینجیلیشی چاپ كرد، ته‌نانه‌ت له‌بیری چو ناوی خۆیشی له‌سه‌ر تۆمار بكات، به‌ر له‌گۆته‌نبرگ له‌هه‌وڵێكی تردا بازرگانێكی چینی به‌ناوی (بی شینگ) هه‌بووه، به‌ڵام داهێنانه‌كه‌ی (گۆته‌نبرگ) شۆڕشێكی مه‌زنی له‌هه‌مو سێكته‌ره‌كاندا دروستكرد، چاپ ڕۆڵێكی ئێجگار گرنگی بینی له‌به‌ره‌و پێشچوونی شارستانیه‌ت له‌سه‌رانسه‌ری دونیادا، ماوه‌یه‌ك پاش ئه‌و داهێنانه (گۆڤار‌و ڕۆژنامه) به‌شێوه‌یه‌كی ڕێك‌وپێك چاپ‌و بڵاوكرانه‌وه.
یه‌كه‌م هه‌فته نامه له‌مێژودا له‌شاری (ستراسبۆرگ) به‌ناوی Relation له ساڵی (1609 ) له‌لایه‌ن (جۆن كارلۆس) چاپ‌و بڵاوكرایه‌وه، یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی ڕۆژانه‌یش له له‌نده‌ن به‌ناوی (ده‌یلی گرانت ) له ڕۆژی 11ی ئازاری ساڵی 1702 له‌سه‌ر ده‌ستی ئیدوارد گرانت چاپ‌و بڵاو كرایه‌وه.
له‌ڕۆژی 22ی نیسانی ساڵی 1898 (میقداد مدحت به‌درخان) له‌شاری قاهیره په‌رده‌ی له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی هه‌ڵماڵی‌و یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی كوردی به‌ناوی (كوردستان) دامه‌زراند، له‌و ڕۆژه‌وه كاروان‌و خه‌باتی میدیاكارانی خاوه‌ن خود به‌ڕێوه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی په‌یامه‌كان ڕاستگۆیانه‌و كوردانه‌و ڕاشكاو بوێرانه بگه‌یه‌نێت به‌ڕای گشتی.
به‌پێی سه‌رچاوه‌كان ڕۆژنامه‌ی كوردستان سێ هه‌زار نوسخه‌ی لێ چاپكراوه‌و دو هه‌زار نوسخه‌ی به خۆڕایی له‌كوردستان دابه‌شكراوه، ئه‌گه‌ر له ڕابردوو كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی ناوی به (گه‌ڕان به‌دوای سه‌رئێشه‌دا) ده‌ركردبێت، ئه‌وا له‌ئێستادا كاری رۆژنامه‌گه‌ری كوردی (گه‌ڕانه به‌دوای مه‌رگدا!).
په‌یامی هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی هه‌رێم (سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم -حكومه‌ت -په‌رله‌مان ) له ساڵرۆژی یادی رۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا له‌كاتێكدایه كه به‌ئاشکرا، پێشێلی بڕگه‌و ماده‌کانی یاسای ژماره (35)ی ساڵی (2007) رۆژنامه‌گه‌ری ده‌کرێت، به‌ئاشکرا رێگری له‌ده‌رکردنی یاسای مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری ده‌کرێت، به‌ئاشکرا حکومه‌تی هه‌رێم په‌یڕه‌وی له‌شه‌فافیه‌تی حوکمڕانی ناکات، شاردنه‌وه‌ی ده‌یان که‌یسی گه‌نده‌ڵی‌و لادانی یاسایی‌و دارایی‌و ئیداری‌و خراپ به‌کار‌هێنانی پۆستی گشتی‌و رێگه‌نه‌دان به‌رۆژنامه‌نوسان بۆ په‌رده‌هه‌ڵماڵین له‌راستی روداوه‌کان.
كوشتنی رۆژنامه‌نووسان‌و گرتن‌و په‌لاماردانیان له‌كاتی رووماڵی هه‌واڵ و روداوه‌كاندا به‌رده‌وامه، شاردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان و رێگرتن له‌گه‌یشتنی به‌ناوه‌نده میدییه‌كان و ده‌ستی رۆژنامه‌نووسان به‌شێكه له‌نه‌ریتی بۆماوه‌یی ده‌سه‌ڵاتی كوردی، پێشێلكاری و جێبه‌جێنه‌كردنی به‌ندو خاڵه‌كانی ناو راگه‌یه‌نراوه جیهانییه‌كان، ته‌نانه‌ت یاسا په‌سه‌نكراوه خۆماڵییه‌كانی كاری رۆژنامه‌گه‌ریش له‌كوردستاندا حه‌قیقه‌تێكه په‌رده‌پۆش ناكرێت، بۆیه ده‌توانین بڵێین رۆژی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریش كاریگه‌ری له‌سه‌ر ره‌وشی رۆژنامه‌وانی كوردی نابێت ئه‌گه‌ر كلتووری سیاسی و عه‌قڵیه‌تی سیاسییه‌كانی ئه‌م وڵاته گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نه‌یه‌ت.
ئه‌م حاڵه‌تانه‌و ئه‌و فۆرمه مامه‌ڵه ناته‌ندروسته‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم له ته‌ک کایه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری ده‌یکات واقعێکی شه‌رمهێنی بۆ ئه‌زمونی هه‌رێمی کوردستان دروستکردووه، هه‌ر ئازادییه‌ك له‌هه‌ر بوارێكی ژیاندا له هه‌رێمی كوردستاندا به‌بێ قوربانیدان به‌دی نه‌هاتووه، ئازادی خاكی كوردستان لافاوێ خوێنی بۆ دراوه، له‌دوای راپه‌ڕینیشه‌وه قوربانیدان له‌پێناوی ئازادی راده‌ربڕین و ئازادی سیاسی و ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری به‌رده‌وام بووه‌و ئه‌وه‌ی به‌دیهاتووه له‌خۆیه‌وه به‌رهه‌م نه‌هاتووه، هه‌وڵ و خه‌باتی به‌رده‌وامیش بۆ پاراستنی ئه‌و ئازادیانه له‌هه‌موو كاتێكدا پێویسته‌و هێشتا له كوردستان ئازادییه‌كان و به‌تایبه‌تی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی هه‌رێمی كوردستاندایه.