جەنگی هایبرید و لوتکەی ناتۆ

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2023-07-13     442

جەنگی هایبرید یا جەنگی چەند ڕەگە یا فرەرەهەند،  وێنای جەنگێکە چەندین فاکتەری هێز لە پشت هەڵگیرساندنیەوەن، لەوانە هێرشی سایبری و ئایتی، پروپاگندە و چەواشەکاری، بەکارهێنانی هێزی سەربازی و شەڕی راگەیاندن. 

ئەو جەنگەی لە ئۆکراینیا دەگوزەرێ جەنگێکە هەموو ئامرازەکانی هێزو عەرزی عەزەلاتی تیایدا بەکار دەبرێت. هەرلە هێرشە موشەکیەکان، درۆنەکان، فرۆکەی پێشکەوتوو، تۆپ و جبەخانەی هاوچەرخ و  دواین داهێنانەکانی بواری سەربازیەوە بیگرە را دەگات بە رووبەرووبوونەوە سەربازیەکانی نێوان هێزەکانی ئۆکراینیاو رووسیە لە سەر زەوی. ئەم جەنگە رووبەرووبوونەوەی خوێناوی و شەڕی دەستەویەخەی دوو بلۆک و دوو دونیابینی و دوو روانگە و دوو ئایدیاو ئایدیۆلۆژیایە. 

جەنگی ئۆکراینیا ئەوەندەی وێنای چەکەرەی مەیل و خواستی رۆژئاوایە بۆ زاڵبوون بەسەر دونیاودونیابینی پوتین و سیستەمێکی، بە بۆچوونی رۆژئاوا، دیکتاتۆری یاخی و ئەرستۆکراتی پاوانخواز، جەنگێک نیە لەسەر قەلەمرەوو  سەپاندنی دەسەڵات بەسەر چەند شارو گوند و ئاوایی و ناوچەیەکی دیاریکراودا، هەروەک لە رووبەری مێدیای جیهانیدا بە رواڵەت و رووکەش وێنای بۆ دەکرێ. 

بەلای رۆژئاواوە روسیە بە سەرۆک و سیستەم و دونیابینیەکەیەوە وێنای دونیایەکە تا دێت لە چەمکە دیموکراسی و ئازادیەکان دووردەکەوێتەوەو رووی لە بڵاوکردنەوەو بەهێزکردنی دیکتاتۆریەتی شمولی و ملهوڕی و میلیتاریزمە لە ئاستی جیهاندا. 

هاوپەیمانەکانی رووسیە بە لای رۆژئاواوە کۆمەڵە وڵاتێکن بناغەی حوکومرانیان لەسەر تێزو هزری تاکرەوی و تەسکبینی و دونیابینی دیکتاتۆری دامەزراندووەو بۆ ئەم بۆچوونەشیان ئێران و سوریەو چین و کۆریای باکور و سەرۆک سەرکردەکانیان وەک نمونە دەهێننەوە. 

بە دیوێکی تردا خاکی ئۆکراینیا پانتاو هێمای پێکدادانی دوو دونیابینی تەواو لە یەکتر جیاوازە. یەکیان ئەو دیموکراسی و ئازادیەی رۆژئاوا بانگەشەکاری سەرەکیتی و ئەویتریان دیکتاتۆریەت و تاکڕەوی بە سەرۆکایەتی روسیە و پوتینە وەک ئایکۆن و مۆرک و هێمای بەرەکە. 

ئەم جەنگە دەرەنجامی کەڵەکە بوونی دوو کولتورو شێوازی حوکومرانی و سیستەمی سیاسی و  روئیای دوو دونیای جیاوازە بەدرێژایی چەندین دەیە. سەرەتای زەق بوونەوەو دەرکەوتنی ئاشکرای پێکدادانی ئەم دوو کولتورو فکرو دیدگایەش بۆ داگیرکردنی دوورگەی کرێم لە ساڵی 2014 دەگەڕێتەوە. هەرلەمساڵەدابوو پوتین بێ باکی خۆی بەرامبەر بە هەڕەشەکانی ناتۆو ئەمریکا باهەند هەڵنەگرت و پەلاماری دوورگەکەی داو دواتر داگیری کرد بە بێ ئەوەی تۆزقاڵێک حیساب بۆ رۆژئاوا بکات. 

گرێدانی لوتکەی ناتۆ لە لیتوانیا پەیامێکی بەهێز بوو هەم بۆ روسەکان و هەمیش بۆ هاوسۆزو یارمەتیدەر و پاڵپشتیکارانی بەرەی روسیە. بەوەی رۆژئاوا هەموو شتێک دەکا ئۆکراینیا لەم جەنگەدا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و  ناتۆ لە یارمەتیدانی ئۆکراینیا سڵ لە هیچ جۆرە هاوکاریەکی سەربازی و دارایی و لۆجستی ناکاتەوە تا پاشەکشە بە روسیە نەکات لەم جەنگەدا. 

بایدن لە میانەی وتارێکی بەهێزو پڕلە رەهەندی سیاسی و سەربازی نەیشاردەوە رۆژئاوا تا چۆک بە رووسیەدا نەدات، واز لە هاوکاریەکانی بۆ ئۆکراینیا ناهێنێ. 
وتارەکەی  بایدن هێماو ئاماژەیەکی رۆشن و هەڵگری پەیامێکی سیاسی راشکاوانە بوو بۆ کرێملین بەوەی ناتۆ بە سەرکردایەتی ئەمریکا لەم جەنگەدا سڵ لە هیچ جۆرە هاوکاریەکی ئۆکراینیا ناکاتەوەو براوەی جەنگ بەلای ناتۆوە دواجار ئۆکراینیایە. 

پەیامی بایدن لە پاڵ یەکگرتوویی ناتۆ و گرێدانی لوتکەی ناتۆ لە نزیک سنوورە جوغرافیەکانی رووسیە، رەنگە حاڵی حازر نەتوانێ خاڵی یەکلاکەرەوەی جەنگەکە بێت. لێ رەنگە لە داهاتوودا بە بەردەوامیدان بە ستراتیژێکی یەکانگیرو جێگیر رێڕەوو ئاڕاستەی جەنگەکە بگۆڕێ و دۆخی جەنگە خوێناویەکە بەلایەکدا بدات و  یەکلای بکاتەوە. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×