دەمەوێ بمگەڕێمەوە بۆ ئەو سەردەمەی هێشتا لە دایک نەببووم، هێشتا لێدانی دڵ و هەناسەکان بریاری زیندوو مانەوەیانمی نەدەدا.
دەمەوێ بگەڕێمەوە بۆ ئەو زەمەنەی هەستم بە ئازاری لەدایک بوونی رۆژەکان و هەناسەبڕکێکان نەدەکرد و شەوان لە لوتکەی ماتی و پشووداندا، لە خەڵوەتگەی دەروونێکی پڕ لە هیواو پاک و پڕ لە هەست و نەستەوە، چاوەروانیە بێ کۆتاکان لە پاڵ خەون و نیگەرانیە هەستەوەرەکان و دڵەراوکێکان، ساتەکانی ئاسودەییان پڕ نەدەکردم لە هەژمونی بێ شوماری خۆیانەوەو نەدەبوون بە بارێکی گران و تەوژمێکی قورس بەسەر شانمەوە و تووشی شڵەژانیان نەدەکردم.
ئارەزوویەکی قووڵ و بە تەوژم پانتای خەیاڵمی تەوق داوەو داوام لێدەکات بگەڕێمەوە بۆ ئەو ساتەوەختانەی پەڵەهەورەکانی هەڵگری بارانە بەخورەکەی ئاسمان، زۆر بە هێمنی و بە یەکسانی بەسەرهەموواندا دەبارین و منی سەرگەردانی ئەمبەر سنوورو ئەوبەر سنوور، هێشتا ئاوێتەی هات و نەهات و تەگەرەو ئەگەر و مەگەرەکان نەبووبووم و خەمە گەورەکان بە خۆیانەوە ئالودەیان نەکردبووم و ئۆقرەیان لێ نەساندبووم.
دەمەوێ بارستای هزروخەیاڵی پەرشوبڵاوم یارمەتیم بدەن زەمەن و کات و سات و سنوورە وەهمیەکان ببڕم و پەل بۆ ئەوبەر رووبەری مەودای نێوان واقع و خەون و خەیاڵ باوێم و لەو سەرزەمینە پانتافراوانە بگێرسێمەوە هیچم دەربارەی پەیوەست بوون و خۆ گرێدان بە ئایدیۆلۆژیاو داهێنانەکانی فکرەوە نەدەزانی.
ئارەزوودەکەم لە سەرزەمینێک بگیرسێمەوە، چی ئایدیۆلۆژیاو قوتابخانەی فکری و سیاسی و فەلسەفی و دونیایی و داهێنانە تەکنۆلۆجیە بێ رۆحەکانی دەسکردی خودی مرۆڤە، بوونی نەبێ.
نامەوێ چیتر بە ناوی واقعگەرایی و عەقڵگەراییەوە بخزێمە نێو ئەو مێژوویەی بەناوی پێشکەوتن و مۆدێرنە و پۆست مۆدێرنەوە ژیان لە ئارامی و جوانیەکان دەخات.
نامەوێ ببم بەشێک لەو مێژوویەی بەناوی مێژوو، مێژووم لێ دەشێوێنی و رابردووم لەکەدار و رۆحم زامدار دەکات.
هەموو پەنابردێکی مرۆڤ بۆ دەست گرتن بە ئایدیۆلۆژیاو قوتابخانە فەلسەفی و فکریەکان بۆ پڕ کردنەوەی بۆشایی فکرو ئاراستەکردنی هزرو بەرهەمهێنانی تێگەیشتن لە رەمزو ڕازی خیلقەت و درووستکراوەکانی ناوی و هێنانە کایەی بەختەوەری و رەفاهیەت و یەکسانیەوە وێنا دەکرێ و بەڵێنی دامەزراندنی جیهانێکی یەکسان دەکرێتە درووشمێکی پیرۆزو لادان لێی بە تاوان لەقەڵەم ئەدرێ.
کەچی لە ئەرزی واقیعدا شتەکان، پرۆسەکان، دیمەنەکان، کاراکتەرەکان، بکەرەکان و بەرەنجامەکان شتێکی ترمان پیشان ئەدەن و شانۆگەریەکی تەواو پێچەوانەمان بۆ دەخەنە سەر تەختەی شانۆو نمایشەوەو ناخی هەموو ئەوانەی ئێمە خۆمان پەیوەست کردووە پێیانەوە، دەردەخات.
دەست گرتن و پەنابردن بۆ ئایدیۆلۆژیاو سیاسەت،یا دەست بردن بۆ شتە بڤە و یاساغ کراوەکان، کەرەسەیەکە بۆ بارگراوی کردنی فکر بە فانتازیاو لە قاڵبدانی فکرو بەستنەوەی بە شتە مەلموسەکان و هێنانەدی خەونی یۆتۆپیا و ئامانجەدوورە دەستەکانە.
بەڵام لە واقعدا بەستنەوەی خەیاڵ بە تاکە ئامانجێکی بە پیرۆزکراوی دەستەجەمعی و موقەدەساتی دەسکردی خودی مرۆڤ، لەپەلوپۆخستنی داهێنانی رەهەندە جۆراوجۆرەکانی فکرو ناشرین کردنی کانیاوی فکری پاکە.
سۆشیالیزمو، کاپیتالیزمو، لیبراڵیزمو، نیولیبراڵیزمو، پۆپۆلیزمو، فەندەمەنتالیزمو، فاشیزمو، شۆفینیزمو، راسیزمو، کۆمۆنیزمو، باڵی چەپ و راست و راستی ناوەڕاست و دەستەگەریو نێو حزب و گرووپ و بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان و جاڕدانی درۆینەی ( مافەکانی مرۆڤ) و (کۆمەڵگای نێودەوڵەتی) و ( یاساوڕێسا جیهانیە) ساختەو فریودەرەکان، خوێنیان لێ دەچۆڕێ و سەرتاپای رووبەری ژیان و جیهانی تاکەکانی ئەم زەمەنەی کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی تەنیوەتەوە.
دەرباز بوون لە ژێر کاریگەری هەژموونی ئەم هەموو داهێنانە فکریە فریودەرو پڕلە چەواشەکاریە، وەک سەرکەوتن لە هەورازێکی سەخت و دڕکاوی و پڕ لە کەند و کۆسپ و چاڵ وایە، گەر مەحاڵ نەبێ.