درۆ دەبێتە مێتافۆری ڕاستگۆیی

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2024-06-08     279

ڕاستگۆیی پێدراوێکی ئاسمانی یا تایبەتمدندیێکی زگماکی مرۆیی نیە. بەڵکو خەسڵەتێکە مرۆڤ بە درێژایی  کایەی ژیان و  مامەڵەکانیەوە لەگەڵ کۆمەڵگاو ژینگەو گەردوون و پێکهێنەرەکانیدا دەستی دەخات و پێی دەگات و دواتر پێی دەناسرێتەوە. بەمجۆرە یا وەک مرۆڤێکی ڕاستگۆ وێنا دەکرێت یا دەکرێ بە هێمایەک بۆ درۆکردن و درۆسازی و چەواشەکاریەوە. 

 

مرۆڤ لەوەتەی پێی ناوەتە سەر گۆی زەوی لە رووی فیسیۆلۆژی و  فکرو رۆح و  پەروەردەو دەروونەوە چەندین قۆناغی جیاوازو هەڵکشان و داکشانی سەیروسەمەڕەی تێپەڕاندووە. 

 

چەمکی ڕاستگۆیی یەکێکە لەو بابەتانەی هاوتەریب لەگەڵ گەشەی تێکنۆلۆجیاو گۆڕانکاریەکانی کۆمەڵگاوە لەلایەن توێژەرو بیرمەندو زاناکانەوە کەوتۆتە بەر شرۆڤەو هەڵسەنگاندن و ڕاڤەی جیاوازەوە. 

 

ڕاستگۆیی چەمکێکە گرێدراوی رابردوو و ئێستا و داهاتوو یا تایبەتمەندیێکی ڕاگوزەرو کاتی و ئێستایی جڤاک نیە. سیفەتێک و خەسڵەتێکی نەبیبراوە، ئەشێ مرۆڤ بە درێژایی کایەی  ژیان و بێ ئەوەی لە ناخ و هەستەوە  هێمای پرسیارو گومانی خستبێتە سەریەوە، دەستی خستبێ و دوجار بووبێتە بەشێکی سەرەکی لە کۆدێکسی کەسایەتیەوە. 

 

ڕاستگۆیی یا بە دروستی وەسف کردنی دۆخێک، کۆمەڵگایەک و حاڵەت یا دیاردەکانی پانتای ژیان، دەرخستنی دیوە نەبینراوو نامەلموس و شاراوەکەیەتی. ئەو دیوە نەبینراوە شاراوەیەی بینەرو بیسەر لە یەکەم چرکە ساتدا ئەشێ پەی پێ نەبات و توانای بینینی نەبێت و پێی نەزانێ. 

چەمکی ڕاستگۆیی و ڕاست وتن, گرێدراوی ئاستی تێگەیشتن و جۆری بیر کردنەوەو ئەو ژینگە و کۆنتێکستە فکری و کولتورەیە، فکر تیایدا پێ گەیشتووەو قۆناغبەندیەکانی هەست و نەست بڕیوە. 

 

ڕاستگۆیی تایبەتمەندیێک نیە پەیوەست بێت بە ستراکتۆری خێزانی و وڵات و نیشتیمان و شادو گەڕەک و خێڵ و نەتەوەو کولتورو نەریت و جۆری ئەو کۆمەڵگایەی مرۆڤ تیایدا پەروەردە کراوەو گەورە بووە. 

مرۆڤ هەر لە رۆژی لەدایک بوونیەوە و لەو ساتەوەختەی دەخرێتە دەرەوەی یەکەی خێزان و دەخرێتە بەر خوێندن و دەرەوی ماڵەوە، دەکەوێتە ژێر کارتێکردن و کاریگەری سەرلەبەری پێکهێنەرەکانی کۆمەڵگا و بەردەوام لە کارلێکێکی بێ پسانەوەو بەردەوام دایە. 

کولتورو نەریت و جۆری ئەو ژینگە کولتوری و کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسیەی مرۆڤ تیایدا لە جووڵەدایە، لە دروست کردنی کەسایەتیەکەی و گەڵاڵەکردنی ئاستی تێگەیشتن و هۆشیاریەکەیدا رۆڵ دەگێڕن. 

پانتای ژیان بە هەموو بارە سیاسی و جڤاکی و کولتوریەکەی بێ پچڕان مرۆڤ دەخەنە ژێر کاریگەری دونیایەک زانیاری دروست و فاکت و درۆو چەواشەکاری و هەوڵی لە خشتەبردن و دروست کردنی کەسایەتیەکەیەوە. 

 

جۆری کەسێتی مرۆڤی ئەم سەردەمەی قۆناغی هەژمونی سۆشیال مێدیا و هۆشی دەسکردو لەم هەموو بازاڕ و دوکانە سیاسی و ئایدیۆلۆژی و ئابوری و  مێدیا و فەرهەنگیەی بە خراپترین شێواز کەوتۆتە  وێزەی مرۆڤەوە، خوازراو یا نەخوازراو مرۆڤی دووچاری جۆرێک لە سەرلێ شێوان و گومرایی فکری و رەفتاری کردووەتەو. بە جۆرێک چەمکی “ ڕاست بوون” یا “ ڕاستگۆیی” یا “ دروست بوون” چیتر پەیوەست نیە بە سرووشتی کەسێتی مرۆڤەوە. بەڵکو  کۆی ئەو بەرژەوەندیانەی مرۆڤ بە کۆمەڵ و کۆمەڵگاو جیهانی دەورووبەرەوە دەبەستێتەوە، کاریگەریان هەیە لەسەر ڕاستگۆیی و پروپاگندەکردن بۆ “ ڕاست بوون” و “ گومرا” بووبەوە. 

بە واتایەکی تر وێناکردنی ئەوەی “ ڕاستە” یا “ ڕاستگۆیە” یا “ حەقیقەتە” زیاتر سەرچاوە لە وەهم و خەیاڵ و فکرێکی بەرژەوەندگەراو هەستی خودئەوینی و نەفرەت کردنی “ئەویتر و ئەوانیتر”ـەوە دەگرێ تا بە دادوەر کردنی ویژدانێکی پاک و ئاسودەوە. 

 

لێرەدا هەموو هەوڵێکی مرۆڤی “بەرژەوەندچی یا بەرژەوەندگەرا”  بۆ سەلماندنی ڕاستی و دروستی  ئەو “ حەقیقەت”ـەی ئەو بڕوای پێیەتی، دەبێتە مێتافۆرێک و کەرەستەیەک بۆ  بەزاندنی گشت سنوورێکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و عورفێک و دواجار  مەکینەی درۆ کردن و درۆسازی لە چەشنی  بژاردەیەکی  ناچاری و مێتافۆری بۆ سەلماندنی خۆی و دونیای بیروباوەرو بەرژەوەندیەکانی دەخاتە کارەوەو تا سەر ئێسقان لە پێناو سەرخستن و بە پیرۆز کردنیان دەجەنگێ.  

بەرژەوەندگەرایی وا لەم جۆرە مرۆڤە دەکات سڵ لە هیچ  وتەو هەوڵێکی بە دێوەزمەکردن و ناشرین کردنی ئەوانیتر و لە جوانی خستنیان و  کردارێکی  نائینسانی و ناعەقڵانی نەکاتەوەو ئەوەی پێچەوانەی ئەوو  تێڕوانین و جیهان بینیەکانی ئەو بجووڵێتەوە، دەخرێتە دەرەوەی گشت بەهایەکی جڤاکی، نەتەوەیی و نیشتیمانی و تەنانەت ئینسانیشەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×