سەرابی تاراوگە و واقعی تاڵاوگە

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2024-03-08     395

تاراوگە هەمیشە لە دونیای خەیاڵی ئێمەدا ئەو شوێنەیە پێمان وایە ئاسوودەیی و ئارام گرتن و ئۆقرەیی ئەبەدیمان پێ دەبەخشێ و دەرفەتی بیرکردنەوەو پلاندانان و گەیشتن بە خەون و خەیاڵە دوورە دەستەکانمان بۆ مەیسەر دەکات و دەرگا داخراوەکانمان بەروودا دەکاتەوە.

 

تاراوگە هێمای ئەو سەرزەمینەیە هیچی لە نیشتیمانی دایک ناچێت.  زمانی قسەکردن و نووسین و ئەدەب و ژینگەو کەشوهەواکەی، کولتورو یاساو رێساو عورف و  دونیای سیاسەت و دابونەریتەکانی تەواو نامۆیە بەو نیشتیمانەی ئێمە لێیەوە هاتووین. 

 

تاراوگە ئەو سەرزەمینەیە بۆ هەندێ کەس نیشتیمانی دایک و بۆ کۆچەرەکانیش نیشتیمانی دووەم یا ئەو بەرزەخەیە ئینسانەکانی تاراوگە تیایدا دەگیرسێنەوەو هەوڵی پێکهێنانی ژیانێکی نوێ و سەرەتایەکی تازە ئەدات و رێگاکان تاقی دەکاتەوەو هەوڵی باشترکردنی هەلومەرجەکانی ژیانی دەخاتە سەرووی هەموو ئامانجێکەوە.

 

تاراوگە هەڵگری ئەو تایبەتمەندیانەیە تاک دەتوانێ لێیانەوە فێری شتی تازە، روانگەی نوێ، مەعریفەی هەڵچنراو لەسەر واقع و زانستی سەردەم، چۆنیەتی کایەی سیاسی و ئیداروبەڕێوەبردنی کۆمەڵگاوە بێت. 

 

غوربەت ئەو شوێنەیە تاکی کۆچەر گەر دەستبەرداری فکرو مەعریفەی کۆنەخوازی نەبێت و تەپوتۆزی پاشاگەردانی و بیری تەسک لە خۆیەوە دانەتەکێنێ و کۆن تەلاقدا نەدات، هەرگیز ناتوانێ گۆڕانکاری بەسەر دیدو دونیابینی و رابردوویدا بهێنێت و لەسەر رێچکەی تازەگەری مەعریفەی تازەدا، ئاییندەیەکی باش و گەنجاو بونیاد بنێت. 

 

مرۆڤەکانی تاراوگە بۆ قەرەبوکردنەوەی رابردووی پڕلە ناهامەتی و دەردەسەری و نەبوونیەکانیان، ئامادەی هەر جۆرە قوربانیدانێکن. بەشێک لەمان بۆ قەرەبوکردنەوەی رابردوویان و ئەو شتانەی لێی بێ بەش بوونە، بەردەوام لەهەوڵ و کۆشش و تاقیکردنەوەی شتەکان و رێگاکاندان. 

 

لە تاراوگەدا ترس لە هەژمونی موتەکەی مەرگ شتێک نیە ئاوێتەی ژیان بێت و گشت کەنج و ژەلەبەرەکانی کایەی ژیان بخاتە ژێر کاریگەری و نفوز و رکێفی خۆیەوە. 

حیکایەت و ھەواڵ و دەنگوباسی کۆچی ئازیزان بۆ تاراوگەنشینان زۆر قورسترە لە ماھیەتی خودی تاراوگە و ھەمیشە ئەم جۆرە دەنگوباسانە ناخھەژێنترین رووداوی ژیانی ئەمبەر سنوورەکانن. ھەم بەھۆی دووری و ھەمیش بەھۆی دەستەوەستان و دۆخی بێ دەسەڵاتیەوە. 

 

ترس و پەژارەی لە دەستدانی ئازیزان، دۆستان، ھاوڕێیان، گەورەترین پەژارەیە ئەشێ مرۆڤی تاراوگە نشین ساڵەھای ساڵ لە تەکیدا رێ بکات و ھەر رۆژ بە تاسەوخەمەکانیەوە بتلێتەوە. بەڵام ئەم ترسە هەرگیز وا لە مرۆڤ ناکات رووبکاتە تەڵاقدانی ژیان و دەست بە خۆ بەردانەوەو هیوا هەڵواسێن بە درۆو وەهم و دونیای خەیاڵ پڵاوەوە. 

بێگومان ئەم خەمە بە ھیچ نووسین و ریزکردنی وشەودەستەواژەیەکی ئەدەبی وێناو شرۆڤە ناکرێت و لێک نادرێتەوە.  رووداوێکە و هەر ئەبێ رووبدات، بێ ئەوەی مرۆڤ لەسەر رێچکەی ژیان بکاتە دەرەوەو  سێبەری بێ هیوایی  بەسەریدا زاڵ بێت و لە پەکوپۆی بخات.

 

فەزای پانتای  تاراوگە زیاتر لە فەزایەکی ئەفسوناوی ئەچێت و  رووبەری خەیاڵێکی دەورەدراوە بە دەیان فکرو دڵەراوکێ و ترس و نیگەرانیەوە. 

مرۆڤی تاراوگە نشین لەگەڵ ترس و نیگەرانیەکانی رێ ئەکات و دوای ساڵانێک تەمەن،  نیگەرانیەکانی چوارچێوەیەکی تووند وەردەگرن و ئەبن بە ھاورێیەوە. نیگەرانیەکان  تاراوگەنشینان پەیوەست نین بە دۆخی ئێستا، هی دوێنێ نین هی مردن نین، گرێدراوی دونیای سیاسەتەوە نین، بەڵکو پەیوەستن بەو دابڕانە رۆحی و جەستەییەی نیشتیمان، دوای ساڵانێکی زۆر وەک کۆت و زنجیر و تەوق، هیلاک دەکەن. 

 

دیوارەکانی دابڕی نێوان ئێستایەکی پڕ لە دڕدۆنگی و نیگەرانی و دوێنێیەکی پڕ لە یادەوەری،  لە رەگەزە پێکھێنەرەکانی کاراکتەری ئێستای مرۆڤی تاراوگە نشینن. 

 

جاری واھەیە وێناکردنی داھاتوو زیاتر لە سەرابێکی دوورەدەستەوە ئەچێ و رابردووش بە ھەموو خۆشی و ناخۆشی و چەوتی و  نارێکی و ناھەمواریەکانیەوە دەبن بە بەشێکی دانەبڕاوو تێکەڵەیەکی سایکۆلۆژی دەست لێنەدراوەوە. بە جۆرێک مرۆڤی تاراوگە ئارەزوو ناکات بیرەوەریەکانی بکاتە قوربانی ئاییندەیەکی نادیارو نارۆشنەوە و دەسکاریان بکات. بەڵکو ھەردەم لە ھەوڵدایە داھاتووی نادیاری لەسەر بنەمای ئەزمون و دیدگای واقعەوە بونیاد بنێ و نەدۆڕێ و خۆی ڕادەستی رەوتی رووداوەکان و ئەو بەسەرهاتانە نەکات، لەدەرەوەی ئیرادەو خواستی ئەو روو ئەدەن و ئڕاستەی ژیانی دیاری دەکەن.

 

بەردەوام بوونی ئەم دۆخەش دواجار جۆرە بکەرێکی کۆمەڵایەتی بەرھەم دێنێت لەگەڵ دوێنێی خۆی  ھاوڕێ و بەسۆز و لەگەڵ ئێستایدا دڕدۆنگ و لەگەڵ داھاتووشی نامۆو نادڵنیا دەردەکەوێ و خەون و خەیاڵی گەڕانەوەی یەکجارەکی نیشتیمانیش تا دوا هەناسەو دوا چرکەسات و دوا وێستگە، لەگەڵیدا رێ دەکات و دەمێنێتەوەو تا قووڵایی ناخی ڕۆدەچێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×