چەقین لە مێژوودا

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2024-01-15     313

تۆبڵێی مرۆڤ بۆ  بەگژیەکداچوون و سڕینەوەو شەڕو نانەوەی ئاشوب و وێرانکاریەوە لە لایەن خوای گەورەوە خرابێتە سەر رووبەری ئەم گەردوونەوە؟ 

 

پرسیارێکەو رەنگە جارناجارێک  لێرەولەوێ لە میانەی هەڵسوکەوت کردن لە رووبەری ژیانی رۆژانە و شێوازی مامەڵە کردنمان لەگەڵ رووداوو بکەرو کاراکتەرەکانی سەر تەختەی شانۆی ژیان، رووبەرووی خۆمان کردبێتەوەو وەڵامێکی حەقیقیمان بۆ نەدۆزرابێتەوە. 

 

تاکی کورد بە درێژایی ئەو مێژوویەی ئەو دەستی لە نووسینەوەو دەستپێشخەری کردن و  راڤەکردن و  گۆڕینی ئاڕاستەو بەرەنجام وەرگرتن لە دەرەنجامەکانی ناو هەناوی ئەم مێژووە نەبووە، بێ ویستی خۆی کەوتۆتە ژێر کاریگەری کولتورو نەریتی بێگانەو لە بەرزەخی بزربوونی شوناسێکی یەکانگیردا گیری خواردووە. 

هەر ئەمەش وایکردووە بخزێتە نێو چوارچێوەی جیهانێکی داخراوو پانتایەکی بەرتەسکی کەم جموجۆڵی فکریی کۆنترۆڵکراوو ئاڕاستەکراوو خاڵی لە هۆشیاریەوە. 

 

یەکێک لە تایبەتمەندیە خراپەکانی  تەوژمی ئەم کاریگەریە لە کایەی ژیانی کوردا، رێکردن بووە لەگەڵ ترسێکی ناوەکیی حەشاردراوی قوڵی وێرانکەر، کەوا لە زۆربەی قۆناغەکانی ژیانی تاکی کوردا، توانیویەتی زەفەر ی پێ بەرێت و نەوە دوای نەوە  چنگ بخاتە رۆحیەوەو لە تایبەتمەندیە  جوانە نەتەوەییەکانی دایشۆرێنێ و لە خشتەی ببات و گۆڕانکاری خراپ بەسەر عەقڵ و  تێگەیشتن و جیهانبینیەوەدا بهێنێ. 

 

زێدەڕۆییە گەر پێمان وابێ دەرەهاوێشتە ترسناک و دڵتەزێنەکانی بەناو کێشە کۆمەڵایەتیەکان و نەسازانە  هەمیشەییە سیاسیەکان لە کۆمەڵگای کوردیدا،  یەکسانە بە دواکەوتویی تاکی کورد و ناهۆشیاری و ستەمی نەتەوە باڵادەستە یەک کەدوا یەکەکانی بەغداو ئەو وڵاتانەی کوردیان بەسەردا دابەش کراوە.  

بێگومان دەست گرتن بە هۆکارەکانی دواکەوتوویی و ناهۆشیاری و چەقین لە رابردووی پڕ مەینەتی و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی دوێنێ، کۆمەڵگای کوردی لە دۆخێکی ناسەقامگیر و لێکترازاودا هێشتووەتەوە. 

 

یەکێک لە پێشمەرجەکانی پێشکەوتنی جڤاک، خوێندنەوەو توێژینەوەیەکی ئەکادێمی و وردو چڕوپڕی زانستیە بۆ سەرلەبەری کایەی ژیان و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیوەندیە جڤاکیەکان، ئینتیمای سیاسی و پەیوەست بوونە حزبی و ئایدیۆلۆژیەکان و گەڵاڵەکردنی گرێبەستێکی بەهێزی کۆمەڵایەتی لە نێوان تاکەکان و سیستەمی سیاسی و حوکمڕانیەوە. 

 

زیاد لەمەش  دیاریکردنی ئەرکوبەرپرسیارەتیەکانی جڤاک دهەمبەر نیزامی سیاسی و بە پێچەوانەوە، گرینگیدان بە پەروەردەو سیستەمی فێرکردن و رۆشنبیری جڤاک و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری تەندروستی، ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی، ئەشێ فاکتەرێکی پاڵنەرو بەهێزی دارشتنەوەی کۆمەڵگابێت بە ئاڕاستەی زامن کردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، ئابوری و سەقامگیری سیاسیەوە. 

 

وێڵ کردنی کۆمەڵگا بە دەست قەدەر و دەست بە خۆبەردانەوە و بڕینی ئومێد و پچراندنی پەتی هیواو خۆهەڵواسین بە ئایدیۆلۆژیا ماوەبەسەرچووەکان و کولتورو نەریتە کلاسیکەکان و دەست گرتن بە باوەرە کۆمەڵایەتی، خێزانی و سیاسی و خێڵ و هەوڵدان بۆ  سەرخستنی حەزوئارەزووی لاسایی کردنەوەی ئەم و ئەوو  فڵانە نەتەوەو فیسارە وڵات، لەو ئاکارە خراپانەن کۆمەڵگا لە جوانی و پێشکەوتن دەخەن. 

لە پاڵ ئەمەشدا نەبوونی قەناعەت و دڵنەوایی کۆمەڵایەتی و ئارامی دەروونی، بە دڵنیاییەوە کۆمەڵگا زیاتر بەرەو داڕمان و رووبەرووبوونەوەو پێکداهەڵشاخین و گرژی و ئاشوب و دۆخی ناسەقامگیرو گرژیەوە دەبات. 

 

خۆگرێدان و وابەستەبوونی کورد بە گرووپەسیاسیەکان و ناوچەو شارو کۆمەڵگا بچووکەکان و نەریتەلۆکالیەکان  و خێڵ و گوند و ئاوایی و سنوورە جوغرافیە بەرتەسک و لێک دابڕاوەکانی ناو هەناوی کۆمەڵگای کوردی، جۆرێک لە دابڕانی لە (کۆ )کردووە بە واقعێکی تاڵ و مەحاڵ لە چارەسەری  . 

 

واقعێکی لەمجۆرە پانتای زهنیەتی تاکەکانی کوردی بە قوڵی داگیر کردووە. هەژمونی ئەم تەوژمە فرە رەهەندە تاکی کوردی لە خەونی پێشکەوتن و بڕینی قۆناغەکانی ڕاگوزەری خەبات و قوربانیدان و  ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیەکەی زیاتر دابڕیوەو لە قۆناغی سەرگەردانیەکی بێ وێنەو چەقیو لە نێو قوڕولیتەی بەرهەم هێنانەوەی دوێنێدا،  هێشتوویەتەوە . 

 

ئەم دۆخە بە درێژایی مێژوو زیاتر باڵی بەسەر جڤاکی کوردیدا کێشاوەو لە بری کرچ و کاڵ بوونەوەو نەمان، بەداخەوە بەهۆکاری جیاوازو بکەرو فاکتەرو پاڵنەری دەرەکی و ناوەکیەوە،   چڕوپڕتر بۆتەوەو نەیهێشتووە کورد قۆناغە ئاڵۆزەکانی پێشکەوتن و  سەربەخۆیی و رۆشنگەری ببڕێ و بەرەو ئاییندەیەکی باشتر هەنگاو بنێت. 

 

بەردەوامبوونی رووداوو کۆمەڵایەتیەکان و نەسازان و ترازان و ناکۆکیە سیاسیەکان لە سەروویانەوە کوشت و بڕ لەسەر کۆمەڵێک کێشەو ناکۆکی سەرپێی و سووکە لێک تێنەگەیشتن لە یەکتر و خوێندنەوەی سەقەت بۆ چەمکی ئینسان دۆستی و ویژدان و ماهیەتی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و ژیان، بێ گومان لێکەوتەو دەرهاوێشتی دڵتەزێنترو جەرگبڕترو  مەیلی سەرەڕۆیی و  رووبەرووەستانەوەی شەپۆل و تووندوتیژی زیاتری لێ دەکەوێتەوە. 

 

ئەزموونی مێژوو دەریخستووە هیچ پێشکەوتن و رێکەوتن و باڵاکردن و پێشخستن و  مەعریفەی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە پاڵ هەنگاونان بەرەو  بەرهەڤ کردنی داهاتووی باشترو گونجاوترو دڵنیاتر، بێ ماندووبوون و ئامادەیی ئیرادەیەکی بەهێز و توانستی فکری و ئاکاری ریفۆڕمی ریشەیی،  بەرهەم نەهاتووەو خورست و لەخۆیەوە دروست نەبووە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×